ترامپ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران هەڵدەوەشێنێتەوە

 یاساناسێکی نێودەوڵەتی: لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکەدا، ئێران لەبەرامبەر بە سەربەخۆیی کوردستان بێدەنگ دەکات

زۆرینەی پێشبینییەکان وان، پێنجشەممەی داهاتوو ئیدارەی ترامپ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا بدات. چاودێرانی سیاسی و نێودەوڵەتیش، پێیان وایە لەم قۆناغەدا هەڵەوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی وڵاتانی (5 +1) لەگەڵ ئێران، قازانجی بۆ کوردستان دەبێت.

 

ساڵی 2015 ئەمەریکا و پێنچ وڵاتی تر کە بە وڵاتانی (5 +1) ناسراون، کە لە (ئەمەریکا، ڕووسیا، چین، فەڕەنسا، بەڕیتانیا و ئەڵمانیا) پێکهاتوون، رێککەوتنێکیان لەگەڵ ئێران ئەنجام دا،  رێککەوتنەکە بە مەبەستی ڕێگەگرتن بوو لەوەی کە ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی لە دروستکردنی چەکدا، بەڵکوو لەبری ئەوە ئێران وزەی ئەتۆمیی هەبێت بە مەبەستی بەکارهێنانی ئاشتییانە لەژێر چاودێریی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیدا، لەبەرامبەر بەوەش زۆر لە سزا ئابوورییەکانی سەر ئەو وڵاتە لادران، بەڵام سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا، هەر لە سەرەتای بانگەشەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دژی ئەم ڕێککەوتنە بوو، پێیوابوو تەنیا بۆ قەڵەوکردنی ئێران و قەڵەمڕەوی زیاتریەتی لە ناوچەکە، بەو هۆیەشەوە بە خراپترین ڕێککەوتنی لە مێژووی ئەمەریکا لەقەڵەم دا. بەڵێنی دا، ئەگەر بوو بە سەرۆکی ئەمەریکا، ئەوا ئەو ڕێککەوتننامەیە هەڵدەوەشێنێتەوە.

 

لەمبارەوە، ئاژانسە ئەمەریکییەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە ئیدارەی ترامپ دەیەوێت ئەو بەڵێنەی کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دابووی، جێبەجێی بکات، بۆ ئەوەش ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو کۆبوونەوەیەکی فراوان و گرنگی لەگەڵ جیمس ماتیس، وەزیری بەرگری و کۆمەڵێک جەنەڕاڵی پلە باڵادا ئەنجام داوە و تاوتوێی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵدا کردوون، وا بڕیاریشە پێنجشەممەی داهاتوو دوا بزمار لە تابووتی رێککەوتنەکە بدات، کە بە بڕوای چاودێران، رێککەوتنەکە تا ئێستا قازانجی زۆری بۆ ئێران هەبووە و توانیویەتی بەهۆی نەمانی گەمارۆکانی سەری دۆخی ئابووری باشتر بکات و دەستوەردانەکانیشی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە عێراق و سووریا گەیشتووەتە لووتکە.

 

ئاژانسی هەواڵی (ئاسۆشیتێدپرێس) بڵاوی کردووەتەوە، کە سەرۆکی ئەمەریکا، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو بڕیاری کۆتایی خۆی سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران رادەگەیەنێ.

 

بەپێی زانیاریی ئاژانسەکە، ئەم گوتارەی ترەمپ، لەدوای گرتنی دەسەڵاتەوە لە ئەمەریکا پلانی بۆ دانراوە و لە واشنتۆنەوە پێشکەش دەکرێت.

 

بەپێی زانیارییەکان، سەرۆکی ئەمەریکا دەبێ تا 15ی ئۆکتۆبەر راپۆرتێک لەبارەی پابەندبوونی ئێران بە رێککەوتنەکە ئاراستەی کۆنگرێسی ئەمەریکا بکات، واتا ئیدارەی ئەمەریکا دەبێ 90 رۆژ جارێک راپۆرتێک لە بارەی ڕادەی پابەندیی ئێران بە رێککەوتنی ئەتۆمی پێشکەش بە کۆنگرێسی ئەمەریکا بکات.

