چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

ئێران دەروازەکانی قاسمەڕەش و قندۆڵی دادەخات

بەهۆی کێشەی سوپای پاسداران و فەرماندەی سەردەشت و هێزە ئەمنییەکانی دیکەوەیە

ساڵێ چەند جارێک کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرگای دەروازە نافەرمییەکانی هەر یەکە لە (قندۆڵ و قاسمەڕەش) لە سنووری قەزای پشدەر لە ئیدارەی راپەڕین بە رووی ئەو کاروانچیانە دادەخات، کە رۆژانە کەلوپەلی جۆراوجۆر لە کوردستانی باشوورەوە دەگوازنەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان.


ئەم دەروازانە هەرچەندە نافەرمین، بەڵام رۆژانە کەلوپەلی جۆراوجۆری وەک جوانکاری، پاککەرەوە و پۆشاک و دایبی و پێداویستییەکانی نێوماڵ بە ئازادی بەهۆی وڵاخی باربەر هەناردەی ئێران دەکرێت، زیاتر لە 4 هەزار کەسی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەزار کەسی کوردستانی باشوور بژێویی ژیانیان لەو دەروازانە دابین دەکەن.


لە هەمان کاتدا داخستنی خاڵێكی كۆڵبه‌ران له‌لایه‌ن ئێران، له‌ سنووری حاجی ئۆمه‌ران، سه‌ر به‌ قه‌زای چۆمان، نیگه‌رانیى كۆڵبه‌رانى لێ كه‌وتووەته‌وه‌ و ده‌ڵێن: "به‌و هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كۆڵبه‌ر بێ كار و نانبڕاو بوونه‌. به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێى حاجى ئۆمه‌رانیش زانیاریى زیاتر له‌و رووه‌وه‌ بۆ (باس) ده‌خاته‌ روو.


به‌پێى به‌دواداچوونێكى (باس)، خاڵێكى كۆڵبه‌ران له‌ كانیه‌ڕه‌ش، سنوورى شاره‌دێى حاجى ئۆمه‌ران، زیاتر له‌ دوو هه‌زار كۆڵبه‌رى رۆژهه‌ڵاتى كوردستانى ئێران، بۆ دابینكردنى بژێوى ژیانیان، له‌و رێگه‌یه‌وه‌ داهاتێكیان بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌ر ده‌كرد، كه‌چى له‌و رۆژانه‌ى رابردوودا له‌لایه‌ن حكوومه‌تى ئێران داخراوه‌ و رێگرى له‌ كاسبكاران و كۆڵبه‌ران ده‌كرێت".


وه‌ك كۆڵبه‌رانى سنووره‌كه‌ بۆ (باس) ئاشكراى ده‌كه‌ن، سه‌ره‌ڕاى داخستنى ئه‌و خاڵه‌ سنوورییه‌، زیاتر چاودێریى كۆڵبه‌ران و ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كرێت كه‌ بۆ خۆیان له‌و سنووره‌ كار و كاسبى ده‌كه‌ن.


ئەحمەد شێنەیی، خاوەنی بارخانەیە لە دەروازەی قاسمەڕەش ئەو بۆ (باس) گوتی: "لەنێو بارخانەکەمدا نزیکەی 50 تەن کەلوپەلی جۆراوجۆر هەیە، بەڵام حکوومەتی ئێران دەرگای دەروازەکەی داخستووە و ناتواندرێن کەلوپەلەکان هەناردەی ئێران بکەین، هیچ هەواڵێکیش سەبارەت بە کردنەوەی دەروازەکە نییە".


ئەحمەد دەڵێت: "دەگوترێت داخستنی ئەو دەروازانە بەهۆی کێشەی نێوان بەرپرسانی ئێرانەوەیە و هەر یەکە لە سوپای پاسداران و فەرماندەی سەردەشت و هێزە ئەمنییەکانی دیکە دەیانەوێت خۆیان سەرپەرشتیی دەروازەکان بکەن، بەڵام ئەوەی لێرە زیانمەند بووە، ئێمە و کاروانچییەکانین".


لە قەزای پشدەر سێ دەروازەی نافەرمی لەنێوان حکوومەتی ئێران و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەن، لە هەر دوو دەروازەکانی (قاسمەڕەش و قندۆڵ) تەنیا ئەو کەلوپەلانە هەناردە دەکرێن کە لە وڵاتانی دیکەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون، بەڵام لە دەروازەی کێلێ، تەنیا کەلوپەلی جۆراوجۆری بیناسازی و کارەبایی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.


ئەحمەد شێنەیی دەڵێت: "ئێمە چاوەڕوانین و داواکاریشین بە زووترین کات ئەو دەروازانە بکرێنەوە، چونکە کەلوپەلێکی زۆر لەنێو بارخانەکاندا هەیە و خەڵکیش زۆر بێکار بوونە".


بەپێی ئامارێک کە لەو کەسانە وەرگیراوە کە لەو دەروازانە کار دەکەن، لە دەروازەی قاسمەڕەش 15 بارخانە و لە دەروازەی قندۆڵیش 26 بارخانە هەن، لەنێو هەر یەکە لە بارخانەکاندا (30 بۆ 50) تەن کەلوپەلی جۆراوجۆر هەن.


یاسین وسوو، ماوەی 20 ساڵە لە دەروازەی قندۆڵ کار دەکات و خاوەنی بارخانەیە، ئەو بە (باس)ی گوت: "ماوەی دوو هەفتەیە دەروازەکان داخراون، کەلوپەلێکی زۆری وەک پۆشاک و شتی نێوماڵ و پاککەرەوە و دابی هەن، بارخانەکان پڕ بوونە و لەدەرەوەی بارخانەکانیش کەلوپەلەمان داپۆشیون، بۆیە داواکارین دەروازەکان بکرێنەوە".


ئەو گوتیشی: "کاروانچییەکان لە سنووری ئێمە بەسەر 4 وەجبەدا دابەش بوونە، رۆژانە نزیکەی 600 کاروانچیی کوردستانی رۆژهەڵات لە سنوورەکەمان کاریان دەکرد بۆ گواستنەوەی کەلوپەلەکان، لێرەش سەدان گەنجی گوندەکانی سەر سنوور کاری حەمباڵییان دەکرد، بەڵام ئێستا هەردووک لامان بێ کار بووینە و داواکارین دەروازەکان بکرێنەوە".بەپێی قسەی ئەو خاوەن بارخانەیە، ئێران یەکەمجاری نییە سنوورەکان دادەخات.


یه‌كێك له‌و كۆڵبه‌رانه‌ ته‌مه‌نى له‌ سه‌رووى 50 ساڵیدا بوو، خۆى به‌ (باوكى رامین) ناساند رای گه‌یاند: ”ئێمه‌ كه‌سمان بۆ ئاره‌زوو و هه‌وه‌سى خۆمان روومان له‌و سنووره‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵكوو سه‌ختیى بژێویى ژیان و بێکاری له‌ ئێران، ئێمەی له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانى پارووەنانێك هێناوەتە ئێرە، ئه‌و پاره‌ و پووله‌ى به‌ده‌ستیشى دێنین، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ له‌ناو ئاگردا كۆى بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ به‌رده‌وام كۆڵبه‌ران ژیانیان له‌مه‌ترسیدایه‌، له‌ ته‌قه‌ و فیشه‌كى سوپاى پاسداران و مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانى سنووره‌كه‌ و ئاژه‌ڵى دڕنده‌ و به‌فر و سه‌هۆڵى زستان و هه‌ڵكردنى زریان و هتد.. به‌ڵهگه‌ش ئه‌وه‌یه‌ به‌ سه‌دان كۆڵبه‌ر به‌هۆى ئه‌م رووداوانه‌وە گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ یان كه‌مئه‌ندام بوونه‌".


ئه‌و كۆڵبه‌ره‌ ده‌شڵێت: "سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییانه‌ش، ماوه‌یه‌كه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تى ئێران، خاڵێكى سه‌ره‌كیى سنووره‌كه‌ به‌ رووى ئێمه‌ى كۆڵبه‌ران داخراوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كۆڵبه‌ر، به‌بێ كار و كاسبى ماونه‌ته‌وه‌ و نانبڕاو بوونه‌، كاتێك داواى هۆكارى داخستنى ئه‌م خاڵه‌ش له‌ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدارى ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌ین، هه‌زاران بیانوو ده‌هێننه‌وه‌“.


محەمەد کانی زەردی، یەکێک لە کاروانچییەکانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەو لە رێگای تەلەفۆنەوە بە (باس)ی گوت: "بەهۆی داخرانی دەروازەکان، ئێمە دوو هەفتەیە بێکار بووینە و رووبەڕووی گرفت بووینەتەوە، چونکە تاکە سەرچاوەی بژێویی ژیانی ئێمە ئەو دەروازانەن و لە رۆژهەڵاتی کوردستان هیچ کارێک نییە بیکەین".


