چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

كوردستانیبوونی كه‌ركووك له‌ هزر و فه‌لسه‌فه‌ى مسته‌فا بارزانی

"به‌لای بارزانیی نه‌مره‌وه‌ ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌ كه‌ركووك ده‌ستهه‌ڵگرتن بوو له‌ خودی ژیان"

(2)

به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ كه‌ شاری دێرینی كه‌ركووك به‌پێی دیكۆمێنت و به‌ڵگه‌نامه‌ مێژووییه‌ كۆنه‌كان و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، شارێكی كوردستانییه‌، ئه‌و راستییه‌ش ده‌سه‌لمێنن كه‌ هه‌ر له‌مێژه‌ به‌شێكى دانه‌بڕاوه‌ له‌ جه‌سته‌ی كوردستانی دایك و له‌ هزرى سه‌رجه‌م تاكه‌كانى گه‌لى كورددا تۆمار كراوه‌.


هه‌رچه‌نده‌ له‌ ساڵانى شه‌سته‌كان و حه‌فتاكان و هه‌شتاكان و نه‌وه‌ته‌كانى سه‌ده‌ى بیسته‌مدا ململانێ و كێشمه‌كێشمى زۆر له‌سه‌ر كوردستانیبوونی ئه‌و شاره‌ توندتر و خه‌ستتر بووه‌ و له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌ به‌گشتی و حزبی به‌عسی فاشست به‌تایبه‌تی، به‌ زۆرداری هه‌وڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئه‌و شاره‌ی ده‌دا و سیاسه‌تی (راگواستن و به‌عه‌ره‌بكردن و به‌ به‌عسیكردن)ی په‌یڕه‌و ده‌كرد، هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌شدا سه‌ركرده‌كانی گه‌لی كورد شێلگیرانه‌ پێداگرییان ده‌كرد له‌سه‌ر به‌رگریكردن له‌ ماف و خواست و كه‌رامه‌تی دانیشتوانه‌كه‌ى و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و سنووره‌ ده‌ستكرده‌ى بۆ شێواندنى دیمۆگرافیاى ئه‌و شاره‌ په‌یڕه‌و كرابوو.


بەپێێ زۆر له‌ سه‌رچاوه‌ مێژوویی و سیاسییه‌كان سه‌رکردەی مێژوویی شۆڕشی کوردستان مەلا مسته‌فا بارزانی، له‌ سه‌رجه‌م دانوستاندن و گفتوگۆی شانده‌ فه‌رمییه‌كانی نێوان سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشی كورد و حكوومه‌تی مه‌ركه‌زیدا، به‌ وته‌یه‌كی شایسته‌ و به‌ به‌ڵگه‌ى زیندوو كوردستانیبوونی ئه‌و شاره‌ی ده‌سه‌لماند. یاخود هه‌میشه‌ بیرۆكه‌ و وشه‌ و قسه‌ی سه‌نگینى سه‌باره‌ت به‌ كوردستانیبوونی ئه‌و شاره‌ پێ بوو. كه‌ چه‌ندین وته‌ی به‌نرخی له‌و روانگه‌یه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌دوای خۆی وه‌ك سه‌روه‌رییه‌ك تۆمار ده‌كرێ و له‌ زۆر لێكۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ و وتار و به‌ڵگه‌نامه‌ و.. هتد، سوودێكی زۆریان لێ وه‌رده‌گیرێت.


له‌و روانگه‌یه‌وه‌، هه‌وڵم داوه‌ له‌ رێگه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ کە سێ ئەڵقەیە، چه‌ندین وشه‌ و وته‌ی به‌نرخى مەلا مسته‌فا بارزانی، سه‌باره‌ت به‌ كوردستانیبوونی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ له‌ زارى چه‌ند دبلۆمات و سیاسه‌تمه‌دار و رۆشنبیرێكه‌وه‌ بخه‌مه‌ ڕوو.


