چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

باڵێکی گۆڕان داوا دەکات پێش ریفراندۆم (هەرێمی سلێمانی - کەرکووک) جیا بکرێتەوە

سەرکردەیەکی یەکگرتوو: هەر هەوڵێک بۆ دابەشکردنی کوردستان بۆ پشێوی نانەوەیە

باڵێکی توندی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەدایە بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کورستان، هەرێمی (سلێمانی- کەرکووک) جیا بکاتەوە، بەڵام هیچ لایەنێک گوێ بە پێشنیازەکەی نادات.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سلێمانی بۆ (باس) رای گەیاند، لەناو باڵێکی توندی گەنجەکانی گۆڕاندا تاوتوێی ئەوە کراوە، بۆ ئەوەی بتوانن رێگە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بگرن، باشترین کارت ئەوەیە سلێمانی و کەرکووک لە هەولێر و دهۆک جیا بکەنەوە و بیکەن بە هەرێمێکی سەربەخۆ.


بەپێی زانیاریی ئەو سەرچاوەیە، لە ماوەی رابردوودا باڵی گەنجەکانی ناو گۆڕان لەدەرەوەی جڤاتی نیشتمانی و گشتیی گۆڕان کۆبوونەتەوە و تاوتوێی ئەوەیان کردووە لە چ رێگەیەکەوە رێگە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان بگرن، بۆ ئەوەش چەند پێشنیازێک بڕیاری لەسەر دراوە.


لەوانە، هەوڵدان بۆ پەشیمانکردنەوەی یەکێتی لە پشتیوانیکردنی پارتی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و هێرشی توندی میدیایی بۆ سەر یەکێتی، بەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ نەخشەڕێگەکەیان بە پارتی دۆڕاندووە.


هەروەها دەستخستنە ناو یەکێتی بە دروستکردنی بەرەیەکی دژ بە ریفراندۆم، بە شێوەیەک بتوانن ئەو جیاوازییە بخەنە ناو فراکسیۆنی یەکێتیش لە پەرلەمانی کوردستان.


دواتر بە شێوەیەکی فەرمی بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی چاوەڕوانکراوی کوردستان، کە وا بڕیارە ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، پێشنیاز بۆ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە سلێمانی بکەن کە پشتیوانیان بن بۆ جیاکردنەوەی هەرێمی سلێمانی -کەرکووک، بۆ ئەوەش سەرەتا لە رێگەی میدیا نافەرمییەکانەوە پێشنیازەکە بخەنە ڕوو تا بزانن وەڵامی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان چی دەبێت، ئەگەر پشتیوانیی باشیان بەدەست هێنا ئەوکات بەشێوەی فەرمی پێشنیازەکە بۆ یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو بکرێت.


عەدنان عوسمان، هەڵسوڕاو و پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، لە نووسنێکیدا کە سەرەتا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و دواتر لە میدیا نافەرمییەکانی نزیک لە گۆڕان لە سلێمانی بڵاو کرایەوە، بە مانشێتی (ئەفسانەی ریفراندۆمەکەی مەسعود بارزانی دەبێت بەتاڵ بکرێتەوە)، نووسیویەتی: “گۆڕان و نیشتمانپەروەران و ئازادیخوازان لەبەرامبەر بە ریفراندۆم دەبێت چی بکەن؟، هەر خۆی وەڵامی داوەتەوە کە دەبێت پرۆژەیەک دژ بە “بەیعەتەکەی پارتی” کە مەبەستی پڕۆژەی ریفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، گفتوگۆی لەسەر بکەن کە ئەویش پڕۆژەی بە هەرێمکردنی کەرکووک - سلێمانییە”.


ئاماژەی بەوەش داوە، کە دەبێت گۆڕان و هەموو حزب و لایەنێک بەتایبەت گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ و بەشێکی گرنگی یەکگرتوو، بە پارتی و هاوسۆزانی بڵێن کە ریفراندۆم بۆ بە هەرێمکردنی سلێمانی - کەرکوک دەکەین، نەک ئەوەی پارتی دەیەوێ بیکات.


