چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

ئایا سەڵاحه‌دین ده‌میرتاش ئازاد ده‌كرێت؟

"ئه‌ردۆگان له‌گه‌ڵ ده‌میرتاشێكی به‌هێز گفتوگۆ بكات باشتره‌ یان لەگەڵ په‌كه‌كه‌یه‌كی خاوه‌ن چه‌ك و هاوپه‌یمانی ئێران و سووریا؟

به‌رله‌وه‌ی توركیا پێ بنێته‌ ناو ریفراندۆمه‌وه‌، سەڵاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ و 9 ئه‌ندام په‌رله‌مانی دیكه‌ی هه‌ده‌په‌ ده‌ستگیر كران، ئه‌و تۆمه‌ته‌ی درابووه‌ پاڵ هه‌موویان پاڵپشتیكردنیان بووه‌ له‌ په‌كه‌كه‌، كه‌ به‌ یاسا په‌كه‌كه‌ به‌ لای توركیا و ئەوروپا و ئەمریکاوە تیرۆریسته‌.


ده‌ركه‌وت له‌ پروپاگەنده‌ی ریفراندۆمدا بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری توركیا جێگه‌ی ده‌میرتاش دیار بوو، ته‌نانه‌ت هه‌ده‌په‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ گه‌رموگوڕییه‌وه‌ پروپاگەنده‌ی نه‌ده‌كرد و ده‌یگوت هاوسه‌رۆكانمان له‌ زیندانن. ئه‌نجام ئاكپارتی توانی به‌ 51%ی ده‌نگی (به‌ڵێ) ده‌ستوور هه‌موار بكاته‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا باس له‌ ئازادكردنی ده‌میرتاش ده‌كرێت، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی سیاسه‌تی ئاكپارتی به‌رامبه‌ر به‌ كورد گۆڕانی تێدا به‌دی بكرێت.


پاڵپشتیكردنی كوردانی باكوور بۆ ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆگان له‌ ریفراندۆمدا، ئه‌و په‌یامه‌ی پێ بوو كه‌ سه‌رۆكه‌كه‌یان ده‌میرتاش له‌ زیندان ئازاد بكات، چونكه‌ ده‌نگدان به‌ (به‌ڵێ) پێمان ده‌ڵێت كورد له‌گه‌ڵ شه‌ڕدا نییه‌ و ده‌یه‌وێت خه‌بات بباته‌وه‌ ناو په‌رله‌مانی توركیا، به‌ زیندانیكردنی ده‌میرتاش و هاوه‌ڵانیشی هیچ شتێك بۆ كورد نامێنێته‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان، ناچار روو له‌ قه‌ندیل ده‌كه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ كاتێك باكوورییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌نگیان دا كه‌ هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ده‌توانێت به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردن بشكێنێت و 10%ی ده‌نگه‌كان بهێنێت، هه‌روه‌ها پاڵپشتیكردنی ئه‌ردۆگانیش به‌و مانایه‌ دێت په‌رله‌مان باشترین شوێنه‌ بۆ كورده‌كان تا مافی خۆیانی تێدا به‌ده‌ست بهێنن.


ده‌میركایه‌، نووسه‌ری دیاری توركیا، پێی وایه‌ سەڵاحه‌دین ده‌میرتاش له‌ زیندان ئازاد ده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌و دۆسییانه‌ی له‌ دادگا دژی كراونەته‌وه‌ كه‌ خۆی له‌ 100 دۆسیه‌ ده‌دات، شایه‌نی ئه‌وه‌ نین ئه‌وی پێ زیندانی بكرێت.


ئه‌و له‌ گوته‌یه‌كیدا بۆ كه‌ناڵی (سی ئێن ئێن)ـی توركی، پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر به‌ر له‌ ریفراندۆم باسی ئازادكردنی ده‌میرتاشت بكرایه‌، زۆر ئه‌سته‌م بوو و ره‌خنه‌ی زۆریشت لێ ده‌گیرا، به‌ڵام ئێستا كه‌شوهه‌وای سیاسی گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌ و كۆبوونه‌وه‌ نهێنییه‌كانی ناو ئاكپارتی پێمان ده‌ڵێن به‌رنامه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ ئازادكردنی. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یش ئه‌وكات سه‌رده‌گرێت كه‌ ئاكپارتی بڕیاری دابێت سیاسه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ كورد و هه‌ده‌په‌ بگۆڕێت.


ئازادكردنی ده‌میرتاش هاوكێشه‌ی سیاسی له‌ توركیا زۆر ده‌گۆڕێت، بۆ نموونه‌ ئیدی هه‌ده‌په‌ له‌ناو په‌رله‌مان به‌هێزتر ده‌بێته‌وه‌ و پێگه‌ی قه‌ندیلیش ئه‌و قورساییه‌ی نامێنێت، چونكه‌ پێشتر ده‌میرتاش تا ئاستێكی زۆر به‌ گوته‌ی قه‌ندیل سیاسه‌تی ده‌كرد و دژایه‌تیی ئه‌ردۆگانی ده‌كرد، له‌ كاتێكدا ئه‌و قورساییه‌ی ئه‌و هه‌یبوو له‌ باكوور هیچ پێویستی به‌و ترسه‌ نه‌ده‌كرد له‌ قه‌ندیل، به‌ تایبه‌ت كاتێك له‌ پرسی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تیدا هه‌ده‌په‌ به‌ ئاشكرا گولله‌كانی له‌ ئه‌ردۆگان ده‌دا. ئه‌وه‌یشی وای كرد ئاكپارتی سیاسه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌ده‌په‌ و ده‌میرتاش بگۆڕێت، به‌ توركیاكردنی هه‌ده‌په‌ بوو كاتێك له‌دوای هه‌ڵبژاردنی 7ی حوزه‌یران هه‌ده‌په‌ توانی 80 كورسیی په‌رله‌مانی بهێنێت، ئه‌وكات ده‌میرتاش له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: "ئیدی هه‌ده‌په‌ وه‌كو پارتێكی كوردی ته‌ماشا مه‌كه‌ن، به‌ڵكوو هه‌ده‌په‌ پارتێكی توركیاییه‌".