دكتۆر محه‌مه‌د ساڵح ئیبراهیمی (شه‌پۆل) له‌ زانكۆی تاران، له‌ وتارێكیدا ده‌ڵێت: هه‌رچه‌ندە رژێمی به‌غدا له‌ فێڵ بوو، ته‌نانه‌ت له‌ 29/9/1971 ویستی به‌ گزی و فزی بارزانی شه‌هید بكا و نه‌یده‌ویست سه‌رژمێری بكا و كه‌ركووك و ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ كانی نه‌وتن، بیانخاته‌وه‌ سه‌ر كوردستان، ئه‌وه‌ بوو مسته‌فا بارزانی، له‌ وتوێژێكدا فه‌رمووی: كوردستان، دوو دڵی هه‌یه‌، یه‌ك كه‌ركووك، ئه‌وی دی ورمێیه‌، من ناتوانم واز له‌ كه‌ركووك بێنم، كه‌ركووك به‌شی جیانه‌بووه‌وه‌ی خاكی كوردستانه‌. جا ئه‌وه‌ بوو به‌غدا شه‌ڕی هه‌ڵایساند و له‌ مایسی 1974 دا هێرشی هێنایه‌ سه‌ر كورد و كوردستان.


بارزانی، وه‌ك رابه‌رێك بۆ بیناسازیی كه‌سێتیی مرۆڤی كورد هه‌وێنی ئه‌و شوناسنامه‌یه‌ی كرده‌ مێشكی كه‌سێتیی كورده‌وه‌ و گه‌ردانه‌ی بڕوا به‌خۆهێنانی چاند، هه‌روه‌ك ده‌ڵێت: “ده‌بێ ئێمه‌ حه‌قی قه‌راردانمان هه‌بێت“. هه‌ڵبه‌ته‌ وشه‌ی ده‌بێت وه‌ك مه‌رجێكی بێ به‌ڵگه‌ویستن و پاشانیش مافی قه‌راردان به‌و مانایه‌ی پێشوه‌ختی ئه‌و وته‌یه‌ ئه‌و مافه‌مان پێ شك نه‌هاتووه‌.


كه‌واته‌ یه‌كه‌م ناسنامه‌ی مرۆڤی كورد له‌ مافی بڕیارداندا هاتووه‌ و دووه‌م پابه‌ندی مافی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه،‌ ئه‌م دوو مافه‌ش ده‌قاوده‌ق له‌گه‌ڵ ئه‌و جاڕه‌ گه‌ردوونییه‌ی رێكخراوی مافی مرۆڤدا هاوشان و ته‌بان‌.


كه‌سێتییه‌كی دیكه‌ له‌ وته‌كه‌دا به‌دی ده‌كرێ، ئه‌ویش كه‌سێتیی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌، نه‌ته‌وه‌ی كورد تا ئێستا وه‌ك كه‌سێكی یاسایی له‌ رووی رامیاری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سه‌ربازییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كراوه‌، واتا له‌ رێوڕه‌سمی نێونه‌ته‌وه‌ییدا نه‌ خاوه‌ن وڵات و دروشمی سه‌ربه‌خۆیە و نه‌ خاوه‌ن كه‌سایه‌تیی یاساییه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ دوو مافی زۆر سه‌ره‌كی خۆى ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌وانیش بریتین له‌ مافی بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووس و په‌رچه‌كرداری گشت كارێكی نه‌نگ ده‌رهه‌ق به‌ شه‌ره‌فمه‌ندێتیی كورد. بارزانی، وه‌ك رووكارێكی به‌دیارخستنی پێناسه‌ی كورد داوای هه‌ردوو مافی سه‌ره‌كیی بڕیاردان و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی كردووه‌. ئا لێره‌دا شۆڕش وه‌ك ده‌ربڕینێكی رامیاری ناساندنی كه‌سێتیی گه‌لی كوردە و له‌سه‌ر زاری سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌ خۆی پێناسه‌ كردووه‌.


وته‌یه‌كی دیكه‌ی بارزانی، ئه‌مه‌ی لای خواره‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت: ”كه‌ركووك دڵی كوردستانه‌، هه‌ر كاتێ مرۆڤ توانیی بێ دڵ بژی، ئه‌وكاته‌ كوردستان بێ كه‌ركووك ده‌ژی“.


