پەرلەمانتارێکی سوید: ریفراندۆم رای خەڵکه‌ و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی رێزی لێ ده‌گرێت

"فراكسیۆنی ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی سوید لەگەڵ رای خه‌ڵكدایه‌ و پشتگیریی رای خه‌ڵكیش ده‌كات 

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی كاتی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، تا دێت پاڵپشتیی په‌رله‌مانتارانی وڵاتان و كه‌سایه‌تییه‌ نێوده‌وڵەتییه‌كان بۆ پرسه‌كه‌ زیاتر ده‌بێت. له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا بۆ (باس)، شادیه‌ حه‌یده‌ری، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید، پاڵپشتیی بۆ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌رده‌بڕێت و ده‌شڵێت: ”فراكسیۆنی ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی سوید لەگەڵ رای خەڵکدایه‌ و پشتگیریی رای خەڵک ده‌كات“.


شادیه‌ حه‌یده‌ری، كه‌ ئافره‌تێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌ و له‌سه‌ر لیستی پارتی سۆسیالیستی دیموكراتی سوید په‌رله‌مانتاره‌، له‌باره‌ی گرنگیی ریفراندۆمه‌كه‌وه‌ ده‌ڵێت: ”خاڵی ئه‌رێنی و گرنگ له‌م پرۆسه‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ماف دراوه‌ به‌ گه‌لانی كوردستان، كه‌ چاره‌نووسی خۆیان دیاری بكه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی باشه‌ بۆ ئه‌وان و كوردستانیش، چونكه‌ هه‌ر بڕیارێك له‌ لایه‌ن گه‌له‌وه‌ بدرێت كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌ڕێزه‌وه‌ وه‌ری ده‌گرێت و كاری لەگەڵدا ده‌كات. جگه‌ له‌وه‌ش هه‌لومه‌رجی جیهانی و ناوچه‌كه‌ش وای كردووه‌ كه‌ كورد به‌ چاوێكی ئه‌رێنییه‌وه‌ ببینرێت، چونكه‌ پرسی كوردستان بۆ ناوچه‌كه‌ و جیهان بووەته‌ پرسێكی گرنگ“.


له‌ باره‌ی ئاینده‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستان و ناوچه‌كه‌، ئه‌و هه‌م وه‌ك په‌رله‌مانتارێك و هه‌م وه‌ك سیاسییه‌كی كورد رای ده‌گه‌یه‌نێت: ”ئاسان نییه‌ باس له‌ ئاینده‌ی ناوچه‌كه‌ بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای خۆشحاڵییه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ كورد له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا توانیویه‌تی پێگه‌ی نێوده‌وڵە‌تیی خۆی به‌هێز بكات، كه‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی گرنگه‌“.


شادیه‌ هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ”رزگاری و سه‌ربه‌خۆبوونی كوردستان گرنگیی بۆ كورد زۆره‌، چونكه‌ رزگاریی هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان ده‌بێته‌ هیوا و ئومێدی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانی گه‌وره‌“. له‌باره‌ی كاتی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌كه‌ كه‌ ئێستا له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌س و لایەنێكه‌وه‌ به‌ (نه‌گونجاو) ناو ده‌بردرێت، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت: ”بۆ وه‌رگرتنی رای خه‌ڵك یان ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، هه‌موو كات گونجاوه‌ تۆ بۆ هه‌ر پرسێك رای میلله‌ته‌كه‌ت وه‌ربگریت، پێشتریش ئێمه‌ له‌ ساڵی 2015 له‌سه‌ر ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان پێشنیارێكمان به‌ په‌رله‌مانی سوید دابوو“.


له‌باره‌ی ئاینده‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی كوردستان و عێراق، شادیه‌ وه‌ك سیاسییه‌ك ده‌ڵێت: ”ده‌خوازم و هیوادارم هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌ ناوچه‌كه‌دا روو بدات، له‌ ئاینده‌ به‌ باشترین رێگا كه‌ دیالۆگ و رێگای ئاشتییانه‌یه‌ كۆتایی پێ بێت، چونكه‌ سه‌ربه‌خۆبوونی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك مانای جیابوونه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكوو هه‌ندێ جار یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌، چونكه‌ ره‌نگه‌ له‌ دواجاردا ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ ببن به‌ دوو دراوسێی زۆر باش بۆ پێشكه‌وتنی هه‌ردوو لا و هاریكاریی زۆریش له‌ هه‌موو بوارێکدا بێته‌ نێوانیان“.