کەرکوووک لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە لە خوێندنەوەی رۆژنامه‌ و گۆڤار تۆراوە

یه‌ك رۆژنامه‌ی كوردی ناگاته‌ شار

كه‌ركووك یه‌كه‌مین شاری كوردستان - 10


دێته‌وه‌ بیری من و ئێوه‌ش، سوپای ئه‌مەریكا رۆژی 9/4/2003 چووه‌ نێو شاری به‌غدا و په‌یكه‌ره‌ زله‌كه‌ی سه‌دامی له‌ مه‌یدانی فیرده‌وس له‌ ناوه‌ڕاستی شاردا هێنایه‌ خوارێ. كه‌لله‌سه‌ری په‌یكه‌ره‌كه‌ی سه‌دام به‌ په‌تك به‌نێو شه‌قامدا راكێشرا، ئیدی گڵۆڵه‌ی دیكتاتۆر كه‌وته‌ لێژی، كوڕه‌ به‌غدایی به‌ نه‌عل و پێڵاو كه‌وتنه‌ سه‌ری.


ئه‌م كردار و هه‌ڵوێسته‌ سیمبوڵییه‌، نیشانه‌ی نه‌مانی دیكتاتۆر و رووخانی رژێمه‌كه‌ی به‌عس بوو. له‌ كه‌ركووك رۆژێك دوای پایته‌خت (له‌ 10/4/2003دا)، پاش ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و هێزی هاوپه‌یمانان مژده‌ی ئازادییان به‌ شار گه‌یاند، ئینجا خه‌ڵك زاتی كرد په‌لاماری وێنه‌ و په‌یكه‌ری سه‌دام بدات. واته‌ ئازادیی كه‌ركووك به‌ رۆژێك دوای ئازادكردنی به‌غدا هات. ئه‌و بێ ئاگاییه‌ی خه‌ڵك له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو، كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ كه‌ركووك و ته‌واوی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی رژێمی به‌عس، كه‌ناڵ و په‌خشی ئاسمانیی یاساغ بوون.


رۆژێك دوای رزگاركردنی كه‌ركووك، له‌گه‌ڵ تیمێكی رۆژنامه‌ی (برایه‌تی) له‌ هه‌ولێره‌وه‌ چووینه‌ نێو شاری كه‌ركووك، بڕێكی زۆر له‌ ژماره‌ی ئه‌و رۆژه‌ی رۆژنامه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ خۆمان برده‌ كه‌ركووك. لێره‌ و له‌وێ رۆژنامه‌كه‌مان دابه‌ش ده‌كرد. له‌ گه‌ڕه‌كی پیریادی رۆژنامه‌یه‌كی برایه‌تیمان دایه‌ مرۆڤێكی ته‌مه‌ن سه‌رووی 50 ساڵ. ئه‌و كه‌ ئه‌شك و زه‌حمه‌تی و ژیانی پڕ له‌ ترس و تۆقاندن و سته‌می دیكتاتۆری، له‌ڕ و لاواز و بێ ره‌نگی كردبوو، رۆژنامه‌كه‌ی ماچ كرد و گوتی: "قوربانی هاتنه‌كه‌تان بم، من كوردیم پێ ناخوێندرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌تانه‌ رۆژنامه‌یه‌كی به‌ عه‌ره‌بی نووسراوم پێ بده‌ن."