ئه‌م وته‌یه‌ گه‌لێك كرۆكى دیار و ئاشكرا و تێڕوانینى هه‌یه‌، گه‌وره‌ترین شیكاری به‌ده‌ستهات و دیاركردنی كه‌ركووك وه‌ك دڵی كوردستان به‌ واتا لێچوواندنی كوردستان به‌ مرۆڤ و كه‌ركووكیش به‌ دڵ. لێره‌دا فه‌لسه‌فه‌كاری به‌گشتیكردن و پارچه‌كردنی ده‌بینینه‌وه‌. دیاره‌ چواندنی كوردستان به‌ جه‌سته‌ مه‌به‌ستی به‌دیارخستنی كرۆكی باسه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكوو ئه‌مه‌ وێنه‌كێشانی ئه‌م ده‌ربڕینه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنی مه‌غزایه‌كی دیكه‌، ئه‌ویش گرنگیی به‌های چواندنی كه‌ركووكه‌ به‌ دڵ، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م لێكچوواندنه‌ چه‌ند مه‌غزایه‌ك له‌خۆ ده‌گرێت:


1- گرنگی و به‌های كه‌ركووك وه‌ك ئه‌وه‌ی شوێنی دڵی مرۆڤی گرتبێته‌وه‌ له‌و پله‌ و پایه‌دایە.


2- گرنگیی خاڵێكی سه‌ره‌كی له‌ رێوشوێنی كه‌ركووك و پابه‌ندیی ژیان و گوزه‌راندنی كوردستان به‌ كه‌ركووكه‌وه‌، كه‌ركووك له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهاندا به‌ واتا نه‌وتی ره‌ش، ئه‌میش ئاوێته‌كردن و بلوورینی ده‌سته‌واژه‌یه‌كی به‌پێز ده‌گرێته‌ خۆی، کە ژێرخانی له‌و دووتوێیه‌دا بینیوه‌ته‌وه‌ و كه‌ركووكی به‌ داینه‌مۆی بزواندنی ژیانی خۆشگوزه‌ران و سه‌ربه‌خۆی كوردستانه‌وه‌ پابه‌ند كردووه‌. بارزانی هه‌ستی به‌ گرنگیی ئابووری و رۆڵ و كاریگه‌ریێتی كردووه‌، بۆیه‌ به‌ شاده‌ماری ژیانه‌وه‌ی كوردستانی ده‌بینێته‌وه‌. رووكاری دووه‌می وته‌كه‌ی بارزانی له‌ نیوه‌ دێڕی: "كه‌ركووك دڵی كوردستانه‌"، له‌وه‌دایه‌ كه‌ بارزانی ته‌نیا مه‌به‌ستی باشووری كوردستان نه‌بووه‌، واته‌ كوردستانی عێراق، بگره‌ كوردستانی گه‌وره‌ی مه‌به‌ست بووه‌، جا بزانین به‌ڵگه‌ چییه‌ بۆ ئه‌م وته‌یه‌، بارزانی باش زانیویه‌تی كه‌ له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ به‌شكراوه‌كه‌ی كوردستاندا شارێك یاخود شوێنێك نییه‌ وێنه‌ی كه‌ركووك له‌ ڕووی سامانی سروشتیی نه‌وته‌كه‌یه‌وه‌ هێنده‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌توانا بێت. دیاره‌ ئه‌مه‌ش وای لێ ده‌كات ببێته‌ كۆڵه‌كه‌یه‌كی زۆر مه‌زن بۆ بزواندنی گوزه‌رانی كوردستانی گه‌وره‌. ڕه‌نگه‌ هه‌بێ بڵێ بارزانی ته‌نیا مه‌به‌ستی كوردستانی عێراق بووه‌ و بیری بۆ دوورتر نه‌ڕۆیشتووه‌. زیاتر له‌سه‌ری بڕوا و بڵێ ئه‌وه‌ش به‌ به‌ڵگه‌ ده‌هێنینه‌وه‌ كه‌ دوای پیلانه‌ شوومه‌ شکستخواردووەکەیان بۆ تیرۆرکردنی بارزانی كرد، بارزانی ده‌ڵێت:" گه‌ر شه‌ڕتان كرده‌وه‌ له‌سه‌ر خوێنی من شه‌ڕ دامه‌گیرسێننه‌وه‌، به‌ڵكوو له‌سه‌ر كه‌ركووك و ناوچه‌كانى تر شه‌ڕ بكه‌نه‌وه‌". بۆیه‌ ده‌ڵێن ئه‌م شیكارییه‌ی به‌جێیه‌ بۆ ئه‌قڵییه‌تی ساتی بیركردنه‌وه‌ له‌ وته‌كه‌ نكۆڵی لێكردنی ئه‌م بۆچوونه‌ ناكرێ. به‌ڵام بارزانی بۆ زۆر له‌وه‌ دوورتر ڕۆیشتووه‌ و مه‌غزای فه‌لسه‌فه‌ی له‌ناو ده‌ربڕینه‌كه‌دا چاندووه‌، به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه‌:


1- گه‌ر بارزانی مه‌به‌ستی ته‌نیا كوردستانی عێراق بوایه‌، به‌ ڕاشكاوی ده‌یگوت: دڵی كوردستانی عێراقه‌.


