له‌ كه‌ركووك به‌ره‌ى توركمانی هه‌وڵی پێكهێنانی هێزی چەکدار ده‌دا

به‌بیانووی (پاراستنى توركمان)ەوە

له‌ كه‌ركووك به‌ شێوه‌یه‌كى نهێنى هه‌وڵی پێكهێنانی هێزێك ده‌درێت به‌ ناوى هێزه‌كانى پاراستنى توركمان و ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووكیش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت: "كه‌ركووك پێویستى به‌ هیچ هێزێكى دیكه‌ نییه‌".


سه‌رچاوه‌یه‌كى ته‌ناهی له‌ كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "به‌ره‌ى توركمانى به‌ هاوبه‌شیی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی توركمانى شیعه‌ له‌ كه‌ركووك ماوه‌ى 3 مانگه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى نهێنی هه‌وڵه‌كانیان چڕ كردووه‌ته‌وه‌ تا هێزێكى تایبه‌ت بۆ توركمانه‌كانى كه‌ركووك دابمه‌زرێنن، به‌ ناوى (هێزه‌كانی پاراستنى توركمان) و كه‌سێكی شۆڤێنیشیان له‌ كه‌ركووك ده‌ستنیشان كردووه‌ بۆ ئه‌ركى سه‌رپه‌رشتیكردنی ئه‌و هێزه‌ و ئێستا هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕه‌زامه‌ندیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق وه‌ربگرن بۆ دامه‌زراندن و ڕاگه‌یاندنى ئه‌و هێزه‌، كه‌ بڕیاره‌ ڕاسته‌وخۆ بیخه‌نه‌ سه‌ر فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق و به‌ دامه‌زراندنى ئه‌و هێزه‌ش دۆخى ته‌ناهی له‌ كه‌ركووك تێكدەچێت، چونكه‌ دامه‌زراندنى هێزى به‌و شێوه‌یه‌ نایاساییه‌ و ده‌بێته‌ هێزى تایبه‌ت به‌ حزب و ده‌بنه‌ میلیشیای هاوشێوه‌ى حه‌شدى شه‌عبی".


سه‌رچاوه‌كه‌ى (باس) ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد: "پێشتر له‌ لایه‌ن ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی توركمانى شیعه‌ له‌ كه‌ركووك زۆر هه‌وڵ درا هێزى حه‌شدى توركمانى له‌ كه‌ركووك دروست بكرێت، به‌ڵام له‌ لایه‌ن لیژنه‌ى ته‌ناهیی پارێزگاى كه‌ركووك ئه‌و هه‌وڵه‌ ڕه‌ت كرایه‌وه‌ و ڕێگه‌ نه‌درا كه‌ گرووپی میلیشیایی تایبه‌ت به‌ حزب و نه‌ته‌وه‌یه‌ك دروست بكرێت".


سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكراشی كرد: "به‌ دیاریكراوى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ده‌یانه‌وێت دۆخى ته‌ناهیی كه‌ركووك تێكبده‌ن و هێزى پاراستنى توركمان دابمه‌زرێنن، بریتین له‌ ئه‌رشه‌د ساڵحی، سه‌رۆكى به‌ره‌ى توركمانى و حه‌سه‌ن تۆران، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق سه‌ر به‌ به‌ره‌ى توركمانى و نیازى میعمار ئۆغلۆ، بڕیارده‌رى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و جاسم محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و چه‌ند به‌رپرسێكى دیكه‌ى توركمان له‌ به‌غدا، پێشتریش حه‌شدى توركمانى له‌ كه‌ركووك خه‌ڵكى ڕفاندووه‌ و كوشتووه‌ و هه‌وڵیان داوه‌ بیخه‌نه‌ سه‌ر ئەستۆی كورد، به‌ڵام دواى ده‌ستگیركردنى تاوانباران دانیان به‌ تاوانه‌كانیاندا ناوه‌، كه‌ سه‌ر به‌ حه‌شدى توركمانین، تاوانبارى واشیان تێدایه‌ خزمى نزیكى به‌رپرسانى ناو حه‌شدى شه‌عبین، له‌ نموونه‌ى ئه‌بو ئه‌یوبی به‌رپرسی شیمالی چه‌كدارانى به‌درى سه‌ر به‌ حه‌شدى شه‌عبی".