كه‌ركووكێك كه‌ به‌ر له‌ هه‌زار ساڵ پیر ئه‌حمه‌د، به‌ر له‌ سێ سه‌ده‌ ره‌نجووری، به‌ر له‌ دوو سه‌ده‌ شێخ محێدینی كه‌ركووك، به‌ر له‌ پتر له‌ سه‌ده‌یه‌ك شێخ ره‌زا و ده‌یان ناوی دره‌وشاوه‌ی ئه‌ده‌بیاتی كوردیی تێدا هه‌ڵكه‌وتووه‌، كه‌چی هاوكات له‌گه‌ڵ رووخانی رژێمه‌كه‌ی سه‌دام، له‌پای دژایه‌تیكردنی زمان و كولتووری كوردی و شاڵاوی عه‌ره‌باندن، وای لێ هاتبوو گه‌لێك له‌ خه‌ڵكی شار ئیدی بڕستی به‌ كوردی خوێندنه‌وه‌یان نه‌بێت. ئه‌م ره‌وشه‌ نائاساییه‌ له‌ پرۆسه‌ (زاراوه‌ی پرۆسه‌ ته‌نیا له‌ كه‌ركووكدا باوه‌، مه‌به‌ست ساڵی 2003 و رۆژی رزگاركردنی شاره‌كه‌یه‌ له‌و ساڵه‌دا) به‌دواوه‌، به‌ جۆرێكی دیكه‌دا گه‌ڕا. سه‌دان قوتابخانه‌ی خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركووك و ته‌واوی پارێزگاكه‌دا كرانه‌وه‌، ده‌یان دام و ده‌زگای كوردی، كه‌ناڵی لۆكاڵ و ئاسمانیی ته‌له‌ڤزیۆن و ده‌یان رادیۆ كرانه‌وه‌. رۆژنامه‌ و كتێب و هه‌مه‌جۆر چاپه‌مه‌نیی كوردی رووی له‌ شاره‌كه‌ كرد. ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و ئاوارانه‌ی ساڵانێكی زۆر بوو له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی باشووری كوردستاندا ده‌ژیان، گه‌ڕانه‌وه‌ نێو شار. هه‌موو ئه‌و فاكته‌رانه‌ گوڕ و تین و ته‌وژمێكی به‌هێزیان به‌ زمان و كولتووری كوردی دا.


به‌ نموونه‌ ئاماژه‌ به‌ كردنه‌وه‌ی كۆمپانیایه‌كی دابه‌شكردنی چاپه‌مه‌نیی كوردی له‌ لایه‌ن هاشم داودی، له‌ ناوه‌ندی شاری كه‌ركووكدا ده‌كه‌ین. هاشم داودی ده‌ڵێ: له‌ 10/9/2003دا كۆمپانیایه‌كی میدیام له‌نێو شاری كه‌ركووك دامه‌زراند، كه‌ بۆ ماوه‌ی سێزده‌ ساڵ، واته‌ تا 20/9/2016 له‌ كار و خزمه‌تكردنی كه‌ركووك له‌ رووی رۆشنبیرییه‌وه‌، به‌رده‌وام بوو.


هاشم روونی ده‌كاته‌وه‌، سه‌ره‌تا به‌ هه‌موو چاپه‌مه‌نیی كوردی رۆژانه‌ 100 رۆژنامه‌ و گۆڤار ده‌فرۆشران. له‌گه‌ڵ رۆژگاردا، په‌یتا په‌یتا ئیدی فرۆشتنی چاپه‌مه‌نیی كوردی (رۆژنامه‌ و گۆڤار) روو له‌ هه‌ڵكشان دەکرد. رۆژ به‌ رۆژ، ساڵ و به‌ ساڵ ژماره‌ی كڕیارانی چاپه‌مه‌نیی كوردی رووی له‌ زیاد بوون ده‌كرد. به‌ گوته‌ی كاك هاشم، له‌ مانگێكی ساڵی 2014دا، فرۆشی ئه‌و كۆمپانیایه‌ به‌م جۆره‌ بووه‌:


