رۆشنبیرانی كورد له‌ باكوور به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕێی 25ی ئه‌یلوول ده‌كه‌ن

سه‌ڤگی چه‌لیك، نووسه‌ر و رۆشنبیری كورد له‌ توركیا: پێویسته‌ هه‌موو كوردێك جا له‌ هه‌ر شوێنێكی دنیابێت پشتگیری له‌و هه‌نگاوه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات.

دیاریكردنی رۆژی 25ی ئه‌یلوول بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان، كوردانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستانی دڵخۆش كردووه‌ و رۆشنبیرانی هه‌ر چوار پارچه‌یش به‌ گرنگییه‌وه‌ له‌و هه‌نگاوه‌ ده‌ڕوانن و پشتگیری لێ ده‌كه‌ن.


له‌ باكوور كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر و رۆشنبیری كورد هه‌ن كه‌ پێیان وایه‌ ئه‌و خه‌باته‌ی كورد ده‌یان ساڵه‌ دژی داگیركار كردوویه‌تی، خه‌ریكه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌خوات و وه‌كو هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی تری دنیا كوردیش ده‌بێته‌ خاوه‌ن خاك و ده‌وڵه‌تی خۆی.


سه‌ڤگی چه‌لیك، نووسه‌ر و رۆشنبیری كورد له‌ توركیا، پێی وایه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ سایه‌ی پێشمه‌رگه‌دا، كه‌ توانی دژی گرووپی تیرۆرستی داعش بجه‌نگێت و خاكی خۆی بپارێزێت به‌ره‌و ده‌وڵه‌تبوون هه‌نگاو ده‌نێت و ده‌بێت به‌ هه‌مووشیانه‌وه‌ پشتگیریی لێ بكه‌ن.


چه‌لیك له‌ لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌ی (باس) ده‌ڵێت: "هه‌نگاوی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی شه‌ڕه‌فێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ هه‌موو كوردێك، پێویسته‌ هه‌موو كوردێك جا له‌ هه‌ر شوێنێكی دنیا بێت پشتگیری له‌و هه‌نگاوه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا بكات. من وه‌كوو نووسه‌رێك زۆر به‌ ئه‌رێنی و جۆش و خرۆشه‌وه‌ پێشوازی له‌و رۆژه‌ ده‌كه‌م و پێی دڵخۆشم ".


سوله‌یمان چه‌ڤیك، كه‌ ناوێكی دیاری دنیای نووسینه‌ له‌ توركیا و كورده‌، پێی وایه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ 1991 سه‌دام حوسێن په‌لاماری كوێتی دا و كوردیش توانی له‌ شاخ بێته‌ خواره‌وه‌ و هه‌رێمێك بۆ خۆی دروست بكات، ئیدی له‌و رۆژه‌وه‌ تا ئێستا پێشكه‌وتنه‌كانی ئه‌و هه‌رێمه‌ پاڵنه‌رێكی سه‌ره‌كی بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیر له‌ سه‌ربه‌خۆیی بكه‌نه‌وه‌.


ئه‌و تایبه‌ت بۆ (باس) ده‌ڵێت: "له‌ ساڵی 1991 كاتێك ئه‌مەریكا له‌ عێراق ناوچه‌ی دژه‌فڕینی دانا و گوتی نابێت عێڕاق په‌لاماری هه‌رێمی كوردستان بدات، له‌وكاته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراق جیا بووه‌وه‌ و ئه‌مەریكایش باش ده‌زانێت ئه‌م هه‌نگاوه‌ سه‌ربه‌خۆیی به‌دوادا دێت. سه‌ربه‌خۆیی بۆ هه‌رێمی كوردستان مافێكی ره‌وا و سروشتی كورده‌ و پێویست ناكات هیچ لایه‌نێك دژایه‌تیی بكات".


