گه‌نجێكی كورد سه‌ربرده‌ی چوونی بۆ ناو په‌كه‌كه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌گێڕێته‌وه‌

”بەهۆی راکردنم و دەستگیرکردنەوەم، دوو پەنجەی پێیان بڕیم“

گه‌نجێكی دانیشتووی قه‌زای رانیه‌، چوونی بۆ ناو چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) و رزگاربوونی له‌ چەکدارانی ئەو حزبه‌ بۆ هه‌فته‌نامه‌ی (باس) ده‌گێڕێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "چه‌ندین جار هه‌وڵی راكردنم داوه‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووم“.


ئاسۆ، گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 23 ساڵه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ رێگای هاوڕێیه‌كییه‌وه‌ كادیرێكی پارتی كرێكاران (په‌كه‌كه‌) ده‌ناسێت و ماوه‌ی دوو مانگ گفتوگۆ و په‌یوه‌ندییان ده‌بێت و باسی بیر و باوه‌ڕی په‌كه‌كه‌ی بۆ ده‌كات، رۆژێك داوای لێ ده‌كات له‌گه‌ڵی بچێت بۆ شاخ و به‌ هاوڕێ گه‌ریلاكانی بناسێنێت، به‌ڵام وه‌كوو ئاسۆ باسی لێوه‌ ده‌كات، ئه‌م سه‌ردانه‌ پیلانێك بووه‌ بۆ خه‌ڵه‌تاندنی ئه‌و، له‌به‌رئه‌وه‌ی دوای ئه‌م سه‌ردانه‌ی بۆ ناو چه‌كدارانی (په‌كه‌كه‌) ئیتر نه‌یتوانیوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ لای خێزان و كه‌سوكاره‌كه‌ی.


ئاسۆ، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ قسه‌كانی و ده‌ڵێت: "دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌سوكارم به‌شوێنمدا گه‌ڕاون، نه‌یانتوانیوه‌ هیچ سۆراخێكم له‌باره‌وه‌ بزانن“.


ده‌شڵێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی زیاتر له‌ چه‌ند جارێك رایكردووه‌، سزایان داوه‌ به‌ بڕینی هه‌ردوو په‌نجه‌ بچووكه‌كه‌ی پێی.


ئاسۆ باسی له‌وه‌ش كرد، پاش مانه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك له‌وێ ده‌بێت خولی په‌روه‌رده‌ كه‌ ماوه‌ی 40 رۆژ ده‌خایه‌نێت له‌گه‌ڵ خولی چه‌كداری و هونه‌ره‌كانی جه‌نگ، كه‌ ماوه‌ی 60 رۆژ ده‌خایه‌نێت، ببینێت.


گوتیشی: ”من نیوه‌ی خولی په‌روه‌رده‌م بڕیبوو، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاشكرا بووبووم كه‌ من له‌ هه‌ر هه‌لێكدا راده‌كه‌م ئیتر منیان له‌گه‌ڵ كوڕێكی گه‌نجی تر ئاڵوگۆڕ پێ كرد بۆ شوێنێك له‌ سووریا كه‌ من ئه‌و شوێنه‌م هه‌رگیز نه‌بیستبوو و ناویشم نه‌ده‌زانی“.


گوتیشی: ”دوای ئه‌وه‌ی زانییان هیچ شوێنێكی ئه‌و شاره‌ شاره‌زا نیم و توانای راكردنم نییه‌، كه‌مێك چاودێرییان له‌سه‌رم كه‌متر كردبووەوه‌، رۆژێك له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ گه‌ریلاكانی ئه‌وێ چووین بۆ ناو شار بۆ كڕینی خواردن و پێداویستی، ئه‌وان ده‌یانتوانی به‌ ئاسایی به‌ جلی مه‌ده‌نییه‌وه‌ بچن بۆ ناو شار و هیچ كه‌سیش نه‌یانناسێته‌وه‌“.


ئاسۆ روونیشی كرده‌وه‌، من نه‌مده‌زانی خه‌ڵكی ئه‌و شوێنه‌ چۆن قسه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆ ساتێك له‌ كاتی مه‌شغوڵیی شت كڕیندا خۆم ون كرد و له‌وێ داوای ته‌له‌فۆنم له‌ دوكاندارێك كرد، ئه‌ویش نه‌یپرسی من كێم، مۆبایله‌كه‌ی پێم دا و په‌یوه‌ندیم به‌ باوكمه‌وه‌ كرد و پێم گوت من له‌ شوێنێكم له‌ سووریا، دوای ماوه‌یه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوكم زمانی عه‌ره‌بیی به‌باشی ده‌زانی هات و منی دۆزییه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ له‌و شوێنه‌ رامانكرد.


ئاسۆ له‌كۆتایی قسه‌كانیدا داوا له‌ گه‌نجان ده‌كات ته‌نیا بۆ كوردستان تێ بكۆشن و بچنه‌ به‌ره‌كانی جه‌نگه‌وه‌ و سه‌نگه‌ره‌كان چۆڵ نه‌كه‌ن، چونكه‌ هیچ شوێنێك نابێت به‌ كوردستان بۆیان.


عەلی، هاوڕێیەكی ئاسۆیه‌، كه‌ ماوه‌یه‌ك ئه‌ندامی ته‌ڤگه‌ری رێكخستن بووه‌ له‌ناو شار و چه‌ندین گه‌نجی تری به‌ هه‌مان ده‌ردی ئاسۆ بردووه‌، به‌ هه‌فته‌نامه‌ی (باس)ی راگه‌یاند: "زۆر په‌شیمانم له‌م كاره‌ و ئێستاش هیچ په‌یوه‌ندییه‌كم به‌م رێكخراوه‌وه‌ نه‌ماوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی داوای سیخورییان لێ ده‌كردم له‌ناو شار“.


عەلی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، سیاسه‌تی په‌كه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك داخراوه‌ ناهێڵێت كاره‌ خراپه‌كانیان دزه‌ بكاته‌ ده‌ره‌وه‌.


گه‌نجه‌كانی سنووری راپه‌ڕین زیاتر له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌چنه‌ ریزی چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)، به‌هۆی نزیكیی ناوچه‌كه‌ له‌ سنووره‌كانیان، هاوكات چه‌كدارانیان ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌ گونده‌كانی بناری قه‌ندیل، به‌تایبه‌ت گوندی ئێندزێ ده‌مێننه‌وه‌ و بنكه‌ و باره‌گاكانیشیان هه‌ر له‌وێن.