2- نیوه‌دێڕی دووه‌م به‌ ته‌واوه‌تی مه‌غزا گشتییه‌كه‌ (مه‌به‌ست له‌ كوردستانی گه‌وره‌یه‌ و به‌دیار ده‌كات) كه‌ ئه‌ویش ئه‌م نیوه‌ دێڕه‌یه‌ (هه‌ر كاتێ مرۆڤ توانیی بێ دڵ بژی)… مرۆڤ به‌ واتا گشتییه‌كه‌ی، هه‌ڵبه‌ت به‌گشتیکردنی نیوه‌دێڕه‌ به‌شه‌ پارچه‌ییه‌كان ده‌گرێته‌ خۆ. واتا به‌گشتیكردنی مرۆڤ په‌رچه‌كداری مه‌غزای واتایی، به‌گشتی وه‌رگرتنی كوردستانی گه‌وره‌یه‌ وه‌ك خاك. توانه‌وه‌ی مه‌به‌ستی به‌شی یه‌كه‌ پارچه‌كان له‌ یه‌كه‌ی كۆ و گشتیدا مه‌غزای مانای نیوه‌دێڕی یه‌كه‌م ده‌گرێته‌ خۆ..


3 - هه‌رچی نیوه‌دێڕی سێیه‌مه‌ (ئه‌و كاته‌ی كوردستان بێ كه‌ركووك ده‌ژی)، ئه‌وا واتای ته‌واوی كوردستانی گه‌وره‌ ده‌دا به‌ده‌سته‌وه‌.
كوردستان، وشه‌یه‌كی داڕووتاو و بێ خاڵبه‌ندی هیچ سیما و مه‌غزایه‌كی پابه‌نده‌كییە بۆ هه‌ر پارچه‌یه‌كی دیاركراوی كوردستان، كه‌ ئه‌مه‌یه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ڕاستیی مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌مان ده‌پێكێ.


