ژیان لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی داعشدا

"من و کچە دە ساڵییەکەم هاوارمان دەکرد و لێیان دەپاڕامەوە، کەچی داعشێک گوتی کچەکەت بۆ والیی خۆمان دەبەین"

زەکیە، لەدایکبووی 1979 بوو، دووساڵ و پێنج مانگ دیلی داعش بووە، خەڵکی گوندی کۆچۆ بوو، کە دواندمان تەنیا بیست رۆژ بوو لەدەست داعش رزگاری بووبوو.


زەکیە دەڵێت: “لەڕێگەی موختاری گوند کە ناوی (ئەحمەد جاسۆ) بوو، لەگەڵ داعش لە گفتوگۆدا بووین. هات پیاوەکانی کۆ کردەوە و قسەی لەگەڵ کردن و گوتی، ئەگەر چەک و پارە و زێڕەکانیان رادەست بکەین، بەڵێنیان داوە هیچ بەرامبەر ئێمە نەکەن. بۆیە لە 15-8، داوایان لە پیاوەکان کرد هەموو بە ژن و منداڵەوە بڕۆنە قوتابخانەیەکی گوند، ئێمـە هەر کەس بە ئۆتۆمبێلی خۆمان چووین.


کاتێک گەیشتینە قوتابخانەکە داوایان کرد، ریز بین، ئەوکاتە گوتیان، هەمووتان زێڕ و پارەکانتان دانێن، داعشێک هات لێی وەردەگرتین. سێ رۆژ پێش ئەو کاتە چەکەکانیان لێ وەرگرتین، گوتیان وەکوو نیازپاکی تا شەڕ لەنێوانمان روو نەدات”.


بەپێی گێڕانەوەی زەکیە، کاتی نیوەڕۆ، چاویان دەبەستن و ژن و پیاوەکان جیا دەکەنەوە، هەر لەوێ کچان لە تەمەنی دە ساڵییەوە لە ئافرەتی شووکردوو و ژنی بەتەمەن جیا دەکەنەوە.


زەکیە بە رووخسارێكی زەرد و دەنگێک کە هەستت دەکرد زۆر لە خۆی دەکات تا قسە دەکات، گوتی: “فێڵیان لە ئێمە کرد. بەڵێنیان دابوو لەبەرامبەر ئەوەی زێڕ و پارەیان دەدەینێ هیچمان لێ نەکەن، بەڵام دڕندانەترین رەفتاریان لەگەڵ کردین. پیاوەکانمانیان هەر لە گوند بە سێ وەجبە کۆمەڵکوژ کرد، لە هەموو کۆچۆ بە بریندار و راکردووەوە تەنیا 19 پیاو رزگاری بوو. لەکاتێکدا کۆچۆ گوندێکی 1400 کەسی بوو”.


کاتێک ئەو ژنە گەنجە دەبێتە دیلی داعش، دایکی دوو کچ و کوڕێک بووە، کوڕە گەورەکەی و مامی لە کۆمەڵکوژییەکە بە برینداری رادەکەن. تەمەنی کچێکی 7 ساڵان و یەکێکیان 10 ساڵ بووە، تەمەنی کۆرپەکەی ناوسکی سێ مانگ بووە، لەناو داعش لەدایک بووە. کوڕە بچووکەکەی شیری دایکی دەخوارد، بەڵام لە کەسێکی تەمەن گەورە دەچوو نەک منداڵ، شوێنەوار بە رووخسارییەوە بوو، دایکی بە دەست ئاماژەی بۆ رووخساری کرد و گوتی: “ئەوە بە لێدانی یەک لەو پیاوانەی منی کڕی، وای لێ هات”.


زەکیە دەگێڕێتەوە: "کاتێك زێڕ و پارەکانیان لێ ستاندین، داعشەکان هاواریان دەکرد، ئیسلام، ئیسلام، پیاوەکانیان برد و دایک و منداڵیان جیا دەکردەوە، بوو بە هاتوهاوار و گریانێک لە رۆژی حەشر دەچوو. ئەوکاتە بە نیازخراپیی ئەوانمان زانی".


