چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

دوایین زانیاری لەبارەی دوازدەهەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران

"ناوەندی بانگەشەی ئیبراهیم ڕەئیسی باس لە بوونی ساختەکاری دەکەن"

دوازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران و پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شار و گوندەکان کە ئەمڕۆ هەینی لە سەرتاسەری ئێران و وڵاتانی دیکە بەڕێوە چوو، هەتا کاتژمێر 12ی شەو بە کاتی تاران درێژ کراوەتەوە.

 

لە سەرجەم ئێراند 56 ملیۆن و 410 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبووە دوازدەیەمی خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران جیا لە ناوخۆی ئێران، لە 102 وڵات و 132 نوێنەرایەتیی ئێران لە دەرەوەی ئەو وڵاتە بەڕێوە چووە.

 

لە سەرجەم 31 پارێزگای ئێران63 هەزار و 249 سندووقی دەنگدان هەبووە، دەنگدان هەتا کاتژمیر 12ی شەو بە کاتی ئێران درێژ کراوەتەوە.

 

٣٥٠ هەزار پۆلیس و هێزی ئەمنی ئەرکی پاراستنی ئەمنیەتی هەڵبژاردنەکانی ئێرانیان لە ئەستۆ بووە.

 

بەپێی هەندێ ئامار و داتا کە بڵاو کراونەتەوە و بەپێی زانیاریی چالاکوانانی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات، ڕێژەی بەشداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەچاو چاوەڕوانییەکانی حکوومەتی ئێراندا نەبووە.

 

هاوکات شەش پارتی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هاوبەش دوازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێرانیان بایکۆت کردووە.

 

ئامارەکان باس لەوە دەکەن لە پارێزگای کرماشان لەکۆی یەک ملیۆن و 300 هەزار کەس کە مافی دەنگدانیان هەبووە، کەمتر لە 700 هەزار کەس دەنگیان داوە، لە پارێزگای سنە کە ڕێژەی بەشداری کەمتر بووە، کەمتر لە 400 هەزار کەس دەنگیان داوە، لە پارێزگای ورمێ کە زیاتر لە دوو ملیۆن مافی دەنگدانیان هەبووە، ڕێژەی بەشداریی خەڵک نەگەیشتووەتە یەک ملیۆن کەس، لە پارێزگای ئیلام کەمتر لە 200 هەزار کەس لە دەنگداندا بەشدارییان کردووە

 

بەپێی ئامارەکانی خودی حکوومەتی ئێران ڕێژەی بەشداریی خەڵک چوار پارێزگای سنە، ئیلام و کرماشان، و لوڕستان بەم چەشنە بووە، پارێزگای سنە 33%، پارێزگای کرماشان 38%، پارێزگای ئیلام و 50% و هەتا ئێستا ئاماری ورمێ بە ڕوونی بڵاو نەکراوەتەوە.

 

ئەنجومەنی پاراستنی دەستووری ئێران، زیاتر لە 100 هەزار چاودێری لە ناوخۆی ئێرانی بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکان دیاری کردبوو، لەبەر ئەوەی ئێران ئیزن بە چاودێرانی بیانی نادات، بە فەرمی چاودێریی هەڵبژاردنەکانی ئێران بکەن.

 

دوزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی ئێران کە تێیدا شەش بەربژێر بۆ ڕکابەریی شیاوێتیان هەڵبژێردرابوو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا محەمەباقر قالیباف، بەربژێری سەر بە باڵی بناژۆخواز لە بەرژەوەندیی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی کشایەوە و هاوکات ئیسحاق جەهانگیری بەربژێری باڵی بەناو ڕیفۆرمخواز لە بەرژەوەندیی حەسەن ڕۆحانی لە هەڵبژاردنەکان کشایەوە.

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پێنجەمین خولی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شار و گوند 265 هەزار بەرژێر بۆ دەستخستنی 125 هەزار کورسیی ئەنجومەنی شار و گەندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکەوە ڕکەبەرایەتی دەکەن.

  

ئەوەی جێگەی سەرنجە لایەنگران و بەتایبەتی ناوەندی بانگەشەی (ئیبراهیم ڕەئیسی) بەربژێری باڵی بناژۆخواز بە بڵاوکردنەوەی چەند ڕاگەیەندراوێک باسی ئەوەیان کردووە کە لە هەڵبژاردنەکاندا بە قازانجی حەسەن ڕۆحانی ساختەکاری کراوە و لە پارێزگای (ئەردەبێڵ) 8 کەس بە تۆمەتی ساختەکاری دەستگیر کراون.

 

هاوکات عەباسعەلی کەدخودایی گوتەبێژی ئەنجومەنی چاودێریی ئێران بۆ میدیاکانی ئێران ڕایگەیاندووە کە بە سەدان نامە و ڕاپۆرتی سکاڵایان لەبارەی ساختەکاری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری و ئەنجومی شار و گوندەکانی ئێران بە دەستیان گەیشتووە.