بەوێنە.. ڕووبار گۆڕستانی شوێنەواریی شەهیدان لەنێو دەبات

پسپۆرێک: بە بۆچوونی گەڕیدەی بەریتانی (ئەدمۆنس) گەورەترین گۆڕستانی مێژووییە لە کوردستانی باشوور

بەشێکی گۆڕستانە شوێنەوارییەکانی دەڤەری راپەڕین بەهۆی زیادبوونی ئاوی رووبار و زێیەکانەوە خەریکە لەنێو دەچن و هێدی هێدی ئێسک و پروسکەکانی بە ئاودا رۆیشتوون، بەشێکی دیکەشیان رووبەڕووی دزینی کێل و دەستدرێژی بوونەتەوە.


لە دەڤەری راپەڕین هەر یەکە لە گۆڕستانی زەنگلان، گۆڕستانی کێلە مەزنان لە دۆڵی سێوەیس، گۆڕستانەکانی گوندەکانی رەزگە و ئەلکە و مارەدوو و شەهیدان و گۆڕستانەکانی سیکەنە و سوێسنە، گۆڕستانی شوێنەوارین و نەخش و نیگاری سەر گۆڕەکانیان ئاماژەن بۆ تەمەنێکی درێژ.


حەمدی ئەحمەد، دانیشتووی گوندی قادراوەی سەر بە شارۆچکەی سەنگەسەرە لە قەزای پشدەری سنووری ئیدارەی راپەڕین، ئەو بۆ (باس) گوتی: "لەنزیک گوندەکەمان گۆڕستانێکی شوێنەواری هەیە، ئەو گۆڕستانە هەڵکەوتە جوگرافییەکەی بە شێوەیەکە لەنزیک رووباری گارفێنە، ساڵانە لە کاتی باران بارین و زیادبوونی ئاوی رووبارەکە، بەشێکی گۆڕستانەکە بە ئاودا دەچێت و ئێستا دەیان گۆڕ هەن کە ئێسک و پروسکەکانیان بە دەرەوەن".


حەمدی داواکارە لایەنە پەیوەندیدارەکان کار بۆ پاراستنی گۆڕستانەکە بکەن، بە گۆڕینی ئاراستەی رووبارەکە لەو شوێنە و چاککردنەوەی گۆڕە هەلتەکیوەکان.


ئەو گۆڕستانەی حەمدی باسی لێوە دەکات، بە (گۆڕستانی شەهیدان) ناسراوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەردەمی هاتنی ئیسلام.


ئاوات سەید ئەحمەد، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە مێژوو، کە هاوکات پسپۆرە لە بواری مێژووی پشدەر دەڵێت: "گۆڕستانی شەهیدان بە بیروبۆچوونی گەڕیدەی بەریتانی (ئەدمۆنس) کە ساڵی 1923 سەردانی کردووە، گەورەترین گۆڕستانی مێژووییە لە کوردستانی باشوور و بەگوێرەی هەندێ نووسین مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هاتنی ئیسلام، ئەو کاتەی کە سوپای ئیسلام پەلاماری دەوڵەتی ساسانی دەدات، دوو شەڕی گەورە دەکات و لە جەلەولا سوپای ساسانی دەشکێت، دواتر سوپای ئیسلام دێتە دەربەندی رانیە، بە سەرکردایەتیی خالیدی کوڕی وەلید پەلاماری فروخ شای مەرگە دەدات و ناوچەکە داگیر دەکات، دواتر پەلاماری ناوچەی پشدەر و ناودەشت دەدات، لەوێ لە دۆڵی شەهیدان لە شارۆچکەی سەنگەسەر شەڕێکی گەورە لەنێوان سوپای ساسانی بە سەرپەرشتیی مالیکی ئەژدەر روو دەدات، کە خەڵکی ناوچەکە بووە و زۆر لە چەکدارانی سوپای ئیسلام دەکوژرێن و لەوێ دەنێژرێن و گۆڕستانەکە هەندێک بە ناوی شەهیدان و هەندێکی دیکەش بە ناوی ئەسحابان ناوی دەبەن، ئەو کاتەی خەڵکەکە بووەتە موسڵمان ناو نراوە شەهیدان، وەک ئاماژەیەک بە کوژرانی چەکدارانی سوپای ئیسلام".


ئاوات بەشێوەیەکی مەیدانی لێکۆڵینەوەی لەسەر گۆڕستانە شوێنەوارییەکانی دەڤەری راپەڕین کردووە، ئەو دەڵێت: "گۆڕستانە شوێنەوارییەکان مێژووەکەیان بۆ یەک سەردەم دەگەڕێتەوە، کێلی ئەو گۆڕانە سێ جۆرن، هەندێکیان گۆڕی بەرزن و گۆڕەکانیان گەورەن، هەندێکی دیکەش کێلی نەخشدارن و بەشێوەی غەیرە ئیسلام نێژراون و لەسەر نەریتی زەردەشتی و جوولەکە و مەسیحی، هەندێکی دیکەش گۆڕی ئاسایین".


زۆربەی ئەو گۆڕستانە شوێنەواریانە دەکەونە سنووری ژێر دەسەڵاتی گەریکلاکانی پەکەکە و بەگوێرەی زانیارییەکان، ساڵانی رابردوو کێلی بەشێکی ئەو گۆڕانە دزراون.


ئاوات سەید ئەحمەد گوتیشی: "گۆڕستانە شوێنەوارییەکان جگە لە مەترسیی سروشتی بۆ لەنێوچوونیان، مەترسیی دزینی کێلەکانیشیان لەسەرە و ساڵانی رابردوو دزراون".


بارزان بایز، بەڕێوەبەری شوێنەواری راپەڕین دەڵێت: "زیاتر لە 30 ناوچەی شوێنەوارییمان بەهۆی ئاوی زێ و رووبارەکان زیانیان بەرکەوتووە، لە کاتی بەرزبوونەوەی ئاودا تووشی داتاشین دەبنەوە و لەنێو دەچن و سێ لەو ناوچە شوێنەوارییانە گۆڕستانن".


بارزان گوتیشی: "لە وەرزی هاوینان کە ئاوەکان کەم دەبنەوە، کنە و پشکنین دەکەین بۆ ناوچەکان و کەلوپەلە دۆزراوەکان لە مۆزەخانە هەڵدەگرین، هەروەها نموونەی هەموو کێلەکانیشمان لە مۆزەخانە هەڵگرتووە، بەڵام گرنگیی هەر ناوچەیەکی شوێنەواری لەوەدایە وەک خۆی و لە شوێنی خۆیدا بمێنێتەوە و نەگواسترێتەوە، بۆیە ناتوانین گۆڕستانەکان بگوازینەوە".


سەبارەت بە پاراستنی گۆڕستانەکان لە دزی، بەڕرێوەبەری شوێنەواری راپەڕین گوتی: "لە هەموو دنیا دزینی پارچەی شوێنەواری هەیە، لە کوردستانیش هەبووە، ئێستا هەوڵی تەواو بۆ پاراستنیان دەدەین و چەند جارێک گۆڕەکان هەڵدراونەتەوە، بەڵام خۆشبەختانە هیچیان تێدا نەبووە".

 

ئەلبوومی وێنەکان