ئەوەی حاڵی زەکیەی خرپتر لە ژنانی تر کردووە، هەم دووگیان بووە و هەم منداڵی بچووکی هەبووە. کچە دە ساڵییەکەیان لێ جیا کردووەتەوە و هەمیشە ترسی هەبووە کچە بچووکەکەشی بەرن: "کاتێك ژن و پیاویان جیا کردەوە، هەر جارەی دەهاتن وەجبەیەک ژنیان دەبرد. خوشکەکانی مێردەکەمیان پێش من برد. بردیانین بۆ مەعهەد سۆلاف، دوو قات بوو. گوتیان کچەکان بڕۆنە قاتی سەرەوە، تا هەشت ساڵییان هێشتەوە. دوای ئەوان ژنە گەنجەکانیان جیا دەکردەوە، کە ئەوان دەهاتن کچە بچووکەکەم دەشاردەوە دەترسام ئەویش بەرن، ئەویش زۆر دەترسا کە داعشەکان دەهاتن، بە جۆرێک خۆی کۆ دەکردەوە و دەڕۆیشتە ژێر کراسەکەم و هەستت بە هەناسەدانیشی نەدەکرد.


کە منداڵەکانیان دەبرد دایکەکان ئەوەندە دەگریان و هاواریان دەکرد، دەکەوتنە سەرزەوی و ماندوو دەبوون و دەبوورانەوە یان خەویان لێدەکەوت نازانم، چونکە تا چەند سەعاتێك هەڵنەدەستانەوە. دوای ئەوە رۆژێک هاتن پیرەژنەکانیان برد، رۆژی دواتر ژنی 35 ساڵ، کچی خزمێکمان شووی نەکردبوو، برازایەکی خۆی لەگەڵدا بوو، بە داعشەکانی گوت، ئەوە منداڵی منە و شووم کردووە، چونکە سەرەتا پێمان وابوو ئەوەی شووی کردبێ و منداڵی هەبێت دەستدرێژیی ناکەنە سەری".


ئەو ژنە باس لەو دیمەنانە دەکات کە لە دیمەنەکانی تر ئازاراوی ترن: "کاتێک یەکەم رۆژ ئێمەیان بە دیل گرت، بە بەرچاوی پیاوەکانمانەوە دەستیان لێ دەداین و هەڕەشەی دەستدرێژیکردنە سەرمانیان دەکرد. زۆر بەئازار بوو، جارێکی تر یەکێک لەو پیاوانەی منیان کڕی، بەبێ هیچ هۆیەک لە کوڕە حەوت مانگییەکەمی دا، ئەوەندە لێی دا، دەموچاوی شکا و پڕبوو لە خوێن، منیش دەسەڵاتی هیچـم نەبوو، جگە لە هاوار و گریان. کاتێک کچە دە ساڵییەکەمیان برد، هەردووکمان هاوارمان دەکرد و دەگریاین، من عەرەبیم دەزانی لێیان دەپاڕامەوە دەمگوت، منداڵە مەیبەن، چی لە من دەکەن بیکەن، بەڵام واز لەو بێنن، سوودی نەبوو، داعشێک گوتی، کچەکەت بۆ والیی خۆمان دەبەین. جارێکی تر ئەو کاتە بوو کە لە ماڵی شێخێکیان بە نیوەڕووتی عەرزیان دەکردین بۆ فرۆشتن".


