"پارتی لە ئایندەیەکی نزیک بارەگا لەنێو رانیە دەکاتەوە"

چاوەڕوانی نۆژەنکردنەوەی لقەکەیان ناکەن

 

بەرپرسێکی پارتی لە سنووری ئیدارەی راپەڕین ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە باس لە گواستنەوەی بارەگای لقی ١١ی پارتی دەکەن بۆ دەرەوەی سنووری ئیدارەی راپەڕین و رای دەگەیەنێت، پارتی لە ماوەیەکی کەمدا پێش ئەوەی بارەگای لقی ١١نۆژەن بکاتەوە، لەنێو رانیە بارەگا دەکاتەوە.


عومەر عەلی، بەرپرسی ناوچەی راپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قەڵادزێ، کە هاوکات ئەندامی لقی ١١ی پارتیشە، بۆ هەفتەنامەی (باس) گوتی: "پارتی سنووری ئیدارەی راپەڕین بە هی خۆی دەزانێت و ئامادە نییە بۆ هیچ کەسێکی چۆڵ بکات، ئەو دەنگۆیانە هیچ  راست نیین کە ئێمە بچینە شاری دیکە، بەپێچەوانەوە لە ماوەیەکی نزیکدا لەنێو رانیە بارەگا دەکەینەوە و لەسەر ئەوە ناوەستین تا بارەگای لق نۆژەن دەبێتەوە".


عومەر دەشڵێت: "پارتی خواستی خزمەتکردنی بە دانیشتوانی سنوورەکە هەیە، بۆیە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی هەمانە لە سنوورەکە خزمەت دەکەین و سنوورەکە جێ ناهێڵین".


بەپێی قسەی ئەو بەرپرسەی پارتی: "سەرکردایەتیی حزبەکەیان بڕیاری دابوو هەموو ئەو شار و شارۆچکانەی کە پێشتر لە سنووری ئیدارەی راپەڕین پارتی بارەگای لێ نەمابوون و سووتێندرابوون، بارەگایان لێ بکرێتەوە، بەڵام ئەو بارودۆخە هاتە پێش و بڕیارەکە وەستێندراوە".


عومەر دەڵێت: "نەمانی بارەگای پارتی کاریگەریی لەسەر کادیر و جەماوەرکەمان نییە وەک رێژە، چونکە ئێمە بە هیچ ئیهانە و هەڕەشەیەک لە کارکردن سارد نابینەوە، بەڵام نەبوونی بارەگا کار و چالاکییەکانمان قورس دەکات". 


ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی: "خەڵک کێشەی لەگەڵ کادرەکانماندا نییە، هیچ کەس نەکراوەتە ئامانج کە خۆی بە خاوەنی ئێرە دەزانێت، بەڵام رەنگە هاشوهووش هەبێت بۆ تێکدانی بارودۆخەکە لەلایەن ئەوانەی لەپشت خۆپیشاندەران بوون، کە ئەوانە هان بدەن کە خوێنیان رژاوە تا فشار دروست بکەن کە بارەگا نەکەنەوە، بەڵام ئێمە خۆمان بە غەدرلێکراو دەزانین لەو سنوورە، هەندێک لایەن بە دەستی دەرەکی کاریان بۆ ناشیرینکردنی پارتی کردووە تا لەو سنوورە دەری بکەن، لەکاتێکدا هیچ بەڵگەیەک نییە کە کەس بە گوللەی پارتی کوژرابێت".


پارتی دەیەوێت ئەمجارە پلانێکی دیکە بۆ پاراستنی بارەگاکانی لە دەڤەری راپەڕین جێبەجێ بکات، لەمبارەیەوە عومەر عەلی دەڵێت: "ئەمجارە ئەگەر بێت و ئیدارەی سنوورەکە نەتوانێت بارەگاکانمان بپارێزێت، پارتی پلانی خۆی دەبێت و بە قسەی باق و بریق هەڵناخەڵەتێت و خۆی خۆی دەپارێزێت".


لەبارەی ئەنجامدانی گۆڕانکارییش، دوای کردنەوەی بارەگاکانیان عومەر دەڵێت: "پارتی هەمیشە بەپێی پێویست گۆڕانکاری دەکات و بە دووری نازانین کە گۆڕانکاری بکات، بەڵام جارێ هیچ بڕیارێک نییە".


ئەو بەرپەرسەی پارتی گوتیشی: "لەسەر سووتانی بارەگاکانمان لەسەر ئەو لایەنە سیاسییانەی کە لەپشت خۆپیشاندانەکان و هەندێک خەڵکی دیکەش کە دیارن سکاڵامان هەیە".