چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

مەلا ئەحمەدی دێرێ بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە کوژرا

٢٥ ساڵ لەمەوبەر مەلا ئەحمەد کەسێکی کوشتبوو

دوای نوێژی هەینیی رۆژی ٧-٧-٢٠١٧ لەبەردەم مزگەوتی (رەحمان) لە شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی راپەڕین، مەلا حازم سدیق، ناسراو بە (مەلا ئەحمەدی دێرێ) کوژرا. ئەو مەلایە ١٣ ساڵ بوو لەو شارۆچکەیە نیشتەجێ بوو و بەرپرسی لقی زانایانی کۆمەڵی ئیسلامی بوو لە پشدەر، کەسوکارەکەی دەڵێن بکوژی مەلا ئەحمەد ناسراوە و بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە کوژراوە.


بەپێی قسەی شایەتحاڵەکانیش، کە لە کاتی رووداوەکە لە مزگەوت بوونە بکوژی ئەو مەلایە لەنێو ئەو مزگەوتە چاویلکەیەکی رەشی لە چاو کردووە و گوێی لە وتاری مەلا ئەحمەد گرتووە و دوای تەواوبوونی وتارەکەش، لەنێو تەکسییەک چاوەڕوان بووە تا مەلا هاتووەتە دەر و بە دەمانچەیەک ٦ گوللەی لە سەری و ٣ گوللەشی لە پیلی داوە و دەستبەجێ لەبەردەم مزگەوتەکە، مەلا ئەحمەد، گیانی لەدەست داوە و خۆیشی هەڵاتووە".


خەلیل عەبدوڵا، ئامۆزای مەلا ئەحمەد، دەڵێت: "ئێمە دەزانین کە بکوژی ئامۆزاکەمان کێیە و ناو و ناونیشانمان داوەتە هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەوەی دەستگیری بکەن و بە سزای خۆی بگەیەنن".


خەلیل دەڵێت: "٢٥ ساڵ لەمەوبەر مەلا ئەحمەد لە ئۆردوگای مەلا ئۆمەری سەر بە پارێزگای هەولێر کەسێکی بە قەزاوقەدەر لە دەست کوژرا، دوای ئەو رووداوە مەلا ئەحمەد رووی لە چەند شوێنێک کردووە، لەوانەش شارەکانی هەڵەبجە و قەڵادزێ و نەیدەتوانی بێتەوە دەڤەری ئاکرێ، کە خۆی خەڵکی ئەوێ بوو، ئەو بنەماڵەیەش کە کێشەیان لەگەڵیدا هەبوو ئامادە نەبوون سوڵحی عەشایەریی لەگەڵدا بکەن، تا کار گەیشتە ئەو رۆژە و کوشتیانەوە".


مەلا ئەحمەد ٤ کوڕر و کچێکی هەیە، لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی قەڵادزێ بە خاک سپێردرا و کەسوکارەکەیشی و کۆمەڵی ئیسلامییش پرسەیان بۆ دانەنا.


خەلیل دەڵێت: "ئێمە بە هاوکاریی کۆمەڵی ئیسلامی و خەڵکی قەڵادزێ، بە مەراسیمێکی جوان مەلا ئەحمەدمان بە خاک سپارد، بەڵام پێمان باش بوو پرسەی بۆ دانەنێین، چونکە بۆ ئێمە دەستگیرکردنی بکوژەکەی لە پرسە گرنگترە، ئێمە ئارەزوومان دەکرد گۆڕەکەی لە ئاکرێ بێت، بەڵام ئەو زۆر لە خەڵکی قەڵادزێ رازی بوو و دڵی پێ دەکرانەوە، بۆیە پێشتر وەسیەتی کردبوو لەدوای مردنی لە قەڵادزێ بنێژرێت، تەنانەت منداڵ و خێزانیشی دەیانەوێت لێرە بمێننەوە".


ئەو ئامۆزایەی مەلا ئەحمەد گوتیشی: "ئێمە بەردەوام ترسمان هەبوو لەو رووداوە، ئێستاش داواکاریمان ئەوەیە کە بکوژەکەی دەستگیر بکرێت و خەڵکیش واز لە کوشتن و کوشتار بهێنن و چی دیکە یەکتر نەکوژن، چونکە خەریکە کوشتن زۆر دەبێت و لەلای هەموو خەڵکەوە بووەتە جێگای مەترسی".


کوژرانی ئەو مامۆستا ئایینییە لە شارۆچکەی قەڵادزێ کاردانەوەی جیاوازی لێ کەوتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ئیدانەیان کرد، کۆمەڵی ئیسلامیش نایەوێت ئەو رووداوە بە سیاسی بکات.


بایز عەزیز، بەرپرسی ئەنجومەنی قەڵادزێی کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت: "کۆمەڵی ئیسلامی رووداوی کوشتنی مامۆستا ئەحمەدی بە سیاسی نەکردووە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە گلەییمان نەبێت لەوەی کە بکوژەکە دستگیر نەکراوە و توانیویەتی را بکات، بۆیە داواکارین بە زووترین کات بکوژەکە دەستگیر بکرێت و بە سزا بگەیەندرێت، چونکە ناسراوە و لەنێو مزگەوت بووە و بە کامێرای چاودێری وێنەی گیراوە".


بایز گوتیشی: "مەلا ئەحمەد کەسایەتییەکی بانگخوازی بەتوانا بوو، ئەو ١٣ ساڵ لەمەوبەر کە بارەگاکانی کۆمەڵ مووشەکباران کران لە هەورامان، هات لە قەڵادزێ نیشتەجێ بوو، هەر زوو لەگەڵ خەڵک تێکەڵ بوو".


ناوی راستەقینەی ئەو مەلا ئایینییە (حازم سدیق)ە، بەڵام بەپێی گوتەکانی ئەو بەرپرسەی کۆمەڵ ناسناوی (مەلا ئەحمەد دێرێ)ی لەوەوە پێ بەخشراوە، کە ئەندامانی کۆمەڵ هەموویان خاوەنی دوو ناون، ئەویش سەرەتا ئەحمەدی هەڵبژاردووە و دواتریش کە هاتووەتە قەڵادزێ، لەنێو خەڵکی گوندێ (دێرێ)ی قەزای پشدەر نیشتەجێ بووە و لەبەر باشیی خەڵکەکە لەگەڵیدا، خۆی وەک کەسێکی ئەو گوندە ناساندووە و ناسناوی مەلا ئەحمەد دێرێی لەخۆی ناوە.


شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت: "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو کەسەی کە تەقەی لە مەلا ئەحمەد کردووە خۆی لە شوێنێکی نادیار حەشار داوە و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی، فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە و هێزەکانمان بەدوایدا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی بیدۆزنەوە و دەستگیری بکەن"