سێیه‌می سه‌ر ئاستی كوردستان قه‌رەبووی قوربانییە مەزنەکەی دایكی دەکاتەوە

دایكی ئه‌حمه‌د: رۆڵه‌كه‌م باوكی خۆی نه‌بینی و 20 ساڵه‌ ته‌مه‌نی گه‌نجیی خۆم پێ به‌خشی، به‌ڵام ماندووبوونم بیرچووه‌وه‌


ئه‌حمه‌د ئازاد، قوتابیی پۆلی 12ی زانستی، له‌ ئاماده‌یی هاوكاری. له‌ شاری كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، له‌ بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی گوندی مه‌حموود قه‌جه‌ری هاوسنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان و كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌. ئه‌و ئێستا خۆی و دایكی هاوشێوه‌ی 20 ساڵی رابردوو، له‌ گه‌ڕه‌كی شه‌هیدانی كه‌لار گیرساونه‌ته‌وه‌ .


(باس) ئه‌وه‌ی زانی كه‌ ئه‌و قوتابییه‌ له‌سه‌ر ئاستی په‌روه‌رده‌ی گه‌رمیان یه‌كه‌می زانستییه‌كان بووە، له‌سه‌ر ئاستی كوردستانیش سێیه‌می هه‌رێمی كوردستان بووە، بۆیە ئه‌و قوتابییه‌مان به‌سه‌ر كرده‌وه‌ كه‌ باوكی خۆی نه‌بینیوه‌ و نزیكه‌ی 20ساڵه‌ دایكی بۆی بووەته‌ باوك و خوشک و برا و هەموو کەسی.


ئه‌حمه‌د ئازاد بۆ (باس) دوا و باسی له‌وه‌ كرد: "رۆژانه‌ 19 سەعات ده‌مخوێند و كاته‌كانم بۆ خوێندن ته‌رخان ده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی نمره‌یه‌كی باش به‌ده‌ست بهێنم“.


گوتیشی: "مامۆستاكانم مامۆستای نموونه‌یی بوون و زۆر له‌گه‌ڵماندا ماندوو بوون، بۆیه‌ جگه‌ له‌ دایكم، ده‌مه‌وێ زۆر سوپاسی مامۆستاكانم بكه‌م و تا مردن خۆم به‌ قه‌رزاری ئه‌وان ده‌زانم“.


ئه‌حمه‌د زیاتر دوا و گوتی: "به‌ كۆنمره‌ی ( 696) كه‌ ده‌كاته‌ رێژەی تێکڕایی (99،42)، بووم به‌ یه‌كه‌می سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی په‌روه‌رده‌ی گه‌رمیان، له‌ خوێندنی زانستی و سێیه‌می سه‌ر هه‌رێمی كوردستان“.


ئه‌و قوتابییه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد: "له‌ كۆی وانه‌كاندا كۆی نمره‌كانم 100 بوو، به‌ڵام له‌ زمانی عه‌ره‌بی دوو هه‌ڵه‌م هه‌بوو و 96م هێنا، ئه‌گینا ته‌واوی كۆنمره‌كانم له‌ هه‌ر وانه‌یه‌كدا ده‌بووه‌ %100،“.


ئه‌حمه‌د ئاواتی داهاتووی خۆی بۆ (باس) ئاشكرا كرد و گوتی: ”خوازیارم ببمه‌ پزیشك و خزمه‌ت به‌ هه‌ژاران و نه‌دارانی وڵاته‌كه‌م بكه‌م“.


به‌ناز ئه‌حمه‌د، دایكی ئه‌و قوتابییه‌یە و بۆ (باس)، به‌ قوڕگی پڕ له‌ گریانه‌وه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، ئه‌حمه‌د هێشتا له‌دایك نه‌بووبوو، باوكی به‌ كاره‌ساتێك كۆچی دوایی كرد، دوای ئه‌وه‌ من بڕیارم دا هه‌موو ته‌مه‌نم بۆ خزمه‌تكردنی ئه‌حمه‌دی كوڕم ته‌رخان بكه‌م، بۆیه‌ تەمەنم به‌خشییه‌ ئه‌حمه‌د“.


گوتیشی: "كه‌ ده‌بینم ئه‌حمه‌د له‌سه‌ر ئاستی گه‌رمیان و كوردستان نمره‌یه‌كی باشی به‌ده‌ست هێناوه‌، هه‌موو ماندووبوون و خه‌می ساڵانی رابردووم بیر چووه‌وه‌“.


دایكی ئه‌و قوتابییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا قسه‌ی بۆ ده‌كردین، به‌ چاوه‌كانی زیاتر ده‌یڕوانییه‌ رۆڵه‌كه‌ی و پێداگریی له‌وه‌ دەكرد و ده‌یگوت: "ماوه‌ی نزیكه‌ی 20 ساڵه‌ هه‌م دایكی ئه‌حمه‌د بووم و هه‌م خوشكی و هه‌م برای و هه‌م باوكی بووم“.


ئاراس ئه‌حمه‌د |خاڵی ئه‌حمه‌د| چیرۆكی گیانله‌ده‌ستدانی باوكی ئه‌حمه‌دی بۆ (باس) گێڕایه‌وه‌ و ئاماژەی بۆ ئه‌وه‌ كرد: "نزیكه‌ی 20 ساڵ پێش ئێستا، له‌كاتێكدا باوكی ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی ده‌بێ، هاوڕێیه‌كه‌ی فیشه‌ك له‌ده‌ستی ده‌رده‌چێ و به‌ر باوكی ئه‌حمه‌د ده‌كه‌وێت و ده‌ستبه‌جێ گیان له‌ده‌ست ده‌دا“.


گوتیشی: "دوای ئه‌و رووداوه‌، ئێمه‌ وه‌ك كه‌سوكاری ئازادی باوكی ئه‌حمه‌د، ده‌ستبه‌جێ له‌و كه‌سه‌ خۆش بووین كه‌ فیشه‌ك له‌ده‌ستی ده‌رچوو و نه‌مانهێشت زیندان بکرێ، چونكه‌ زانیمان رووداوه‌كه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست نه‌بووه‌، دوای ئەوەش ئەحمەدمان وەک چاومان پاراست“.