ئایا ڕێككه‌وتنی ئه‌نكه‌را ڕێگه‌ به‌ توركیا ده‌دات هێز بۆ كه‌ركووك و مووسڵ به‌كار بهێنێت؟

یاساناسێكی توركیا: هێنانه‌وه‌ به‌رباسی رێككه‌وتنی ئه‌نكه‌را له‌دوای لۆزان، توركیا رووبه‌ڕووی كاره‌ساتی گه‌وره‌ ده‌كاته‌وه‌

ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی، سه‌رۆكی مه‌هه‌په‌، له‌ وتارێكیدا له‌ناو په‌رله‌مانی توركیا هێرشی توندی كرده‌ سه‌ر كورد و داوای كرد رێككه‌وتنی ئه‌نكه‌را بهێنرێته‌وه‌ به‌ر باس و مووسڵ ببێته‌ 82ه‌مین شاری توركیا و كه‌ركووكیش 83.


رێككه‌وتنی ئه‌نكه‌را له‌ مێژووی توركیادا وه‌كوو په‌ڵه‌یه‌كی ره‌ش و دۆڕانێكی گه‌وره‌ لێك ده‌درێته‌وه‌، چونكه‌ توركیا ده‌ستی له‌ ولایه‌تی مووسڵ به‌ردا كه‌ئەودەم سه‌ر به‌ توركیا بووه‌، به‌ڵام ئایه‌ دوای 100 ساڵ به‌سه‌ر تێپه‌ڕینی ئه‌و رێككه‌وتنه‌دا، توركیا ده‌توانێت بیهێنێته‌وه‌ به‌رباس؟ ئایه‌ توركیا ده‌توانێت په‌لاماری مووسڵ و كه‌ركووك بدات و بیخاته‌ ژێر ركێفی خۆیه‌وه‌؟ ئایه‌ له‌ رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌ داوای كه‌ركووك و مووسڵ بكات؟


جارێ با بزانین رێككه‌وتنی ئه‌نكه‌را چییه‌ و باس له‌ چی ده‌كات؟ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بۆ دیاریكردنی سنووری نێوان عێراق و توركیا بووه‌ به‌ ناوبژیوانیی به‌ریتانیا، ئه‌وكات ویلایه‌تی مووسڵ سه‌ر به‌ توركیا بووه‌ كه‌ (كه‌ركووك و هه‌ولێر)ـیشی له‌گه‌ڵدا بووه‌، توركیا ناچار كراوه‌ له‌ ساڵی 1926 دوای رێككه‌وتنی لۆزان ده‌ستبه‌رداری ولایه‌تی مووسڵ ببێت، به‌ڵام له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا چه‌ند خاڵێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی توركیا واژووی له‌سه‌ر كراوه‌.


بۆ نموونه‌ ده‌بوایه‌ 29% داهاتی نه‌وتی مووسڵ بۆ توركیا بێت، هه‌روه‌ها پێویسته‌ ولایه‌تی مووسڵ نه‌كه‌وێته‌ ژێر ده‌ستی هیچ وڵاتێك و ته‌نیا سه‌ر به‌ عێراق بێت و ئه‌گه‌ر مه‌ترسیی پارچه‌بوونی له‌سه‌ر بوو توركیا بۆی هه‌یه‌ هێز به‌كار بهێنێت بۆ گێڕانه‌وه‌ی ولایه‌ته‌كه‌ی.


سه‌لیم شان، یاساناسی ناسراوی توركیا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ره‌خنه‌ له‌ توركیا ده‌گرێت، به‌وه‌ی داوای شتێك ده‌كات له‌ رووی یاسا و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی نییه‌.


شان به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی بابه‌ته‌كه‌ شی ده‌كاته‌وه‌ و پێی وایه‌ داوایه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ توركیا ده‌خاته‌ ناو به‌رپرسیارییه‌تێكی گه‌وره‌وه‌، چونكه‌ رێككه‌وتنێك 100 ساڵی به‌سه‌ر تێ په‌ڕیبێت و تۆ سه‌رله‌نوێ داوای بكه‌یته‌وه‌، بنه‌مای یاسایی نابێت.