4 - به‌ڵگه‌ی چواره‌می ڕاستیی مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بارزانی، له‌ كوردستانی گه‌وره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ باری ده‌روونی و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خودی كوردستانی گه‌وره‌، دیاره‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی وشه‌ی كوردستان وه‌ك ته‌نیا وشه‌ له‌ ده‌ربڕینێكی ئاوادا، باری ده‌روونی و بیركردنه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی بارزانی سنووردار ده‌كاته‌وه‌ و به‌ ته‌واوه‌تی ڕه‌گ داكوتانی ده‌سه‌لمێنێ له‌ مێشكی بارزانییدا و ده‌ربڕینی به‌سه‌ر زاری بارزانییدا سه‌پاندووه‌. وه‌ك ده‌زانن له‌و كاته‌دا نوێنه‌رانی ڕژێم و له‌ كاتی دانیشتندا له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی شۆڕش له‌مه‌ڕ باسكردنی سنووری ناوچه‌ی ئوتۆنۆمیدا هاتووه‌ و یه‌كێك له‌و نوێنه‌رانه‌ی ڕژێم به‌ نه‌زانی خۆی گوتوویه‌تی: ئیتر باسی كه‌ركووك مه‌كه‌ن، چونكه‌ كه‌ركووك عه‌ره‌بییه‌ و بڕایه‌وه‌. ئیتر بارزانی زۆر به‌تووڕه‌ییه‌وه‌ به‌رپه‌رچی ئه‌و نوێنه‌ره‌ ده‌داته‌وه‌ و شێوازی ئه‌و ده‌ربڕینه‌ به‌سه‌ریاندا ده‌سه‌پێنێ. لێره‌دا مه‌به‌ست گێڕانه‌وه‌ی چۆنیه‌تیی ڕووداو نییه‌، ڕه‌نگه‌ كه‌م تا زۆر لە چیرۆكی گێڕانه‌وه‌كه‌دا كه‌موكورتی هه‌بن، به‌ڵام مه‌به‌ست له‌ شێوازی دروستبوونی ئه‌و دۆخە بووه‌ كه‌ بارزانی بۆ ئه‌و ساته‌وه‌ختانه‌ تێیدا ژیاوه‌ و ئه‌م وته‌ به‌نرخه‌ی نه‌خشاندووه‌. كه‌واته‌ دروستیی مه‌به‌ستی بارزانی دوای ئه‌م لێكدانه‌وانه‌ دیار و بێ به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌، هه‌رچی ڕووكارێكی تری وته‌كه‌یه‌ ئه‌وا بنه‌ما دانانێكی تری شۆڕشی كورده‌ له‌ گرنگیی چواندنی ڕۆڵی ئابووری بۆ سه‌قامگیربوون و به‌جێهێنانی ئامانجه‌كانی شۆڕش و ڕۆڵ بینینی ئابووری له‌ شۆڕشدا، كه‌ ئه‌م مه‌غزایه‌ تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ شۆڕشه‌كانی پێش شۆڕشی ئه‌یلوول، وه‌ك تایبەتمەندی به‌دی نەكراوه‌ و گرنگیی نه‌زانراوه‌. وێڕای ئه‌م ڕووكارانه‌، گرنگترین كرۆكی بۆ ئه‌قڵیه‌تی نه‌خشه‌ و پلاندانانی پاشه‌ڕۆژی كورد دیار كردووه‌ له‌ رووی گرنگیی كه‌ركووك وه‌ك دارچه‌ڵه‌مه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردستان. كه‌ ئه‌م نه‌خشه‌ و پێواندانه‌ تا ئێستاش بیركاریی ئه‌قڵیه‌تی كوردی داگیر كردووه‌ و بووەته‌ سۆزبه‌خشێكیش بۆ زیاتر پێ له‌سه‌ر داگرتنی. دوای ئه‌م شیكارییانه‌ به‌ پێویستی نابینین جارێكی تر بڵێین وته‌كه‌ به‌ فه‌لسه‌فه‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێ، چونكه‌ خۆتان دروستیی ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌بینن. هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و وته‌ی بارزانی، كه‌ گوتوویه‌تى: ”كه‌ركووك دڵی كوردستانه‌ و هه‌ر كاتێك مرۆڤ توانیی بێ دڵ بژی ئه‌و كاته‌ كوردستان بێ كه‌ركووك ده‌ژی“.


دكتۆر ناسیح غه‌فوور ڕه‌مه‌زان، ده‌ڵێت: بارزانیی نه‌مر هه‌رگیز ئاماده‌ نه‌بوو واز له‌ كه‌ركووك بێنێ و ڕژێمیش به‌ ئاره‌زووی خۆی ئه‌یویست له‌ كوردستانی داببڕێ، چونكه‌ به‌ لای بارزانیی نه‌مره‌وه‌ ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌ كه‌ركووك ده‌ستهه‌ڵگرتن بوو له‌ خودی ژیان. ئه‌گه‌ر بڕوانینه‌ ئه‌و وته‌یه‌ ده‌بینین چه‌ند ورد و بیرمه‌ندانه‌ شوێن و گرنگیی كه‌ركووك هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ، دیاركردنی كه‌ركووك به‌ دڵی كوردستان به‌ واتای كوردستان به‌ مرۆڤ و كه‌ركووكیش به‌ دڵه‌كه‌ی، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داینه‌مۆی بزووتنه‌وه‌ی ژیانی سه‌رفرازی و خۆشگوزه‌رانى و ئاسووده‌یی و بوژانه‌وه‌ و گه‌شه‌سه‌ندنی كوردستانه‌. چونكه‌ بارزانیی نه‌مر بایه‌خ و گرنگیی ئابووری كه‌ركووك و ڕۆڵی كاریگه‌ری ئه‌وی له‌ بوژانه‌وه‌ی ژێرخانی كوردستاندا هه‌ست پێ كردووه‌ و زانیویه‌تی، كه‌ له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستاندا شارێك یان شوێنێك نییه‌ له‌ رووی سامانی سروشتیی نه‌ته‌وه‌وه‌ بە وێنه‌ی كه‌ركووك ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌توانا بێت.


گۆڤاری (كویك)ی ئه‌ڵمانی له‌ ژماره ‌ 20ی ساڵی 1974 له‌ژێر ناونیشانی (شۆڕشگێڕی گه‌وره‌ی ئه‌م ڕۆژگاره‌)دا وتارێكی بڵاو كردووەته‌وه‌ و ده‌ڵێت: كوردی كه‌ركووك به‌ پارچه‌یه‌ك له‌ تایبه‌تیی خۆی له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقدا هه‌بێت. له‌ شوێنێكی تردا بارزانى سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركووك گوتوویه‌تى: ”من نه‌ ئێستا و نه‌ پاشه‌ڕۆژ ڕازی نابم به‌ مساوەمه‌ و نه‌فره‌تی مێژوو ناخه‌مه‌ سه‌ر ڕووی خۆم“.


* دكتۆر ناسیح غه‌فوور ڕه‌مه‌زان، ده‌ڵێت: ”من خۆم چه‌ندین جار له‌ شه‌هید كاك ئیدریس بارزانی، سه‌ركرده‌ی هه‌میشه‌ زیندووم بیستووه‌، كه‌ بارزانیی نه‌مر ئاماده‌ نه‌بووه‌ ده‌ست له‌ كه‌ركووك هه‌ڵبگرێ و هه‌میشه‌ له‌ كاتی گفتوگۆكاندا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی مه‌ركه‌زی پێی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داگرتووه‌ كه‌ركووك هی كورد بووه‌ و ئێستاش هی كورده‌ و هه‌ر به‌ هی كوردیش ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ شارێكی دێرینی كوردستانه‌. هه‌روه‌ها كاتێك جه‌نابی كاك مه‌سعود بارزانی، وه‌كوو نوێنه‌ری سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشی ئه‌یلوول، دوای مۆركردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداری ساڵی 0791 له‌ سه‌ردانێكیاندا بۆ شاری كه‌ركووك له‌ 6/2/1970 له‌گه‌ڵ (ته‌ها یاسین ڕه‌مه‌زان) نوێنه‌ری حكوومه‌ت پێكه‌وه‌ كۆڕێكیان بۆ جه‌ماوه‌ری شار گێڕا، من خۆم له‌وێدا ئاماده‌ بووم، هاووڵاتییه‌كی ئاماده‌بووی كۆڕه‌كه‌ له‌ به‌ڕێز كاك مه‌سعودی پرسی ئایا به‌لای ئێوه‌وه‌ كه‌ركووك كوردستانه‌؟ له‌ وه‌ڵامدا جه‌نابی كاك مه‌سعود هه‌مان وه‌ڵام و هه‌ڵوێستی چه‌ندین جاره‌ی بارزانیی نه‌مری ڕاگه‌یاند و گوتی: به‌ڵێ، كه‌ركووك كوردستانه‌، هه‌ر كه‌سێ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ ده‌بینێ پێویسته‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مێژوو و لاپه‌ڕه‌كانی به‌ باشی ته‌ماشا بكات و بیخوێنێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ وته‌كه‌ی من دڵنیا بێت“.


د. ناسیح غه‌فوور، درێژه‌ به‌ قسه‌كانی ده‌دا و ده‌ڵێت: ”هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و كۆڕه‌ جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، خۆیشی له‌ به‌شی سێیه‌می كتێبه‌ مێژووییه‌ به‌نرخه‌كه‌یدا (بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد) ئه‌و سه‌ردان و به‌سه‌رهاته‌ی كه‌ركووك ئه‌گێڕێته‌وه‌ و ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ دوای ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر گوێبیستی ئه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ بوون، له‌ خۆشییاندا ئه‌وه‌ندی تر خرۆشان و دروشمیان به‌رز ده‌كرده‌وه‌ و هوتافیان لێ ئه‌دا. كۆڕه‌كه‌ بوو به‌ خۆپیشاندان و خرۆشانێكی بێ وێنه‌، به‌عسییه‌كان واقیان لێ وڕما و بێ ده‌نگ و كپ بوون. بۆیه‌ جارێكی تر وته‌كه‌ی دووباره‌ كرده‌وه‌، كه‌ به‌ڵێ كه‌ركووك به‌شێكه‌ له‌ كوردستان. له‌ راستیدا ئه‌و ڕۆژه‌ خۆشه‌ و ئه‌و وته‌ ڕاشكاو و گرنگه‌ و مێژووییانه‌ی جه‌نابی سه‌رۆك ئێستاش هه‌ر له‌ گوێی كه‌ركووكییه‌ خۆڕاگر و كۆڵنه‌ده‌ره‌كان ئه‌زرنگێته‌وه‌“.