گه‌نجێكی خورماتوو چیرۆكى ڕفاندنى له‌ لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبی ده‌گێڕێته‌وه‌

"دڵم له‌نێو ده‌ستم دابوو و نه‌مده‌زانى كه‌ى به‌ گوللەیه‌ك كۆتایی به‌ ژیانم دێنن"

گه‌نجێكى خه‌ڵكى قه‌زاى خورماتوو، بۆ یه‌كه‌مین جار چیرۆكى ڕفاندنی له‌لایه‌ن چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ و پاشان مانه‌وه‌ى له‌ زیندانه‌كانی حه‌شد بۆ هه‌فته‌نامه‌ی (باس) ده‌گێڕێته‌وه‌ و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ حه‌شدى شه‌عبی خه‌ڵك ده‌ڕفێنن و ئه‌شكه‌نجه‌ و ئازاریان ده‌ده‌ن.


ئه‌حمه‌د، گه‌نجێكى ته‌مه‌ن 26 ساڵی خه‌ڵكى گه‌ڕه‌كى سه‌ربازیى قه‌زاى خورماتووه‌ و به‌ نه‌ته‌وه‌ عه‌ره‌به‌، ده‌رچووى كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی تكریته‌، چیرۆكى چۆنییه‌تى ڕفاندنی له‌ لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ بۆ (باس) گێڕایەوە و گوتی: "له‌گه‌ڵ براده‌رێكى كورد، له‌سه‌ر شه‌قامى گشتیى گه‌ڕه‌كى سه‌ربازى، دوكانێكى مۆبایلمان دانا و كڕین و فرۆشتنمان به‌ مۆبایله‌وه‌ ده‌كرد، رۆژانه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌چووم بۆ دوكان و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، دووریى نێوان ماڵمان و دوكانه‌كه‌ش كه‌متر له‌ 500 مه‌تر بوو. جارێكیان دواى مه‌غریب دوكانه‌كه‌م داخست و به‌ پیاده‌یی به‌ره‌و ماڵ كه‌وتمه‌ ڕێ، پێش گه‌یشتنم به‌ ماڵ، سێ چه‌كدار به‌زۆر منیان سوارى ئۆتۆمبێله‌كه‌یان كرد و رفاندمیان".


ئه‌و گه‌نجه‌، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد: "چه‌كداره‌كان دووانیان عه‌ره‌بی شیعه‌ و یه‌كێكیشیان توركمانی شیعه‌ بوون و جلی سه‌ربازییان له‌به‌ردا بوو و سینگیان هێمای حه‌شدى شه‌عبیی له‌سه‌ر بوو و به‌ شێوه‌یه‌كى زۆر ئاشكرا و به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ تاوانێكم كردبێت منیان ڕفاند. هه‌رچه‌نده‌ پاڕامه‌وه‌ كه‌ من هیچ كارێكى خراپم نه‌كردووه‌ و ئازادم بكه‌ن، به‌ڵام بێ سوود بوو و گوتیان ئێوه‌ تێكده‌رن و پێویسته‌ كۆتاییتان پێ بهێنرێت، منیش به‌رگریم له‌ خۆم كرد و گوتم، من هیچ كارێكى تێكده‌رانه‌م نه‌كردووه‌، بۆ به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن! له‌پڕ یه‌كێكیان بۆكسێكی كێشا به‌ لاچاومدا و گوتی: به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قسه‌ نه‌كه‌ی".


