سەرۆكی دەستەی نەزاهە: بەدەوڵەتبوونی كوردستان كاریگەرییەكی باشی دەبێت بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی

"ژمارەیەك فەرمانی گرتن دەرچووە، لەو ماوەیەدا چەندین خەڵكی پلەداری جۆراوجۆر بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر دەكرێن"

حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی نەزاهەی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆیەكی تایبەت لەگەڵ (باس)دا، سەبارت بە هەنگاوەكانی چاكسازی و دۆسیەكەكانی گەندەڵی روونكردنەوە دەدات و ئاشكرای دەكات، فەرمانی گرتنی چەند كەسێك بە تۆمەتی گەندەڵی لە چەند رۆژی داهاتوودا دەردەكرێت.


سەرەتا ئاماژەی بە كەیسەكانی گەندەڵی كرد و ئەوەی خستە ڕوو: ”زیاتر لە 25 كەیسی جۆراوجۆری گەندەڵی لە دادگا یەكلایی بوونەتەوە و بڕیار و حوكم بۆ تاوانباران دەركراوە، 80 دۆسیەی تریش هەیە لەژێر دەستی دادوەرەكانە و رۆژانەش كەیسی تازەتر كاریان لەسەر دەكرێت و رەوانەی دادگاكان دەكرێت“.


سەبارەت بە وردەكاریی ئەو 25 كەیسەی یەكلایی بوونەتەوە، گوتی: ”لەو كەیسانەدا هەیە بێ تاوان دەرچووە، چونكە بەڵگەكان وەكوو پێویست نەبوونە، هەندێكی تریش حوكم دراون كە خەڵكی پلەداری تێدایە، بۆ نموونە بەڕرێوەبەری گشتیی پێشووی تێدایە لەگەڵ بەرپرسی تری جۆراوجۆر“.


جەختیشی كردەوە، سەدان دۆسیەی گەندەڵییان بۆ هاتووە، بەڵام مەرج نییە هەموویان بۆ دادگا رەوانە بكرێن، گوتیشی: ”لەسەرووی 400 دۆسیەی گەندەڵی بە هەرسێ قۆناخی زانیاری و هەواڵدەری و جەزائی لای ئێمە تۆمار كراون، هەندێكیان دۆسیەی تازەن و پێویستیان بە كاركردنە، هەندێكیان كاری باشیان بۆ كراوە و هەندێكی تریش دراونەتە دادوەر و داگاكان“.


ئاشكراشی كرد، بەردەوام خەڵك لەسەر گەندەڵی دەگیرێن، گوتیشی: ”لەو ماوەیەدا ژمارەیەك فەرمانی گرتن دەرچووە و چەندین خەڵكی پلەداری جۆراوجۆر بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر دەكرێن و چەندین فەرمانی ترییش بۆ گرتن بەڕێوەن“.


حاكم ئەحمەد روونی كردەوە، هاوكاری و هاوئاهەنگییان بەردەوامە لەگەڵ لیژنە چاكسازییەكەی بارزانی و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، گوتیشی: ”لیژنە چاكسازییەكەی بارزانی بەردەوامە لە كارەكانی، ئێمەش وەكوو دەستە دەزگایەكین بەردەوامین لەسەر كارەكانی خۆمان، ئاساییە لیژنە بۆ ماوەیەك دروست بێت و كارەكانی كۆتایی بێت، بەڵام لیژنە چاكسازییەكەی بارزانی لە كارەكانی خۆی بەردەوامە“.

 

بڕیارە راپۆرتێكی تر بڵاو بكەنەوە.


حاكم ئەوەشی راگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نووسینگەكەی هاوكاریی باشیان لەگەڵ دەستەكەیاندا هەیە: "زۆرجار كاك مەسعود داوای زانیاریی لەسەر چەندین كەیس كردووە، ئێمەش پێمان گەیاندووە".


