دۆزینه‌وه‌ى ته‌رم له‌ كه‌ركووك له‌ حاڵه‌ته‌وه‌ بووه‌ته‌ دیارده‌

به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی قه‌زا و ناحیه‌كان: ده‌زگا ته‌ناهییه‌كان زۆر كه‌سیان ده‌ستگیر كردووه‌

له‌ كه‌ركووك ته‌رمی چوار كه‌س دۆزراوەتە‌وه‌، له‌ گه‌ڕه‌كى پیشه‌سازیى كه‌ركووك ته‌رمى دوو کەس دۆزراوەته‌وه‌ كه‌ شوێنەوارى گولله‌ به‌ جه‌سته‌یانه‌وه‌ بووە، له‌نزیك شاره‌دێی له‌یلانی سه‌ر به‌ كه‌ركووك ته‌رمى شه‌ش كه‌س دۆزراونه‌تەوه‌ كه‌ شوێنەوارى ئه‌شكه‌نجه‌ به‌ جه‌سته‌یانه‌وه‌ بووە، له‌ كه‌ركووكیش ته‌رمى ئافره‌تێك به‌ قۆڵبه‌ستراوى دۆزراوەته‌وه‌، ئه‌مانه‌ مانشێتى رۆژانه‌ی ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندنه‌ و (باس) بەدوایدا چووە.


ڕه‌سول مه‌لا جه‌عفه‌ر، دانیشتووى گه‌ڕه‌كى ئازادیى شارى كه‌ركووكه‌، گوتی: "فڕێدانى ته‌رم له‌ كه‌ركووك زۆر بووه‌ و ده‌زگا ته‌ناهییه‌كانیش وه‌ك پێویست نه‌یانتوانیوه‌ تاوانبارانى كوشتن ده‌ستگیر بكه‌ن، ئه‌مه‌ش واى كردووه‌ هه‌ر كه‌سێك له‌ كه‌ركووك بیه‌وێت كه‌سێك بكوژێت، به‌ ئاسانى ده‌توانێت ئه‌و كاره‌ بكات و دواتر ته‌رمه‌كه‌ى له‌ شوێنێك فڕێ بدات".


گوتیشی: "رۆژانه‌ ده‌بیستین و ده‌بینین كه‌ ته‌رم له‌ سنوورى كه‌ركووك ده‌دۆزرێنه‌وه‌، به‌ڵام زۆر به‌ كه‌مى بینیومانه‌ بكوژانى ئه‌و كه‌سانه‌ ئاشكرا و ده‌ستگیر بكرێن و ڕاپێچی به‌رده‌م دادگا بكرێن، ئێستا كرده‌وه‌ى ته‌قینه‌وه‌ له‌ كه‌ركووك كه‌م بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دۆزینه‌وه‌ و فڕێدانى ته‌رم زۆر بووه‌".


ئه‌یاد غازی، دانیشتووى گه‌ڕه‌كى ئه‌سرا و مه‌فقودینی کەرکووکە، دەڵێ: "ئێستا به‌ ناچارى زۆربه‌ى هاووڵاتییان له‌ كه‌ركووك بۆ پاراستنی خۆیان چه‌ك هه‌ڵده‌گرن و له‌پێش ماڵه‌كانیشیان كامێرای چاودێری داده‌نێن، واتا ژیانمان مسۆگه‌ر نییه‌".


ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد: "له‌ كه‌ركووك خه‌ڵك هه‌بووه‌ چووه‌ بۆ سه‌فره‌، له‌وێ ته‌رمیان دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ شوێنەواری گولله‌ به‌ جه‌سته‌یەوه‌ بووه‌ و دواى ئه‌وه‌ى به‌ ده‌زگا ته‌ناهییه‌كان ڕاگه‌یاندراوه‌ كه‌ ته‌رم له‌ فڵان شوێندا هەیە و دواتر ته‌رمه‌كان گواسراونه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ى پزیشكیى دادوه‌رى له‌ كه‌ركووك و ئینجا ڕاده‌ستى كه‌سوكاره‌كانیان كراوه‌".