ئه‌حمه‌د، ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو: "ئۆتۆمبێله‌كه‌ له‌ خورماتووه‌ به‌ره‌و به‌غدا كه‌وته‌ ڕێ و له‌ بازگه‌كانى حه‌شدیش رانه‌ده‌وه‌ستان، به‌ڵام پێشتر پێیان ڕاگه‌یاندم كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك خۆت تێك نه‌ده‌یت و جموجۆڵ نه‌كه‌ی. کە سلێمان به‌گمان ده‌رباز كرد، ئینجا به‌ دووریی نزیكه‌ى 3 كیلۆمه‌تر گه‌یشتینه‌ ئه‌ودیوی ئامرلی، پاشان چه‌كداره‌كان چاومیان به‌ پارچه‌ قوماشێكى ڕه‌ش به‌سته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى نه‌زانم بۆ كوێ ده‌مبه‌ن، ئۆتۆمبێله‌كه‌ له‌سه‌ر شه‌قامى گشتی لای دا و كه‌وته‌ سه‌ر ڕێگه‌یه‌كى خۆڵاوی و نزیكه‌ى چاره‌كه‌ سه‌عاتێك له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگه‌ خۆڵاویه‌ رۆیشتین تا گه‌یشتینه‌ شوێنێك و ئۆتۆمبێله‌كه‌یان وه‌ستان، به‌ڵام دڵم له‌نێو ده‌ستمدا بوو و نه‌مده‌زانى كه‌ى به‌ گوللەیه‌ك كۆتایی به‌ ژیانم دێنن، چونكه‌ پێشتر چه‌كدارانى حه‌شد خه‌ڵكی دیکەیان ڕفاندووه‌ و به‌بێ هۆ كوشتوویانه‌. له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ به‌ چاوبه‌ستراوى و قۆڵ به‌ستراوییه‌وه‌ دابه‌زین، یه‌كێك له‌ چه‌كداره‌كان به‌ مۆبایل پێوه‌ندیی كرد به‌ یه‌كێك له‌ هاوكاره‌كانیان بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رگاكه‌ بكاته‌وه‌، ئه‌ویش ده‌رگاكه‌ى كرده‌وه‌ و منیان برده‌ ژووره‌وه‌ و پاشان منیان له‌ ژوورێكى تاكه‌كه‌سی دانا و چاویان كردمه‌وه‌ و بینیم ژووره‌كه‌ له‌ بلۆك دروست كراوه‌ و دوو به‌تانی و دوو سه‌رین و دوو دۆشه‌كى تێدایە و ده‌رگای ژووره‌كه‌ش پۆڵایین بوو، پێش ئه‌وه‌ى بمبه‌ن بۆ ئه‌و ژووره‌ مۆبایله‌كه‌یان لێم سه‌ند و دواتر نزیكه‌ى سەعات 1ى دوای نیوەشه‌و یه‌كێك له‌ چه‌كداره‌كان، بوتڵێك ئاوى بۆم هێنام و پێی گوتم بخه‌وه‌".


له‌باره‌ى ئازاره‌كانى مانه‌وه‌ى له‌ زیندانە تاكه‌كه‌سییه‌كى حه‌شدى شه‌عبی، ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت: "زۆر گریام بۆ ژیان و بێتاوانیى خۆم و ده‌مگوت خودایه‌ تۆڵه‌م بۆ بكه‌یته‌وه‌ كه‌ ئێستا كه‌وتوومه‌ته‌ به‌ر ده‌ستى ژماره‌یه‌ك جه‌لاد و خوانه‌ناس، دڵیشم هه‌ر لای ئه‌وه‌ بوو كه‌ یه‌كێك له‌ چه‌كداره‌كان بێته‌ ژووره‌وه‌ و به‌ گولله‌یه‌ك بمكوژێت، به‌ ڕاستی ئێستاش له‌ گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و به‌سه‌رهاته‌م موچڕكه‌ دێته‌ جه‌سته‌مه‌وه‌ و گیانم ده‌له‌رزێت. سەعات 8،30 خوله‌كى سه‌رله‌به‌یانى، یه‌كێك له‌ چه‌كداره‌كان كه‌ جلێكى سه‌ربازیى له‌به‌ردابوو، ده‌رگای ژووره‌كه‌ى كرده‌وه‌ و منی بانگ كرده‌ ده‌ره‌وه‌ و بینیم حه‌وشه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ و له‌ چه‌ند ژوورێك پێكهاتووه‌، هه‌ستم كرد له‌ناو ژووره‌كانی تریش خه‌ڵكى تر هه‌یه‌، به‌ڵام دواتر منیان برده‌ ژوورێكى گه‌وره‌، بینیم چه‌كدارێكى حه‌شدى شه‌عبی تێیدایه‌ كه‌ دیار بوو به‌رپرسی چه‌كداره‌كانى ئه‌وێ بوو، له‌پشت مێزێكه‌وه‌ دانیشتبوو و هه‌ر كه‌ چوومه‌ ژووره‌وه‌ گوتی دانیشه‌، ده‌ستى كرد به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵمدا كرد و گوتی، ئێوه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌ نه‌ژین و تاوانبارن. مه‌به‌ستى لە عه‌ره‌ب و كورد و توركمانی سوننه‌ بوو. زیاتر گوتی ئێوە هاوسۆزن له‌گه‌ڵ داعش، حه‌شدى شه‌عبی به‌رگری له‌ هاووڵاتییانى عێراق ده‌كات، كه‌چی ئێوه‌ش دژی ده‌وه‌ستنه‌وه‌ و قسه‌ی نابه‌جێی پێ ده‌ڵێن، پێویسته‌ كۆتایی به‌و بیركردنه‌وه‌تان بهێرێت".


