چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

لەبەر نەبوونی گورچیله‌یەکم فرۆشت

رەعد: ئەو گورچیلەیە من بە ١٠ ملیۆن دۆلار دام بە دەڵاڵ، ئەو بە ١٥ ملیۆن فرۆشتبوویەوە

گەنجێکی خاوەن خێزانی بێدەرەتان، چیرۆكی فرۆشتنی گورچیله‌ی له‌ ڕێگه‌ی ده‌ڵاڵێكه‌وه‌، بۆ (باس) ده‌گێڕێته‌وه‌، کە له‌به‌ر كه‌مده‌رامه‌تی و هه‌ژاری گورچیله‌ی خۆی فرۆشتووه‌، وەک خۆیشی دەڵێ ئێستاش ئاماده‌یه‌ هه‌ر پارچه‌یه‌كی جه‌سته‌ی پاره‌ بكات بیفرۆشێت و جارێكی تر به‌ ده‌ستی خۆی، خۆی كه‌م ئه‌ندام بكاته‌وه‌. وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیش ده‌ڵێت: " ئه‌و كاره‌ به‌ یاسا قه‌ ده‌غه‌یه‌ و تاوانه‌".


به‌هۆی ئه‌و ته‌نگژه‌ داراییه‌وه‌ كه‌ له‌ كۆتایی ساڵی 2014 ڕووی لە هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، بەشیکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ڕووبه‌ڕووی بارێكی بژێویی سه‌خت بوونه‌ته‌وه‌، چه‌ندین رووداوی كۆمه‌ڵایه‌تیی نەشیاو، له‌نێو كۆمه‌ڵگای كوردستاندا سه‌ریان هه‌ڵداوه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ فرۆشتنی گورچیلەیە.

 

بژێویی ژیانم نه‌ماوه‌
ڕه‌عد، گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 23 ساڵی دانیشتووی شاره‌دێیەکی کوردستانە، كه‌ باوکی دوو منداڵه‌، ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ گورچیله‌ی خۆی فرۆشتووه‌. له‌باره‌ی فرۆشتنی گورچیله‌كه‌ی بۆ (باس) ده‌ڵێت: "بژێویی ژیانم زۆر خراپە، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی تووشی ڕووداوێك بوومه‌ و هیچ و كار و كاسبییه‌كم بۆ ناكرێت، قه‌رزارم و قه‌رزه‌كانم بۆ نادرێته‌وه‌، كرێچیم و كرێی چه‌ندین مانگم نه‌داوه‌ و دوو مانگیشە پاره‌ی ئاو و كاره‌بام نه‌داوه‌، بۆیه‌ گورچیله‌ی خۆم فرۆشتووه‌".

 

هه‌ر شتێكم هه‌بێ ده‌یفرۆشم
ڕه‌عد گوتیشی: "خراپیی باری ئابووری و هه‌ژاری وای لێ كردم په‌نا ببمه‌ به‌ر فرۆشتنی گورچیله‌كه‌م، ئێستا‌ش ئاماده‌م جگه‌رم، چاوم، ئه‌گه‌ر پێم بكرێت ده‌ست و قاچیش ده‌فرۆشم، هه‌ر شتێكم هه‌بێ بۆ كڕین ده‌یفرۆشم، بۆ ئه‌وه‌ی بژێویی ژیانی ماڵ و منداڵه‌كه‌م دابین بكه‌م و بێ ناز نه‌بن، ناتوانم ببینم خێزانه‌كه‌م چاوی له‌ ده‌ستی كه‌سانی تر بێت و هه‌موو ڕۆژێ خاوەن قەرزەکان بێنه‌ سه‌ر ماڵم، هه‌روه‌ها منداڵه‌كانم كه‌ گه‌وره‌ بوون نه‌ڵێن باوكمان به‌ نه‌بوونی ئێمه‌ی په‌روه‌رده‌ كردووه‌" .

 

ده‌ڵاڵی گورچیله‌
له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی فرۆ‌شتنی گورچیله‌كه‌ی، ڕه‌عد گوتی: "دوای ئه‌وه‌ی بڕیارم دا گورچیله‌كه‌م بفرۆشم، پرسیارم كرد له‌ خه‌ڵك، گوتیان كه‌سێك هه‌یه‌ ده‌ڵاڵه‌ و بۆت ده‌فرۆشێت، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ شوێنی ئه‌و كه‌سه‌م دۆزییه‌وه‌ و چوومه‌ لای، ناوی (ع) بوو، په‌یوه‌ندیم پێوه‌ كرد و گوتی گورچیله‌كه‌ت 10 ملیۆن دینار ده‌كات، ئەوبوو كڕیارێكی بۆ دۆزیمه‌وه‌، كه‌چی دواتر بیستم کە ئەو به‌ 15 ملیۆن دینار فرۆشتبووی".

 

له‌ده‌رەوه‌ی نه‌خۆشخانه‌
رەعد جەحت لەوە دەکاتەوە کە نەشتەرگەرییەکەی لە نەخۆشخانەیەکی ناوداری سلیمانی کردووە، بەڵام رێێکەوتنەکەی لەگەڵ دەڵاڵەکە لە دەرەوەی نەخۆشخانە بووە و لای نەخۆشخانەکە گوتویەتی، کە بە خۆبەخش و خێرخوازانە ئەو گورچیلەیەم دەبەخشم بەو نەخۆشەی پێویستی پێیەتی، دەشڵێ: ”دەڵالەکە پێی گوتم ده‌بێت گه‌وره‌یه‌ك هه‌بێت و واژۆت بۆ بكات، منیش گوتم كه‌سم نییه‌، گوتی كێشه‌ نییه‌ خۆم دوو كەس ده‌هێنم و ده‌یانكه‌م به‌ دایك و باوكت، به‌ڵام دواتر هاوسه‌ره‌كه‌م كرد به‌ وه‌لی ئه‌مری خۆم و وه‌رقه‌كه‌م برد بۆ ماڵه‌وه‌ و پێمگوت ئه‌م نووسراوه‌ هی کارێکی تایبەتیمە بۆم واژۆكه‌، ئه‌ویش كردی".

