دوکان.. ئەمساڵ ٦٠ ھەزار دۆنم زەوی ژێر ئاو کەوتووە

 

جووتیاران دەستبەرداری زەوییە بەپیتەکانیان نابن

ساڵانە بەھۆی زۆربوونی ئاوی دەریاچەی دوکان، بەشێکی زۆری ئەو جووتیارانەی کە دانەوێڵە و گەنم لە زەوییەکانی نزیک دەریاچەکە دەچێنن، گەنمەکەیان ژێر ئاو دەکەوێت، ھەر چەندە جووتیاران بەھۆی ژێر ئاو کەوتنی گەنمەکەیان لە رووی ئابوورییەوە زیانیان پێ دەگات، بەڵام ئەوان دەستبەداری چاندنی گەنم لەو زەوییانە نابن.

 

مەحموود قادر، یەکێک لەو جووتیارانەیە کە ئەمساڵ لە رووبەری ١١ دۆنم زەوی دانەوێڵەی چاندووە، ھەر ھەمووی ژێر ئاوکەوتووە، ئەو دەڵێت: "ھەموو ساڵێک لە زەوییەکانمان گەنم دەچێنین، ھەندێک ساڵان زەوییەکانمان ژێر ئاو دەکەون، ئەو ساڵانەی کە گەنمەکەمان ژێر ئاو بکەوێت ھیچمان دەست ناکەوێت، بەڵام ئەگەر ژێر ئاو نەکەوێت داھاتێکی باشمان دەبێت، چونکە بەرھەمی ئەو زەوییانە 10 بەرامبەرە".، وەک باسی دەکات کەئەگەر گەنمەکەم ژێر ئاو نەکەوتبا لانی کەم ١٠٠ تەن بەرھەمم دەبوو.

 

زەوی ژێر ئاو کەوتوو، کە لە نێو جووتیاران بە زەوی مەغمورە دەناسرێت، لە ریزبەندی جیھانی لە ڕووی بەپیتییەوە بۆ بەرھەمھێنانی بەروبوومی کشتوکاڵی بە زەویی پلە یەک ھەژمار دەکرێن و ساڵانە جووتیاران لە وەرزە جیاوازەکانی ساڵدا چەند جارێک بەروبوومی کشتوکاڵییان تێدا دەچێنن، ئەمەش وای کردووە جوتیاران دەستبەرداری ئەو زەوییانە نەبن.


عومەر خدر، بژێوی ژیانی لەسەر کاری کشتوکاڵییە و دەڵێت: "من بەشێکی گەنمەکەم ژێر ئاو کەوتووە و بەشەکەی دیکەیشی مەترسیی ژێر ئاو کەوتنی ھەیە، بەڵام زۆر خەمی لێ ناخۆم، چونکە ئەگەر لە وەرزی ھاویندا ئاوەکە کەمی کرد، دەیکەم بە بەروبوومێکی دیکەی کشتوکاڵی، وەک ترۆزی، شووتی، ماش و ماشە سپی، دڵنیام ھەمان ئەو سوودەی گەنمەکەم پێ دەگات، چونکە زەوییەکانمان زۆر بەپیتن و پێویستیان بە پەینکردن نییە"، ئەم زەوییانە، بەشێوەیەکی سروشتی، لەگەڵ ئاوەکە گۆڕانیان بەسەردا دێت، ئەمەش ھۆکارێکی سەرەکییە کە ئەو جووتیارانە نەتوانن دەستبەرداریان ببن.

 

لە سنووری دەریاچەی دوکان ١٥٠ ھەزار دۆنم زەویی ژێر ئاو کەوتوو ھەیە، لەو رێژەیە ٥٠ ھەزار دۆنمی ھەمیشە لە ژێر ئاودایە و ئەوەی دیکەشی ئەگەر ساڵانە زیاتر لە ٧٠٠ ملم باران ببارێت زۆربەی ژێر ئاو دەکەوێت، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی کەمی رێژەی باران بارین ٦٠ ھەزار دۆنم زەوی ژێر ئاو کەوتووە.


ساڵح حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی رانیە، ئاماژە بەوە دەدات کە ساڵی رابردوو ھەموو جووتیارانیان ئاگادار کردبووەوە کە زەوییەکانیان دانەچێنن، چونکە ھەموو ئاوی دەریاچەکە بەرنادرێت، بەمەش ئاوی دەریاچەکە دەگاتەوە شوێنی خۆی، بەڵام بەشێکی جووتیارەکان بەقسەیان نەکردین و زەوییەکانیان داچاند و ئێستا ژێر ئاو کەوتوون.

 

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی رانیە، ئەوەش دەخاتەڕوو "ئەمساڵ ٥٢٥ ملم باران باریوە، بۆیە پێناچێت دەریاچەکە پڕ ئاو بێت، مەگەر بارانی زیاتر ببارێت و سەرچاوەکانی ئاو بتەقنەوە و بەفر زۆر بتوێتەوە، چونکە ئاوی دەریاچەی دوکان ساڵانە تا نێوەڕاستی مانگی شەش زیاد دەکات".


لە رووی یاساییەوە ئەو جووتیارەی گەنم لەو زەوییانە دەچێنێت کە ژێر ئاو دەکەون ناتوانێت داوای قەرەبوو بکاتەوە، چونکە ئەو زەوییانە موڵکی دەریاچەی دوکانن و پێشتر لەبەرامبەر زەوییەکانیان ئەو جووتیارانە قەرەبوو کراونەتەوە، بەڵام لە ھەمان کاتیشدا ساڵانە رێگرییان لێ ناکرێت زەوییەکانیان دەچێنن.

 

ساڵح حوسێن دەڵێت: "پێویستە حکوومەت ھەوڵ بدات ئاوی سەرچاوەکانی ئاو لە ناوچە شاخاوییەکان لە رێگای دروستکردنی بەنداوی بچووک پەنگ بداتەوە، بۆ ئەوەی ئەو زەوییانە سوودیان لێ وەربگیرێت بۆ بەروبوومی کشتوکاڵی و گەشتیاری، لەبەرئەوەی ئەو زەوییانە زۆر بەپیتن و ئەگەر جووتیار سێ ساڵ لەسەر یەک زیانی بەربکەوێت لە داچاندنی دانەوێڵە، بەھۆی ژێر ئاو کەوتن، بەڵام ساڵێک بەرھەمەکەی ژێر ئاو نەکەوێت، ئەوا تەواوی زیانەکانی قەرەبوو دەکاتەوە و قازانجیش دەکات".