لە ڕۆژی 26ـی ئەیلوولەوە کوردستان کارتێکی بەھێزی بەدەستەوە دەبێ

بارزانی: جگە لە سەربەخۆیی ھیچ ڕێگەیەکی تر نەماوە

 

دوا بڕیار لە کۆمیتەی ڕیفراندۆم و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان ئەوەیە، پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە وادەی دیاریکراوی خۆی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە ٢٥\٩ ئەنجام دەدرێت. چاودێران و سیاسەتوانانیش پێیان وایە، ڕۆژی ٢٦ی ئەیلوول کوردستان بەھێزترین کارتی بەدەستەوە دەبێت بۆ دانوستانەکانی بۆ سەربەخۆیی کوردستان.

 

لەدوای کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی، لەگەڵ شاندنی دیپلۆماتکاران و لێدوانەکانی برێنت مەکگۆرک، نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، سەبارەت بە پێشکەشکردنی بەدیلێک بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، ھەندێ لە لایەنەکانی بەشدار لە کۆمیتەی ڕیفراندۆم نیگەرانییان بۆ دروست بوو کە بوونی ئەو بەدیلە و ھەڕەشە و لێدوانی توندی وڵاتان، بەتایبەتی ئیقلیمی، ڕێگە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بگرێت، بەڵام دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکشەممەی رابردوو، کە تیایدا بارزانی رای گەیاندووە، کە گەرەنتییەکیان دەوێ پڕۆسەی سەربەخۆیی کوردستان خێراتر بکات، نەک دووبارە بمانگەڕێنێتەوە بۆ قۆناغی دانوستان بۆ کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، ھەروەھا لەژێر ھیچ گوشار و فشارێک پڕۆسەکە دوا ناخرێت و پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە، ئەوە نیگەرانییەکانی رەواندووەتەوە.

 

بارزانی، لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە لەبەرامبەر بە کاردانەوەکان، حساب بۆ ھەموو ئەگەرێک کراوە و دڵنیایی بە ھەموو لایەک دراوە کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کاریگەریی خراپی بۆ سەر ھیچ لایەک نابێت، بەپێچەوانەوە دەبێ بە ناوەندی چارەسەر بۆ زۆر لە کێشەکانی ئەمڕۆی ناوچەکە. بە بڕوای چاودێرانی سیاسییش، زۆریی کاردانەوەکان ھێندەی پەیوەندیی بە ئیستھلاکی ناوخۆیی و ململانێی سیاسییەوە ھەیە، فشاری جدیی دەرەکیی نین بۆ سەر ھەرێمی کوردستان.

 

ھەر دوێنێش سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگریی بەریتانیا و شاندێکی یاوەری کرد.

 

لە راگەیەنراوێکیدا، سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، کە کۆپیەکی تایبەت بۆ (باس) رەوانە کراوە، ئاماژە بەوە دراوە کە وەزیری بەرگریی بەریتانیا جەختی لەسەر بەردەوامیی و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە کردووەتەوە کە لەنێوان کوردستان و بەریتانیادا ھەن، ھەروەھا ئاماژەی بە پڕۆسەی مەشقکردن بە ھێزی پێشمەرگە کردووە و راشی گەیاندووە، ئەو ھاوکارییە سەربازییانەی کە ھەیانە بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبن.

 

ھاوکات، سەرۆک بارزانی سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم بۆ شاندی میوان، ئاماژەی بەوە داوە کە ھەموو جۆرەکانی پەیوەندی لەگەڵ عێراق، لە لامەرکەزییەوە بگرە بۆ ئۆتۆنۆمی و تا دەگاتە فیدراڵی، ھەمووی تاقی کراونەتەوە و شکستیان ھێناوە، جگە لە سەربەخۆیی ھیچ ڕێگەیەکی تر نەماوە، دەمانەوێ دوو دراوسێی باش بین و باشترین پەیوەندیمان ھەبێت.

 

ئاشکراشی کردووە، ئەو بەدیلانەی تا ئێستا خراونەتە ڕوو، گرەنتیی گفتوگۆ بۆ سەربەخۆیی و ئامادەیی بەغدا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەسەر سەربەخۆیی کوردستانی تیدا نەبووە، بۆیە بە داواکاریی دواخستنی ریفراندۆم تەنیا لەپێناو گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا بەبێ ئەوەی بزانرێ لەسەر چییە و چ گرەنتییەکی نێودەوڵەتیی دەبێ، ریفراندۆم دواناخرێت.

 

بارزانی راشی گەیاندووە، ئەگەر حکوومەتی عێراق ئامادەیی دەرببڕێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سەربەخۆیی کوردستان، لە ماوەیەکی زەمەنیی دیاریکراودا و زەمانەتی نێودەوڵەتی ھەبێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتن لەسەر سەربەخۆیی کوردستان، ئەوکاتە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان کۆ دەبێتەوە و دوابڕیاری خۆی دەدات.

