40 كه‌س له‌ ماڵباته‌كه‌ی كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ستی داعش

جه‌میل چه‌تۆ خرۆ: تا ئێستاش 6 کچم لە دەستی داعشدا ماون

جه‌میل چه‌تۆ خرۆ، كوردێكی ئێزدیی خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگای گوندی (گرعزێر)ه‌ له‌ قه‌زای شنگال. پتر له‌ 40 كه‌س له‌ خزمانی نزیكی ئه‌و، له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ كوژراون و رفێندراون.


جه‌میل چه‌تۆ، تراژیدیای چیرۆكه‌كه‌ی بۆ (باس) گێڕایه‌وه‌: ”هه‌ر له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی كوردین، زوڵم و زۆر و سته‌م و ناخۆشیمان به‌سه‌ردا هاتووه‌. ئه‌و كاره‌سات و مه‌رگه‌ساته‌ی چه‌كدارانی داعش به‌سه‌ر ئێمه‌یاندا هێنا، شتێكی سه‌یر نه‌بوو، چونكه‌ به‌ر له‌وانیش، ده‌یان جار له‌ لایه‌ن رژێمی دیكتاتۆرییه‌وه‌ ناخۆشی و مه‌رگه‌سات به‌سه‌ر میلله‌تی كورددا هاتووه‌“.


جه‌میل چه‌تۆ، كه‌ له‌ شاڵاوه‌كه‌ی داعش بۆ سه‌ر شنگال له‌ ساڵی 2014دا، زێدی خۆی جێ هێشتووه‌ و ئێستا له‌نێو كه‌مپێكی ئاواره‌كاندا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، گوتی: ”رۆژی 30ی ئابی ساڵی 2014، چه‌ند ئوتومبێلێكی چه‌كدارانی داعش هاتنه‌ ده‌ڤه‌ری ئێمه‌وه‌. كاتێك چه‌كدارانی داعش هاتن، ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ده‌ژیان پێیان گوتین، ده‌ڤه‌ری خۆتان جێ مه‌هێڵن، هیچ ترس و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئێوه‌ نییه‌، به‌ڵام له‌پڕ هه‌ر ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ به‌ هاوكاریی داعش، ده‌ستیان به‌سه‌ر ماڵ و حاڵ و سامانی ئێمه‌دا گرت“.


جه‌میل به‌ چاوی پڕ له‌ ئه‌سرین و گریان و دڵی زامداره‌وه‌ باسی كه‌سوكاری خۆی كرد و گوتی: ”چه‌كدارانی داعش به‌ به‌رچاوی منه‌وه‌ 14 كه‌سیان له‌ كه‌سوكارم گولله‌باران كرد و كوشتیانن (دوو برا، له‌گه‌ڵ دوازده‌ ئامۆزا و برازام). هاوكات 26 كه‌سی دی له‌ كه‌س و كاری من كه‌ كچه‌كانی منیان له‌نێودا بوون، چه‌كدارانی داعش له‌گه‌ڵ خۆیان بردیانن و ئه‌وانیان به‌ره‌و سووریا گواسته‌وه‌. ئێستاش وه‌ك رێزێك له‌ قوربانییانی ماڵباته‌كه‌مان، به‌شی لقی دهۆكی سه‌ر به‌ ده‌سته‌ی به‌جینۆسایدناساندنی كاره‌ساتی شنگال، گۆڕستانێكی به‌ ناوی بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌وه‌ ناو ناوه‌“.


ئه‌و مرۆڤه‌ كاره‌ساتباره‌ی گوندی گرعزێر ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، كه‌ 20 كه‌س له‌ كه‌سوكاری ئه‌و له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ رزگار كراون، ئێستا ته‌نیا 6 كه‌سیان له‌ ده‌ستی داعشدا ماون، كه‌ هه‌موویان كچی ئه‌ون. وه‌ك ئه‌و گوتی: "هه‌تا ئێستا چاره‌نووسی كچه‌كانم دیار نییه‌، له‌ ره‌ققه‌ی سووریا كه‌ پایته‌ختی داعش بوو، كڕین و فرۆشتنیان پێ كراوه‌."


جه‌میل چه‌تۆ، كه‌ ماڵبات و كه‌سوكاره‌كه‌ی نموونه‌یه‌كن له‌و مه‌رگه‌ساته‌ی چه‌كدارانی داعش له‌ ده‌ڤه‌ری شنگال به‌سه‌ر كوردی ئێزدیدا هێنا، روون كرده‌وه‌: "شه‌ش كچی من دیلی ده‌ستی داعشن، به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك به‌ مۆبایل په‌یوه‌ندیم پێوه‌ كرا، كاتێك به‌رسڤم دایه‌وه‌، ده‌نگی كچه‌كانم ده‌هاته‌ گوێم، به‌ڵام چه‌كدارێكی داعش به‌ مۆبایله‌كه‌ قسه‌ی كرد و پێی گوتم، وه‌رنه‌ سووریا و ژیانی خۆتان له‌وێ به‌سه‌ر ببه‌ن. من خۆم لێ تووڕه‌ كرد و قسه‌كه‌ی ئه‌وم ره‌ت كرده‌وه‌ و پێم گوت ئێوه‌ كچانی منتان رفاندووه‌، هیچ متمانه‌یه‌كم پێتان نییه‌".


ئه‌و هه‌روه‌ها گوتی: "ئێمه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناگه‌ڕێینه‌وه‌ ده‌ڤه‌ری خۆمان و به‌ یه‌كجاری ناوچه‌ی خۆمان جێ هێشت، چونكه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری ئێمه‌دا عه‌ره‌بی لێ نیشته‌جێیه‌، ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ش خیانه‌ت و ناپاكییان له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا كرد، بۆیه‌ نامانه‌وێ به‌ چاوی خۆمان جارێكی دی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ ببینینه‌وه‌".


جه‌میل چه‌تۆ ویستی ئه‌وه‌ش بڵێ، كاتێك كوڕه‌كانم كه‌ له‌ ده‌ستی داعش رزگار كران و گه‌ڕانه‌وه‌، بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ بن كاریگه‌ریی داعشه‌وه‌، ئه‌وان له‌ رووی ده‌روونه‌وه‌ تێك چووبوون و شێوابوون. ئیدی بۆیه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ هاوكاریی رێكخراوێكی مرۆیی ئه‌وانی ره‌وانه‌ی ئه‌ڵمانیا كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێدا چاره‌سه‌ر بكرێن.


ئه‌و مرۆڤه‌ كورده‌ كاره‌ساتباره‌ی ده‌ڤه‌ری شنگال، ئێستا له‌ كه‌مپی (ئێسیا) سه‌ر به‌ ناحیه‌ی باعه‌درێ له‌ قه‌زای شێخان سه‌ر به‌ پارێزگای دهۆك ده‌ژی، ئه‌و ته‌نیا له‌ خێوه‌تێكدا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، مه‌به‌ستی بوو به‌ (باس) رابگه‌یه‌نێت: "من ده‌مه‌وێ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ هاوكاریی رێكخراوه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌وڵی زیاتر بده‌ن و كچه‌كانم رزگار بكه‌ن، چونكه‌ ئێستا ته‌نیایی ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیوم، كوڕه‌كانم بۆ چاره‌سه‌ر ره‌وانه‌ی ئه‌ڵمانیا كراون، كچه‌كانیشم تا ئێستا هه‌ر دیلی ده‌ستی داعشن".