محەمەد گوتیشی: "زۆربەی کاروانچییەکان لەو ماوەیەدا تا دەروازەکان دەکرێنەوە بەدوای دۆزینەوەی کاردان، بەڵام کار دەست ناکەوێت“.


كۆڵبه‌رێكى دیكه‌ى سنووره‌كه‌، خۆى به‌ عه‌لى ره‌زا ناساند و بۆ (باس) گوتى: "هه‌ركه‌س نه‌هاتبێته‌ ئه‌و سنووره‌ و له‌نزیكه‌وه‌ چاوى به‌ كاسبكاران و كۆڵبه‌رانى سنووره‌كه‌ نه‌كه‌وتبێت، به‌ ئاسانى له‌ ئێش و ئازاره‌كانى ئێمه‌ تێناگات، كۆڵبه‌رمان له‌گه‌ڵدایه‌ زیاتر له‌ 180 كیلۆ كه‌لوپه‌ل دەخاته‌ سه‌ر شانى و ئاودیوى سنووره‌كه‌ی دەكات“.


جەوهەر رەسووڵ، بەڕێوبەری گومرگی راپەڕین، پێوەند بە گرفتی داخرانی دەروازەکان بە (باس)ی راگەیاند: "لەسەر گرفتی داخرانی دەروازەکان قسەمان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کردووە و فەرمانداری سەردەشت بەڵێنی داوە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەروازەکان بکرێنەوە، بەڵام نازانین کەی دەکرێنەوە".


هەر پەیوەست بە داخستنی ئەو خاڵە گومرگییانە، فه‌رزه‌نگ ئه‌حمه‌د لاوكه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى شارۆچكه‌ى حاجى ئۆمه‌ران، رای گه‌یاند: ”له‌برى گومرگ و مه‌رزى سه‌ره‌كیى حاجى ئۆمه‌ران، چه‌ند خاڵێكى دیكه‌ به‌ نایاسایى له‌ سنووره‌كان كراوه‌نه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌وانیش زیاتر په‌یوه‌ستن به‌ كۆڵبه‌ران و كاسبكاران، یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ش كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنوورى حاجى ئۆمه‌ران و رۆژانه‌ كۆڵبه‌رێكى زۆر هاتوچۆیان پێدا ده‌كرد، ماوه‌یه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئێران داخراوه‌ و سوپاى پاسداران رێگرى له‌ كۆڵبه‌ران ده‌كات".


به‌ڕێوه‌به‌رى شارۆچكه‌ى حاجى ئۆمه‌ران، گوتیشى: "به‌پێى زانیارییه‌كانمان، هۆكارى داخستنى ئه‌و خاڵه‌ى كۆڵبه‌ران، گوایه‌ ده‌یانه‌وێت رێكى بخه‌نه‌وه‌ و رێنمایی نوێ به‌ كۆڵبه‌ران بدرێت، بۆ نموونه‌ پێشتر هەر كۆڵبه‌رێک 100 تا نزیكه‌ى 200 كیلۆ كاڵای ده‌خسته‌ سه‌رپشت و به‌ سنووره‌كه‌ ئاودیوی ده‌كرد، به‌ڵام ئێران ئه‌مجاره‌ به‌ ته‌ماى ئه‌وه‌یه‌ هیچ كام له‌و كۆڵبه‌رانه‌ نابێت له‌ 25 كیلۆ زیاتر هه‌ڵبگرن، ئه‌وه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى كۆڵبه‌راندا نییه‌ و نازانین دوابڕیار چى ده‌بێت و په‌یوه‌سته‌ به‌ كۆمارى ئیسلامى، چونكه‌ خۆیان ئه‌و خاڵەیان داخستووه‌".


ئه‌وه‌شى خسته‌ روو، ئه‌گه‌ر خاڵه‌ سنوورییه‌كان نایاساییش بن، ئێمه‌ چاوپۆشیمان لێ كردوون،‌ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى و ژیان و بژێویى كۆڵبه‌ران و كاسبكاران، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت چاودێریى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین و رێگه‌ ناده‌ین كاڵاى نایاسایی قه‌ده‌غه‌كراو به‌و سنووره‌دا بێن و بڕۆن.