چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

خه‌ڵكى خورماتوو خانووێک بۆ ماڵباتی پێشمه‌رگه‌یه‌كى دیلى خه‌ڵكى سۆران ده‌كڕن

به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنى قایمقامییه‌تى خورماتوو: به‌شێكى زۆرى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى كه‌ له‌ میحوه‌رى خورماتوو له‌ سه‌نگه‌ره‌كاندان، خه‌ڵكى ناوچه‌ جیاجیاكانن و به‌رگرى له‌ خه‌ڵك و خاك ده‌كه‌ن

له‌ یه‌كێك له‌ په‌لاماره‌كانی چه‌كدارانی ڕێكخراوى تیرۆریستیی داعش، بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ى زه‌رگه‌ى سه‌ر به‌ قه‌زاى خورماتوو، پێشمه‌رگه‌یه‌كى خه‌ڵكى قه‌زای سۆران به‌ دیلی كه‌وته‌ ده‌ست ئه‌و چه‌كدارانه‌.


دواى سه‌ردانى قایمقامى خورماتوو بۆ لاى كه‌سوكارى پێشمه‌رگه‌ دیله‌كه‌ له‌ سۆران، بینرا كه‌ دۆخی خێزانى پێشمه‌رگه‌كه‌ ناهه‌مواره‌ و خاوه‌نى چوار منداڵه‌ و له‌ خانوویه‌كى كرێدا ده‌ژین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ خورماتوو لیژنه‌یه‌ك پێكهێنرا بۆ كۆكردنه‌وه‌ى هاوكارى بۆ ئه‌و ماڵباته‌ى پێشمه‌رگه‌ دیله‌، بۆ ئه‌وه‌ى خانوویه‌كیان بۆ بكڕن.


له‌م باره‌یه‌وه‌، محه‌مه‌د فایه‌ق، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ى كۆكردنه‌وه‌ى هاوكاریى مادیی بۆ خێزانى پێشمه‌رگه‌ دیله‌كه،‌ كه‌ هاوكات به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنى قایمقامیه‌تى خورماتووه‌، بۆ هه‌فته‌نامه‌ی (باس) ڕای گه‌یاند: "به‌شێكى زۆرى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى كه‌ له‌ میحوه‌رى خورماتوو له‌ سه‌نگه‌ره‌كاندان، خه‌ڵكى ناوچه‌ جیاجیاكانى كوردستانى باشوورن و به‌رگرى له‌ خه‌ڵك و خاكى پیرۆزى كوردستان ده‌كه‌ن، له‌ ماوه‌ى ڕابرووشدا توانیویانه‌ قاره‌مانانه‌ تیرۆریستانى داعش له‌ سنووره‌كانى خورماتوو ده‌ربكه‌ن، له‌ مانگى حوزه‌یرانی 2014ش كه‌ داعش به‌ چه‌ند كیلۆمه‌ترێكى كه‌م مابوو بێنه‌ ناوه‌ندى قه‌زاى خورماتوو، هه‌ر ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ ڕێگرییان لێیان كرد و هێرشه‌كانى ئه‌و تیرۆریستانه‌یان تێكشكاند".


ڕاشی گه‌یاند: "له‌ رۆژی 28/5/2017، پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌ ناوى سه‌ید ئه‌حمه‌د سوورچی، كه‌ خه‌ڵكى قه‌زاى سۆرانه‌، ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ په‌لامارێكى تیرۆریستانى داعش به‌ دیل كه‌وته‌ ده‌ستى داعش، ئیدى هه‌ست و سۆزى خه‌ڵكى خورماتوو بۆ پێشمه‌رگه‌ بێ ئه‌ندازه‌یه‌، كاتێك هه‌واڵی شه‌هیدكردنى پێشمه‌رگه‌یه‌ك بڵاو ده‌بێته‌وه‌، خه‌ڵك زۆر پێی ناڕه‌حه‌ت ده‌بێت وا هه‌ست ده‌كه‌ن نزیكترین كه‌سیان شه‌هید بووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌زانن كه‌ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ خه‌ڵك ده‌پارێزن، كاتێك ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ش به‌ دیل گیرا، قایمقامى خورماتوو سه‌ردانى ماڵباتی پێشمه‌رگه‌ دیله‌كه‌ى كرد و بینی كه‌ له‌ ڕووى ماددییه‌وه‌ دۆخیان خراپه‌ و له‌ خانووى كرێدا ده‌ژین، بۆیه‌ بڕیارى هاوكارىكردنیانمان دا".