 

پێگەی ڕۆژنامەوانیی ئەمەریکی (واشنتۆن فری بیکەن)، لە راپۆرتێکیدا ئاشکرای کردووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە راپۆرتی داهاتووی بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا، پابەندنەبوونی ئێران بە خاڵەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی گرووپی 1+5 دەخاتە ڕوو، لەسەر ئەو بنەمایەیش بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکە دەدات، داواش لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی دەکات گەمارۆکانی سەر ئێران توندتر بکەن.

 

لای خۆشیانەوە هیزەر نائۆرت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە زاری گەورە بەرپرسانی وڵاتەکەیەوە رای گەیاندووە، کە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران نەبووەتە فاکتەرێک بۆ گۆڕینی رەفتار و سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە.

 

بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەکان، وڵاتانی (5 +1) لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەدا پابەندی بڕیاری ئەمەریکا دەبن، بەتایبەتی بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا.

 

کارۆخ خۆشناو، شارەزا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی بۆ (باس) رای گەیاند، هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتننامەیە، واتە زیاتر گوشار خستنە سەر ئێران و ئابڵوقە خستنە سەری، ئەمەش ئێران لاواز دەکات و کاردانەوەی ئەرێنی بۆ سەر کوردستان دەبێت، گوتی: ”یەکەمیان قوفڵی ئێران دەکات، بە هیچ شێوەیەک بیر لە داخستنی سنوورەکانی لەگەڵ کوردستان نەکاتەوە، جگە لەوەش ئێران لاواز دەکات، بە شێوەیەک لەبەر کێشەکانی خۆی نەپڕژێتە سەر ئەوەی دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستان بکات، کە ئێستا هاوپەیمانی تورکیا و عێراقە بۆ ڕێگری لە سەربەخۆیی کوردستان“.

 

ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان چانسی کوردستان باش دەبینن، گوتی: ”لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا، کوردستان چانسێکی گەورەی هاتووەتە پێش و تا ئەو چرکەساتەی ئێمە قسەی تێدا دەکەین، هاوکێشەکانی ناوچەکە لە بەرژەوەندیی کوردستان و کەیسی سەربەخۆییەکەیدایە“.

 

جەختی لەوەش کردەوە، کە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران واتە گەرمبوونی ململانێی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا (بەتایبەت ئەمەریکا) ئەمەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەم قۆناغەدا لە بەرژەوەندیی کوردستاندا دەبێت، گوتیشی: ”ئێران بە ململانێی ئەمەریکا و ڕۆژئاواوە مەشغوڵ دەبێت و ناپڕژێتە سەر دژایەتیکردنی  سەربەخۆیی کوردستان“.

 

لای خۆشیانەوە، سیروان حەمەشەریف، ماستەر لە یاسای نێودەوڵەتی بۆ (باس) رای گەیاند، تا ئێستا تەنیا ئێران سوود لەو ڕێککەوتنە دەبینێت و بە هەڵوەشاندنەوەی لە کۆمەڵگایی نێودەوڵەتیدا تووشی دابڕان و پەڕگیری دەبێتەوە، کە ئەوەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئایندەی هەرێمی کوردستان دەبێت، بەهۆی ئەوەی کوردستان لە ماوەی 26 ساڵی ڕابردوودا دراوسێیەکی باش بووە بۆ کۆماری ئیسلامی و لە هەمان کاتدا هاوپەیمانێکی ئەمەریکییەکانە کە بەپێچەوانەوە دراوسێکانی لەگەڵ بەهێزبوونیاندا کاریگەریی نەرێنییان هەبووە و وەکوو خوارووی خۆیان ڕەفتاریان لەگەڵ کوردستاندا کردووە، هەر ئەوەشە پێمان دەڵێت، هەر کات دراوسێکانی کوردستان ئاستی سیاسییان لاواز بووبێت بە قازانجی کوردستانە، نەک بەهێزبوونیان، لەبەرئەوە لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەکە، ئێران لەبەرامبەر سەربەخۆیی کوردستان بێدەنگ دەبێت“.