له‌ خورماتوو حه‌شدى شه‌عبى ڕێگرى له‌ خوێندنى كوردى ده‌كات

50 قوتابخانەی کوردی داخراون وە 675 مامۆستا و فەرمانبەریش دەرکراون

دواى داگیركردنى خورماتوو له‌ لایه‌ن چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌، ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌درێژه‌ى ئه‌نجامدانى تاونه‌كانیان ده‌رگاى قوتابخانه‌ كوردییه‌كانیان به‌ ڕووى قوتابییه‌ كورده‌كانى ئه‌و شاره‌دا داخستووه‌ و ڕێگه‌یان پێ ناده‌ن كه‌ به‌رده‌وام بن له‌ خوێندنى كوردى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕیگە بەو مامۆستایانه‌ نادەن كه‌ وانه‌ى كوردى له‌و قوتابخانانه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌ تا بگه‌ڕێنه‌وه‌ خورماتوو.


مامۆستا شیلانه‌ گه‌رمكى، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و مامۆستایانه‌، كه‌ له‌ ترسى حه‌شدى شه‌عبی له‌ خورماتوو هه‌ڵهاتووه‌ و‌ ئێستا له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ ئاواره‌یه‌ به‌ (باس)ى ڕاگه‌یاند: ”به‌هۆى پێشێلكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى بۆ سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كانى شارۆچكه‌ى خورماتوو، ئه‌و قوتابخانانه‌ى كه‌ خوێندنى كوردى تێدا ده‌گوترایه‌وه‌ به‌ ڕووى قوتابییه‌ كورده‌كانى شارۆچكه‌كه‌دا داخراون و ئه‌و مامۆستا كوردانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بۆ شارۆچكه‌ى خورماتوو دامه‌زراون ئێستا له‌ لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ ڕێگرییان لێ ده‌كرێت، به‌وه‌ى كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ نێو قوتابخانه‌كانیان و ده‌ست به‌ ده‌وامى فه‌رمیى خۆیان بكه‌ن“.


ڕاشى گه‌یاند: ”ئێستا ژماره‌یه‌كى زۆر مامۆستا و قوتابى خوێندنى كوردى ئاواره‌ن و له‌ هه‌رێمى كوردستان نیشته‌جێین و قوتابخانه‌كانیانیش له‌ لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ ده‌ستىان به‌سه‌ردا گیراوه‌ و به‌رده‌وامیش له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دان كه‌ له‌ قوتابخانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان جێگه‌یان بكرێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت قوتابییان بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌مساڵى خوێندیان له‌ ده‌ست نه‌ڕوات“.


مامۆستا شیلانه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، كه‌ ئۆباڵى ئه‌و قوتابییانه‌ له‌ ئه‌ستۆى گرووپى خیانه‌تى 16ی ئۆکتۆبەرە، چونكه‌ ئه‌وان بوونه‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ شارۆچكه‌كه‌یان له‌لایه‌ن حه‌شدەوە داگیر بكرێت.


ئه‌و ئاشكراشى كرد: ”كه‌ ژماره‌یه‌ك خێزان به‌هۆى ده‌ستكورتى و نه‌بوونى شوێنى نیشته‌جێبوونه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ نێو شارۆچكه‌كه‌، به‌ڵام له‌ لایه‌ن حه‌شدى شەعبییەوە ڕێگاى ئه‌وه‌یان پێ نادرێت كه‌ منداڵه‌كانیان بنێرنه‌ قوتابخانه‌ كوردییه‌كان و به‌ زمانى كوردى بخوێنن و داوایان لێ كراوه‌ كه‌ زمانى عه‌ره‌بى بخوێنن، ته‌نانه‌ت فشار خراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و قوتابییانه‌ كه‌ ناوه‌كانیان كوردین، بۆ ئه‌وه‌ى ناوه‌كانیان له‌ كوردییه‌وه‌ بكه‌نه‌ عه‌ره‌بى“.