محه‌مه‌د فایه‌ق، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد: "كه‌مپینێكى كۆكردنه‌وه‌ى هاوكاریى مادییمان ده‌ست پێكرد و توانیمان زیاتر 30 هه‌زار دۆلار (سێ ده‌فته‌ر) له‌ ماوه‌ى حه‌وت ڕۆژدا كۆ بكه‌ینه‌وه‌ و دواتر شاندێكى خورماتوو كه‌ پێكهاتبوون له‌ هاووڵاتییان و كه‌سایەتیی كۆمه‌ڵایه‌تى و ئایینیی خورماتوو سه‌ردانى سۆرانیان كرد و خانوویه‌كیان بۆیان كڕی و وه‌ك دیارییه‌ك پێشكه‌شی ماڵباتی ئه‌و پێشمه‌رگه‌ دیله‌یان كرد و ئه‌وان زۆر شایسته‌ى له‌وه‌ش زیاترن".


فایه‌ق، ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو: "له‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌ و شه‌ڕی داعشدا پێویسته‌ روحیه‌تى هاوكارى زیاتر په‌ره‌ى پێ بدرێت و ئێمه‌ش ئێستا كه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌مان دروست كردووه‌، بڕیارمان داوه‌ ناو به‌ناو كه‌مپینی هاوكاریى مادیى ده‌ست پێ بكه‌ین بۆ كه‌سوكارى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى كه‌ گیانیان به‌خت كردووه‌ له‌پێناو خاكى كوردستان و كه‌مدرامه‌تن، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستى یارمه‌تییان بۆ درێژ بكه‌ین".


پێوه‌ند به‌م باسه‌، محه‌مه‌د حه‌مید، وتارخوێن و پێشنوێژی مزگه‌وتى سه‌بوور له‌ قه‌زای خورماتوو، بۆ هه‌فته‌نامه‌ى (باس) ڕای گه‌یاند: "به‌ ڕاستی خێرێكى زۆر گه‌وره‌یه‌ له‌ لای خواى گه‌وره‌ كه‌ یارمه‌تیى كه‌مدرامه‌ت و هه‌ژاران بدرێت، به‌ تایبه‌ت بنه‌ماڵه‌ى شه‌هیدان و برینداران و به‌دیل كه‌وتووانى ده‌ستى چه‌كدارانی داعش، له‌ كۆكردنه‌وه‌ى هاوكاری مادیى بۆ كڕینی خانوویه‌ك بۆ خێزانى پێشمه‌رگه‌ دیله‌كه‌ی سۆران، مزگه‌وته‌كان ڕۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بووه‌ و توانراوه‌ زۆرترین پاره‌ى تێدا كۆ بكرێته‌وه‌ كه‌ موسڵمانان به‌خشیویانه‌".


وتارخوێن و پێشنوێژی مزگه‌وتى سه‌بوور له‌ قه‌زای خورماتوو، گوتیشی: "ئه‌و به‌خشینه‌ گه‌وره‌ترین ده‌سكه‌وته‌، چونكه‌ به‌م قه‌یرانه‌ قووڵه‌ داراییه‌ى كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان تێی كه‌وتووه‌، خێزانێك ڕزگار ده‌كه‌یت له‌ ده‌ست كرێچێتی، چ جای ئەوەی ئه‌و خێزانه‌ خێزانی پێشمه‌رگه‌یه‌كى كه‌مدرامه‌تى دیل بێت، ئه‌مه‌یان خێر و پاداشتی له‌ لای خواى گه‌وره‌ زۆرتره‌".

 

ئەلبوومی وێنەکان