چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

راوێژكارێکی پێشووی سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا: ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی مه‌سیجێكی گرنگی كوردانه‌ بۆ دنیا

"ریفراندۆمی سەربەخۆیی، كورد ده‌باته‌ ئاستێکی گرنگ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست"

ئه‌تیه‌ن مه‌حجووبیان، نووسه‌ری دیاری توركیا و راوێژكاری پێشووی ئه‌حمه‌د داودئۆغلو، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی توركیا، پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان ببێت به‌ ده‌وڵه‌ت نابێته‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ و هه‌میشه‌یی بۆ توركیا، هه‌روه‌ها به‌ بۆچوونی ئه‌و، ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاوێكی گه‌وره‌یه‌ و مه‌سیجێكی گرنگیشه‌ بۆ دنیا.
ئه‌تیه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌دایه‌، كه‌ سه‌رله‌نوێ نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داده‌ڕێژرێته‌وه‌، هه‌موو هێزی ناوچه‌كه‌یش ده‌یانه‌وێت له‌و نه‌خشه‌یه‌دا پێگه‌ی به‌هێزیان هه‌بێت، كه‌ كوردیش یه‌كێكه‌ له‌و هێزانه‌ و ده‌یه‌وێت ئه‌مجاره‌یان ببێته‌ ده‌وڵه‌ت.


ئه‌و تایبه‌ت بۆ (باس) ده‌ڵێت: "ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی مه‌سیجێكی گرنگه‌ كه‌ كورد ده‌یه‌وێت به‌ دنیای بدات، ئه‌و هێزانه‌یشی كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ر له‌دروستبوونی نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن و ده‌ستكه‌وت وه‌ربگرن، كه‌وتوونه‌ته‌ كاركردن و له‌ئێستاوه‌ پلانیان هه‌یه‌، پێم وایه‌ كوردیش له‌و رووه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت ببێت به‌ ده‌وڵه‌ت. ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌بێته‌ ده‌ستپێكێكی سیمبولیی گرنگ و كورد ده‌باته‌ خاڵێكی گرنگ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست".


كاتێك لێی ده‌پرسین ئه‌مه‌ چ هه‌نگاوێكی سومبولییه‌ كه‌ تۆ باسی ده‌كه‌یت؟ ئه‌تیه‌ن به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌: "ئه‌مه‌ داواكارییه‌كی كورده‌ و ده‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی مامه‌ڵه‌كردنه‌وه‌ و به‌ره‌و ده‌وڵه‌تبوون هه‌نگاو ده‌نێت. هه‌روه‌ها ریفراندۆم وایان لێ ده‌كات كه‌ به‌روارێكی گونجاو بدۆزنه‌وه‌، تا بڵێن له‌و ڕێکەوتە تۆ بۆت هه‌یه‌ سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نیت، به‌ڵام ئێمه‌ جارێ نازانین ئه‌و رێگه‌یه‌ چه‌ند درێژه‌ و چه‌ند كورته‌. یاخود ئایه‌ ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه‌ زۆری ده‌وێت یان كه‌م؟ له‌داهاتوودا ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ كورد ده‌ڵێت ئیتر ئه‌مه‌ داواكاریی منه‌ كه‌ سه‌ربه‌خۆییه‌ و له‌وه‌ كه‌مترم قبووڵ نییه‌، واته‌ مه‌سیجه‌كه‌ی گه‌یاند".


له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی توركیا بۆچی ده‌ترسێت هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ ده‌وڵه‌ت، ئه‌تیه‌ن ئاماژه‌ ده‌دات، كه‌ ده‌وڵه‌تی كوردی نابێته‌ كێشه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی بۆ توركیا، به‌ڵام ده‌بێت سه‌یر بكرێت بزانن دنیا چۆن له‌و پڕۆسه‌یه‌ ده‌ڕوانێت.


ئه‌و پێی وایه‌ پڕۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی پێویسته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست بێت، توركیایش به‌رله‌وه‌ی دژایه‌تیی بكات، پێویسته‌ بزانێت چی له‌و پڕۆسه‌یه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت و چی له‌ده‌ست ده‌دات؟


ئه‌و ده‌ڵێت: "به‌داخه‌وه‌ میدیای توركیا له‌و رووه‌وه‌ كه‌شێكی باشی نه‌خولقاندووه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی حكوومه‌تیش به‌شێوه‌یه‌كی زانستی بابه‌تی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستانیان نه‌خوێندووه‌ته‌وه‌ و ته‌نیا ده‌ڵێن له‌گه‌ڵیدا نین، كه‌ ئه‌مه‌یش هه‌ڵه‌یه‌ و ده‌بێت بیر له‌ رێگایه‌ك بكه‌یته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆتی تێدا بپارێزیت. من پێم وایه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر نهێنی، ده‌وڵه‌تی توركیا كار له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و پڕۆسه‌كه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت، به‌ڵام نایانه‌وێت میدیا بیزانێت".
له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانیدا، تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر سیاسه‌تی توركیا به‌رامبه‌ر به‌ كوردانی باكوور و پێی وایه‌، ئه‌گه‌ر توركیا مافی كوردان بدات و له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ بكات و هه‌ستێكیان بۆ دروست بكات كه‌ ئه‌وان خۆشحاڵ بن له‌گه‌ڵ توركیا، ئیدی باسی جیابوونه‌وه‌ ناكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌وانیش داوای جیابوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن.


ئه‌تییه‌ن پێی وایه‌، دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌ هه‌رێمی كوردستان باكوورییه‌كان هان نادات ئه‌وانیش جیا ببنه‌وه‌، به‌و مه‌رجه‌ی توركیا داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ بكات و مافیان دابین بكات، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌دا نییه‌ توركیا بترسێت باكوورییه‌كان جیا ببنه‌وه‌، به‌ڵكوو پێویسته‌ توركیا دیموكراتیتر بێت و زیاتر مافی كه‌مینه‌كان جێبه‌جێ بكات، تا بیر له‌ دابڕان نه‌كه‌نه‌وه‌.


بە بۆچوونی ئه‌یته‌ن: "له‌ كاتی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردیدا، توركیا وه‌كوو جاران په‌یوه‌ندیی به‌ هێز نابێت له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و وه‌كوو ئێستایش خۆی دووره‌په‌رێز ناكات له‌ به‌غدا. به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پشت له‌ هه‌رێمی كوردستان ناكات، به‌ڵكوو بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ هاوسه‌نگییه‌ك دروست بكات، تا په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ به‌غدا و ده‌وڵه‌تی كوردیدا هه‌بێت".