تیایدا ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان داوای لە سەرکردایەتیی کۆمەڵ و یەکێتی و یەکگرتوو و لایەنەکانی دیکە کردووە بۆ داواکانیان لە پارتی ماوەیەک دابنێن و لە ئەگەری نەهاتنە پێشەوەی باشترین رێگا لەو پێناوەدا، ئەنجامدانی راپرسییە لە ناوچەی کەرکووک – سلێمانی، بۆ پێکهێنانی هەرێمێکی نوێ و دابڕان لە ئیدارەی پارتی، کە مەبەستی (هەولێر و دهۆک)ە.


شایەنی باسە ئەو هەڵسووڕاوەی گۆڕان، لەو نووسینەیدا هیچ حسابێکی بۆ (پارێزگای هەڵەبجە) نەکردووە و ناویشی نەهێناوە.


محەمەد بامۆکی، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی بۆ (باس) رای گەیاند، لەگەڵ دابڕانی هەرێمی کوردستان و دوو ئیدارەییدا نین و لە سەرکردایەتیی کۆمەڵدا پرسی وەها تاوتوێ نەکراوە، گوتیشی: “هەر کاتێکیش بوو بە پێشنیازێکی فەرمی، ئەوا پرسەکە تاوتوێ دەکەین و رای فەرمیی حزبی لەبارەوە دەدەین، بەڵام وەکو رای کەسیی خۆم بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دوولەتکردنی هەرێمی کوردستاندا نیم”.


لای خۆشیانەوە بەهار عەبدولڕەحمان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، یەکگرتووی ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە رۆڵی باشی گێڕاوە لە کاڵکردنەوەی سنووری دووئیدارەیی، گوتی: “بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ گەڕانەوە بۆ دووئیدارەییدا نین و (سلێمانی و کەرکووک و هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە) وەکو یەکتر هەرێمی کوردستانە و هەر هەوڵێک بەو ئاراستەیەی ئەو شارانە لە یەکتری دابڕێنێت جۆرێکە لە پشێوی نانەوە و قووڵکردنەوەی قەیرانەکان”.


گوتیشی: “هیوای ئێمە گەیشتنە بە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان، لەبەر ئەوە بە هیچ شێوەیەک پێشوازی لە هەوڵێک ناکەین کە بیەوێت هەرێمی کوردستان بکات بە دوو لەت و لاوازی بکات، کە ئەوە دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی خەونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و ئەو ئاواتە گەورەمان لەبار دەبات”.


هەر پەیوەست بەو باسە، رێواس فایق، پەرلەمانتاری یەکێتی بۆ (باس) رای گەیاند، درکی بەوە نەکردووە لە پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان هیچ رایەکی جیاواز لە فراکسیۆنەکەیاندا هەبێت، گوتیشی: “یەکێتی لەبەرامبەر بە چی ئەو هەموو دەنگدەرەی خۆی لە هەولێر و دهۆک بەجێ بهێڵێت،؟جگە لەوەش بۆچی بۆ سەردەمی دووئیدارەیی بگەڕێینەوە؟”.


هاوکات قادر ڕەزگەیى، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان، هەر لە فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاندووە: "یەکێتى پشتگیرى لە سەربەخۆیى کوردستان دەکات و لەناو یەکێتیدا هیچ کەسێک دژى سەربەخۆیى کوردستان نییە، چونکە بە بەپرسێکى نەتەوەیی و نیشتمانى دەزانین، هەروەها یەکێتى هەموو هەوڵێکى خۆى دەدات بۆ ئەوەى کورد بگات بە ئاواتى خۆى، کە ئەویش دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستانى گەورەیە".
ڕەزگەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە: "هەر حزبێکى سیاسی دژى دەوڵەتى کوردى بوەستێتەوە، گومان لە کوردبوونى دەکرێت و لە مۆڕاڵى کوردایەتى لایداوە، چونکە ناکرێت هیچ حزبێکى سیاسی دژى پرسە نەتەوەییەکانى کورد بوەستێتەوە".