سه‌باره‌ت به‌ گۆڕینى ناوى ئه‌و قوتابخانانه‌ى كه‌ به‌ كوردى ناو نراون، مامۆستا شیلانه‌ روونى كرده‌وه‌، كه‌ حه‌شدى شەعبی له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه‌ ناوى ئه‌و قوتابخانانه‌ بگۆڕێت به‌ ناوى عه‌ره‌بییه‌وه‌ و ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ به‌ ناوى كه‌سایەتییه‌ شیعه‌ مه‌زهه‌بییەكانه‌وه‌ بنرێت، وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ به‌شى خوێندنى كوردى له‌ خورماتوو كه‌ پێش خیانه‌ته‌كه‌ى 16ی ئۆکتۆبەر و له‌ كاتى به‌رده‌وامبوونى پرۆسه‌ى خوێندن له‌ شارۆچكه‌كه‌ ناوى ئه‌و قوتابخانانه‌یان به‌و ناوه‌ كوردییانه‌وه‌ ناوه‌.


مامۆستا ئه‌حمه‌د ره‌مه‌زان، سه‌رپه‌رشتیارى په‌روه‌رده‌یى قوتابخانه‌ كوردییه‌كانى خورماتوو، كه‌ ئێستا له‌ شاره‌دێى ڕزگارى سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ى كه‌لار ئاواره‌یه،‌ به‌ (باس)ى ڕاگه‌یاند: ”ژماره‌ى ئه‌و قوتابخانانه‌ى كه‌ له‌ لایه‌ن چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ له‌نێو سه‌نته‌رى شارۆچكه‌ى خورماتوو ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌ و داخراون به‌ سه‌ره‌تایى و ئاماده‌ییه‌وه‌ په‌نجا قوتابخانه‌ ده‌بن و 675 مامۆستا و فه‌رمانبه‌رى خوێندنى كوردیش دوور خراونەتەوە و حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ ڕێگه‌یان پێ نادا بگه‌ڕێنه‌وه‌ شاره‌كه‌“.


ڕاشى گه‌یاند: ”ئه‌گه‌ر حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان خه‌مێكى ئه‌م گرفته‌ نه‌خوات، ئه‌وا ئه‌مساڵى خوێندنمان له‌ده‌ست ده‌چێت، چونكه‌ ئێستا بارودۆخى ئه‌منیى شارۆچكه‌ى خورماتوو به‌هۆى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ جێگیر نییه‌“‌.


ڕۆژى 16-10 به‌هۆى گرووپێکى خیانه‌تى 16ی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتی، هێزى پێشمه‌رگه‌ به‌ بێ به‌رگریكردن له‌ كه‌ركووك و خورماتوو كشانه‌وه‌ و شاره‌كه‌ ڕاده‌ستى چه‌كدارانى حه‌شدى شەعبی و حزبوڵا و سوپاى پاسدارانى ئێرانى كرا و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ هه‌شتا هه‌زار خێزان ئاواره‌بوون و ڕوویان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.


په‌یوه‌ند به‌م باسه‌، شێرزاد ڕه‌شید كاكه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى خوێندنى كوردى له‌ كه‌ركووك به‌ (باس)ى ڕاگه‌یاند: ”دۆخی ناهەمواری خورماتوو دوای داگیرکردنی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، وا کردووە ده‌رگاى قوتابخانه‌ كوردییه‌كان دابخرێت و مامۆستا و قوتابییه‌ كورده‌كانیش له‌ پرۆسه‌ى خوێندنى كوردى داببڕێن“.


ڕاشى گه‌یاند: ”له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌داین كه‌ ڕێگەچاره‌یه‌ك بۆ ئه‌و مامۆستا و قوتابییانه‌ بدۆزرێته‌وه‌ كه‌ ئاواره‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى نه‌هێڵن ئه‌مساڵى خوێندن له‌ ده‌ستیان بچێ و ئێستاش به‌ فه‌رمانى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌رگاى قوتابخانه‌كانى هه‌رێم به‌ ڕوویاندا كراوه‌ته‌وه‌“.