له‌ كه‌ركووك حه‌شدى شه‌عبی ده‌ست له‌ كاروبارى دادگا وەردەدا

به‌رپرسێك: حه‌شدى شه‌عبی دوو دادوه‌رى عه‌ره‌بیان هێناوه‌ به‌ ئاره‌زووى ئه‌وان ده‌جووڵینه‌وه‌

چه‌كدارانی حه‌شدى شه‌عبی دواى ئه‌نجامدانى هه‌موو پێشێلكارییه‌ك له‌ كه‌ركووك، ئه‌مجاره‌یان ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری دادگاش ده‌كات. به‌رپرسێكیش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، میلیشیاكانی حه‌شدى شه‌عبی، دوو دادوه‌رى عه‌ره‌بیان هێناوه‌ بۆ كه‌ركووك و به‌ ئاره‌زووى ئه‌وان ده‌جووڵینه‌وه‌.


له‌م باره‌یه‌وه‌، عه‌دنان كه‌ركووكی، گوته‌بێژی ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى پارتی له‌ كه‌ركووك- گه‌رمیان، بۆ (باس)ی ڕای گه‌یاند: "میلیشیاكانی حه‌شدى شه‌عبی، دوو به‌ناو دادوه‌رى عه‌ره‌بیان له‌ كه‌ركووك داناوه‌ و به‌ ئاره‌زووى ئه‌وان ده‌جووڵینه‌وه‌، حه‌شدی شه‌عبییش هانى خه‌ڵك ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى سكاڵا له‌ دژی به‌رپرسان له‌ دادگا تۆمار بكه‌ن، سكاڵاكانیش زیاتر له‌سه‌ر به‌رپرسه‌ كورده‌كان ده‌كه‌ن، تا له‌وێ بده‌نه‌ دادگا و دادگایی بكرێن و حوكمیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت، ئه‌مه‌ش به‌شێكه‌ له‌و پیلانه‌ى تا واى لێبێت هیچ به‌رپرسێكى حزبه‌ كوردستانییه‌كان نه‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ كه‌ركووك".


له‌باره‌ى سكاڵا تۆماركردن له‌ عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی قه‌زا و ناحیه‌كانی كه‌ركووك، له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كیدا كه‌ وێنه‌یه‌كى بۆ (باس) نێردراوه‌ نووسیویەتی: ”ڕاسته‌ سكاڵام له‌سه‌ر تۆمار كراوه‌، هۆكاره‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 13/4/2014، كاتێك له‌ قه‌زاى دووبزى سه‌ر به‌ كه‌ركووك چه‌ند كه‌سێك ئازاد كران، كه‌ تۆمه‌تى تیرۆریستیان له‌سه‌ر بوو، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی لێ كه‌وته‌وه‌ و ڕۆژێك دواى ئه‌وه‌، ئۆتۆمبێلیێك ته‌قیه‌وه‌، دواى ئه‌و ڕووداوه‌ش كۆمه‌ڵێك گه‌نج وه‌كوو ناڕه‌زاییه‌ك په‌لامارى دادگا و ماڵی دادوه‌ریان دا و سووتاندیان، ئه‌و كاته‌ ئێمه‌ سه‌ردانى قه‌زاكه‌مان كرد، بۆ هێوركردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ داواى لێكۆڵینه‌وه‌یان كرد و ئێمه‌ش هه‌موو رێگایه‌كى پێویستمان گرته‌ به‌ر".


له‌و ڕوونكردنه‌وه‌دا عه‌مید سه‌رحه‌د، ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو: "به‌داخه‌وه‌ له‌دواى سێ ساڵ ئاستى دادوه‌رێك ئه‌وه‌نده‌ بێ كه‌ بچێت به‌ مادده‌ى 4ى تیرۆر سكاڵام له‌سه‌ر تۆمار بكات، له‌ كاتێكدا ئێمه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان به‌ ڕووداوه‌كه‌وه‌ نه‌بووه‌، ئه‌و كاته‌ش تاوانبارانمان ڕاده‌ستى دادگا كرد".


به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی قه‌زا و ناحیه‌كانى كه‌ركووك، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، 315 كه‌س له‌گه‌ڵ من به‌ ده‌ستى تیرۆر شه‌هید كراون، برام شه‌هیده‌ و 15 پۆلیسی نزیك له‌ خۆم به‌ ده‌ستى تیرۆر شه‌هید كراون، زیاتر له‌ 240 تیرۆریستمان له‌ ساڵی ڕابردوو ده‌ستگیر كردووه‌، سه‌رجه‌میان حوكم دراون، له‌ 15 ساڵه‌وه‌ تا سێدراه‌ و هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك دۆسیه‌ى زۆر گرنگى وه‌كوو كوشتنى (حه‌مه‌خانی حاجى دارا، ئه‌بو سه‌دام، محەمه‌د خه‌لیل و شێخ عه‌بدوڵا سامى)مان یه‌كلا كردووه‌ته‌وه‌ و تاوانبارانمان ده‌ستگیر كردووه‌، كه‌چی خۆمان به‌ مادەی تیرۆر تۆمه‌تبار كراوین!


له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو: "زیاتر له‌ 14 جار بریندار بوومه‌، به‌ ده‌یان هاووڵاتیی كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و مه‌سیحیم له‌ ده‌ستى گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان ئازاد كردووه‌، رۆژ هه‌بووه‌ تا چوومه‌ته‌ حه‌ویجه‌ و گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ به‌دواى مه‌رگى خۆمدا گه‌ڕاوم، 18 بۆمبی چێندراو به‌ هێزه‌كانمدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌، كاتێك هێرش كرایه‌ سه‌ر بیناى هه‌واڵگری و جه‌واهیر مۆڵ و بازاڕی زه‌ڕه‌نگه‌ران له‌ كه‌ركووك، كێ بوو شه‌ڕی كرد و ڕووبه‌ڕووى تیرۆریستان بووه‌وه‌؟".


هاوكات سه‌رحه‌د قادر، گوتی: "ئه‌وه‌ى دژم كراوه‌، مایه‌ى گاڵته‌جاڕییه‌ و دادوه‌ر خۆی تۆمه‌تباره‌ به‌ ڕزگاركردنى تیرۆریست، له‌ هه‌ولێر سكاڵا له‌سه‌ر حاكم محه‌مه‌د تۆمار ده‌كه‌م و سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌كانیش ده‌خه‌مه‌ ڕوو".


پێشتر (باس) بڵاوى كرده‌وه‌ كه‌ ئێستا كه‌ركووك له‌ لایه‌ن حاكمێكى سه‌ربازی، كه‌ ئه‌ویش له‌ژێر فه‌رمانى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییدایه‌ به‌ڕێوه‌ی ده‌چێت.


هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كانی (باس)، به‌هۆی داگیركردنى كه‌ركووك له‌ لایه‌ن میلیشیاكانی حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ ئێستا به‌شی زۆری پارێزه‌ره‌كانى كه‌ركووك ئاواره‌ى هه‌رێمى كوردستان بوونه‌ و ناتوانن له‌نێو شارى كه‌ركووكدا درێژه‌ به‌ كاره‌كانیان بده‌ن.