توركیا بە هیچ یاسایەك ناتوانێ دەستێوەردان لە كەركووك و مووسڵدا بكات

دنیا لێی دێته‌ وه‌ڵام و به‌ شكستێكی گه‌وره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌


رێككه‌وتنی ئه‌نكه‌را، كه‌ توركیا زۆر جار به‌كاری ده‌هێنێت تا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ شه‌رعیه‌ت به‌ خۆی بدات په‌لاماری مووسڵ و كه‌ركووك بدات، به‌ هه‌موو پێوه‌رێكی یاسایی هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ 100 ساڵی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه‌.


ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌ ساڵی 1916 هاته‌ به‌ر باس، له‌ دوای رێكه‌وتنی لۆزانیش، به‌ریتانیا توركیای ناچار كرد ده‌ست له‌ ویلایه‌تی مووسڵ هه‌ڵبگرێت، به‌ڵام به‌شێكی نه‌وتی مووسڵ تا ساڵی 1959 داهاته‌كه‌ی بۆ توركیا بووه‌ كه‌ 29% بووه‌.


له‌ خاڵێكی تری رێككه‌وتنه‌كه‌ ئاماژه‌ دراوه‌، ئه‌گه‌ر عێڕاق كه‌وته‌ ناو شه‌ڕه‌وه‌ و وڵاتێكی تر ویستی مووسڵ و كه‌ركووك داگیر بكات، توركیا مافی هه‌یه‌ هێز به‌كاربهێنێت.


به‌ گوێره‌ی گوته‌ی ئه‌حمه‌د تورك سه‌رۆكی پێشووی شاره‌وانی مێردین بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌ ساڵی 1946 هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ و توركیا هیچ مافێكی به‌سه‌ر كه‌ركووك و مووسڵه‌وه‌ نه‌ماوه‌. جگه‌ له‌ ئەحمەد توركیش، ده‌یان نووسه‌ر و سیاسیی تر كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی توركیا هیچ مافێكی نییه‌ په‌لاماری مووسڵ یان كه‌ركووك بدات، چونكه‌ ئه‌وكات هه‌موو دنیا رووبه‌رووی ده‌بنه‌وه‌.


3 هۆكاری یاسایی هه‌ن كه‌ رێگه‌ به‌ توركیا ده‌دات په‌لاماری مووسڵ و كه‌ركووك بدات، ئه‌و هۆكارانه‌یش یاساناسان كۆكن له‌سه‌ری بریتیین لەوانە:


1. ئه‌گه‌ر عێراق داوا له‌ توركیا بكات هاوكاری بكات بۆ شه‌ڕێك كه‌ ناتوانێ به‌ ته‌نیا ئه‌نجامی بدات، یان له‌ تیرۆریست پاكی بكاته‌وه‌. ئه‌سته‌مه‌ عێراق داوایه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ بكات، چونكه‌ سه‌روه‌ری خاكی عێراق ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسی و سوكایه‌تیشه‌ بۆ پێگه‌ی عێراق، هه‌روه‌ها ئێرانیش مه‌حاڵه‌ ئه‌وه‌ قبووڵ بكات.


2. ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان یاسایه‌كی تایبه‌ت ده‌ربكات، تا شه‌رعییه‌ت به‌ توركیا بدات بچێته‌ ناو مووسڵ و كه‌ركووكه‌وه‌.


3. ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هاوپه‌یمانیه‌تییەك پێك بهێنێت تا مووسڵ له‌ ده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ریهێنن، توركیا ده‌توانێت ببێته‌ به‌شێك له‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستە بۆ لێدانی داعشی تیرۆریست پێكیان هێناوه‌.


توركیا له‌ شوێنێكی تریش رووبه‌رووی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی ده‌بێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر په‌لاماری كه‌ركووك و مووسڵ بدات، بۆ نمونه‌ ئه‌و كاته‌ی داعش مووسڵی داگیر كرد و پاشان په‌لاماری كه‌ركووكی دا، توركیا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یگوت ده‌چم بۆ رزگاركردنی ئه‌و 2 شاره‌، چونكه‌ توركمانی لێیه‌ و رێككه‌وتنی ئه‌نكه‌را ئه‌و مافه‌ی پێداوم. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئێستە داوایه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ بكات، ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌ شكستێكی گه‌وره‌ بۆ خۆی كۆتایی پێدێت، جگه‌ له‌وه‌ی له‌ رووی یاساییشه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر به‌رپرسیاریه‌تی.


پێشی ده‌ڵێن ئه‌ی بۆچی كاتێك مووسڵ له‌ ده‌ستی داعش بوو بێده‌نگ بووی؟ دیاره‌ به‌ نهێنی هانی ئه‌و گرووپه‌ت داوه‌ و په‌یوه‌ندی ژێر به‌ژێرت له‌گه‌ڵیدا هه‌بووه‌.