ئاشكرایه‌ په‌كه‌كه‌ له‌ ده‌ستووری توركیا وه‌كو رێكخراوێكی تیرۆرستی ناسراوه‌ و پێویسته‌ هه‌موو پارته‌كانی توركیایش وه‌كو تیرۆرست ناوی ببه‌ن، كاتێك هه‌ده‌په‌ په‌كه‌كه‌ی وه‌كو تیرۆرست ناو نه‌برد و له‌ زۆر شوێنیشدا پاڵپشتیی له‌ سیاسه‌تی خه‌نده‌ق كرد، ئیدی حكوومه‌ته‌كه‌ی ئاكپارتییش گوتی مادام پارتێكی توركیاییت و په‌كه‌كه‌ت پێ تیرۆرست نییه‌، كه‌واته‌ جێگه‌ت له‌ په‌له‌ماندا نییه‌، جێگه‌ی تۆ یان زیندان یان قه‌ندیله‌.


ده‌ستگیركردنی ده‌میرتاش و هاوه‌ڵانیشی هیچ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر باكوور نه‌بوو به‌وه‌ی بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قام و داوای ئازادكردنی بكه‌ن، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوه‌تی هه‌ده‌پەیان فه‌رامۆش كردووه‌، به‌ڵكوو تووڕه‌ن له‌و سیاسه‌ته‌ی هه‌ده‌په‌ دوای هه‌ڵبژاردنی 7ی حوزه‌یران، كه‌ به‌ گوته‌ی قه‌ندیل سیاسه‌تی ده‌كرد، له‌ كاتێكدا ئه‌وان ویستیان په‌رله‌مان جێگه‌ی شه‌ڕی كورد و حكوومه‌تی توركیا بێت.


زۆر له‌ چاودێرانی سیاسی له‌ توركیا، پێیان وایه‌ ئازادكردنی ده‌میرتاش نزیك بووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بڕیار بێت ئه‌ردۆگان لاپه‌ڕەیه‌كی تازه‌ له‌گەڵ كورده‌كان هه‌ڵبداته‌وه‌، پێویسته‌ ده‌میرتاش له‌ زیندان ئازاد بكات و بۆ پرسی كوردیش زیاتر له‌ هه‌ده‌په‌ نزیك ببێته‌وه‌ نه‌ك لە په‌كه‌كه‌. ئه‌گه‌ر سه‌یری سیاسه‌تی هه‌ده‌په‌یش بكه‌ین، دوای ریفراندۆم ئه‌و توندییه‌ی پێشووتری پێوه‌ دیار نییه‌ و ده‌یه‌وێت نه‌رمتر بێت له‌گه‌ڵ ئاكپارتی و ئه‌ردۆگاندا.


ئاكپارتی باش ده‌زانێت ئه‌گه‌ر ده‌میرتاش ئازاد بكات، ئه‌و وه‌كوو سه‌ركرده‌یه‌ك پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری و كه‌سایه‌تیی له‌ جاران به‌هێزتر ده‌بێت، چونكه‌ هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌ك كه‌ له‌ زیندان بێت و پاشان ئازاد بكرێت وه‌كو شۆڕشگێڕێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و ده‌ناسرێت، بۆیه‌ ئازادكردنی ده‌میرتاش هه‌ده‌په‌ به‌هێزتر ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام له‌ لایه‌كی دیكەوە‌ توركیایش به‌هێز ده‌كاته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌وروپا، هه‌روه‌ها بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كوردیش، ئه‌ردۆگان له‌گه‌ڵ ده‌میرتاشێكی به‌هێز گفتوگۆ بكات باشتره‌، وه‌ك له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌یه‌كی خاوه‌ن چه‌ك و هاوپه‌یمانی ئێران و رووسیا و سووریا.


زۆرێك له‌ نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسانی ناو ئاكپارتی و بێلایه‌نه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ده‌یانه‌وێت ئه‌و په‌یامه‌ به‌گوێی ئه‌ردۆگاندا بده‌ن كه‌ كاتی هاتووه‌ ده‌میرتاش له‌ زیندان ئازاد بكرێت، چونكه‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و له‌ زیندان كێشه‌كان زیاتر قووڵ ده‌كاته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت بۆ دیموكراتییه‌تی توركیا زیانێكی زۆری هه‌یه‌. ئه‌و نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسانه‌ زیاتر له‌ رێگه‌ی به‌شداریكردنیان له‌ به‌رنامه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنیدا داوای ئازادكردنی ده‌میرتاش ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها نووسه‌ره‌ نزیكه‌كانی ئاكپارتییش ئاشكرای ده‌كه‌ن له‌ كۆبوونه‌وه‌ نهێنییه‌كانی ناو ئاكپارتی ئه‌و بابه‌ته‌ زۆر به‌ڕاشكاوانه‌ باسی لێوه‌ كراوه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی له‌ کۆنگره‌ی نائاسایی ئاكپارتیدا كه‌ بڕیاره‌ 21ی ئه‌م مانگه‌ ببه‌سترێت و ئه‌ردۆگان ببێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆكی ئاكپارتی، ئیدی ئازادكردنی ده‌میرتاشیش به‌جدی له‌ناو ئاكپارتی قسه‌ی له‌سەر ده‌كرێت.