سەرچاوە ئاويیەکانی دەڤەری راپەڕین مەترسیی وشکبوونیان لەسەرە

 

ئەمساڵ بە بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو، کەمترین رێژەی باران باریوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی دەڤەری راپەڕین دروست کردووە و بەشێک لە و بیرانەش کە جووتیاران لێیان داون، وشک بوونە و نەژیاونەوە.


بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی رانیە، ئەمساڵ تەنیا 263 ملم باران باریوە، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو ئەم کاتانەی ساڵ 303 ملم باران باریبوو، ساڵی پێراریش ئەم کاتە 626 ملم باران باریبوو.


سالح حوسێن، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی رانیە بۆ هەفتەنامەی (باس) گوتی: "رێژەی باران بارینی ئەمساڵ بۆ سەرچاوە ئاوییەکانی ژێرزەوی و سەرزەوی مژدەبەخش نییە، چونکە رێژەکەی زۆر کەمە و ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات، کاریگەریی زۆر خراپی دەبێت لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان و کانیاو و رووبار و کارێز و بیرەکان ناژینەوە و وشک دەبن".


ساڵح گوتیشی: "نەبارینی باران لە رووی ژینگەییەوە بۆ بەروبوومی زستانە هیچ گرفتێکی نییە و کاریگەریی خراپی لەسەر بەروبوومەکانی گەنم و جۆ و نیسک دروست نەکردووە، بەڵام بۆ پاشەکەوتی ئاو کێشەیە و چاوەڕوانیی وشکەساڵی دەکرێت، چونکە ساڵی رابردووش رێژەکە کەم بووە".


بەپێی زانیارییەکانی (باس)، گەورەترین سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی دانیشتووانی رانیە، کە ناوی (قولە)یە رێژەی ئاوەکەی زۆر کەمی کردووە و بەرپرسانی فەرمانگەی ئاو بەربەستیان لەبەردەم ئاوەکە دروست کردووە تا وەک جاران لەبەری نەڕوات و گرفت بۆ دانیشتووانی رانیە دروست نەبێت، لە کاتێکدا ئەو ئاوە رۆیشتووە سەرچاوەیەکی باش بووە بۆ داچاندنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەری رانیە، بە بەروبوومی کشتوکاڵی.


بەڕێوەبەری کشتوکاڵی رانیە بێ هیوا نییە لە بارینی باران و دەڵێت: "ئێستا ناوەڕاستی وەرزی باران بارینە، ناتوانین وشکەساڵی رابگەیەنین، چونکە هەندێک ساڵ لەکۆتاییدا باران بارین قەرەبووی کردووەتەوە".


هەرچەندە بۆ پاشکەوتکردنی ئاوی سەرزەوی لە ساڵانی رابروو هەوڵی دروستکردنی بەنداو دراوە لە دەڤەری راپەڕین، بەڵام قەیرانی دارایی رێگر بوو لەبەردەم دروستکردنیان، لێدانی سەدان بیری بێ مۆڵەت لەو دەڤەرە کاریگەریی خراپی لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان دروست کردووە و بەپێی قسەی جووتیارانیش، ئێستا بەشێکیان وشک بوونە.


حاجی ئەحمەد، یەکێکە لە جووتیارانی دۆڵی شاورێ و دەڵێت: "سەرچاوەکانی ئاو کەمیان کردووە، تا ئێستا کانیاو و بیرەکان نەتەقیونەتەوە، چونکە باران زۆر کەم باریوە".


ئەو جووتیارە دەشڵێت: "ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات، سەرچاوەکانی ئاوی پاک بۆ پێداویستییەکانی رۆژانە لەدەست دەدەین و گرفتی زۆرمان بۆ دروست دەبێت و ناتوانین وەک ساڵان زەوییەکانمان بچێنین".