ئه‌ردۆگان گۆڕانكاریی ریشه‌یی له‌ناو ئاكپارتیدا ده‌ست پێ كردووه‌

ئامانج بردنه‌وه‌یه‌تی له‌ 2019دا

ئاكپارتی ترسی هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مانیی 2019دا، نه‌توانێت 50+1 به‌ده‌ست بهێنێت بۆ بردنه‌وه‌ی كورسیی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار. ده‌زگا راپرسییه‌كانی ناو ئاكپارتییش ئاشكرای ده‌كه‌ن، كه‌ ئاكپارتی به‌و حاڵه‌ی ئێستایه‌وه‌ ناتوانێت سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار بباته‌وه‌.


ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆگان، سه‌رۆك كۆماری توركیا و سه‌رۆكی ئاكپارتی، ده‌ستی به‌ گۆڕانكاریی ریشه‌یی كردووه‌ له‌ناو ئاكپارتیدا، سه‌ره‌تایش له‌ سه‌رۆك شاره‌وانییه‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی توركیاوه‌.


قادر تۆپباش، سه‌رۆك شاره‌وانی ئیسته‌نبۆڵ، له‌سه‌ر داوای ئه‌ردۆگان ده‌ستی له‌ كار كێشایه‌وه‌. به‌دوای ئه‌ودا مه‌لیح گۆكچه‌ك، سه‌رۆك شاره‌وانیی ئه‌نكه‌را و پاشان سه‌رۆك شاره‌وانیی قه‌یسه‌ری.


هه‌ر 3 سه‌رۆك شاره‌وانی به‌تووڕه‌ییه‌وه‌ پۆسته‌كه‌یان به‌جێ هێشت و به‌ بڕیارێكی ناعه‌داله‌تیان وه‌سف كرد، به‌ڵام ئه‌ردۆگان گوێی پێ نه‌دان. ئاخر له‌ ریفراندۆم بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور، ئاكپارتی له‌و 3 شاره‌دا دۆڕا و ئۆپۆزسیۆن بردییه‌وه‌، ئه‌مه‌یش زەنگێكی مه‌ترسی بوو بۆ ئاكپارتی.


له‌ناو ئاكپارتییشدا زیاتر له‌ نیوه‌ی به‌رپرسی لقی له‌ شاره‌كانی توركیا گۆڕی و كه‌سی تازه‌ی خسته‌ شوێنیان. به‌ سه‌دان كه‌سیشی له‌ پۆسته‌ بچووكه‌كان دوور خسته‌وه‌ و كه‌سی تری هێنایه‌ شوێنیان و به‌ڵێنی دا گۆڕانكارییه‌كان به‌رده‌وامییان هه‌بێت.


ده‌زگای راپرسیی (ئه‌نار) له‌ توركیا، له‌باره‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی ئه‌ردۆگان كردوویه‌تی له‌ناو پارته‌كه‌یدا، راپرسییه‌كی له‌ ته‌واوی توركیا ئه‌نجام داوه‌. به‌گوێره‌ی ئه‌نجامی ئه‌و راپرسییه‌، هاووڵاتییانی توركیا به‌گه‌رمییه‌وه‌ پێشوازی له‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌ردۆگان ده‌كه‌ن و خۆشه‌ویستیی خه‌ڵكیش بۆ ئه‌ردۆگان زیادی كردووه‌، به‌ڵام ئاكپارتی به‌رده‌وام ده‌نگه‌كانی له‌ كه‌می ده‌دات.


ده‌زگای ناوبراو و چه‌ند ده‌زگایه‌كی تری توركیایش، گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ئاكپارتی له‌ 41%ی ده‌نگه‌كان زیاتر ناهێنێت، به‌مه‌یش ناتوانێت ببێته‌ ئه‌و پارته‌ی له‌ناو په‌رله‌ماندا یاساكان تێپه‌ڕێنێت و ناچاره‌ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ پارتێكی تری سیاسی دروست بكات.


به‌ڵام ئه‌گه‌ر زۆره‌ ئه‌ردۆگان له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی 2019 رێژه‌ی 45%ی ده‌نگه‌كان بهێنێت، كه‌ ئه‌مه‌یش هه‌ر به‌ دڵی ئه‌ردۆگان نییه‌، چونكه‌ ئه‌و پێویستی به‌ 50+1ی ده‌نگه‌كان هه‌یه‌. به‌و ئه‌نجامه‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌وێته‌ گه‌ڕی دووه‌م و ئه‌گه‌ر هه‌مان ئه‌نجامی هه‌بوو، ده‌بێت بۆ بردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هاوپه‌یمانی دروست بكات.


ئه‌ردۆگان ده‌یه‌وێت له‌ ساڵی 2018 درێژه‌ به‌و گۆڕانكارییانه‌ بدات، كه‌ ئێستا ده‌ستی پێ كردوون. ئه‌مه‌یش به‌و ئامانجه‌یه‌ كه‌ سۆزی هاووڵاتییانی توركیا زیاتر بۆ لای خۆی رابكێشێت و رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی به‌رز بكاته‌وه‌.


عه‌بدولقادر سه‌لفی، رۆژنامه‌نووسی نزیك له‌ ئه‌ردۆگان، له‌ وتارێكیدا بۆ رۆژنامه‌ی (حوریه‌ت)ـی توركی، ئاشكرای كردووه‌ ئێستا حاڵی ئاكپارتی ‌باش نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی 50+1 بهێنێت، بۆیه‌ ئه‌ردۆگان هه‌ستی به‌و مه‌ترسییه‌ كردووه‌ و له‌ رێگه‌ی گۆڕانكارییه‌وه‌ دووباره‌ متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ ده‌ست ده‌هێنێته‌وه‌.


ئه‌گه‌رێكی زۆر به‌هێزیش هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ردۆگان له‌ ساڵی 2018، بیناڵی یڵدرم سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای توركیا ناچار بكات ده‌ست له‌ كار بكێشێته‌وه‌، چونكه‌ نه‌یتوانیوه‌ له‌ كاره‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو بێت. به‌تایبه‌ت كاتێك سه‌ردانی ئه‌مەریكای كرد و له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆكی ئه‌مەریكا كۆ بووه‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌ستكه‌وتێك بۆ توركیا به‌ده‌ست بهێنێت، گه‌ڕایه‌وه‌.