چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

بە جلوبەرگی سوپای عێراقەوە حەشدی شەعبی چەندین بارەگا لە مووسڵ دەکاتەوە

زەویوزاری سوننەکان دەکڕێت و حوسێنییە لە گەڕەکەکانیان دەکاتەوە

گرووپی(عەسائیبی ئەهلی هەق)ی حەشدی شەعبی بە جلوبەرگی سوپای عێراقەوە چەندین بارەگا لە مووسڵ دەکاتەوە و چاودێرێکی سەربازیش پێیوایە مووسڵ دوای داعش مەترسیی حەشدی شەعبیی دەکەوێتە سەر.


سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بەر لە دەستپێکردنی پڕۆسەی ئازادکردنەوەی مووسڵ لە دەستی داعش، پێشنیازی بۆ پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو شارە کرد لەسەر ئیدارەکردنی دوای داعش لە مووسڵ رێک بکەون، بەڵام جگە لە کورد و کرستیانەکان، پێکهاتەکانی دیکەی وەکو تورکمانە شیعەکان و سوننەکان بۆ ئەو رێککەوتنە نەهاتنە پێشەوە.‎


سەرچاوەیەکی سەربازی لە شاری مووسڵ بۆ (باس) رای گەیاند، ‎ئێستا بەشێکی زۆر لەلایەنەکانی حەشدی شەعبی، بەتایبەتی گرووپە توندڕەوەکانی وەکو(عەسائیبی ئەهلی هەق)، بە جلوبەرگی سەربازانی سوپا و پۆلیسی عێراقەوە خۆیان گەیاندووەتە ناو مووسڵ و ناوچەکانی دەوروبەری و چەندین بارەگایان کردووەتەوە.


بەپێی زانیاریی سەرچاوەکە، هەر لەنێو ئەو بارەگایانەی حەشدی شەعبی کردوونیەتییەوە پەلاماری خەڵکی دراوە و خەڵکی سوننەمەزهەب شوێنبزر کراون.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا، جگە لەوەش دزی و تاڵانییەکی زۆر پەیدا بووە و پۆلیس و سوپای عێراق هیچ دەسەڵاتێکی نییە لەبەرامبەر چەکدارەکانی ناو ئەو بارەگایانە.


سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، لەو ناوچە ئازادکراوانەی مووسڵدا، هاووڵاتییان لەخوارەوەی هێڵی هەژاریدان و نانی ڕۆژانەیان نییە، لەو بارودۆخەشدا حەشدی شەعبی فشار بۆ سەر خەڵک و هاووڵاتییانی سوننەمەزهەبی ناوچەکە دەهێنێ تا زەویوزارەکانی خۆیان بە حەشدی شەعبی بفرۆشن، بۆ نموونە عەسائیبی ئەهلی هەق کە حکوومەتی عێراق لە پشتییەوەیەتی و پارەیەکی زۆری لەدەستدایە، بە نەخشەیەکی رێکخراو لە تەواوی شارەکە زەویوزار و موڵکی خەڵک و هاووڵاتییان دەکڕن.


ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشکرا کرد، حەشدی شەعبی لەو گەڕەک و جێگایانەی کە سوننەمەزهەبن دەستیان کردووە بە دروستکردنی حوسێینییە و چەندین شوێنیان بۆ ئەو مەبەستە کڕیوە.


چاودێری سیاسی و شارەزای سەربازی، لیوا محێدین یونس، بۆ (باس) رای گەیاند: ”حەشدی شەعبی لەژێر کاریگەریی ئێران و شیعەکانی عێراقدایە و ئەو ئەجێندایە جێبەجێ دەکات کە پێی دەسپێردرێ، ئەو پلانەش تەنیا بۆ عێراق و مووسڵ نییە، بەڵکوو بۆ هەموو ئەو شوێنانەیە کە شیعەی لێیە، وەکو یەمەن و لوبنان و سووریا و عێراق، واتا ئەوەی مووسڵ بەشێکە لە هیلالی شیعە“.


ئاماژەی بەوەش دا، ئەوە روونە کە داعش لە مووسڵ کۆتایی هات، ئیتر بەرنامەی حەشدی شەعبی و شیعەکان لەو شارە دەست پێدەکات، گوتی: ”ئێران دەیەوێ خۆی بە عێراق و سووریا و لەوێشەوە بۆ لوبنان ببەستێتەوە، تا هێڵێکی لەو شوێنە هەبێت، بۆ ئەوەش دەبێت هەر لە ئێستاوە شوێنی هەبێت، هەر بۆیەش دەستی کردووە بە بارەگا کردنەوە لە مووسڵ، ئیتر راستەوخۆ لەژێر ناوی خۆیدا بێت یان بە ناو و جلوبەرگی سوپای عێراقی“.


ئەو چاودێرە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”حەشدی شەعبی بەدەر لە میلیشیاکەی کە هەیە، لە رێگەی پارە و ئینتمای مەزهەبییەوە دەستی بەسەر بەشێکی زۆری سوپای عێراقیشدا گرتووە“.


ئەو چاودێرە سەربازییە راشی گەیاند، بۆ کورد گرنگە ئەو پرسە بە هەند وەربگرێت و لە ئێستاوە خۆی بۆ ئامادە بکات، نەک وەکو داعش ببێت بە شتێکی چاوەڕواننەکراو، گوتیشی: ”پێشتر بارزانی هەر زوو درکی بەو مەترسییە کرد، ئەوەبوو پێشنیازی رێککەوتنی کرد بەر لە هێرشکردنە سەر مووسڵ، لەبەرئەوە ئەگەر دوای داعش ناوچەکە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ئیدارە نەکرێت، ئەوا گەرەنتی نییە کە لە ئایندەدا داعش بەشێوەیەکی دیکە بەردەوام نابێت“.


جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە سیاسەتی حەشدی شەعبی مالیکی لەپشتییەوەیەتی و لەپشت مالیکیش ئێران و حکوومەتی عێراق هەیە، کە دەیانەوێ عەرەبی سوننە لە پارێزگای نەینەوا پاکتاو بکەن، لەبەر ئەو مەترسییەش پێشبینی ناکرێت مووسڵ ئاوەدان بکرێتەوە و دانیشتووانەکەی بگەڕێنەوە.


پێشتریش رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ رای گەیاندبوو کە حەشدی شەعبی لە شەڕی مووسڵدا (تاوانی جەنگ) و (هێرشی تۆڵەسەندنەوە و وەحشییانە)یان لە دژی سوننەکان ئەنجام داوە.


فیلیپ لۆسەر، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و چالاکی لە پرۆگرامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە رێکخراوەکە رای گەیاندبوو: ''سوننە عەرەبەکانی عێراق لە شەڕی دژ بە داعش و لەسەر دەستی میلیشیا شیعەکان و حکوومەتی عێراق رووبەڕووی سزادان دەبنەوە''.


رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەو هێرشانە کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٦ گرووپە عەرەبە شیعەکان کردوویانەتە سەر پارێزگای ئەنبار و سەڵاحەدین و کەرکووک و دەوروبەری مووسڵ و لەو شەڕانەدا تاوانی گەورەیان دەرهەق بە سوننەکان ئەنجام داوە.