 

د. کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، ئەگەر دەنگی دەنگدەرانی کوردستان بە(بەڵێ) زیاتر بێت بە ھەر رێژەیەک، لە ژمارەی دەنگی دەنگدەرانی(نەخێر)، ئەوە ئەنجامەکەی سەرکەوتن دەبێ، بەڵام باشترە بۆ گەلی کوردستان، کە گەلێکی تینووە بۆ سەربەخۆیی، دەنگی (بەڵێ) لە ئاستێکی بەرزدا بێت، گوتیشی: ”تاکە شتێک کە کارتی کوردستان لەبەردەم جیھان و دانوستانەکان بەھێز دەکات، ئەوەیە کە پڕۆسەکە بەشێوەیەکی رێک و یاسایی بەڕێوە بچێت، چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی شاھێدیی پاکی پڕۆسەکە لە راپۆرتەکانیان بۆ وڵاتەکانیان و خەڵکی کوردستان بدەن، بە شێوەیەکی ئەرێنی باس لە پڕۆسەکە بکەن. ئەوەی تا ئێستاش تێبینی کراوە ریفراندۆمەکە بە باشی بەڕێوە دەچێت و لە کاتی خۆیدا دەکرێت، دوای ٢٥\٩ش سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان  لھڕێگەی دامەزراوە یاساییەکاندا، لەسەر ئەنجامی پەسەندکراوی پڕۆسەکە لەگەڵ بەغدا و وڵاتان دەست بە گفتوگۆ دەکەن، کە ئەوەش رێگەیەکە بۆ سەربەخۆیی گەلان بە ئاشتی و دوور لە توندوتیژی، کە پشتی بەستووە بە یاسا و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان”.

 

کەمال کەرکووکی روونی کردەوە، کە بەپێی بڕیاری ١٥١٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە ١٩٦٠ەوە دەرچووە، تیایدا ھاتووە کە دەبێت سەربەخۆیی بە گەلان بدرێت، بڕیارەکە دەڵێت (مافی گەلانە، بھبێ جیاوازی بڕیار لە چارەنووسی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووریی خۆیان بدەن، بەو مەرجەی ھەنگاوی نزیک بنرێ بۆ ئەوەی ئەو گەلانەی سەربەخۆ نین سەربەخۆیی تەواو وەربگرن و ھیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی ئەم ھەنگاوە نەھێنرێتەوە، پێچەوانەی ئەمەش نکۆڵییە لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و دژە لەگەڵ پەیمانی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێگرە لە ئاشتی و ھاوکاریی نێودەوڵەتی)”.

 

ھاوکات نیعمەت عەبدوڵا، سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، بێ گومان دوای ڕیفراندۆم کوردستان کارتێکی بەھێزی بە دەستەوە دەبێت بۆ دانوستان و گفتوگۆکانی بۆ بەدەستھێنانی مافی سەربەخۆیی گەلی کوردستان لەگەڵ بەغدا و لەگەڵ ھەموو ئەو وڵاتانەی دانوستان و گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکات، گوتی: “ئەو کارتە کە دەنگی (بەڵێ)ی خەڵکی کوردستانە، باشترین وەرەقەی شاندی کوردستان دەبێت بۆ بەکارھێنانی لەسەر مێزی دانوستان، بۆ وەرگرتنی مافەکان بەپێی یاسا و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان”.

 

ئاماژەی بەوەش دا، ئەو کارتە جگە لەو لایەنە ئەرێنییەی، گەورەترین ھۆکارە بۆ دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە سنوور و سەربەخۆیی کوردستان، کە خەڵکی کوردستان بڕیاری لێ داوە، گوتی: “دوای ئەنجامدانی پڕۆسەکە، رای وڵاتان گۆڕانکاریی جەوھەریی بەسەردا دێت، ھەر ئەوەشە وای کردووە ئێستا ھەندێ وڵات کە سەربەخۆیی کوردستان لە بەرژەوەندییان نییە، ھەوڵی رێگری لە ئەنجامدانی بگرن”.

 

لەبارەی چاودێرانی پڕۆسەکەشەوە، شۆڕش حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی راگەیاندن لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، تا دێت رۆژانە ژمارەی چاودێرانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی روو لە زیادبوونن، گوتی: “ھەفتەیەک بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە ماوە و رۆژانە داوای چاودێرانی نێودەوڵەتی و ناوخۆییمان بۆ چاودێریی پڕۆسەی ریفراندۆم پێ دەگات، گوتی: “تا ئێستا ٦٠ چاودێری نێودەوڵەتی و ٧٠ چاودێری ناوخۆیی، کە مەرجی چاودێرییان تێدایە، داوایان ئاراستەی کۆمسیۆن کردووە، لە رۆژەکانی کۆتایی پێش ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیش، پێشبینیی زۆر زیاتری ئەو ژمارەیە دەکرێت”.

 

لای خۆشیانەوە، کارۆخ خۆشناو، شارەزا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ (باس) رای گەیاند، بوونی چاودێرانی بیانی زۆر گرنگە بۆ پڕۆسەی ڕیفراندۆم، چونکە دەبنە شاھێدی بەڕێوەچوونی ڕادەی پاکژیی پڕۆسەیەکی چارەنووسساز بە داھاتووی میللەتێک، گوتیشی: “کاریگەریی تایبەتییشیان دەبێت لەسەر خەڵک و حکوومەتی وڵاتەکانیان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندی لێکۆڵێنەوە و ستراتیژە نێودەوڵەتییەکان”.

 

ئاماژەی بەوەش دا، بەشێکی گرنگ لە بەدەستھێنانی شەرعییەت بۆ ڕیفراندۆم، دەگەڕێتەوە سەر بوونی چاودێرانی بیانی و ھەڵسەنگاندنیان بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان.