به‌هۆى وێنه‌یەکی بارزانییه‌وه‌ حه‌شدى شه‌عبى له‌ خورماتوو ماڵى گه‌نجێكى كورد ده‌سووتێنێت

 

15/11/2017 - 15:23 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

له‌ گه‌ڕه‌كى بنارى قةزاي خورماتوو, ژماره‌یه‌ك چه‌كدارى حه‌شد هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر چه‌ند ماڵێكى كورد و دواى ئه‌وه‌ى بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ یه‌كێك له‌و ماڵانه‌ هى هاووڵاتییه‌كى كورده‌ و لایه‌نگرى پارتییه‌ و له‌ هه‌مان كاتیشدا وێنه‌ى سه‌رۆك بارزانيى له‌ ماڵه‌كه‌یدا هه‌ڵواسیوه‌، ئاگر له‌ ماڵه‌کە به‌رده‌ده‌ن و به‌ ته‌واوه‌تى ده‌یسووتێنن.


ئاراز محه‌مه‌د، ئه‌و هاووڵاتییه‌ كورده‌یه‌ كه‌ به‌هۆى پارتیبوون و وێنه‌ى سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ى سووتێنرا به‌ (باس)ى ڕاگه‌یاند: ”له‌ چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا ژماره‌یه‌ك چه‌كدارى حه‌شدى شه‌عبى به‌ كه‌لوپه‌لى سه‌ربازیی قورسه‌وه‌ هاتنه‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان، دواى چۆڵ بوون و هه‌ڵهاتنى ئه‌و خێزانانه‌ى كه‌ له‌و گه‌ڕه‌كه‌دا نیشته‌جێبوون، ئه‌و ژماره‌ چه‌كدارانه‌ كه‌ سه‌ر به‌ گرووپى عه‌سائیبی ئه‌هلى هه‌ق بوون، هه‌ڵیان كوتایه‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌م و ئاگریان له‌ سه‌رجه‌م كه‌لوپه‌له‌كه‌ى به‌ردا و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ماڵه‌كه‌م به‌ته‌واوه‌تى سووتا و هیچ كه‌لوپه‌لێكم بۆ ده‌رنه‌چوو“.


هه‌روه‌ها گوتى: ”سووتاندنى ماڵه‌كه‌م له‌ لایه‌ن چه‌كدارانى حه‌شده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ من لایه‌نگرى پارتیم و له‌ هه‌مان كاتیشدا وێنه‌یه‌كى سه‌رۆك بارزانیم له‌ ماڵه‌كه‌مدا هه‌ڵواسیوه‌“.


ئه‌و باسى له‌وه‌ كرد، كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك گه‌نجى خۆبه‌خشى شارۆچكه‌كه‌ تا دوایین ساتى كشانه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ خورماتوو, به‌رگرییان كردووه‌ و یه‌ك دوو جاریش په‌لامارى حه‌شدى شه‌عبییان بۆ سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كان شكاندووه‌ و زه‌ره‌رى زۆریشیان پێ گه‌یاندوون.


ئاراز كه‌ ئێستا ئاواره‌یه‌ و له‌ شاره‌دێى زینانه‌ى سه‌ر به‌ ناوچه‌ى داوده‌ نیشته‌جێیه‌، به‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ گوتى: ”ئه‌گه‌ر سه‌د جارى دیكه‌ش خانووه‌كه‌م بسووتێنن من له‌ ڕێبازى پارتى و بارزانى پاشگه‌ز نابم و دوور ناكه‌ومه‌وه‌ و خۆم به‌ پێشمه‌رگه‌ى ئه‌و حزبه‌ ده‌زانم“.


