عه‌ره‌بی سوننه‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ پێكهێنانی هه‌رێمى سوننه‌ خێراتر ده‌كه‌ن

گوته‌بێژی هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانى مووسڵ: له‌ ماوه‌یه‌كى نزیكدا هه‌رێمى سوننه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نین

له‌دواى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی باشوور و به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ى ده‌نگی (به‌ڵێ) بۆ سه‌ربه‌خۆیی، ئێستاش عه‌ره‌به‌ سوننه‌كانى عێراق، هه‌وڵه‌كانیان بۆ پێكهێنانى هه‌رێمى سوننه‌ له‌ عێراقدا خێراتر ده‌كه‌ن.


له‌م باره‌یه‌وه‌ شێخ مه‌سروور ناجی جبووری، جێگرى به‌رپرسی ده‌سته‌ى سه‌رۆك هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانى كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ ئێستا له‌ عێراقدا حكوومه‌تێكى مه‌زهه‌بی هه‌یه‌ و ساڵ له‌دواى ساڵیش هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌ژموونى خۆیان به‌ لاوازكردنى كورد و عه‌ره‌بی سوننه‌ زیاتر بسه‌پێنن و به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رنامه‌ بۆداڕێژراو كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ناوچه‌ سوننه‌نشینه‌كانیش بخه‌نه‌ ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانه‌وه‌ و له‌ چه‌ندین شوێنى عێراق هاووڵاتییانى سوننه‌مه‌زهه‌ب به‌هۆی میلیشیاكانه‌وه‌ ژیانیان زۆر ناخۆش بووه‌ و به‌شێك له‌ سیاسییه‌ سوننه‌كانیش لەگەڵ میلله‌ته‌كه‌یان ڕاستگۆ نه‌بوون و خۆیان فرۆشت به‌ لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانى عێراق، بۆیه‌ باشترین بژاره‌ ئێستا ڕاگه‌یاندنى هه‌رێمى سوننه‌یه‌ له‌ پارێزگا سوننه‌نشینه‌كانى عێراق".


ڕاشی گه‌یاند: "ئێمه‌ وه‌كوو عه‌ره‌به‌كانى سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك، به‌شدارییمان كرد له‌ ریفراندۆمدا و ده‌نگیشمان به‌ (به‌ڵێ) دا و ده‌مانه‌وێت له‌ چوارچێوه‌ى كوردستاندا ببین به‌ ده‌وڵه‌ت و جه‌نابی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانیش له‌ چه‌ندین بۆنه‌دا و له‌ كاتى چالاكییه‌كانى بۆ پشتگیری له‌ ڕیفراندۆم ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد، سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى كوردستان بێ گومان به‌ عه‌ره‌بیشه‌وه‌ له‌ ده‌وڵه‌تى داهاتووى كوردستان مافه‌كانیان فه‌راهه‌م ده‌بێت، به‌ڵام ئێستا ئێمه‌ش خوازیارین برایانمان له‌ پارێزگاكانى دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌دین و نه‌ینه‌وا و ئه‌نبار ببن به‌ هه‌رێمێكى سه‌ربه‌خۆ، بۆ ئه‌وه‌ى له‌وه‌ زیاتر مافه‌كانیان له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌ بن پێ نه‌خرێت".


جێگرى به‌رپرسی ده‌سته‌ى سه‌رۆك هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانى كه‌ركووك، ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو: "له‌ مانگى حوزه‌یرانى 2014دا، تیرۆریستانى داعش چه‌ندین شار و شارۆچكه‌ى سوننه‌نشینیان له‌ عێراقدا داگیر كرد، له‌وانه‌ش شارى مووسڵ و ده‌وروبه‌رى و شارى ڕومادى و ده‌وروبه‌رى و شارى تكریت و ده‌وروبه‌رى و چه‌ندین ناوچه‌ى سنوورى پارێزگاى دیاله‌ و خه‌ڵكه‌كه‌شی ئاواره‌ى هه‌رێمى كوردستان و شارى كه‌ركووك بوون و ئێستاش به‌شی زۆرى ئاواره‌كان به‌هۆی بوونى حه‌شدى شه‌عبی له‌و شاره‌ سوننى نشینانه‌دا ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ زێدى خۆیان، به‌ڕاستى ژیان به‌و جۆره‌ی ئێستاش ناچێته‌ سه‌ر".


