بەهۆی پەکەکە لە هاویندا بە ملیۆنان دینار زیان بەر خەلکی گوندی ئیدلبی دەکەوێت

 

بەهۆی بوونی بنکە و بارەگا و گەریلاكانی پەكەكەوە لە گوندەكانی سەر سنووری ئێران و توركیا، ساڵانە زیانی مادی و گیانی بەر گوندنشینانی كوردستانی باشوور دەكەوێت و ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە زۆر لە گوندەكان ئاوەدان نەكراونەتەوە. جگە لە زیانی مادی و گیانی، سنوورەكانی نێوان گوندەكان ون بووە و لە دواڕۆژدا گوندنشینان تووشی كێشەی زەوی و زار دەبن و سنوورەكانیان دیار نامێنێ‌.


گوندی ئێدلبێ‌ سەر بە عەشیرەتی مزووری باڵا، دەكەوێتە سنووری هەرێمی كوردستان و باكووری كوردستان، لە ساڵی 1978، رژێمی بەعس دانیشتووانی بۆ كۆمەڵگە زۆرەملێكان راگواست و لە شارۆچكەی دیانا نیشتەجێ‌ كران، لەدوای كۆڕەوی ساڵی 1991 و ئازادكردنی كوردستان، گوندی ئێدلبێ‌ جارێكی تر ئاوەدان كرایەوە، تا شەڕی نێوان پەكەكە و پارتی و دوو پێشمەرگەش لەو گوندە شەهید بوون و لەو ساتەوە تا ئێستا، گوندی ئێدلبێ‌ و 36 گوندی دیكەی عەشیرەتی مزووری باڵا، لەژێر دەسەڵاتی پەكەكەدانە و بە سەڵت نەبێت خەڵك ناتوانێ‌ سەردانی گوندەكانیان بكەن. گوندی ئێدلبێ‌ خاوەن پاوانێكی بەرفراوانە و گوندنشینەكان دەتوانن مەڕوماڵاتێكی زۆر و هەنگ لەوێ‌ بەخێو بكەن، بێجگە لە زەوی و زاری كشتوكاڵی و كانیاوەكان و شوێنی گونجاو بۆ دانانی رەز و باغ و بیستان. ساڵانە لەو گوندە بەروبوومێكی سروشتی زۆر هەیە و هاووڵاتییان تێیدا زەرەرمەند دەبن.


لە وەرزی بەهاردا، لە زۆربەی گوندەكان، رێواس، قەلەندۆر، كوارگ، گیالۆك، سۆریاز، چۆرین، هندرێشە، سلێرك و چەندین گژوگیای دیكە دەڕوێت و خەڵکەکە سوودی لێ وەردەگرن. بەڵام بەهۆی چەكدارانی پەكەكەوە ئێستا ناتوانن بچنە پانجاڕ و ئەم گژوگیایانە بهێنن.


لە وەرزی هاوین و پایزیشیدا گوێز، هەرمێ‌، هەنجیر، گێوژ، بەڕوو، هەنگوین، كەنگرۆشك، مازی، قەزوان، تاڵك و كێدۆمە و چەندین جۆری میوەی دیكە خەسار دەبن.


لە بەدواداچوونێكی مەیدانیدا، دەرکەوت ئەو زیانەی لە وەرزی هاوین و پایزدا بەر خەڵکی ئەو گوندە دەكەوێت، دەكاتە زیاتر لە 395 ملیۆن دیناری عێراقی.


کاسبکارێک كە كاری كڕینی بەرهەمەكانی هاوین و پایزی گوندی ئێدلبێ‌ دەكات، بەم شێوەیەی خوارەوە شی كردەوە:


ساڵانە بڕی 13 تەن كەنگرۆشك كە هەر كیلۆیەك بە 20 هەزار دینارە، دەبڕدرێت و وەكوو چەرەزات بەكار دێت.


دوو تەن كوارگ، كە یەك كیلۆی بە 16 هەزار دینارە و لە وەرزی بەهاردا کڕیاری خۆی هەیە و زۆر بەتامە، كوارگ هەیە دانەی زیاتر لە دوو كیلۆگرامە.


10 تەن مازی (مازوو) كە كیلۆی بە 5 هەزار دینارە و بۆ دەرمانی برینكاری بەكار دێت و دەنێردرێتە دەرەوەی وڵات.


500 كیلۆ گیالۆك كە كیلۆی بە 70 هەزار دینارە و پیوازی جۆرە گیایەكە بە نرخە و وەكوو پەتاتە وایە و بۆ دروستكردنی دۆندرمە بەكار دێت.


3 تەن قەزوان كە كیلۆی بە 6 هەزار دینارە. هەم بۆ خواردن و چەرەزات بەكار دێت و هەمیش وەكوو تەحین دەهاڕدرێت و نانی پێ دەخورێت و لە دێرزەماندا وەكوو دەرمانی گەدە سوودیان لێ وەرگرتووە، بێجگە لەمەش لە كۆندا سابوونی لێ‌ دروست كراوە.


ئەو کاسبکارە ئاماژەی بەوەش دا، كە ئەم نرخانە، نرخی كڕینی بە كۆیە و بە تاك هەر یەكێك لەو بەرهەمانە بڕی 5 بۆ 10 هەزار دینار دەچێتە سەرێ‌.


كڕیارەكە روونی كردەوە، كە ئەگەر خەڵکەکە بە ئازادی بچێتەوە سەر گوندەكانی خۆی، ئەوا ئەو بەرهەمانە دوو ئەوەندەی لێ دێت، بەڵام بەهۆی بوونی پەکەکە و رێگریكردنی و تۆپبارانی توركیا، خەلکەکە ناتوانن بچنەوە بۆ هێنانی ئەم بەرهەمە سروشتییانەی گوندەكانی خۆیان.


رەندۆل، ئامێرێكە و لە پێستی بزن دروست دەكرێت و بۆ لێكردنەوەی كەنگرۆشكی وشك بەكار دێت.


هاووڵاتییەك كە هاموشۆی گوندی ئێدلبێ دەكات، ئاماژەی بەوەدا كە بێجگە لەوانەی باسكران، جۆرەها ئاژەڵی كێوی لە گوندی ئێدلبێ دەژی، وەكوو بزنە كێوی، كەو، قەتێ‌، مراویی كێوی، سمۆرە، مار، جۆرەها داڵ و مەلی پەڕدار و خشۆك، بەڵام پەكەكە زۆرێك لەو ئاژەڵانە راو دەكات و بەهۆی ترساندنیان لە تۆپبارانی توركیا و كوشتنی چەكدارانی پەكەكە، زۆربەی ئاژەڵەكان پەنایان هێناوە بۆ سنووری شارۆچكەی شێروان مەزن.