سیاسه‌تمه‌دارێکی به‌ناوبانگی كورد له‌ توركیا: جه‌نگی جیهانیی سێیه‌م به‌رپا بووه‌

"ئه‌نجامی شه‌ڕه‌كه‌یش دروسبوونی ده‌وڵه‌تی كوردییه‌"

له‌ دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ هەفتەنامه‌ی (باس)ی توركی، فوئاد ئۆنان، سیاسه‌تمه‌داری به‌ناوبانگی كورد له‌ کوردستانی باكوور و نووسه‌ری دیاری توركیا، پێی وایه‌ جه‌نگی جیهانیی سێیه‌م به‌رپا بووه‌، به‌ڵام وڵاتان به‌ره‌ی شه‌ڕیان به‌ ئاشكرا بۆ یه‌كتری نه‌كردووه‌ته‌وه‌. له‌م جه‌نگه‌دا دنیایه‌كی تازه‌ دێته‌ كایه‌وه‌ و له‌و دنیایه‌شدا ئیدی كورد ده‌بێته‌ خاوه‌ن وڵاتی خۆی.


فوئاد ئۆنان له‌ نووسینه‌كانیدا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە له‌ جه‌نگی جیهانیی سێیه‌مدا دنیایه‌كی تازه‌ دێته‌ كایه‌وه‌ و دەڵێت: ”ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستا جه‌نگی جیهانیی سێیه‌مه‌، دوای چاره‌سه‌ركردنی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت ده‌ستی پێكرد و له‌دوای جه‌نگی جیهانیی دووه‌مه‌وه‌ ئه‌م قۆناغه‌ هاته‌ كایه‌وه‌. لێكۆڵه‌ره‌كانی پنتاگۆن پێیان وایه‌ ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستا هه‌تا هه‌تایه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆ نموونه‌ له‌ جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م و دووه‌مدا ئه‌كته‌ره‌كانی شه‌ڕه‌كه‌ ئاشكرا بوون، به‌ڵام ئه‌م جه‌نگه‌ ئه‌كته‌ره‌كان به‌ره‌ی شه‌ڕیان به‌ئاشكرا بۆ یه‌كتری نه‌كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكوو شه‌ڕ ده‌كه‌ن و پاشان ده‌بنه‌وه‌ به‌ هاوپه‌یمانیی یه‌كتری وه‌كوو هاوپه‌یمانیی ئه‌مەریكا و رووسیا له‌ سووریا.


زۆربه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌یش کە ئێستا هه‌ن، له‌دوای جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م و دووه‌م هاتوونه‌ته‌ كایه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستا كه‌ من به‌ جه‌نگی جیهانیی سێیه‌می ده‌زانم، سنووره‌كان سه‌رله‌نوێ ده‌كێشرێنه‌وه‌ و كوردیش وه‌كوو ده‌وڵه‌ت حیسابی بۆ ده‌كرێت“.


سەبارەت بەوەی داخۆ لەم جەنگی جیهانییەدا کورد براوە دەبێ یان نا، ئەو دەڵێت: ”نابێت بڵێین براوه‌، چونكه‌ جه‌نگی جیهانی له‌نێوان هێزه‌ گه‌وره‌ و به‌هێزه‌كانی دنیا به‌رپا ده‌بێت. به‌رپاكردنی شه‌ڕ ئاسانه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌یشی به‌ دابه‌شبوونی چه‌ند وڵاتێك و له‌دیكبوونی چه‌ند وڵاتێكی تر كۆتایی پێدێت، بۆیه‌ پێویسته‌ كورد سوود له‌و دەرفەتانە وه‌ربگرێت بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌ت“.


سەبارەت بە کوردانی باکووریش ئەگەر له‌ توركیا داوای ده‌وڵه‌ت بكه‌ن به‌ مانای دابه‌شبوونی توركیا دێت، فوئاد ئۆنان رای دەگەیەنێ: ”نه‌خێر ئه‌مه‌ نابێته‌ دابه‌شبوون، به‌ڵكوو ده‌بێته‌ دابڕان، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ ده‌وڵه‌ت یان باكوور ببێته‌ ده‌وڵه‌ت، توركیای پێ دابه‌ش نابێت، چونكه‌ توركیا خۆی ده‌وڵه‌ته‌ و ده‌توانین وه‌كوو 2 دراوسێی باش په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ یه‌كتری به‌رده‌وام بێت“.


بەڵام داخۆ ئەم دابەشبوونەی ئێستا ئه‌مه‌ نابێته‌ شتێكی مه‌حاڵ؟ ئەو دەڵێت: ”تۆ به‌ر له‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ شتێك بدۆزیته‌وه‌، پێویسته‌ شته‌كه‌ وه‌كوو خۆی بناسیت، كوردستانیش به‌سه‌ر 4 وڵاتدا دابه‌ش بووه‌ و ئه‌مه‌ راستییه‌كه‌ و ده‌بێت دانی پێدا بنرێت، ماوه‌ی 100 ساڵیشه‌ سیسته‌مێكیان داناوه‌ كه‌ كوردیان ناچار كردووه‌ له‌گه‌ڵیدا ڕابێت و ده‌وڵه‌تی نه‌بێت. واته‌ ئه‌و مافه‌یان له‌ كورد وه‌رگرتووەته‌وه‌ كه‌ خۆی خۆی به‌ڕێوه‌ ببات و خۆی خاوه‌نی خۆی بێت، ئه‌گه‌ر كێشه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ناسێنرا، كوردستانی گه‌وره‌ دروست ده‌بێت. ئه‌مه‌یش به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌ كه‌ به‌ رۆژێك و دوو رۆژ دروست ببێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پڕه‌نسیپ و خه‌باتی هه‌موو پارته‌ كوردییه‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان بۆ كوردستانی گه‌وره‌ بێت دێته‌ دی، بۆ نموونه‌ ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی جدیی نراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان رابگه‌یه‌نرێت، له‌ رۆژئاوایش چه‌ندین كانتۆن دروست بووه‌ و فیدراڵییان لێ راگه‌یاندووه‌. من پێم وایه‌ به‌رله‌وه‌ی كوردستانی گه‌وره‌ دروست ببێت، چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی كوردی دروست ده‌بێت“.


سەبارەت بەوەی کە سری سووره‌یا ئۆنده‌ر گوتوویەتی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی خه‌نده‌ق نه‌بووه‌، ئەو سیاسه‌تمه‌دارە به‌ناوبانگەی كورد له‌ باكوور هه‌ڵوێستی خۆی بەم شێوەیە دەردەبڕێ: ”ئۆنده‌ر نوێنه‌ری كێیه‌، ئیمیڕاڵی، ئه‌نكه‌را یان قه‌ندیل؟ به‌ بۆچوونی من ئۆنده‌ر نوێنه‌ری حكوومه‌تی توركیا ده‌كات، كه‌واته‌ له‌و رووه‌وه‌ پێویسته‌ بزانین هه‌ڵوێسته‌كه‌ی ئۆجه‌لان تا چه‌ند راسته‌. خۆی په‌كه‌كه‌ كاتێك له‌ 2015 وه‌ڵامی شه‌ڕی دایه‌وه‌ و شه‌ڕ به‌رپابوو، كات و شوێنه‌كه‌ی هه‌ڵه‌ بوو، چونكه‌ 12 شاری كوردی وێران بوون و زیاتر له‌ یەک ملیۆن مرۆڤی كورد ئاواره‌ی شاره‌كانی تر بوون و هه‌زاران گه‌نجیش كوژران“.

 

وه‌. له‌ توركییه‌وه‌- كارزان گلی