زەکیە و ئەو وەجبە ژنەی لەگەڵیدا بووە، تا دوازدە رۆژ لە قوتابخانەی تەلەعفەر هێشتوویاننەوە، دوای ئەوە بە سێ پاسی کەورە دەیانبەنە گوندی زلقیە، گوندێکی شیعەیە لەنزیک کسر میحرابە: "خواردنی رۆژانەمان تەنیا پەنیرێکی بچووک و سەموونێکی رەق بوو. شیریان بۆ منداڵە بچووکەکان نەدەداینێ. چلەی هاوین بوو، گەرمایەکی زۆر، لەبرسان و تینوان شەکەت بووبووین. هەموومان تامەزرۆی کەمێ ئاوی فێنک بووین. بێزار ببووین ئەوەندەی بە دەست باوەشێنی منداڵەکانمان بکەین. ژنێکی بە تەمەن بەرگەی گەرما و تینوێتی نەگرت و مرد. دواتر پێیان گوتین، دەتانبەین بۆ سووریا، ژنێکی بەتەمەن گوتی، دەبێ بووکەکەم لەگەڵ من بێ، پێیان گوت، تۆ بەکەڵکی زەواج نایەی نابێ لەگەڵ ئەو بی، هەندێک لەو ژنانەی پێکەوە گواستیانینەوە هی گوندی ئێمە بوون، بەڵام دواتر ژنی تریشیان هێنا، نەمدەناسین".


لە سووریا دەیانبەنە مەزرەعەیەکی رەققە، زۆربەی ژنانی دیلی داعش باسی ئەو مەزرەعەیە دەکەن، لەوێ کڕین و فرۆشتنیان بە ژنانەوە کردووە. ناوی ژنەکان و تەمەن و ژمارەی منداڵیان نووسیوە. بەو لیستە کڕیاریان بۆ هێناون. ئەگەر ژنێک دووگیان بووبێت کڕیاری کەم بووە یانیش نەبووە، ژنێک بە منداڵەوە تەنیا یەک قاپ چێشتی وەرگرتووە، ئەوانەش کە نەفرۆشراون خواردنیان کەمتر بووە لەوانەی کڕیاریان هەبووە. تەنیا ئەوەندە خواردنیان پێ دراوە، کە لەبرسا نەمرن. نەیانهێشتووە خۆیان بشۆن.


سەرەتا کەس زەکیەی نەکڕیوە، چونکە دووگیان بووە. بەڵام تەنیا سێ رۆژ دوای منداڵبوون فرۆشراوە: "دووگیانی بۆ من باش بوو، چونکە هەردەم ترسی جیاکردنەوەم لە کچە بچووکەکەم هەبوو، تەنیا ئەوم لا مابوو، کچە دە ساڵییەکەشمیان برد، زۆر هاوارم کرد و پێم گوتن منداڵە، کەس گوێی لێ نەگرتم، بۆ ئەمیرەکەیان برد. کاتێک ژانی منداڵبوونم گرت، ژنێکی گوندەکەمان لەگەڵ هات بۆ خەستەخانە، لەبرسان زیاتر بێهێز بووبووم، نەخۆشخانەکە لە سەردەمێکی زۆر زوو دەچوو، هەستت دەکرد ئێمە لە سەدەیەک پێش ئێستا دەژین، دکتۆرەکان جەستە و دەموچاویان داپۆشرابوو، پیاوەکان جلی ئەفغانییان لەبەر بوو و ریشیان بەردابووەوە، کاتێك دکتۆرە ژنەکان زانییان دیلین، بینیان لەبرسان توانای ئەوەم نییە تین بدەمە خۆم بۆ منداڵبوون، گوتیان ئەو ژنە پێویستی بە خواردن و ئیسراحەتە، دواتر ژنێکی بەتەمەن هات گوتی، مەترسە تا منداڵەکەت دەبێ لات دەبم، تۆ وەکو کچی منی، دیار بوو کارمەندی نەخۆشخانەکە بوو، بەزۆر دەوامیان پێ دەکرد. دکتۆرەکان توانییان چوار رۆژ لەوێ بمهێڵنەوە. شیری خۆم دا بە کوڕەکەم، لەوێ هەندێ ژن بینییان شیر دەدەم خواردنەکانی خۆشیان بۆ من دەهێنا".


