كه‌ركووك له‌ ته‌عریبه‌وه‌ بۆ ته‌عریبێكی تر

جگه‌ له‌ عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان، 400 هه‌زار عه‌ره‌بی ئاوارەی عێراقی له‌ كه‌ركووكدان

ئه‌گه‌رچی رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو هه‌موو هه‌وڵێكی خۆی خسته‌ گه‌ڕ بۆ ته‌عریبكردنی كه‌ركووك و تا ئێستا نه‌توانراوه‌ ئاسه‌واره‌كانی ته‌عریب له‌و پارێزگایه‌ بسڕێته‌وه‌، ئێستاش به‌هۆی بوونی هه‌زاران ئاواره‌ له‌ كه‌ركووك، جارێكی تر كه‌ركووك به‌ره‌و ته‌عریبێكی تر ده‌بات.


سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له‌ كه‌ركووك، كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكه‌ین، تایبه‌ت بۆ هه‌فته‌نامه‌ی (باس) ڕای گه‌یاند: "له‌ چه‌ند رۆژی ڕابردوودا وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق، كاتێك كه‌ كارتی نیشتمانیی نارد بۆ كه‌ركووك، له‌ شوێنی له‌دایكبوون له‌بری ئه‌وه‌ى بنووسرێت كه‌ركووك نووسرابوو ته‌ئمیم، دوای دوو رۆژ له‌ ده‌رهێنانی ئه‌و كارته‌ به‌ هۆی ئه‌و وشه‌یه‌وه‌ ڕاگیرا. بەشێك له‌ به‌رپرسانی عه‌ره‌به‌ شوڤێنییه‌كانی كه‌ركووك و ده‌ره‌وه‌ى كه‌ركووك، هه‌میشه‌ ده‌یانه‌وێت كه‌ركووك وه‌كو شارێكى عه‌ره‌بی ده‌ربكه‌وێت".


سه‌رچاوه‌كه‌ى (باس) ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد: "ئێستاش ژماره‌یه‌ك له‌ ماڵباته‌ كورده‌كان له‌ كه‌ركووك، منداڵه‌كانیان له‌بری ئه‌وه‌ى بنێرنه‌ به‌ر خوێندنی كوردی، ده‌یانبەنە به‌ر خوێندنی عه‌ره‌بی، به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى عه‌ره‌بی زمانی قورئانه‌ و ئێمه‌ كوردین هه‌ر فێری كوردی ده‌بین. ئه‌م بیركردنه‌وه‌ وای كردووه‌ ئێستا هه‌زاران منداڵی كورد له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك به‌ عه‌ره‌بی ده‌خوێنن و خوێندنی كوردیش به‌ره‌و فه‌رامۆشی دەڕوا".


سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو: "رژێمی به‌عس هه‌زاران عه‌ره‌بی له‌ خواروو و ناوه‌ڕاستی عێراق هێنا بۆ كه‌ركووك و له‌ شاره‌كه‌ نیشته‌جێی كردن و هه‌زاران ماڵباتی كوردیشی به‌ زۆره‌ملێ گواسته‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام له‌دوای ساڵی 2003 به‌شی زۆری كورده‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كه‌ركووك، ته‌نیا به‌شێكى كه‌میان مانه‌وه‌ و له‌م ساڵانه‌ى دواییشدا به‌هۆی خراپیی دۆخی ته‌ناهی له‌ كه‌ركووك، سه‌دان ماڵبات كۆچیان كرد بۆ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمى كوردستان و خانووه‌كانیان له‌ لایه‌ن عه‌ره‌به‌كانه‌وه‌ ده‌كڕدرا و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت چه‌ندین به‌رپرسی كورد له‌ كه‌ركووك هه‌ن ماڵه‌كانیان له‌ سلێمانی و هه‌ولێره‌ و ئاماده‌ نین له‌ناو كه‌ركووك بژین و ته‌نیا به‌هۆی به‌رپرسیارێتییه‌كانیانه‌وه‌ دێنه‌ كه‌ركووك".


له‌م باره‌یەوه‌ محه‌مه‌د عوسمان، نوێنه‌ری كه‌ركووك له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "بێ گومان له‌ ماوه‌ی نزیكه‌ى سێ ساڵی ڕابردوودا هه‌زاران ئاواره‌ كه‌ ناوچه‌كانیان تیرۆریستانی داعش داگیری كردووە له‌ به‌شێك له‌ پارێزگاكانی عێراق، ئاواره‌ى كه‌ركووك بوون، ئێستاش به‌شی زۆری ناوچه‌كانیان ڕزگار كراوه‌ته‌وه‌، كه‌چی ئاماده‌ نین كه‌ركووك چۆڵ بكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریى نه‌رێنی كردووه‌ته‌ سه‌ر دۆخی ئه‌منی و خزمه‌تگوزاری و ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تی و زۆر بوارى تر، به‌شێك له‌و ئاوارانه‌ له‌ كه‌مپه‌كان نیشته‌جێن و به‌شێكى تریشیان له‌ گه‌ڕه‌كه‌ جیاجیاكانی كه‌ركووك داده‌نیشن".


نوێنه‌ره‌كه‌ى كه‌ركووك له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد: "ئه‌ركى سه‌ر شانی ئیداره‌ی كه‌ركووكه‌ ئه‌و ئاوارانه‌ به‌ خۆشی بێت یا بە ناخۆشی، بیانگه‌ڕێننه‌وه‌ شوێنه‌كانى خۆیان، چونكه‌ كه‌ركووك وه‌ك سلێمانی و هه‌ولێر نییه‌، كه‌ركووك كێشه‌گه‌لێكى ترى به‌دواوه‌یه‌ و پێشتر ته‌عریب كراوه‌ و ئێستاش ناوچه‌كه‌ جێی ناكۆكه‌ و به‌ مانه‌وەى ئه‌وانیش زیان له‌ هه‌موو كه‌ركووكییه‌ ڕه‌سه‌نه‌كان ده‌دات“.


شایەنی باسە پێشتر ئه‌نجومه‌نی پارێزگاى كه‌ركووك پێشتر ده‌نگى له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و ئاوارانه‌ دابوو، به‌ڵام ئاواره‌كان تا ئێستا ئاماده‌ نین بگه‌ڕێنه‌وه‌.


به‌پێی زانیارییه‌كانی (باس)، زیاتر له‌ 400 هه‌زار ئاواره‌ی پارێزگاكانی سه‌ڵاحه‌دین و دیاله‌ و نه‌ینه‌وا و شوێنه‌كانی تر له‌ كه‌ركووكدان.