ئه‌رشه‌د ساڵحی، سه‌رۆكى به‌ره‌ى توركمانى له‌ لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی (ئه‌نادۆڵ) ڕای گه‌یاند: "به‌ چه‌كى سارۆخ هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر باره‌گاكانمان له‌ كه‌ركووك، هه‌روه‌ها هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌ توركماننشینه‌كان و به‌هۆی كه‌میى پۆلیسی مه‌حه‌لییه‌وه‌ ئه‌و هێرشانه‌ رۆژانه‌ دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش زیاتر له‌و كاته‌وه‌ى ده‌كرێت كه‌ بڕیارى ریفراندۆم درا و پارێزگاى كه‌ركووكیش سه‌ر به‌ به‌غدایه‌ و له‌سه‌ر حكوومه‌تى مه‌ركه‌زییه‌ كه‌ ئه‌منییه‌ت له‌ شارى كه‌ركووكدا بپارێزێت".


ڕاشی گه‌یاند: "ئێمه‌ ڕه‌تمان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ر هێزێك له‌ده‌ره‌وه‌ى حكوومه‌تى عێراق بێته‌ ناو كه‌ركووكه‌وه‌ و هێزى ده‌ره‌وه‌ى حكوومه‌تى عێراق له‌ كه‌ركووك كێشه‌ دروست ده‌كه‌ن و ئێستاش ئێمه‌ پلانێكمان داناوه‌ بۆ پێكهێنانى هێزه‌كانى پاراستنى توركمان، بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى ئه‌منییه‌تى توركمانه‌كانى شارى كه‌ركووك".


له‌م باره‌یه‌وه‌، فوئاد حوسێن، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "ڕابردوومان گه‌واهیده‌رى ئه‌و ڕاستییه‌یە كه‌ ئێستا كه‌ركووك پێویستى به‌ هیچ هێزێكى دیكه‌ نییه‌، پێشووتریش هێزى تر له‌ كه‌ركووك هه‌بوون، به‌ ناوى قواتى دیجله‌ و سوپای عێراق، به‌ڵام بۆ كه‌متر له‌ سه‌عاتێك نه‌یانتوانى به‌رامبه‌ر به‌ داعش بوه‌ستن و ته‌فروتونا بوون، هه‌ر پێشمه‌رگه‌ بوو پارێزگارى له‌ ته‌واوى پێكهاته‌ جیاجیاكانى كه‌ركووك كردووه‌ و دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌ركووك پێویستى به‌ هیچ هێزێكى تر نییه‌ و ده‌ستتێوه‌ردانى هه‌ر هێزێكى دیكه‌ش ده‌بێته‌ هۆی پشێوینانەوە له‌ناو كه‌ركووك، چونكه‌ ئێستا پێشمه‌رگه‌ سنوورى كه‌ركووك ده‌پارێزێت و بووه‌ته‌ قه‌ڵغان و شووره‌یه‌كى به‌هێزى پۆڵایین، له‌ ناوه‌ندى شارى كه‌ركووكیشدا ئاسایش و پۆلیس شاره‌كه‌ ده‌پارێزن و پۆلیسی خۆجێیی كه‌ركووكیش له‌ سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانى كه‌ركووك پێكدێت و ئه‌وانیش به‌ شێوه‌یه‌كى باش ئه‌ركى پاراستنى ناو شار جێبه‌جێ ده‌كه‌ن".


ئه‌ندامه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، ڕاشی گه‌یاند: "دامه‌زراندنى هێزى سه‌ر به‌ به‌ره‌ى توركمانى ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌ و دڵنیام لیژنه‌ى ته‌ناهیی پارێزگاى كه‌ركووكیش دامه‌زراندنى هێزى به‌و شێوه‌یه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ و كه‌ركووك پێویستى به‌ هێزى ده‌ره‌كى نییه‌، هه‌روه‌ها له‌ كه‌ركووك سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ هه‌یه‌ و ئه‌وانیش له‌ لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌پارێزرێن و كه‌ركووك له‌چاو ته‌واوى شاره‌كانى دیكه‌ى عێراق ئێستا ئارامترین شاره‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی هێزى پێشمه‌رگه‌ و ده‌زگا ته‌ناهییه‌كانمانه‌وه‌یه‌ و كه‌ركووك پێویستى به‌ هێزێك نییه‌ به‌ ناوى یه‌ك پێكهاته‌وه‌ و هه‌رگیز ڕێگه‌ به‌و هه‌نگاوه‌ نادرێت".