زەکیە باس لەوە دەکات کە چۆن یەکسەر دوای منداڵبوون، کڕیاریان بۆ هێناوە: "دوای چوار رۆژ لە نەخۆشخانە هاتمەوە، یەکسەر کڕیارێک هات خەڵکی لیبیا بوو. تەمەنی بیست و پێنج ساڵ بوو. ناوی سەقەر بوو. بردمی بۆ (حقل عمر) شوقەیەکی دوو تابقیی لێ بوو. مامەڵەی ئێجگار زۆر خراپ بوو. لێی نەدەدام بەڵام وەکو سزا رۆژانە چەند جارێک دەستدرێژیی دەکردە سەرم، هەر جارەی مردنێك بوو. چەند جارێک لێی دەپاڕامەوە و پێم دەگوت، هەرچیت بوێ دەیکەم، بەڵام واز لە دەستدرێژی بێنە، دەیگوت خۆت بە لێدان مەدە، ئەی من تۆم بۆچی کڕیوە. ماوەی ساڵێک لای خۆی هێشتمیەوە و نەیفرۆشتم. رۆژانە بیرم لە خۆکوشتن دەکردەوە، بەڵام لەبەر منداڵەکانم دڵم نەدەهات، دەمزانی ئەگەر من بمرم حاڵیان لە ئێستاش ناخۆشتر دەبێ. لەو ماوەیەدا جارێک كچە دە ساڵێیەکەمیان هێنایەوە لام، گوتیان زۆر بۆ تۆ دەگری، هێشتیان پێنج رۆژ لای من بێت. دوایی بردیانەوە".


دوای ساڵێک سەقەر دەڕوات بۆ لیبیا، زەکیە دەداتە هاوڕێیەکی خۆی بەناوی ئەبو یوسف، تەمەنی بیست و دوو ساڵ بووە. زەکیەی بردووەتە شوقەکەی خۆی. زەکیە دەڵێت، خۆزگەم بەوکاتە دەکرد کە سەقەر منی کڕیبوو، چونکە نەیدەفرۆشتم و لە منداڵەکانمی نەدەدا.


"ئەو بردمیە شوقەی خۆی، مامەڵەی زۆر خراپ بوو، بەڵام نزیکم نەبوو، چونکە گوتی تا مانگێک نەڕوات نابێ نەکو دووگیان بی. مانگێک و یەک هەفتە بوو لای ئەو بووم کە رۆیشت منی دابە پیاوێکی تر هەر خەڵكی لیبیا بوو، ناوی سەیاف بوو. ئەویش دوو مانگ و نیو لای خۆی هێشتمەوە، ئیتر وای لێ هات هەر مانگی لای کەسێک بووم، زۆر گریام و هاوارم دەکرد، تەحەمولم نەمابوو، لەبەر منداڵەکانیشم نە دەمتوانی خۆم بکوژم و نە دەمتوانی رابکەم، دوای ماوەیەک سەقەر، یەکەم کەس کە منی کڕی جوابی ناردبوو کە من نەفرۆشن تا دەگەڕێتەوە. هەر پیاوێک دەیکڕیم دەبوایە خزمەتی بکەم، خواردنم بۆ دروست دەکرد و جلم بۆ دەشوشت، دوای ماوەیەک داعشێکی فەرەنسی هات ناوی ئەبو دجانە بوو. قژی زەرد و چاوی شین بوو. ویستی بمکڕێ، بەڵام پێی گوت، تا سەقەر نەیەتەوە نایفرۆشـم. ئەو پارەی زۆری پێ دەدات، لەبەرئەوە داوای مەبلەغێکی زۆری کرد، بۆ سبەی فەرەنسییەکە دە هەزار دۆلاری هێنا و منی کڕی و بردمیە (مەیادین)".


بەپێی قسەکانی زەکیە، مامەڵەی داعشە فەرەنسییەکە لە هی ئەوان خراپتر بووە، لە کاتی نەخۆشیدا نەیبردوون بۆ لای دکتۆر، خواردنی کەم پێ داون: "لای ئەو فەرەنسییە هەمیشە برسی بووین. ماوەی هەفتەیەک رۆیشت هیچ نەبوو بیخۆین. منداڵی شیرەخۆرم هەبوو. لێی دەپاڕامەوە خواردنم بداتێ تا بتوانم شیر بدەم بە منداڵەکەم، ئەو بە عەرەبییەکی خراپ قسەی دەکرد. دوای دوو مانگ و نیو، منی دا بە ئەمیرەکەی خۆی. ئەمیرەکە جەزراوی بوو. ناوی ئەبو ئوسامە بوو. خۆی دوو ژنی هەبوو، دوو ژنی تری ئێزدیشی لابوو. ماڵی ئەمیر قاتی خوارەوەی مقەڕ بوو. ماوەی بیست رۆژ منی دا بە پیاوێكی سووری، گوتی دوای بیست رۆژ نۆرەی دێت خۆی دەتەقێنێتەوە و بۆ منت دێنێتەوە".


