یه‌په‌گه‌ خۆی بۆ شه‌ڕی توركیا ئاماده‌ ده‌كات

 

هه‌فته‌ی رابردوو، په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی دۆناڵد ترامپ و ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆگان، یه‌په‌گه‌ی خسته‌ ناو دووڵییه‌كی زۆره‌وه‌ و ترسیان هه‌یه‌ ئه‌مەریكا پشتیان تێ بكات. به‌ تایبه‌ت كاتێك میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوه‌ ترامپ به‌ڵێنی به‌ ئه‌ردۆگان داوه‌ ئیتر چه‌ك به‌ یه‌په‌گه‌ نه‌دات.


ئاژانسه‌كانی هه‌واڵی توركیا بڵاویان كرده‌وه‌، ته‌نیا ئه‌مەریكا چه‌كی به‌ یه‌په‌گه‌ نه‌داوه‌، به‌ڵكوو ئه‌و 19 وڵاته‌ی ئه‌ندامن له‌ هاوپه‌یمانیی لێدانی گرووپی تیرۆرستی داعشیش چه‌كیان به‌ یه‌په‌گه‌ داوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌یش چه‌ك به‌ یه‌په‌گه‌ نه‌ده‌ن، ئه‌و هێزه‌ ناتوانێت به‌رگری له‌ رۆژئاوا بكات.


ماڵپه‌ڕی T24ی توركی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر بێت و توركیا په‌لاماری عه‌فرین بدات و ئه‌مەریكایش ئیتر چه‌ك بۆ ئه‌و هێزه‌ نه‌نێرێت، ئه‌سته‌مه‌ بتوانن ماوه‌یه‌كی زۆر به‌رگری بكه‌ن.


له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یه‌په‌گه‌ له‌ خۆئاماده‌كردندایه‌ تا بتوانن رووبه‌ڕووی توركیا ببنه‌وه‌. جه‌میل بایك، سه‌رۆكی كۆما جڤاكین، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ توركیا ده‌كات و پێیان ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر په‌لاماری عه‌فرین بده‌ن، ئه‌نجامتان وه‌كوو داعشی لێ دێت.

 

ئه‌و چه‌كانه‌ چین گه‌یشتوونه‌ته‌ ده‌ستی یه‌په‌گه‌؟
پنتاگۆن به‌ فه‌رمی رای گه‌یاند، نزیكه‌ی 3 هه‌زار كامیۆن چه‌كیان بۆ یه‌په‌گه‌ ناردووه‌، كه‌ له‌ناو چه‌كه‌كاندا چه‌كی قورس و سووكیشی تێدایه‌. چه‌كه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ن (تفه‌نگی زیره‌ك و قورس، رۆكێتی RPG_7، تانكی AT_4 و SPG_9، تۆپ و هاوه‌ن، چه‌كی قه‌ناس، دووربینی جۆری PV_7)، له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و چه‌كانه‌یش، یه‌په‌گه‌ خاوه‌نی چه‌ندین هه‌مه‌ری تازه‌ و مووشەکی دژه‌ تانك و هه‌لیكۆپته‌ره‌.


كاتێك هێزه‌كانی سووریای دیموكرات كه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و هێزه‌ سه‌ر به‌ یه‌په‌گه‌ن، به‌ هاوكاریی ئه‌مەریكا توانییان رۆژئاوای فورات تێپه‌ڕێنن و مه‌نبه‌ج له‌ ده‌ستی داعش رزگار بكه‌ن، ئه‌مەریكا به‌ڵێنی به‌ توركیادا هه‌موو ئه‌و چه‌كانه‌ی به‌و هێزه‌ی داوه‌ له‌ لیستێكدا بداته‌ توركیا و ئاگاداری بكاته‌وه‌. به‌ڵام به‌ڵێنه‌كه‌ی نه‌برده‌ سه‌ر، بۆیه‌ توركیا به‌رده‌وام ئه‌مەریكا تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی نازانن یه‌په‌گه‌ چ چه‌كێكی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئایه‌ چ گره‌نتییه‌ك هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ توركیا به‌ كاری ناهێننه‌وه‌؟


رووسیا له‌گه‌ڵ لێدانی یه‌په‌گه‌دا نییه‌ له‌ عه‌فرین، چونكه‌ ده‌زانێت شه‌ڕی توركیا و یه‌په‌گه‌ ده‌بێته‌ سه‌رهه‌ڵدانێكی شه‌ڕێكی تری خوێناوی له‌ ناوچه‌كه‌. بۆیه‌ له‌ هه‌وڵدایه‌ تا بڕوا به‌ توركیا بهێنێت له‌داهاتووی سووریادا یه‌په‌گه‌یش رۆڵی هه‌بێت، چونكه‌ تازه‌ بوون به‌ دیفاكتۆ. كاتێك ده‌شبینێت ئێران گه‌رموگوڕ نییه‌ بۆ لێدانی یه‌په‌گه‌، ترسی هه‌یه‌ فێڵی لێ بكه‌ن و ئه‌و ناوچانه‌ی یه‌په‌گه‌ی لێیه‌ بخه‌نه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌وه‌.


