حەشدی شەعبی ناحیەی سەرگەڕانیش تەعریب دەکاتەوە

لە داقووق دەستی بە تەقاندنەوەی دەیان ماڵە کورد کردووە

میلیشیاكانی حه‌شدى شه‌عبی، هه‌وڵه‌كانیان خستووه‌ته‌ گه‌ڕ بۆ به‌عه‌ره‌بكردن و به‌شیعه‌كردنى كه‌ركووك. به‌رپرسێكی ئه‌منیش نوێترین زانیاری له‌سه‌ر ته‌عریبكردنه‌وه‌ى گونده‌كانى سنوورى شاره‌دێی سه‌رگه‌ڕانى سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ى دووبز ده‌خاته‌ ڕوو.


له‌م باره‌یه‌وه‌، عه‌لى محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشی دووبز، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "دواى ئه‌وه‌ى به‌پاڵپشتیى حكوومه‌تى عێراق و پارێزگاره‌كه‌ى حه‌شدى شه‌عبی له‌ كه‌ركووك، هه‌وڵی ته‌عریبكردنی سنوورى گونده‌كانى ده‌وروبه‌رى شاره‌دێی سه‌رگه‌ڕان به‌تایبه‌ت گوندى (په‌لكانه‌)، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین گونده‌كانى ئه‌و سنووره‌ درا، ئێستا ژماره‌یه‌ك له‌ هاووڵاتییانى عه‌ره‌ب هاتوونه‌ته‌ گوندى په‌لكانه‌ و چوونه‌ته‌ ناو ئه‌و خانووانه‌ى كه‌ چۆڵ بوونه‌ و به‌نیازن كورده‌كان له‌و گونده‌ به‌ته‌واوى ده‌ربكه‌ن و ئینجا خێزانه‌كانیان بهێننه‌ ناو گونده‌كه‌".


به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشی دووبز گوتیشی: "له‌ چه‌ند رۆژی ڕابردووشدا ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری كورد چوونه‌ته‌ سنوورى گوندى په‌لكانه‌، گوایه‌ ڕێگرى بكه‌ن له‌و ته‌عریبكردنه‌، به‌ڵام ئه‌وان هاتن و ده‌یانویست به‌ سوڵحى عه‌شائیرى كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن".


ڕوونیشی كرده‌وه‌، ئێستاش هه‌ندێك هێز هه‌ن له‌ سنوورى سه‌رگه‌ڕان گوایه‌ باسیان له‌وه‌ كردووه‌ سنووره‌كه‌ بپارێزن، به‌ڵام ئه‌و هێزانه‌ خۆیان پێ ناپارێزرێت، نه‌ك بتوانن خه‌ڵك بپارێزن.


ڕاشی گه‌یاند: "تا ئێستا ئه‌و خێزانه‌ كوردانه‌ى كه‌ له‌ گونده‌كانی سه‌ر به‌ سه‌رگه‌ڕان ماونه‌ته‌وه‌ ڕێگه‌یان نه‌داوه‌ گونده‌كانیان به‌ته‌واوى داگیر بكرێت".


به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشی دووبز ئاشكراشى كرد، كه‌ ئه‌و گوندانه‌ و به‌دیاریكراوى له‌ ساڵانى هه‌شتاكان و نه‌وەته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوو، له‌ چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى به‌عه‌ره‌بكردندا سه‌دان خێزانى عه‌ره‌ب له‌ ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق هێنران بۆ ئه‌و گوندانه‌ى ده‌وروبه‌رى شاره‌دێی سه‌رگه‌ڕان و كورده‌كانیش ئاوارەى هه‌رێمى كوردستان بوون، به‌ڵام له‌دواى ساڵی 2003ه‌وه‌ كورده‌كان جارێكى تر گه‌ڕانه‌وه‌ زێدى خۆیان.


به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشی دووبز ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو، شاندێكى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان (UN)یش سه‌ردانى سنوورى سه‌رگه‌ڕانیان كردووه‌ بۆ تاوتوێكردنى ئه‌و دۆخه‌ى كه‌ ئێستا له‌و سنوورە دروست بووه‌، به‌ڵام تا ئێستا شانده‌كه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هیچ به‌یاننامه‌یه‌كى له‌سه‌ر دۆخى سنوورى سه‌رگه‌ڕان بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه‌.