زەکیە باسی مامەڵەی ئەمیری داعش دەکات، کە پیاوێکی زۆر بێ بەزەیی و دڵڕەق بووە. بەردەوام لەو ژنانەی داوە کە وەکو سەبایا بەکاری هێناوە.


زەکیە لەبارەی بە مامەڵەی ئەمیر دەگێڕێتەوە: "جارێک ئەمیر دەڕۆیشت بۆ شارێكی تر، بە هەموو ژنەکانی گوت، حازر بن بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆی بیانبات. منیش پێم گوت بە تەنیا ناوێرم لێرە بم دەترسێم، لەسەر ئەو قسەیە هەستا بە بۆکس و شەق زۆری لێ دام، دواتر دەرگای لەسەر قوفڵ دام و رۆیشت. زیاتر لە دوو مانگ لای ئەو بووم. زوو زوو شوێنی خۆی دەگۆڕی منی لەگەڵ خۆی دەبرد. لە شوێنێک جێگیر نەبوو. بەردەوام بە دار لێی دەداین. بەڵام خواردنمان باش بوو، چونکە ئەمیر زۆر دەوڵەمەند بوو".


دوای ماوەیەک ئەو ئەمیرە زەکیە بە دیاری دەدات بە ئەمیرێکی تر. ناوی سەدام بووە. تەمەنی سی ساڵ بووە. وەکوو زەکیە باس دەکات، سەدام خوێندەواریی هەبووە و بەردەوام مەشغوڵ بووە. دەفتەر و قەڵەم و وەرەقە و کۆمپیوتەری بەکار هێناوە. دوای دوو مانگ سەدامیش زەکیە دەدات بە شێخێکی جەزراوی، تەمەنی چل ساڵ بووە. ناوی ئەبو عەبدوڵا بووە. دوای دوو مانگ شێخ بە هەمان شێوەی داعشەکانی تر زەکیە دەداتە کەسێکی تر، بەڵام ئەمجارە دەست بازرگانێکی مامەڵەکردن بە ژنان دەکەوێت: "شێخە جەزراوییەکە منی دا بە بازرگانێک، لەوێ ژنێکی خزمی خۆم بینی. ئەو بازرگانی کڕین و فرۆشتنی ژنان بوو. ئەو شێخە لە مووسڵ گوتی دەبێ خۆت ئارایشت بکەی، پێش ئەوەی بچینە ماڵی بازرگانەکە، من گوتم نایکەم، کاتێک بینیمی گوتی، نەمگوت مکیاژ بکە، منیش گوتم، حاڵ و دڵم ئەوەندە خۆشە تا مکیاژ بکەم. وایەرێکی هەڵگرت گوتی یان هەردووکتان مکیاژ دەکەن یان لێتان دەدەم. کاتێک بە قسەمان نەکرد، ئەوەندە لێی داین هەموو گیانمان شین بووەوە. ژنە ئێزدییەکەی تر لاقی شکا".


بەپێی گێڕانەوەی زەکیە، لەبەرئەوەی ئەو شوێنە شوێنی کڕین و فرۆشتنی ژنان بووە، هەر ژنێک بردوویانە دەبوایە خۆی بڕازێنێتەوە: "کاتێک بردیانینە ماڵی بازرگانەکە، چەند ژنی تری ئێزدیی گوندی خۆمانمان بینی. تا دەفرۆشراین دەبوایە هەموو رۆژێ، جلی نیوەڕووت لەبەر بکەین و ئارایشت بکەین. لە هۆڵێک رایان دەگرتین و کڕیاریان دەهێنا و ئێمەیان پیشان دەدا".