ئەو بەرپرسەی دەستەی نەزاهە ئاشكراشی دەكات: ”هەموو كەیسێكی گەندەڵییان لایە، لەوانە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و خراپ بەكارهێنانی پۆست و دەسەڵاتی گشتییە، كەمێكییش ئیختیڵاسە“.


دووپاتیشی كردەوە، بەردەوامن لەسەر دابەشكردنی فۆڕمی ئاشكراكردنی داهات و سەرچاوەی دارایی بەرپرسان و پلە تایبەتەكان، بەڵام ئەمساڵ كەمتر لە راگەیاندنەكان ئەو بابەتەیان باس كردووە، گوتیشی: ”لە ساڵی 2014 دەست كراوە بە دابەشكردنی فۆڕمی سەرچاوە داراییەكان، لە ساڵی رابردوودا رێنماییەكەمان هەموار كرد، بۆ وەزیر و بەرپرسە باڵاكان و پەرلەمانتاران ساڵی یەكەم و ساڵی كۆتایی فۆڕمەكەیان پێ دەدرێت، وەزیر و پەرلەمانتارەكان بۆ ساڵی داهاتوو دەبێت فۆڕمەكە پڕ بكەنەوە“.


پێی وایە كاركردنەوەی پەرلەمانی كوردستان كاریگەریی باشی دەبێت لە پرسی چاودێركردن و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، گوتیشی: ”ئێمە و دیوانی چاودێریی دارایی دوو دەزگای چاودێرین لەژێر چاودێریی پەرلەماندا كار دەكەین، بۆیە كاركردنەوەی پەرلەمان كاریگەریی باشی لەسەر كارەكانمان دەبێت“.


ئاشكراشی دەكات، لە ماوەی قەیرانی داراییدا پڕۆسەی گەندەڵی و بەرتیل و زێدەڕۆییكردن زیادیان كردووە، گوتیشی: ”سەرپێچیكردن لەسەر موڵك و زەویی میری زیادی كردووە، زۆر بەرپرسی ئیداریش تێوە گلاون، دیاردەی بەرتیلیش بەهۆی قەیرانی دارایی لە دامودەزگاكاندا زیادی كردووە“.


سەرۆكی دەستەی نەزاهە باوەڕی وایە، هەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ وا دەكات كارەكانی دژایەتیكردنی گەندەڵی باشتر بێت، دەشڵێت: ”ئێستا رێكکەوتنی نەتەوە یەكگرتووەكان هەیە بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی، سبەی كوردستان دەوڵەت بێت دەتوانێت ببێتە ئەندام لەم رێكکەوتننامەیە و ئەو رێكکەوتنە لە پەرلەمانی كوردستان پەسند دەكرێت و دەبێتە بەشێك لە یاساكانی كوردستان، هەروەها ئەگەر كوردستان دەوڵەت بێت، دەبێت ساڵانە دووجار راپۆرت پێشكەش بكات لەسەر شەفافی و دژایەتیكردنی گەندەڵی، هەروەها دەتوانین سوود لە هاوكاریی تەکنیکی و دارایی و شارەزایی ئەو وڵاتانە وەربگرین كە ئەندامن، ئێمە ناتوانین ئەوە بكەین، بەڵام نەزاهەی عێراقی ئەوە دەكات، بۆیە دەوڵەتبوون كاریگەرییەكی باشی دەبێت بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی و چاودێرییەكی باشتری نێودەوڵەتییش دەبێت لەسەر كوردستان“.


ئەو راشی دەگەیەنێت: ”لەپێناو رووبەڕووبونەوەی زیاتری گەندەڵی‌ و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتان، ئێستا پڕۆژەیەكی ستراتجیمان راگەیاندووە و پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیرانمان كردووە، بە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە، هەرێمی كوردستان لە ڕووی سەروەریی یاسا و دامەزراوەییەكان دەچێتە قۆناخێكی تر، دەزگایەكی بەریتانی زۆربەی خەرجییەكانی ئەو ستراتیژیەتەی گرتووەتە ئەستۆ“.