ئه‌و ده‌ڵێت (توركیا ته‌نیا به‌ 3 رێگا ده‌توانێت هێز به‌كار بهێنێت بۆ گێڕانه‌وه‌ی مووسڵ و كه‌ركووك. یه‌كه‌م، ئه‌گه‌ر بێت و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ كۆی ده‌نگ داوا له‌ توركیا بكات هێز به‌كار بهێنێت بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كه‌ركووك و وه‌رده‌نانی پێشمه‌رگه‌. دووه‌م، ئه‌گه‌ر عێراق خۆی داوا بكات كه‌ توركیا هێز بجووڵێنێت بۆ ناو كه‌ركووك، ئه‌ویش وه‌كوو هاوكاری نه‌ك داگیری بكات، كه‌ ئه‌سته‌مه‌ عێراق داوایه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ بكات. سێیه‌میش ئه‌گه‌ر بێت و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هاوپه‌یمانییه‌تێك پێكبهێنێت بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی كه‌ركووك و مووسڵ، كه‌ له‌ چه‌ند ده‌وڵه‌تێك پێكهاتبێت و توركیایش ئه‌ندام بێت تێیدا).


ئیبراهیم ئوسلو، سه‌رۆكی ده‌زگای (ئه‌نار) بۆ راپرسی و نزیك له‌ ئاكپارتی، پێی وایه‌ ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی بۆ خۆی پارته‌كه‌ی به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێت، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت به‌و لێدوانانه‌ نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان له‌ده‌وری خۆی كۆ بكاته‌وه‌.


ئوسلو، له‌ دیمانه‌یه‌كیدا بۆ ته‌له‌ڤزیۆنی (سی ئێن ئێن)ـی توركی، ده‌ڵێت (توركیا بۆی نییه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی هێز بكات بۆ كه‌ركووك، باخچه‌لیش بۆ رازیكردنی نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان داوایه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ ده‌كات، چونكه‌ ئێستا مه‌هه‌په‌ بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریی كاڵ بووه‌ته‌وه)‌.


به‌ بۆچوونی ئه‌و، ئه‌گه‌ر به‌یانیی هه‌ڵبژاردن له‌ توركیا ئه‌نجام بدرێت، مه‌هه‌په‌ ناتوانێت به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردن بشكێنێت. ئه‌و بنكه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ی مه‌هه‌په‌یش هه‌یبووه‌، هه‌موویان چوونه‌ته‌ ناو پارته‌ تازه‌كه‌ی مه‌رال ئاكشه‌نه‌ر، كه‌ سه‌ركرده‌ی دیاری تۆراوی مه‌هه‌په‌ بووه‌، بۆیه‌ باخچه‌لی به‌و لێدوانانه‌ ده‌یه‌وێت رای گشتیی توركیا بجووڵێنێت و پارته‌كه‌ی له‌و مه‌ینه‌تییه‌ رزگار بكات.


پنار حاجی به‌كتاش، كه‌ نووسه‌رێكی سه‌ر به‌ ئاكپارتییه‌، به‌توندی ره‌خنه‌ له‌ ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی ده‌گرێت، به‌وه‌ی به‌و لێدوانانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ كورد و كه‌ركووك ده‌یدات شه‌ڕی نێوان توركمان و كورد هه‌ڵده‌گیرسێنێت، هه‌روه‌ها رێككه‌وتنی ئه‌نكه‌رایش به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانرێت بهێنرێته‌وه‌ به‌رباس و تازه‌ كاتی به‌سه‌ر چووه‌.


پنار له‌ نووسینێكدا ده‌نووسێت: (كاتێك گرووپی تیرۆرستی داعش په‌لاماری كه‌ركووكی دا، پێشمه‌رگه‌ بوو به‌بێ جیاوازی كورد و توركمان و عه‌ره‌ب و مه‌سیحیی پاراست، ئه‌وكات نه‌ باخچه‌لی و نه‌ حكوومه‌تی عێراق نه‌یانتوانی توركمانه‌كان رزگار بكەن، بۆیه‌ ئێستا باسكردنی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كه‌ركووك به‌ زه‌بری هێز لێدوانێكی زۆر توند و نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌یه‌ و نابێت توركیا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بچێته‌ ژێر باری قسه‌كانی باخچه‌لی).


سه‌لیم شان، ئاماژه‌ ده‌دات توركیا به‌رله‌وه‌ی بڕیاری به‌كارهێنانی هێز بكات دژی هه‌رێمی كوردستان، پێویسته‌ زۆر به‌ باشی بیری لێ بكاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی كاره‌ساتی به‌دوا دێت و زه‌ره‌رمه‌ندیش هه‌ر توركیا ده‌بێت و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش توركیا ده‌خه‌نه‌ ژێر به‌رپرسیارییه‌تییه‌كی گه‌وره‌وه‌.