(كوردستانی نوێ: 2962دانه‌، خه‌بات: 2791 دانه‌، هاووڵاتی: 1165 دانه‌ به‌ چوار ژماره‌، چاودێر: 228 دانه‌ به‌ چوار ژماره‌، یه‌كگرتوو: 210 دانه‌، ئاوێنه‌: 543 دانه‌ به‌ پێنج ژماره‌، رووداو: 430 دانه‌ به‌ چوار ژماره‌، رووداوی وه‌رزش: 486 دانه‌ به‌ پێنج ژماره‌، هه‌واڵ: 362 دانه‌ به‌ چوار ژماره‌، میدیا: 60 دانه‌ به‌ چوار ژماره‌، وشه‌: 29 دانه‌ به‌ چوار ژماره‌، گوڵان: 685 دانه‌ به‌ پێنج ژماره‌، لڤین: 402 دانه‌ به‌ چوار ژماره‌، سڤیل: 140 دانه‌ به‌ سێ ژماره‌، بڕیار: 4 دانه‌، هۆنیا: 70 دانه‌، چرپه‌: 35 دانه‌، زانستی نوێ: 35 دانه‌، خازر: 10 دانه‌، منداڵی سه‌رده‌م: 40 دانه‌، واڵا پرێس: 11 دانه‌، شه‌پۆل: 5 دانه‌، شار: 44 دانه‌ به‌ دوو ژماره‌، رامان: 10 دانه‌، هێلانه‌ی منداڵان: 15 دانه‌، كلیل: 15 دانه‌ به‌ دوو ژماره‌، نواڵه‌ی نوێ: 21 دانه‌، به‌خته‌وه‌ری: 14 دانه‌، به‌ڵگه‌: 68 دانه‌ به‌ دوو ژماره‌، ئاوێنه‌كان: 17 دانه‌، گه‌پ: 24 دانه‌، په‌پووله‌: 15 دانه‌، كه‌پر: 20 دانه‌، هه‌یڤ: 20 دانه‌، رێچكه‌: 3 دانه‌، بره‌و: 11 دانه‌، له‌یلا قاسم: 7 دانه‌).


هه‌ڵبه‌ت جگه‌ له‌و چاپه‌مه‌نییه‌ی كۆمپانیاكه‌ دابه‌شی ده‌كرد، گه‌لێك گۆڤار و رۆژنامه‌ش له‌ رێی دیكه‌وه‌ بۆ باره‌گای پارته‌كان، ناوه‌ندی رێكخراوه‌ مه‌ده‌نی و كۆمه‌ڵه‌ و سه‌ندیكا و رێكخراوی جۆربه‌جۆر ده‌هات، سه‌رباری چاپه‌مه‌نیی نێو شاره‌كه‌ش، كه‌ به‌ جیا دابه‌ش ده‌كرا.


دوای ئه‌و بووژانه‌وه‌یه‌، له‌ 16/10/2017 به‌دواوه‌، ئیدی تۆ نابینی رۆژنامه‌ یان گۆڤارێكی كوردی له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستانه‌وه‌ بگاته‌ كه‌ركووك و دابه‌ش بكرێت. ئێستا له‌م كاته‌دا، تاك تاك و كه‌م كه‌م چاپه‌مه‌نیی كوردی ده‌گاته‌ شاره‌كه‌. بگره‌ شار له‌ خوێندنه‌وه‌ی رۆژنامه‌ و گۆڤار تۆراوه‌، ئه‌و رۆژنامه‌ عه‌ره‌بییانه‌ی له‌ به‌غداشه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ كه‌ركووك، ژماره‌یه‌كی كه‌میان دێت و كه‌متر له‌وه‌ی ده‌گاته‌ شار ده‌فرۆشرێ.


ده‌ ئاخر ئه‌م شاره‌ به‌ كوردی بیر ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ زمانی دیكه‌ش بخوێنێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ باری رۆشنبیریدا هه‌ر كوردانه‌ هه‌ناسه‌ ده‌دات. كاتێك به‌یاری به‌رده‌م كولتوور و زمانی كوردی به‌رته‌سك ده‌كرێته‌وه‌، ئیدی كولتوور و رۆشنبیری و هونه‌ر له‌و شاره‌دا له‌ وه‌نه‌وز ده‌كه‌وێت.