بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك: یەک ملیۆن و 500 هەزار دەنگدەر لە كەركووكدا هەن

"پێشبینی دەكەین زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ بۆ (بەڵێ) بێت"

ئەڵماس فازڵ ئاغا، بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لە گقتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا، چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كەركووك دەخاتە روو، ئاشكرای دەكات، ئیدارەی شارەكە هیچ ئومێدیان بە بەغدا نەماوە.


سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، لە شاری كەركووك و پارێزگاكە، ئامادەكارییەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كردنەوەی بنكەكانی تۆماری دەنگدان و رێكارەكانی كۆمسیۆن دەستیان پێ كردووە.


روونی كردەوە، ئەوان و پێكهاتەكانی كەركووك ریفراندۆم بە كارێكی نیشتمانی دەزانن، گوتیشی: ”لە شاری كەركووك، بەتایبەت لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ئێمە لەگەڵ پێكهاتەكانی تر لەسەر پرسە نیشتمانییەكان كۆكین، وەكوو چۆن لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان كۆك بووین و ئاڵاكەش نایەتە خوارەوە، لەسەر ریفراندۆم و بەشداریكردنیش لەو پڕۆسەیە كۆك و هاوڕاین“.


ئەو بەرپرسەی ئەنجومەنی پارێزگا جەختی كردەوە، پێشبینیی سەركەوتنێكی باشی رێژەی دەنگدانی (بەڵێ) دەكات لە پارێزگای كەركووكدا، گوتیشی: ”بەشێك لە عەرەب و توركمانەكان لەگەڵ ریفراندۆمدان، بەتایبەت لەدوای هاتنی داعش و ئەو زوڵمانەی بەغدا لە عەرەبی سوننەی كردووە، رای عەرەب بەرامبەر بە كوردستان باشتر گۆڕاوە“.


پێی وایە عەرەبەكان، كەركووك بە شوێنێكی ئارام دەزانن بۆ نیشتەجێبوون و ژیان، لە كاتێكدا بەغدا ئەوانی لەخۆ نەگرت و خزمەتی نەكردن، بەڵام كەركووك و پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان لە باوەشی گرتن و خزمەتی كردن، دەشڵێ: ”بەشێكی زۆری عەرەب و توركمانەكان لەگەڵ ئەوەدان كەركووك بچێتە سەر هەرێمی كوردستان، چونكە لە هەرێمدا پارێزراون و ژیانیان مسۆگەرە و بە ئازادی دەتوانن بژین“.


ئەڵماس فازڵ، رەخنەی زۆر لە حكوومەتی عێراق دەگرێت بەرامبەر بەو زوڵمانەی لە شارەكەیانی دەكات، گوتیشی: ”بە بەردەوام بەغدا و حكوومەتی عێراق بە بەرنامەیەكی رێكخراو زوڵم لە كەركووك دەكەن، هۆكارەكانیش تەنیا سیاسیین، لە پارە و بودجە و پاڵاوگە و فڕۆكەخانە، لە خزمەتگوزاری، لە هەڵبژاردن، زوڵمیان كردووە و بەردەوامیشن“.


ئەو پێی وایە: "لەبەرامبەر ئەو زوڵمانەی لە كەركووكی كردووە، كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحییەکانی كەركووك دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان دەدەن، تەنانەت بەشێك لە عەرەب و توركمان رێكلام بۆ ریفراندۆم دەكەن و پشتیوانیی لێ دەكەن“.


بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ئاشكرای كرد، چەندین هۆزی عەرەب لە كەركووك پشتیوانییان بۆ ریفراندۆم دەربڕیوە، گوتیشی: ”زۆر هۆزی عەرەبی لە كەركووك هەیە كە زۆربەیان هۆزی عەرەبی سوننەن، پشتیوانیی ریفراندۆمیان كردووە، لەوانە چەندین هۆزی گەورەی وەكوو هۆزی جەنابی، جبووری و عوبێد، پشتیوانیی ریفراندۆمن و دەنگیان بە(بەڵێ) دەبێت“.


ئەڵماس فازڵ، لەمیانەی قسەكانیدا ئەوەشی راگەیاند: ”بەپێی زانیارییەكانم، نزیكەی یەک ملیۆن و 500 هەزار دەنگدەر لە كەركووكدا هەیە، پێشبینی دەكەین لەو رێژەیەدا زیاتر یەک ملیۆن دەنگ بۆ (بەڵێ) بێت“.


ئەو بەرپرسەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ئەوەی خستە ڕوو، ئەوان هیچ ئومێدێكیان بە بەغدا نەماوە و تەنیا ئومێدمان هەرێمی كوردستانە، گوتیشی: ”ئەگەر لە دەستووری كوردستان گەرەنتی بدرێتە عەرەب و توركمان، ئەوا پشتیوانیی ئەوان بۆ كوردستان و ریفراندۆم زۆر زیاتر دەبێت لەوەی هەیە“.


ئەو نموونەی ئەوە باس دەكات: "ئەگەر عەرەب و توركمانێك دەنگ بە (بەڵێ) بۆ ریفراندۆم بدەن، چۆن دەبێت لە كوردستان خەڵكانێك دەنگ بە (نەخێر) بدەن و بانگەشەی بۆ بكەن، ئەگەر مەسەلەكە ئازادییە لە هەرێم، خەڵكانێك بانگەشە بۆ (نەخێر) دەكەن لە كەركووك ئەو كارە بوونی نییە و بە باشی نازانین، چونكە سەنگەری ئێمە جیاوازە و جێگەی ململانێ نییە".


ئەڵماس فازڵ، داواكارە لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆم پارێزگای كەركووك مافی بەشداریكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكی هەرێمی كوردستانی هەبێ: " ئەگەر بەغدا ئێمە لە هەڵبژاردن بێ بەش بكات، ئەوا مافی خۆیەتی هەرێمی كوردستان ئێمە بخاتە چوارچێوەی هەڵبژاردنەكانی خۆی، بە تایبەت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان".