چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

قوتابییە نابینا سێیەمەكەی كوردستان: حەز دەكەم كە كۆلیژی یاسا تەواو دەكەم دەوڵەتی كوردستان دروست بووبێت

رۆژانە 20 سەعات دەمخوێند، تەنانەت كاتم بۆ خەوتنیش زۆر كەم بوو

لە راگەیاندنی ئەنجامەکانی قۆناغی 12دا قوتابییەكی نابینای دانیشتووی شاری هەولێر، توانیی بۆ ساڵی خوێندنی 2016/2017 لە پۆلی 12ی ئامادەیی بەشی وێژەیی، كۆنمرەی 584 واتا 97.3% بەدەست بهێنێت.


ئاكار هیوا، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا، چۆنیەتیی بەدەستهێنانی ئەو نمرە بەرزە و چەند نهێنییەكیش ئاشكرا دەكات.


ئاکار ئاماژە بەوە دەكات، دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر، ئەو پلە بەرزە بەدەست دێنێت، گوتی: ”وێڕای ماندووبوونی خۆم، خانەوادەكەم و مامۆستایەكانیش زۆر لەگەڵم ماندوو بوون، رۆژانە بە گشتی 20 سەعات دەمخوێند، تەنانەت كاتم زۆر كەم بوو بۆ خەوتن“.


ئەو لە زمانی كوردی و مێژوودا نمرەی تەواوی هێناوە، كە 100 بووە، لە زمانی ئینگلیزیش 94ی هێناوە.


گلەیی لە وەزارەتی پەروەردەش دەكات، كە ناوی ئەویان لە قوتابییە یەكەمەكانی كوردستان دانەناوە، دەشڵێ: ”وەزارەتی پەروەردە ناوی منیان لەنێو یەكەمەكان دانەناوە و بۆ مەڕاسیمی راگەیاندنی ئەنجامەكان بانگهێشتیان نەكردم، ئەوەش غەدرێكی گەورەیە و نازانم بۆ ئەو شتەیان لەگەڵ كردووم، تەنانەت بانگهێشیان نەكردم كاتێك كە یەكەمەكان بوونە میوانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان“.


هەروەها گوتیشی: "قوتابییەك كۆنمرەی 96.8% بووە وەك سێیەمی سەر ئاستی كوردستان دیاری کراوە، لەكاتێكدا كۆنمرەی من 97.3% یە، بۆیە دەبوایە لە رێوڕەسمی راگەیاندنی نمرەكانی پۆلی 12 پەیوەندیم پێوە بکرایە“.


ئاكار هیوا باسی ئەوە دەكات، هەر لە منداڵییەوە خولیای ئەوەی هەبووە لە قۆناخی ئامادەیی نمرەیەكی بەرز بەدەست بهێنێت، وەكوو خۆی دەیگوت: ”هەر لەو كاتەی چوومەتە نێو پڕۆسەی خوێندنەوە، هەوڵ و توانای خۆم خستووەتە گەڕ و حەزم لەوە بووە نمرەی باش بەدەست بهێنم“.


رەنگە بە لای هەندێك کەسەوە جێگەی پرسیار بێت، چۆن ئەو قوتابییە نابینایە خوێندوویەتی و لە تاقیكردنەوەكانیشدا وەڵامی داوەتەوە، لەمبارەیەوە، گوتی: ”شێوازی خوێندنی من بە دوو رێگا بووە، رێگایەكیان بەهۆی موسەجەل دەمخوێند، كە یەكێتیی نابینایان وانەكانیان بۆ تۆمار كردبووم، شێوازی دووەمیش ئەوەبوو كە بە سوپاسەوە دایكم و باوكم پڕۆگرام و وانەكانیان بۆ دەخوێندمەوە و منیش لەبەرم دەكرد، لە كاتی تاقیكردنەوەكانیشدا بەڕێزێكیان لا دانابووم، چونكە ناتوانم بخوێنمەوە و بنووسم، بۆیە ئەو كەسە پرسیارەكانی بۆ دەخوێندمەوە و منیش وەڵامەكانم پێ دەدا و ئەویش دەینووسی“.


دوای بەدەستهێنانی ئەو نموونە بەرزە، ئێستا هیوا و خولیای ئاكار ئەوەیە بچێتە كۆلیژی یاسا، گوتیشی: ”دەمەوێت بڕۆمە كۆلیژی یاسا و لەوێ بخوێنم، بۆ ئەوەی لەداهاتوودا ببمە تاکێكی سوودبەخش بۆ كۆمەڵگاكەم“.


ئەو قوتابییە یەكەمەی كوردستان، خولیایەكی تری ئەوەیە، دەوڵەتی كوردستان دروست بێت، گوتیشی: ”دەوڵەتی كوردستان هیوای هەموو كوردێكە، منیش حەز دەكەم كاتێك كۆلیژی یاسا تەواو دەكەم دەوڵەتی كوردستان دروست بووبێت و لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا خزمەت بكەم“.


بە گوتەی ئەو، ئەوەندەی ئاگادار بێت هیچ كەسێكی تری نابینا و خاوەن پێداویستیی تایبەت نەیتوانیوە وەكوو ئەو نمرەی بەرز بەدەست بهێنێت.


ئاكار هیوا حامد، لە ساڵی 1999 لە هەولێر لەدایك بووە، لە تەمەنی 14 ساڵیدا بەهۆی لاوازبوونی تۆڕی چاوی، بینایی لەدەست داوە، قۆناخی سەرەتایی و ئامادەییشی لە هەولێر بووە، قۆناخی شەشی وێژەیی لە قوتابخانەی ئامادەیی كوردایەتی لە شاری هەولێر تەواو كردووە.