هه‌روه‌ها شێخ فارووق زه‌فیری، گوته‌بێژی فه‌رمیى بزووتنه‌وه‌ى میللیی سوننه‌كان له‌ عێراق، بۆ (البوابه‌ نیوز) ڕای گه‌یاندووە: "ژماره‌یه‌ك له‌ لایه‌نى سیاسی و عه‌شائیری و ئایینى و ئه‌كادیمى له‌ گۆڕه‌پانى سوننه‌ى عێراق، پێشنیاری جیابوونه‌وه‌یان كرد و یه‌كێك له‌ پێشنیاره‌كانش پێكهێنانى هه‌رێمێكه‌ بۆ سوننه‌كان، كه‌ به‌پێی ده‌ستووریش ڕێگه‌پێدراوه‌ و هاوشێوه‌ى ئه‌و فیدراڵییه‌ى كه‌ له‌ كوردستاندا هه‌یه‌".


گوتیشی: "پێشنیاری جیابوونه‌وه‌ش زیاتر دواى ریفراندۆمى كوردستان هات و زیاتر په‌سه‌ند ده‌كرێت. هۆكاره‌كانى ئه‌و هه‌نگاوانه‌ش حزبه‌ شیعه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانى عێراقن،‌ كه‌ بڕوایان به‌ حكوومه‌تێكى نیشتمانیى هاوبه‌ش نییه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رێز له‌ ڕێكه‌وتنێك ناگرن كه‌ پێشتر واژۆى له‌سه‌ر كرابێت، هه‌روه‌ها ئێرانیش ده‌ستێوه‌ردانى سه‌رجه‌م كاروباره‌كانى عێراق ده‌كات".


شێخ مزاحم ئه‌لحویت، گوته‌بێژی هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانى مووسڵ، ڕای گه‌یاند: "پرۆژه‌ى هه‌رێمى سوننه‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ پارێزگاكانى مووسڵ و ئه‌نبار و دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌دین و به‌شێك له‌ به‌غدا ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌پێناو پاراستنى سوننه‌كانه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ى به‌رامبه‌ریان ده‌كرێت، تا نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ حكوومه‌ت و په‌رله‌مانه‌ فاشیله‌كه‌یان، كه‌ دیاره‌ بۆ ئه‌جێنداى ده‌ره‌كى كار ده‌كه‌ن، چونكه‌ له‌ ساڵی 2003وه‌ تاوان به‌رامبه‌ر ئێمه‌ ده‌كرێت".


ئاشكراشی كرد: "له‌ ماوه‌یه‌كى نزیكدا ئێمه‌ش وه‌كوو سوننه‌ هه‌رێمى سوننى له‌و پارێزگایانه‌ى ئاماژه‌م پێ كرد ڕاده‌گه‌یه‌نین و له‌و حكوومه‌ت و په‌رله‌مانه‌ فاشیله‌ نامێنینه‌وه‌".