گه‌نجه‌ ڕفێنراوه‌كه‌، درێژەی بە قسەکانی دا: "له‌و ژووره‌ى كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كردووه‌ و وێنه‌یه‌كى عه‌لی سیستانی و ئاڕمێكى گه‌وره‌ى حه‌شدى شه‌عبیی تێدا بووه، به‌رپرسی چه‌كداره‌كان پێی گوتم، ئه‌گه‌ر پێمان نه‌ڵێیت كێ له‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌تان دژی حه‌شدى شه‌عبی قسه‌ ده‌كات ده‌تكوژین، گوتم، هیچ كه‌سێك پێ نازانم دژ به‌ ئێوه‌ قسه‌ى كرد بێت و ئێوه‌ به‌ بێ هۆ منتان ده‌ستگیر كردووه‌ و من هه‌رگیز چه‌كداریم نه‌كردووه‌ و چه‌ند ساڵێكیشه‌ كۆلیژم ته‌واو كردووه‌ و بۆ خۆم دوكانێكم داناوه‌. له‌پڕ هه‌ستایه‌وه‌ سه‌ر پێی و شه‌قێكی له‌ شانی لای ڕاستم دا كه‌ زۆر ئازارى دام و دواتر بانگى پاسه‌وانه‌كه‌ى كرد و گوتی بیبه‌ ده‌ره‌وه‌، جارێكى تر بردمیانەوە بۆ ژووره‌ تاكه‌كه‌سییه‌کە، بۆ نیوه‌ڕۆش دوو سه‌موون و بوتڵێك ئاو و قاپێكى شۆربای نیسكیان بۆ هێنام و ئه‌و رۆژه‌ش تا به‌یانییه‌كه‌ى له‌و ژووره‌ مامه‌وه‌ و هه‌ر نزام ده‌كرد كه‌ ڕزگار ببم".


گوتیشی: "ڕۆژێكیان گوێم له‌ ده‌نگى هاوار بوو، دیار بوو چه‌كداره‌كانى حه‌شد ئازارى خەڵکی دیکەیان ده‌دا. ئێوارەیەک چه‌كدارێک هاته‌ ژووره‌وه‌ و به‌ قاییش كه‌وته‌ لێدانم و زۆر ئازارى دام، له‌ كاتى لێدانه‌كه‌شدا به‌ هاوار ده‌یگوت، هه‌رگیز جوێن و قسه‌ى خراپ به‌ حه‌شد نه‌ڵێن ئه‌گینا به‌ ئازاره‌وه‌ ده‌تانكوژین، منیش هیچ ده‌سه‌ڵاتێكم نه‌بوو، ئیتر له‌ ماوى 9 رۆژی مانه‌وه‌ له‌ زیندانه‌كانى حه‌شد، رۆژانه‌ لێدان و سووكایه‌تییان پێ ده‌كردم، منیش به‌ ئه‌سپایی له‌به‌رخۆمه‌وه‌ ده‌مگوت نه‌فره‌ت له‌وه‌ى كه‌ حه‌شدى شه‌عبیی هێنایه‌ سنووره‌كه‌مان و نه‌فره‌ت له‌ تیرۆریستانى داعش كه‌ به‌ بیانووى ئه‌وانه‌وه‌ حه‌شد دروست بوو، نه‌فره‌ت له‌ سیاسییه‌ سوننه‌كانی عێراق كه‌ به‌شێكیان خۆیان به‌ ئێران فرۆشتووه‌ و به‌شه‌كه‌ى تریشیان به‌ توركیا و له‌ خورماتووش چه‌كدارانى حه‌شد به‌ به‌رده‌وامى خه‌ڵك ده‌كوژن و ده‌ڕفێنن، به‌ڵام كه‌س ناوێرێت باسی تاوانه‌كانى حه‌شد بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ى كوژرانی".


سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تیى ئازادكردنى، ڕای گه‌یاند: "رۆژێكیان چه‌كداره‌كان هاتن و منیان هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ژوورى به‌رپرسه‌كه‌یان كه‌ پێیان ده‌گوت (سەید)، ئەویش پێی ڕاگه‌یاندم كه‌ ئازادت ده‌كه‌ین، به‌ڵام پێویسته‌ هه‌رگیز به‌ خراپی باسی حه‌شد نه‌كه‌ن و بۆمان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ تۆش سه‌رقاڵی كه‌سابه‌تی خۆتیت و حه‌قت به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ نییه‌ و باوكت و یه‌كێك له‌ براكانت له‌ زۆر شوێن جوێنیان به‌ حه‌شدى شه‌عبی داوه‌ و سزای ئه‌وانیش به‌ مادده‌ ده‌كرێت، ئێستا ڕێگه‌ت ده‌ده‌ین پێوه‌ندى به‌ باوكته‌وه‌ بكه‌یت و له‌به‌رامبه‌ر 20 هه‌زار دۆلار ئازادت ده‌كه‌ین. مۆبایله‌كه‌ى خۆمى پێ دامه‌وه‌ و پێوه‌ندیم كرد به‌ باوكمه‌وه‌ و هه‌ر كه‌ باوكم مۆبایله‌كه‌ى هه‌ڵگرت و گوێی له‌ ده‌نگم بوو، ده‌ستى كرد به‌ گریان و ده‌یگوت تۆ له‌ كوێی، منیش گوتم له‌ شوێنێكى پارێزراوم و پێویسته‌ دوو ده‌فته‌ر دۆلار ئاماده‌ بكه‌یت تا بێمه‌وه‌ بۆ ماڵ، ئیتر بۆ به‌یانییه‌كه‌ له‌پێش سه‌ید ته‌له‌فۆنم بۆ باوكم كرده‌وه‌ و باوكیشم گوتی، پاره‌كه‌ ئاماده‌یه‌ بیده‌ین به‌ كێ، سه‌یدیش گوتى، پێی بڵێت ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌ر كه‌سێك بزانێت ئه‌وا ئه‌مجاره‌یان كۆتاییتان پێ ده‌هێنرێت، گوتم نا خه‌مت نه‌بێت. سه‌ید گوتی به‌ باوكت بڵێ یه‌ك سەعاتی تر له‌ شه‌قامى گشتیی گه‌ڕه‌كى سه‌ربازى له‌ نزیك مزگه‌وتی شوهه‌دا، ئۆتۆمبێلێكى جۆرى (بی ئێم ده‌بلیو) ڕه‌نگ نیلی، بێ ژماره‌ دێت كه‌ 3 كه‌سی تێدایه‌، پاره‌كه‌ بدات به‌وان".


هه‌روه‌ك گه‌نجه‌كه‌ بۆ (باس) ڕاشی گه‌یاند: "بۆ شه‌وه‌كه‌ى هه‌ر ئه‌و سێ چه‌كداره‌ى كه‌ یه‌كه‌م جار منیان ڕفاند هاتن و ده‌رگای زیندانییه‌كه‌یان كرده‌وه‌ و منیان سواری هه‌مان ئۆتۆمبێل كرده‌وه‌ كه‌ پێشتر ڕفاندمیان و به‌ره‌و ئاراسته‌ى خورماتوو كه‌وته‌ ڕێ و له‌ نزیك سایلۆی خورماتوو منیان ئازاد كرد، به‌ڵام دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رگیز باسی ڕفاندنه‌كه‌ی و پێدانى ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ نه‌كەم كه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئازادكردنم دراوه‌، بۆیە له‌ به‌ر حه‌شدى شه‌عبی به‌ خێزانه‌وه‌ كۆچمان كردووه‌ بۆ شارى كه‌ركووك و ده‌مانه‌وێت ڕێگه‌یه‌ك بدۆزینه‌وه‌ تا به‌ خێزانه‌وه‌ به‌ره‌و یه‌كێك له‌ وڵاته‌ ئه‌وروپییه‌كان بڕۆین، چونكه‌ ژیان له‌ خورماتوو زۆر ئه‌سته‌م بووه‌ و چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبی كرده‌وه‌ى تیرۆریستى ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ كه‌س و لایه‌نێك بڵێت بۆ وا ده‌كه‌ن".