زەکیە کچە حەوت ساڵییەکەی لا بووە. باس لەوە دەکات، کە بازرگانەکە چاوی بڕیوەتە ئەویش و بەنیاز بووە بیفرۆشێت، بەڵام پێی گوتووە ئەگەر کچەکەی لێ بستێنێ خۆی و منداڵەکانیشی دەکوژێت. بۆیە نەوێراوە کچەکەی ببات. دواتر پیاوێکی سعودی دێت زەکیە دەکڕێت: "پیاوە سعودیەکەی منی کڕی، بیست و شەش ساڵ بوو. هیچی نەبوو. خواردن نەبوو بیخۆین، نەی دەتوانی من و منداڵەکانم بەخێو بکات، بەڵام زۆر دڕندە بوو، هەڕەشەی لێ دەکردم و دەیگوت، ئەگەر بێ ئەمریی من بکەی منداڵەکانت لێ جیا دەکەمەوە، بەوە دەستی بەستبووم. رەمەزان بوو، دەبوایە بەڕۆژوو بم، رۆژانە تەنیا یەک لەفەی بۆ دەهێنام. نەمدەزانی نە بیدەم بە کچەکەم نە خۆم لەبەر شیردان بە کوڕەکەم، بیخۆم. دەرگایەکی ئاسنی وەکوو دەرگای سجنی بۆ دروست کردم تا رانەکەم. دوای ئەوە چووە شەڕ، منی بردە ماڵی هاوڕێیەکی خۆی. لەوێش حاڵمان زۆر خراپ بوو. منداڵەکانم ئاویشیان بخواردایەوە لێیان دەدان".


دوای پیاوە سعودییەکە زەکیە دەکەوێتە دەست پیاوێکی تر کە ئەویش سعودی بووە. ناوی ئەبو هاجەر بووە. ئەو زۆر لێی ترساوە، چونکە قیافەی گەورە و زۆر قەڵەو بووە: "کە بینیم زۆر لێی ترسام، دەستم کرد بە گریان، بەڵام ئەو گوتی بگریەی یان نا لای من وەکوو یەکە، من مامەڵەم زۆر توندە. ئەو رۆژە من و منداڵەکانیشم لە ترسان دەگریاین و نانمان نەخوارد. چوو جلی دە کەسی مقەڕی هێنا. گوتی هەمووی بشۆ. من نەمدەوێرا یەک وشەش بڵێم چونکە هەڕەشەی کرد کە ئەگەر بە قسەی نەکەم لە خۆم و منداڵەکانیشم دەدات. زۆرجار لەبەرچاوی منداڵەکانم لە منی دەدا. منداڵەکانم زۆر دەترسان و دەگریان. رۆژانە دەیبردم مقەڕ پاک بکەمەوە. زۆرجار لە ترسی ئەوەی لێیان نەدات لەگەڵ خۆم دەمبردن بۆ مقەڕ پاککردنەوە".