له‌م باره‌یەوه‌، عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی قه‌زا و ناحیه‌كانى كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "بابه‌تى فڕێدانى ته‌رم له‌ كه‌ركووك جۆراوجۆره‌، هه‌یه‌ له‌سه‌ر بابه‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى كوژراوه‌ و دواتر ته‌رمه‌كه‌ى فڕێ دراوه‌، زۆر جار هه‌ش بووه‌ ته‌رمه‌كه‌ فڕێ دراوه‌ و هیچ ناسنامه‌یه‌كى پێ نه‌بووه‌ و نه‌ناسراوه‌ته‌وه‌".
گوتیشی: "ده‌زگا ته‌ناهییه‌كان زۆر كه‌سیان ده‌ستگیر كردووه‌ كه‌ تاوانى كوشتنیان ئەنجام داوە و دواتر ته‌رمه‌كانیان فڕێ داوه‌، هۆكاره‌كانى كوشتن زیاتر بۆ بابه‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى و عه‌شایه‌ری و پاره‌ بووه‌".


پێوه‌ند به‌م باسه‌، فه‌رهاد حه‌مه‌عه‌لی، گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى ئاسایشی كه‌ركووك، ڕای دەگەیەنێ: "به‌داخه‌وه‌ دیارده‌ى فڕێدانى ته‌رم له‌ كه‌ركووك په‌ره‌ى سه‌ندووه‌، به‌ڵام هێزه‌ ته‌ناهییه‌كانیش ده‌سته‌وه‌ستان نه‌وه‌ستاون و زۆر كه‌سیان ده‌ستگیر كردووه‌ كه‌ تاوانى كوشتنیان ئه‌نجام داوه‌، به‌ڵام دواى لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ركه‌وتووه‌ زیاتر به‌هۆی بابه‌تى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ بوونه‌".


گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى ئاسایشی كه‌ركووك، ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو: "ئێستاش به‌ هه‌موو لایه‌كمانه‌وه‌ له‌ هه‌وڵی نه‌هێشتنی ئه‌و تاوانانه‌داین له‌ كه‌ركووك، دووپاتیشى ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ش زیاتر به‌هۆی تیرۆره‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكوو به‌هۆی كێشه‌ى وه‌ك قه‌رز و دوژمنایه‌تی و ئافره‌ت و زۆر شتى تر‌ەوەیە، له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كان ئێستا له‌ شارى كه‌ركووك بوونى ئاواره‌یه‌كى ئێكجار زۆره‌، ئه‌وانه‌ش له‌ شوێنى خۆیان ڕه‌نگه‌ كێشه‌یان هه‌بووبێت و ئێستاش له‌ناو یه‌كدان و یه‌كدی ده‌كوژن و دواتر ته‌رمه‌كان فڕێ ده‌ده‌ن، دیارده‌ى چه‌كداریش له‌ كه‌ركووك كوشتنی زیاتر كردووه‌".


سه‌رچاوه‌یه‌كى ته‌ناهی له‌ كه‌ركووك، كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكه‌ین بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "له‌ سه‌ره‌تای ساڵی نوێوه‌ تا ئێستا له‌ كه‌ركووك 27 ته‌رم له‌ شوێنه‌ جیاجیاكانى كه‌ركووك دۆزراونه‌ته‌وه‌".


هەروەها عه‌مید خه‌تاب عومه‌ر، فه‌رمانده‌ی گشتیی پۆلیسی كه‌ركووك، بۆ (باس)ی ڕای گه‌یاند: "ماوه‌یه‌كه‌ له‌ كه‌ركووك تاوانى جۆراوجۆر زیادی كردووە، بۆیه‌ بڕیارمان دا به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌ڵگرتنی چەک و لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی جامڕه‌ش، هه‌ر كه‌سێكى مه‌ده‌نی ببینرێت چه‌كى هه‌ڵگرتبێت ده‌ستگیر ده‌كرێت و به‌شێوه‌یه‌كى یاساییانه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و هه‌ر ئۆتۆمبێلێكى جام ڕه‌شیش ببینرێت ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت، ئه‌و شوێنانه‌ش کە كڕین و فرۆشتنی چه‌کیان تێیدا ده‌كرێت داده‌خرێن و ئێستاش ده‌ست گیراوه‌ به‌ سه‌ر چه‌ند پاره‌چه‌ چه‌كێكى بێ مۆڵه‌تدا".