له‌ ڕۆژى 16/10/2017 به‌هۆى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ شارۆچكه‌ى خورماتوو، چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ دوو قۆڵه‌وه‌ په‌لامارى شارەكه‌یان دا و له‌ سەعات 10ى سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌و ڕۆژه‌ گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كانى خورماتوو كه‌ پێكهاتبوون له‌ (ڕزگارى، بنار، كۆمارى، ته‌یار)یان داگیر كرد و ده‌ستیان به‌ سووتاندن و ته‌قاندنه‌وه‌ى خانوو و دوكانى هاوڵاتییان کرد، به‌تایبه‌ت خانوو و دوكانى ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى پارتى و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زیاتر له‌ له‌ 400 خانوو ته‌قێنرایه‌وه‌ و سووتێنران و تاڵان كران، سه‌ربارى ئاواره‌بوونى 50 هه‌زار هاووڵاتى، كه‌ له‌ ئێستا زۆرینه‌یان له‌ ناوچه‌ى داوده‌ى نزیك خورماتوو ده‌ژین.


ئاراز به‌ په‌ژاره‌وه‌ ده‌یڕوانییه‌ شارەکەی،‌ كه‌ نزیكه‌ى 60 كم له‌و شوێنه‌ى كه‌ تێدا وه‌ك ئاواره‌ نیشته‌جێیه‌ دووره‌، گوتی: ”تاوان نییه‌ كه‌ خورماتوو كه‌ له‌ دوو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى نێوان كورد و حه‌شدى شه‌عبى، ته‌نیا خۆبه‌خشه‌ كورده‌كانى چۆكیان به‌ چه‌كدارانى حه‌شد داندا ئێستا به‌ سووك و ئاسانى بكه‌وێته‌ ده‌ست ئه‌وان و كورده‌كانى ده‌ربه‌ده‌ر و ئاواره‌ بكرێن و ماڵ و حاڵیان تاڵان بكرێت و بسووتێنرێت، ئه‌وه‌ى ده‌رهه‌ق به‌م شارە كرا له‌ خیانه‌ت گه‌وره‌تره‌، هه‌موو ئامانجه‌كه‌ش لێدانى پارتى بوو نه‌ك ته‌نیا له‌ خورماتوو بگره‌ له ‌كه‌ركووكیش، به‌ڵام پارتى له‌و خیانه‌ت و تاوانه‌ گه‌وره‌تره‌ و دڵنیاشم ئه‌م داگیركردنه‌ى حه‌شد بۆ كه‌ركووك و خورماتوو كاتییه‌ و ڕۆژێك دادێت ئه‌و دوو شاره‌ له‌سه‌ر ده‌ستى پارتى ڕزگار ده‌كرێنەوە و له‌ كۆتاییشدا سه‌رشۆڕى بۆ خیانه‌تكاران ده‌مێنێته‌وه‌“.


له‌ ماوه‌ى ساڵێكدا له‌ قەزای خورماتوو خۆبه‌خشه‌كانى شارۆچكه‌كه‌ و میلیشیا كانى حه‌شدى توركمانى به‌ پاڵ‌پشتیى حه‌شدى شه‌عبى و ئێران چه‌ندین جار ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى چه‌كدارى له‌نێوانیاندا ڕووی داوه‌، كه‌ حه‌شدى شه‌عبى هه‌وڵی داوه‌ له‌ ڕێگه‌ى ئه‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌دا پێگە و بوونی كوردى له‌ ناوچه‌كه‌ كه‌م بكاته‌وه‌ و خورماتوو له‌ ده‌ست كورد ده‌ربهێنێت و بیخاته‌ ژێر ڕكێڤى خۆیه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌كانى ڕابردوودا كورد به‌سه‌ر ئه‌واندا زاڵ بووه‌ و پیلانه‌كانى شكست پێ هێناوه‌ تا ڕۆژى 16/10 به‌هۆى خیانه‌تكردنى چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی گرووپی خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەری نیو یەکێتی ئه‌و شارە به‌بێ ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌ى سه‌ربازى و به‌رگریكردنى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌، بۆ چه‌كدارانى حه‌شدى توركانى جێ هێڵرا و ئێستا ئه‌وان به‌ ته‌واوه‌تى ده‌ستیان به‌سه‌ریدا گرتووه‌ و بەردەوام دوکان و ماڵ و بازاڕی کوردان دەسووتێنن و دەتەقێننەوە.

 

ئەلبوومی وێنەکان