پێشی وایه‌، ئێستا توركیا و ئێران دژی ده‌وڵه‌تی كوردین له‌ عێراق، به‌ڵام سیاسه‌تی ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ گۆڕینی سیاسه‌تی ئه‌مەریكا بۆ ده‌وڵه‌تی كوردی گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، واته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مەریكا پشتگیریی بكات و شه‌رعییه‌ت بداته‌ ده‌وڵه‌تی كوردی، توركیایش هیچی پێ ناكرێت.


به‌ بۆچوونی گه‌نج ساغنج، هیچ وڵاتێكی دنیا یه‌كسه‌ر دان به‌ هه‌رێمی كوردستاندا نانێت كاتێك سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نێت، چونكه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ هه‌موویان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان عێراقێكی یه‌كپارچه‌یی و یه‌كگرتوو هه‌بێت، به‌ڵام په‌یوه‌ندیی باشی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دنیا هاوكێشه‌كه‌ ده‌گۆڕێت.


گه‌نج له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ (باس)، پێی وایه‌، بوونی زیاتر له‌ 60 نوێنه‌رایه‌تیی وڵاتانی دنیا له‌ هه‌رێمی كوردستان پێمان ده‌ڵێت، كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ره‌تاشدا دان به‌و ده‌وڵه‌ته‌دا نه‌نێن كه‌ به‌نیازن رایبگه‌یه‌نن، له‌ داهاتوودا بۆچوونیان ده‌گۆڕێت، چونكه‌ ناتوانن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندیی دیبلۆماسی له‌گه‌ڵ كوردستان بپچڕێنن و فه‌رامۆشی بكه‌ن.


هه‌ندێك له‌ نووسه‌رانی كورد و بیانی پێیان وایه‌، زۆر گرنگه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌ بڕوا به‌ حكوومه‌تی عێراق بهێنێن رێگه‌یان بدات جیا ببنه‌وه‌، چونكه‌ ئێستا هاوكێشه‌ سیاسییه‌كان وه‌كوو جاران نین و ئه‌گه‌ر هێزی ناوچه‌یی پشتگیریت بكات ده‌توانیت سه‌ربه‌خۆ بیت.


محه‌ممه‌د ئه‌مین ئۆزبیلان، نووسه‌ری دیاری كورد له‌ ئیسته‌نبۆڵ، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ (باس) له‌باره‌ی پرسی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌ڵێت: "هه‌ر میلله‌تێك گه‌ر بیه‌وێت سه‌ربه‌خۆ بێت و ببێته‌ خاوه‌ن وڵاتی خۆی، هێزی ناوچه‌كه‌ بڕیار له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌دات، نه‌ك لایه‌نی دیكه‌. هه‌روه‌ها له‌ ماده‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا هاتووه‌ كه‌ هه‌ر میلله‌تێك بیه‌وێت قه‌ده‌ری خۆی بۆ خۆی دیاری بكات و ببێته‌ خاوه‌ن وڵاتی خۆی، پێویسته‌ رێگری لێ نه‌كرێت و پشتگیری لێ بكرێت، له‌و روانگه‌یه‌وه‌ ده‌بێت هه‌وڵه‌كان پێش بخرێن و سوودیان لێ وه‌ربگرێت بۆ شه‌رعییه‌تدان به‌ ده‌وڵه‌تی كوردی".


له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌وه‌یش كرد، كه‌ ره‌نگه‌ دانوستاندنی نێوان كورد و حكوومه‌تی عێڕاق ساڵانێك بخایه‌نێت تا بگه‌نه‌ رێككه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان سه‌ربه‌خۆ بێت، واته‌  ناكرێت ئه‌و بابه‌ته‌ گرنگه‌ به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م بڕیاری له‌ باره‌وه‌ بدرێت، چونكه‌ داننانی حكوومه‌تی عێراق بۆ ده‌وڵه‌تی كوردی زۆر گرنگه‌، ئه‌مه‌یش ته‌نیا به‌ دانوستاندن ده‌كرێت.