به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، پێشتر پۆستى پارێزگارى دیاله‌ بۆ سوننه‌ بوو، به‌ڵام له‌دواى هاتنى چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبی بۆ ئه‌و پارێزگایه‌، ئێستا ئه‌و پۆسته‌ له‌ لایه‌ن شیعه‌كانه‌وه‌ ده‌برێته‌ ڕێوه‌ و حه‌شدى شه‌عبی له‌و پارێزگایه‌ هه‌ژموونى خۆی به‌ته‌واوه‌تى سه‌پاندووە، له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ له‌ پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دینیش ئێستا حه‌شدى شه‌عبی هه‌یه‌ و به‌هۆی بوونى مه‌رقه‌دى هه‌ردوو ئیمامى عه‌سكه‌رى كه‌ لای شیعه‌كان پیرۆزن له‌ سامه‌ڕا، هه‌رچه‌نده‌ دانیشتوانى سامه‌ڕا سوننه‌نشینن، به‌ڵام ئه‌و قه‌زایه‌ و قه‌زاى به‌له‌د و دوجێل، به‌ ته‌واوه‌تى له‌ لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ داگیر كراون و ئێستاش به‌شێك له‌ هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌ سوننه‌كان به‌شێك له‌ سیاسه‌توانه‌كانیان ده‌یانه‌وێت هه‌رێمى سوننه‌ له‌ عێراقدا ڕابگه‌یه‌نن، ئه‌م كاردانه‌وه‌یەش زیاتر دواى ڕه‌فتاره‌كانى حكوومه‌تى عێراق و حه‌شدى شه‌عبی دێت، كه‌ له‌ دژی عه‌ره‌به‌ سوننه‌كانى عێراق په‌یڕه‌وى ده‌كات.


پێوه‌ند به‌م باسه‌، حامد حه‌سه‌ن نعێمی، یه‌كێك له‌ سه‌رۆك هۆزه‌كانى نعێمی له‌ شارى تكریت و ئه‌فسه‌رى خانه‌نشین، كه‌ ئێستا ئاواره‌ى شارى كه‌ركووكه‌، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "ئێستا من و هه‌زاران كه‌سی وه‌كوو من ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ماڵی خۆیان، ئه‌ویش ته‌نیا له‌به‌ر حه‌شدى شه‌عبییه‌ و حه‌شدى شه‌عبی جیاوازییه‌كى ئه‌وتۆی نییه‌ لەگەڵ داعشدا، ئه‌وان دژی هه‌موو سوننه‌مه‌زهه‌بێكن، هه‌ڵوێسته‌ خراپه‌كانى حكوومه‌تى عێراقیش دژ به‌ خه‌ڵك واى لێمان كرد كه‌ ئێستا ده‌مانه‌وێت ئێمه‌ش ببین به‌ هه‌رێمێكى سه‌ربه‌خۆ له‌ ناوچه‌كانى خۆماندا، ئه‌مه‌ش باشترین ڕێگه‌یه‌ بۆ ئێستامان، ئه‌وه‌شی كه‌ دۆخمانى گه‌یانده‌ ئه‌م ئاسته‌، به‌شێك له‌ تاوانه‌كان ده‌خرێنه‌ سه‌ر به‌ناو نوێنه‌ره‌كانمان له‌ حكوومه‌ت و په‌له‌مانى عێراق، به‌ڵام ئه‌وانیش به‌شی زۆریان خۆیان ده‌سته‌مۆی حزبه‌ شیعه‌كان و ئێران بوون و هه‌ر ئه‌وان بوون پێشتر دژی هه‌رێم و فیدراڵییه‌ت بوون له‌ عێراقدا، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و هه‌رێمه‌ هه‌ر ڕابگه‌یه‌نرێت، چونكه‌ له‌وه‌ زیاتر به‌رگه‌ى ئه‌و دۆخه‌ى كه‌ ئێستا هه‌یه‌، ناگرین".


ڕاشی گه‌یاند: "ئێستا ئێمه‌ كه‌ ئاواره‌ین له‌ كه‌ركووك له‌ژێر سایه‌ى ئاساییش و پۆلیس ژیانمان پارێزاره‌وه‌ و ئه‌مه‌ش بۆ لێهاتوویى به‌رپرسانى ده‌زگا ته‌ناهییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و بریا ئێمه‌ش له‌ ناوچه‌كانى خۆمان ببینه‌ خاوه‌ن ده‌زگاى ته‌ناهیى تایبه‌ت به‌ خۆمان، بۆ ئه‌وه‌ى سه‌روه‌ریى خۆمان بپارێزین، هیوادارم ببینه‌ خاوه‌ن هێزێك هاوشێوه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌، قاره‌مانانه‌ و به‌بێ جیاوازى به‌رگرى له‌ خه‌ڵك بكات".