داواکاریی شاندی وڵاتان پێشتر دواخستن بوو ئێستا گفتوگۆی قۆناغی دوای ریفراندۆمە

فەرەنسا بۆ کوردستان: لە ھەموو حاڵەتەکاندا لەگەڵتان دەبین

 

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ھەموو ئەو وڵاتانەی کە پێشتر داوای دواخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیان دەکرد، ئێستا پرسیاریان لەبارەی ئەگەرەکانی دوای ریفراندۆمی سەربەخۆییەوەیە. ئەندامانی کۆمیتەی ریفراندۆمیش پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەنجامی ریفراندۆمەکە لە ئاستێکی بەرز و باڵای جیھانیدا پێشوازیی لێ دەکرێت.

 

کۆمیتەی ریفراندۆم لە دوا کۆبوونەوەیدا، دوای ھاتنی ئەحمەد ئەبو غەیس، سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی و شاندی یاوەری، کە بە دوا شاندی وڵاتان دادەنرێ بۆ لای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، کە داوای دواخستنی ریفراندۆمی کردووە، کۆمیتەکە لە راگەیەندراوێکدا بۆ رای گشتیی جیھانی و خەڵکی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە ٢٥-٩ ئەنجام دەدرێ، پێشتریش شاندی وڵاتانی دیکەی ئیقلیمی و جیھانی ھەر سەبارەت بەو پرسە سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە.

 

چاودێران پێیان وایە، ئێستا رای جیھانی و ئەو شاندانەیش کە دێنە کوردستان، گۆڕانکاریی جەوھەریی بەسەردا ھاتووە، پێشتر ھەموو فشارەکانیان بۆ دواخستنی پڕۆسەکە بوو، بەڵام ئێستا کە دڵنیا بوون ڕیفراندۆم لە وادەی خۆی ئەنجام دەرێت، دەستیان بە پرسیارکردن بۆ ئەگەرەکانی دوای پڕۆسەکە کردووە، بەشێوەیەک دەیانەوێ لەمەودوا گفتوگۆ لەسەر پێشھاتەکانی دوای ریفراندۆم بکەن، چونکە بەتەواوی لە دواخستنی ریفراندۆمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی نائومێد بوون.

 

عەبدوڵا وەرتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی و ئەندامی کۆمیتەی باڵای ریفراندۆم بۆ (باس) رای گەیاند، پرسی دواخستنی ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان و لە کۆمیتەی ریفراندۆم بەتەواوی یەکلا بووەتەوە و ئەوەش وای کردووە گۆڕانکاریی بەسەر رای وڵاتان و ئەو شاندانەدا بێت کە دێنە ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان گفتوگۆ دەکەن.

 

وەرتی گوتیشی: ”دوای ئەنجامدانی پڕۆسەکە، گۆڕانکاریی گەورە لە رای وڵاتان، بەتایبەتی وڵاتە زلھێزەکان بە وڵاتانی نزیکی ئیقلیمییشەوە بە ئاراستەی ئەرێنی و پێشوازیکردن لە ئەنجامەکانی ریفراندۆم روو دەدات“.

 

لای خۆشیانەوە سیاسەتوان د. مەحموود عوسمان، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەوەی تا ئێستا تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە ریفراندۆمی کوردستان لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت، گوتیشی: ”ئەگەر شتێک بێتە پێشەوە بتوانێ بەدیلێکی باشتر بێت لە ریفراندۆم ئەوە رەنگە گۆڕانکاریی روو بدات، بەڵام ئەوەی تا ئێستا ھەیە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان لەوەی باشتر بەدەستەوە نییە“.

 

لای خۆشیانەوە ھێمن ھەورامی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پانێلێکدا کە دوێنێ دووشەمە لە زانکۆی جیھان لە ھەولێر، سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوە چوو، رای گەیاند، کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بە ئەرێنی دەبینن، گوتیشی: «بۆ نموونە لە میانی سەردانیکردنی وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی فەرەنسا، وەزیری بەرگریی فەرەنسا بە ھیچ شێوەیەک نەیگوت کە ئەگەر ئێوە بەردەوام بن لەئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم، ئەوا ئێمە ھاوکارییەکان رادەگرین، بە ھیچ شێوەیەک نەیگوت ئەگەر وڵاتانی دیکە پەلاماری ئێوەیان دا ئەوا ئێمە نایەینە سەر خەت، بەپێچەوانەوە، وەزیری بەرگریی فەرەنسا گوتی: (ئەگەر کوردستانی عێراق خوازیار بێت سەربەخۆ بێت، ئەوا ئێمەش خوازیارین پەیوەندییە سەربازییەکانمان فراوانتر بێت، لە ھەموو حاڵەتەکاندا لەگەڵتان دەبین، ھەروەک چۆن لە شەڕدا لەگەڵ ئێوە بووین، ئەوا لە ئاشتیشدا لەگەڵ ئێوە دەبین)”.

 

ھەروەھا ھێمن ھەورامی، ئاماژەی بە ھاتنی مەولوود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ھەرێمی کوردستان کرد و گوتی: “چاوشئۆغلو بەئاشکرا گوتی (نە سنوور دادەخرێت و نە پەیوەندیی ئابووری کۆتایی پێ دێت)”.

 

ھاوکات، ماجد بازرگان، ئەندامی کۆمیتەی ریفراندۆم لەسەر پشکی تورکمان بۆ (باس) جەختی لەوە کردەوە، رای وڵاتان گۆڕانکاریی زیاتری بەسەردا دێت، گوتی: ”ئێستا لەبەر عێراق کە دەبێت بە دەستوەردان، ناتوانن پشتیوانی لە پڕۆسەکە بکەن، بەڵام لەدوای ئەنجامدانی پڕۆسەکە، پشتیوانیی گەورەی جیھانی بۆ داننان بە سەربەخۆیی کوردستان روو دەدات، کە رەنگە چاوەڕوانکراو نەبێت، بەتایبەتی وڵاتانی دیموکراسی ناتوانن دان بە پڕۆسەکەدا نەنێن، چونکە ئەوەی کوردستان دەیکات بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ئەوانیش دەبێت رێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بگرن“.