بەرپرسێکی دەزگای مین: ئه‌مساڵ زیاتر له‌ 1300 مین و ته‌قه‌مه‌نی نه‌ته‌قاوه‌ له‌ناو بردراون

"به‌هۆى په‌كه‌كه‌وە ناوچه‌ سنوورییه‌كان هێڵى سووره‌ و ناتوانین كارى پاكسازیى تێدا بکەین"

به‌ڕێوه‌به‌رایەتیی راگه‌یاندنى گشتیی كاروباری مینی هه‌ولێر، بۆ (باس) ئاشكراى ده‌كات، له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵدا رووبه‌ری زیاتر له‌ 485000 م2 له‌ مین و ته‌قه‌مه‌نی پاك كراونه‌ته‌وه‌ و زیاتر له‌ 1300مین و ته‌قه‌مه‌نی نه‌ته‌قاوه‌ش له‌ناو براون، ده‌شڵێت، ئه‌و ناوچه‌ سنوورییانه‌ى په‌كه‌كه‌ و هێزه‌كانى دیكه‌ى تێدایه‌ و رۆژانه‌ به‌هۆى بارودۆخى سیاسى بۆردومان ده‌كرێن، بۆ ئێمه‌ هێڵى سوورە ‌و ده‌ستمان پێ ناگات.


زێبار خالید، به‌رپرسی راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كاروباری مینی هه‌ولێر، به‌ (باس)ى ڕاگه‌یاند، له‌پێناو پاككردنه‌وه‌ی خاكی كوردستان له‌ پاشماوه‌كانی مین و ته‌قه‌مه‌نیی جه‌نگی و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان له‌ مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و دوژمنه‌ شاراوه‌یه‌، له‌ هه‌موو رووێكه‌وه‌ چالاكییه‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌مان به‌رده‌وامه‌، له‌ رووى هۆشیاركردنه‌وه‌ و ئه‌نجامدانى چالاكى و خولى جۆراوجۆر، له‌پێناو هۆشیاركردنه‌وه‌ى هاووڵاتییان و رێنماییكردنى كارمه‌ندانى مین و له‌ناوبردنى مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌یوه‌ندییه‌كانمان به‌رده‌وامه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، بۆ ئه‌نجامدانى خولى جۆراوجۆر به‌ كارمه‌ندانى مین، تا بتوانن به‌شێوه‌یه‌كى سه‌رده‌میانه‌ و خۆدوورگرتنیان له‌ رووداوه‌كانى مین و ته‌قه‌مه‌نى كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن، له‌پێناو پاككردنه‌وه‌ى خاكى نیشتمانه‌كه‌مان له‌و دوژمنه‌ شاراوه‌یە".


به‌رپرسی راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كاروباری مینی هه‌ولێر، روونیشى ده‌كاته‌وه‌: "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ى ساڵانه‌ به‌ هه‌زاران مین و ته‌قه‌مه‌نى سه‌رده‌مى رژێمه‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانى عێراق له‌ناو ده‌بردرێن، ته‌نانه‌ت ته‌نیا ئه‌مساڵ تا ئێستا به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كاروباری مین/ هه‌ولێر، تیمه‌كانیان توانیویانه‌ رووبه‌ری زیاتر له‌ 485000 م2 له‌ مین و ته‌قه‌مه‌نی پاك بكه‌نه‌وه‌ و 7 كێڵگه‌ی مینش ته‌واو كراون و زیاتر له‌ 1300مین و ته‌قه‌مه‌نیی نه‌ته‌قاوه‌ش له‌ناو بران، ساڵانى رابردووش چه‌نده‌ها مین و ته‌قه‌مه‌ى له‌ناو براون، كه‌چى تائێستا چه‌ندان كێڵگه‌ى مین له‌ كوردستان هه‌یه‌ و پێشبینى ده‌كرێت به‌ سه‌دان هه‌زار مین و ته‌قه‌مه‌نى مابن".


زێبار خالید، ئه‌وه‌شى ئاشكرا كرد، هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كان، ئه‌مساڵ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر هه‌شت کەس بوونه‌ته‌ قوربانیی ڕووداوه‌كانی مین و ته‌قه‌مه‌نی، 4 كه‌سیان گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و 4ی دیكه‌شان بریندار بوونه‌، به‌شێوه‌یه‌كى گشتیش له‌دواى ساڵى نه‌وه‌ده‌كان و پرۆسه‌ى ئازادكردنى عێراق، تائێستا هه‌زاران كه‌س به‌هۆى مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانەوە كه‌مئه‌ندام بوونه‌ و گیانیان له‌ده‌ست داوه‌، جگه‌له‌وه‌ش چه‌ندان ئاژه‌ڵى ماڵیى هاووڵاتییان به‌هۆیه‌وه‌ بوونه‌ته‌ قوربانى".


به‌رپرسی راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كاروباری مینی هه‌ولێر، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ روو: "تاكه‌ به‌ربه‌ستمان له‌به‌رده‌م تیمه‌كانمان، ناوچه‌ سنووریی‌كان هێڵى سووره‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و شوێنانى پارتى كرێكارانى كوردستانى توركیا (په‌كه‌كه‌) و هێزه‌كانى دیكه‌ى تێدا نیشته‌جێیە و رۆژانه‌ له‌لایه‌ن سوپایى توركیا به‌ فڕۆكه‌ بۆردومان ده‌كرێن و تۆپباران ده‌كرێن، سوپای پاسدارانیش به‌ هه‌مان شێوه‌، به‌مه‌ش تیمه‌كانمان ناتوانن بچن له‌و ناوچه‌ سنوورییه‌كان كارى پاكسازیى مین بكه‌ن و ته‌قه‌مه‌نییه‌ نه‌ته‌قاوه‌كان له‌ناو به‌رن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ش له‌ ئه‌نجامى ئه‌و بۆردومانانه‌ى سنووره‌كان بۆمبى نه‌ته‌قاوه‌ى فڕۆكه‌ و تۆپبارانه‌كان هه‌یه‌ و مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر هاووڵاتییان، به‌ڵام بارودۆخى سیاسیى ئه‌و ناوچانه‌ رێگره‌ له‌به‌رده‌مماندا، ته‌نیا ده‌ستمان به‌ سنوورى گونده‌كانى هه‌ندێك له‌و ناوچانه‌ ده‌گات، كه‌ كارى تێدا ئه‌نجام بده‌ین".


زێبار خالید ده‌شڵێت: "قه‌یرانى دارایى كاریگه‌ریى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر كارى مینپاكى، چونكه‌ پێشتر كارى مینلابه‌رى له‌لایه‌ن كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرا، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ ئه‌مه‌ نه‌ماوه‌، ئێستا ته‌نیا كارمه‌ندانى ده‌زگاكه‌ ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ كارمه‌ندانى ئێمه‌ش له‌ كارى خۆیان سڵیان نه‌كردووەته‌وه‌“.