زەکیە بەردەوامە لە گێڕانەوە: "دوای بیست رۆژ گوتی، من ناوم گەڕاوەتەوە بۆ خۆتەقاندنەوە، نابێ ئەمانەتی کەسێکت نەکەم، چونکە برا و ئامۆزاکانم زۆر خراپن، من بمرم دەتبەنە وڵاتانی تر بەرەڵات دەکەن، بۆیە دامی بە پیاوێک ناوی ئەبو هودا بوو. ئەویش دڕندەیەک بوو بۆ خۆی. بازرگان بوو. جلی نیوەڕووتی لەبەر دەکردین و کڕیاری بۆ دەهێناین. هەندێ جار بە دوو پارچە جلی ژێرەوە پیشانی دەداین. هەر کەسێکیش ناڕەزایی دەربڕیبوایە، دارێکی هەڵدەگرت تا دەشکا لێی دەدا. پیاو هەبوو دەیگوت دەبێ تەواو خۆیان رووت بکەنەوە تا سەیریان بکەم، ئەویش وای لێ دەکردین. داعشیکی ئەڵمانی هات منی کڕی، بەرەچەڵەک تورک بوو. گوتی، هەشت ساڵ لە ئەڵمانیا ژیاوم. ئەبوو یەحیا بوو 29 ساڵ بوو. سێ منداڵی هەبوو، دوو هەفتە بوو ژنەکەی مردبوو. منی بردە رەققە، باری دەروونیی خراپ بوو، سەری عەملیات کردبوو. بازرگانی چەک بوو. چووە مووسڵ منیشی لەگەڵ خۆی برد، کە گەڕاینەوە مانگ و نیوێک لای خۆی هێشتمیەوە. هەر جارێک تووڕە دەبوو دەیتوانی کەسێک بکوژێ، پێشتر موخەدەراتی بەکارهێنابوو، جارێک بێ هیچ هۆیەک، قاچی منداڵە بچووکەکەمی گرت و دای بە زەویدا. دواتر یەک دوو مستی لێ دا. کوڕەکەم دەم و لووتی پڕ بوو لە خوێن، تەمەنی ساڵێک بوو. خوێنی نەدەوەستا و حاڵی خراپ بوو. گوتی دەیبەمە خەستەخانە، گوتم کە تۆ لە خوا نەترسی لە منداڵێکی ئاوا بدەی با بمرێت ئۆباڵەکەی بە ملی تۆ. لە داخا نەمهێشت بیبات. لەتاو منداڵەکان دەستم بە گریان کرد، ئەو پیاوە زوو زوو تووڕە دەبوو، کە تووڕە دەبوو لە ئێمەی دەدا. زۆر درۆزن بوو. بەردەوام درۆی لەگەڵ من و دەوروبەری دەکرد. جارێک پێم گوت، تۆ لە رای خوا نەبووی بە داعش، بۆ سەبایا و ژن کۆیلەکردن هاتووی. لەسەر ئەوە وایەرێکی هەڵگرت زۆری لێ دام. تا خوێن لە لووتم نەهات وازی نەهێنا. دوای ماوەیەک کچێکی دوازدە ساڵی هێنا. هەر جارەی لێی نزیک دەبوو، کچەکە دەگریا و دەیگوت لێت دەترسێم. بۆیە گوتی تاقەتی ئەو گریانەم نییە. بردی فرۆشتی و کچێکی تری هێنا 15 ساڵی بوو. گوتی دەڕۆمە شەڕ هەردووکتان دەبەم، من گوتم نایەم لەبەر منداڵەکانم. قەناعەتی کرد بەڵام کچە بچووکەکەی برد".


کاتێک دەڕواتە شەڕ دیسان زەکیە دەباتەوە ماڵە بازرگانەکە، داعشێکی عێراقی دەیکڕێت: "گوتی من سبەی دەتبەمە عێراق، ئەوەندە گریام لەبەر گریان ئێستاش رووخساریم نەدی، تەنیا گوێم لێ بوو کە قسەی دەکرد. هەر لە خوا دەپاڕامەوە منداڵەکانم لێ جیا نەکەنەوە. شەوێک منی بردە لای دایک و باوکی، دایک و باوکەکە منیان بینی دەگریام. هەندێ بەزەییان پێدا هاتمەوە، گوتیان بۆ دەگری؟ منیش گوتم ئاخر ئەوە ژیان نییە هەمانە، هەر رۆژەی لە دەرگایەکین و دەمانفرۆشن. مردن لەوە خۆشترە. بانگی کوڕەکەیان کرد گوتیان، دەبێ ئاگات لەو ژنە بێ ئەگەرنا نابێ دەستی ئێمە ماچ بکەی، عێراقییەکە دوای ئەوە گوتی تۆ خەم مەخۆ من مۆبایلت دەدەمێ قسە لەگەڵ ماڵی خۆتان بکەی. بەڵێن بێت ناشتفرۆشم. چوار رۆژ لای ئەو بووم کە قسەم لەگەڵ خزمەکانم کرد پێم گوتن ئەوەی ئێستا منی لایە ترسێک لە دڵیان دایە دەمفرۆشن. دوایی موهەریبێکیان نارد منی کڕی و رزگارم بوو".