به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ وه‌ری گرتوون، ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ى ئێستا هاتوونه‌ته‌ نێو گوندى په‌لكانه‌ى سه‌ر به‌ شاره‌دێی سه‌رگه‌ڕان، چه‌كیشیان پێیه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ ده‌رنه‌كرێن ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌نێوان دانیشتوانى ڕه‌سه‌نى گونده‌كه‌ و ئه‌و عه‌ره‌بانه‌دا دروست بێت.


به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس) لە کەرکووکیش به‌ دیاریكراوى رێكخراوى به‌درى سه‌ر به‌ حه‌شدى شه‌عبی، ده‌ستیان به‌ دابه‌شكردنى زه‌وى به‌ سه‌ر كه‌سوكارى چه‌كداره‌ كوژراوه‌كانی حه‌شدى شه‌عبی كردووه‌، زۆربه‌ى ئه‌و زەوییانه‌ش دابه‌شی سه‌ر توركمانه‌ شیعه‌كانى ناحیه‌ى تازه‌ و شارۆچكه‌ى داقووق، له‌ناو شاری كه‌ركووك كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ى رێژه‌ى شیعه‌ مه‌زهه‌ب له‌ كه‌ركووك زیاد بكه‌ن.


پێوه‌ند به‌ هەمان باس، ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیی پارتی له‌ كه‌ركووك-گه‌رمیان، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "داگیركردنى كه‌ركووك له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌، جگه‌ له‌ بردنى سامانه‌ سروشتییه‌كانى، ئامانجی سه‌ره‌كیی به‌عه‌ره‌بكردن و به‌شیعه‌كردنى كه‌ركووكه‌ و له‌ ماوه‌ى نزیكه‌ى سێ مانگى ڕابردووشدا ده‌یان خێزانى عه‌ره‌بی شیعه‌ى عێراقی هێنراون بۆ كه‌ركووك و كورده‌ ئاواره‌كانی كه‌ركووكیش به‌ هۆی كرده‌وه‌ توندوتیژییه‌كانى حه‌شدى شه‌عبی له‌ناو كه‌ركووك، ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌ و فشاریش هەیە ئەو ماڵە کوردانەی ماویشنەتەوە کەرکووک بەجێ بهێڵن".


ڕاشی گه‌یاند: "هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵان له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ بووه‌ته‌ كرده‌وه‌ى ڕۆژانه‌، تەنانەت ئێستا له‌ كه‌ركووك ئه‌وه‌ى كه‌ ئۆتۆمبێلی گرانبه‌هاى هه‌بێت له‌ شاره‌كانى عێراق، یاخود هه‌رێمى كوردستان ده‌یفرۆشێت و ئۆتۆمبێلی كۆن ده‌كڕێت، چونكه‌ له‌ كه‌ركووك، له‌سایه‌ى حه‌شدی شه‌عبیدا دزینى ئۆتۆمبێل بووه‌ته‌ دیارده‌ و ته‌نانه‌ت له‌ناو بازاڕ به‌زۆر ئۆتۆمبێل له‌ خه‌ڵك ده‌ستێنن.


له‌لایه‌كى تره‌وه‌، هیوا ڕه‌شید، به‌رپرسی لێژنه‌ى ناوچه‌ى داقووقی پارتی بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "له‌دواى خیانەتی 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ میلیشیاكانی حه‌شدى شه‌عبی له‌ داقووق 25 خانووی هاووڵاتییانیان ته‌قاندووه‌ته‌وه‌ و هیچ گۆرانكارییه‌كى نوێ له‌ بارودۆخى ئێستای داقووقدا نییه‌".


به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی له‌ داقووقیش هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ هاوشێوه‌ى خورماتوو وێران بكه‌ن و ده‌ستیان كردووه‌ به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ و سووتاندن و دزینى ماڵى هاووڵاتییانى كوردى شارۆچكه‌كه‌.