 

یه‌ك ژه‌می خواردن
ڕه‌عد به‌ نیگارانی و خه‌مێكی گه‌وره‌وە گوتی: ”داوای هاوكاری له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م شتێكم بۆ بكات، چونكه‌ قه‌یرانه‌ و هیج كارێك و شوێنیك نییه‌ ڕووی تێ بكه‌م و كاری تێدا بكه‌م، ڕۆژ هه‌بووه‌ یه‌ك ژه‌می نانمان خواردووه‌، چونكه‌ بۆم دابین نه‌كراوه‌، له‌به‌ر نه‌بوونی ماڵ و منداڵه‌كه‌م ناردووەته‌وه‌ ماڵی خه‌زوورم".

 

تاوانە و قەدەغەیە
پێوەند بەم پرسە، دكتۆر خاڵس قادر، گوته‌بێژی وه‌زارتی ته‌ندروستی بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "ئه‌و كاره‌ به‌ یاسا قه‌ده‌غه‌یه‌ و تاوانه‌، نابێت به‌رامبه‌ر بۆ‌ پاره‌ یان به‌ ناچاری و زۆره‌ملێ گورچیله‌ بفرۆشرێ، بەڵکوو ده‌بێ به‌پێی یاسا بێ، چونكه‌ نه‌خۆش و به‌خشه‌ر هه‌ردووكیان ئیمزا ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ڕێوشوێنی یاسایی و ڕه‌زامه‌ندی، نه‌‌ك بۆ كڕین و فرۆشتن“.


گوته‌بێژی وه‌زارتی ته‌ندروستی ئه‌وەشی خسته‌ ڕوو: "ئه‌و كه‌سانه‌ ئەگەر بناسرێن، ئه‌ركی پۆلیس و ئاساییشه‌ لێپرسینه‌وه‌یان لێ بكات و لە ‌ده‌زگا ته‌ندروستییه‌كان لێان قبووڵ ناكرێت و وه‌رناگیرێت“


د.خاڵس قادر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، ئه‌و لێژنه‌ی یاساییه‌ مه‌رجی ته‌ندروستیی ده‌روونی و جه‌سته‌یی به‌خشه‌ره‌كه‌ له‌خۆ ده‌گرێت، هه‌روه‌ها ئاسایش و پۆلیسیش.

 

نابێ تەشەنە بکات
لای خۆیەوە د. موسڵیح ئیروانیی كۆمه‌ڵناس و مامۆستای زانکۆ، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، هاوشێوه‌ی ئه‌م حاڵاتانه‌ ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان ته‌شه‌نه‌ بكەن، ئه‌وا تاوانی گه‌وره‌تریش به‌دوای خۆیدا دێنن، ئەمانە كێشه‌ی زۆر ترسناك و گه‌وره‌ن، كه‌ به‌ هۆی ئه‌و ته‌نگژه‌ی داراییەوە ڕووی له‌ هاووڵاتییان كردووه‌، پێویسته‌ ڕێكخراوه‌كان هاوكاریی خه‌ڵكی لۆكاڵیش بکه‌ن و ته‌نیا چاو نه‌خه‌نه‌ سه‌ر ئاواره‌ و په‌نابه‌ره‌كان، ئه‌م كێشه‌ و ئاسته‌نگانه‌ی ڕووبه‌رووی ڕه‌عد بوونەته‌وه‌، هیچ ئاواره‌یەك تووشی نەهاتووە.


هەروەها کۆمەڵناس هێمن ساڵح لەمبارەیوە گوتی: ”راستە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، هەژاری و دۆخی ناهەمواری ئابووری بەرۆکی زۆر خێزانی ئەم وڵاتەی گرتووە، بەڵام دەبێ بیر لە چارەسەری ماقوڵتر و باشتر بکەینەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو کێشانەدا، بۆ نموونە ئەو برا بەڕێزە ئەگەر لە خەمی ئەوەدایە منداڵەکانی لە هەژاری و نەبوونیدا نەژین، نابێ کارێکی وا نایاسایی و ناتەندروستی بکات، چونکە ئێستا ئەو تەنیا گورچیلەیەکی هەیە و بەو جۆرە ژیانی خۆی رووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە، بێگومان بەوەش ئایندەی منداڵەکانیشی دەکەوێتە مەترسییەوە، چونکە منداڵەکانی تەنیا ئەو شک دەبەن کە پشت و پەنا و بەخێوکەریان بێت، بۆیە ئەگەر بیری لە رێگەچارەی تر بکردایەتەوە، بۆ خۆشیی باشتر دەبوو“.


گوتیشی: ”هیچ کاتێک فرۆشتنی گورچیلە و ئەندامێکی جەستەی خۆت، هەژاری چارەسەر ناکات، بەڵکوو مرۆڤ هەژارتر دەبێ، چونکە چاودێریکردنی تەندروستییانەی مرۆڤی خاوەن یەک گورچیلە دنیایەک خەرجیی دەوێ، ئەی ئیتر ئەو کەسە چیی چارەسەر کرد؟ هیوادارم هیچ کەسێک بیر لەم جۆرە کارانە نەکاتەوە!“.