په‌كه‌كه‌یش نه‌وه‌ستاوه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی توركیا، به‌ڵكوو ده‌یه‌وێت له‌ باكوور قورسایی خۆی زیاد بكات، تا توركیا نه‌توانێت په‌لاماری عه‌فرین بدات. ناردنی (ده‌لال ئامه‌د) سه‌ركرده‌ی دیاری په‌كه‌كه‌ بۆ ئامه‌د و پاشان شه‌هیدبوونی له‌ بۆردومانێكی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا، ده‌یسه‌لمێنێت په‌كه‌كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ باكوور خۆی زیندوو بكاته‌وه‌.


ده‌لال ئامه‌د، ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌ری هه‌بوو به‌سه‌ر توركیاوه‌، حكوومه‌تی توركیا بڕی 2 ملیۆن دۆلاری دانابوو بۆ هه‌ر كه‌سێك بتوانێت بیكوژێت، به‌ڵام به‌ مردنی ده‌لال به‌رنامه‌كه‌ی په‌كه‌كه‌ كۆتایی پێ نه‌هاتووە.

 

ئه‌مەریكا رێگه‌ ده‌دات توركیا په‌لاماری عه‌فرین بدات؟
هه‌موو چاودێرانی سیاسی كۆكن له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ی كه‌ ئه‌مەریكا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی ئاماده‌یه‌ ده‌ستبه‌رداری دۆسته‌كانی خۆی بێت. پشتكردنی ئه‌مەریكایش له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌روبه‌ندی داگیركردنی ئه‌و شاره‌ له‌ لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌، یه‌په‌گه‌ی خستووه‌ته‌ ناو دوودڵییه‌كی زۆره‌وه‌، به‌وه‌ی پشت له‌وانیش بكات.


نووسه‌رێكی دیاری توركیا و نزیك له‌ ئاكپارتی، ئاشكرای ده‌كات كه‌ ئه‌مەریكا نه‌یگوتووه‌ ئیتر هاوكاریی سه‌ربازی بۆ یه‌په‌گه‌ نانێرم له‌ سووریا، به‌ڵكوو چاوێكی پێدا ده‌خشێنێته‌وه‌.


فاتیح ئاڵتایلی، نووسه‌ری دیاری رۆژنامه‌ی (خه‌به‌ر تورك)، له‌ وتارێكدا تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی دۆناڵد ترامپ و ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆگان.


ئه‌و ده‌نووسێت: "توركیا و ئه‌مەریكا چه‌ندین دانیشتنیان رووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا ئه‌نجام داوه‌ تا ئه‌مەریكا هیچی تر چه‌ك بۆ یه‌په‌گه‌ ره‌وانه‌ نه‌كات، به‌ڵام ئه‌نجامی نه‌بووه‌. ئه‌ی چۆن بڕوا بكه‌م به‌ ته‌له‌فۆنێكی ترامپ و ئه‌ردۆگان ئیدی ئه‌مەریكا چه‌ك بۆ یه‌په‌گه‌ نانێرێت؟".


نووسه‌ر په‌یوه‌ندیی به‌ رۆژنامه‌نووسێكی ئه‌مەریكیییەوە كردووه‌ و له‌و رووه‌وه‌ زانیاریی وه‌رگرتووه‌. به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان ئه‌مەریكا نه‌یگوتووه‌ ئیتر چه‌ك بۆ یه‌په‌گه‌ نانێرم، به‌ڵكوو له‌مه‌ودوا هه‌ستیارتر و وردبینتر ده‌بێت بۆ ناردنی چه‌ك.


هه‌روه‌ها به‌ڵێنی داوه‌ ئه‌و چه‌كانه‌ی به‌ یه‌په‌گه‌ی ده‌دات به‌رامبه‌ر به‌ توركیا به‌كاری نه‌هێننه‌وه‌ و ئیدی به‌گوێره‌ی هاوسه‌نگیی ناوچه‌كه‌ چه‌ك بۆ یه‌په‌گه‌ ده‌نێرێت.


نووسه‌ر پێی وایه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌مەریكا گرێبه‌ستی ناردنی چه‌كی بۆ یه‌په‌گه‌ هه‌ڵنه‌وه‌شاندووه‌ته‌وه‌ و كه‌میشی ناكات، به‌ڵام وردبینتر ده‌بێت.