"جەوهەری پرۆژه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی مرۆڤه‌"

زیاتر لە پێنج ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هاوکارییەکانی دەزگا سوودمەند بوون

25/03/2017 - 11:35 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت


بە مەبەستی ناساندن و خستنەڕووی کار و چالاکی و ئامانجەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (BFC، ئاژانسی (باسنیوز) دیدارێکی لەگەڵ ئیبراهیم سەمین، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی بەشی راگەیاندنی ئەو دەزگایە پێکهێناوە.


لەم دیدارەدا بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە وردی باسی، دامەرزران، ئامانج، چوارچێوە و پێکهاتە و سنووری کار و چالاکییەکان، هەروەها بوار و سێکتەرە جیاجیاکانی کار و چالاکیی ئەو دەزگایە لە بواری کاری مرۆیی و ڕێکخراوەییدا دەکات.



بیرۆکە و ساڵی دامەزران:
سەرەتا ئیبراهیم سەمین باسی لەوە کرد "دیارە هەر نەتەوە و دەوڵەتێک لە چوارچێوەی کیانی خۆیدا هەوڵی داوە کاری خێرخوازی بکات. کورد و کوردستانیانیش بەهۆی ئەوەی لە ڕابر وودا بەردەوام ژێردەستە بووە و چەوسێنراوەتەوە، هەموو کات چاوی لەوە بووە ڕێکخراوە هاریکاریبەخش و وڵاتە نێودەوڵەتییەکان هاوکاریی بکەن. بەختەوەرانە بەهۆی ئەم کیانە کوردییەی کەلە ساڵی ١٩٩١ەوە دروست بووە، هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان سەقامگیریی بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە بیرۆکەی دامەرزارانی ئەم دەزگایەش لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە ئێمە ئیدی لەسەر پێی خۆمان بوەستین و چاومان لە دەستی وڵاتان نەبێت، بەڵکوو خۆمان پاڵپشت و هاوکار و یارمەتیدەری خەڵکی لێقەوماو و بێدەرەتانی خۆمان و کۆمەڵگەکانی دەوروبەر و بەشەکانی دیکەی کوردستان بین.


بۆ ناو بەناوی بارزانییەوە ناو نراوە؟
لەم بارەوە بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی "بۆیە ناوی بارزانیی لەسەر دانروە، چونکە بارزانی سیمبۆلی پاراستنی نەتەوەیەکە، بارزانی لە مێژووی خەباتی سیاسیی خۆیدا بەردەوام بۆ پێکەوەژیان خەباتی کردووە، بۆ نەهێشتنی جیاوازیی چینایەتی و نەتەوەیی و بۆ خۆشی خاوەنی بیرۆکە و ئەندیشەی بەرزی مرۆیی و لێبووردەیی بووە. بۆ داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی نەتەوەکان بە گشتی و بەتایبەتی نەتەوەی کورد. ڕاشیگەیاند "ئێمە هەوڵمان داوە لە چوارچێوەی کاری خێرخوازیدا رۆح و ئەندێشەی مرۆڤدۆستانەی بارزانیی نەمر پیادە بکەین، چونکە دروشمی سەرەکیی دەزگاکەمان لە وتەیەکی بارزانیی نەمرەوە سەرچاوەی گرتووە کە دەڵێت "شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت". ئێمەش بە شانازییەوە هەوڵ دەدەین هەڵگری ئەو پەیامە بین و ئەو پەیامە بە شیوەیەکی دروست بگەیەنین بە نەتەوەکەمان و بە جیهان.



دەزگای خێرخوازیی بارزانی (BFC) دەزگایەکی ناحکوومی و ناسیاسی، نائایینیە و هەڵقوڵاوی واقعی کۆمەڵگەی کوردستانە و جەوهەر و ناوەۆکی کاری ئەم دەزگایە، کاری خێرخوازی و مرۆڤدۆستانەیە. ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی دەزگایەکی ناحكومیی و ناسیاسی و قازانج نەویستە له‌ ساڵی 2005 له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراوه ‌و بە گوتەی ئیبراهیم بیرۆکەی دامەرزانی ئەم دەزگایە لەلایەن به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانییه‌وەوە دراوە و هەر ئەویش راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتیاری كاره‌كانی ئه‌م ده‌زگایه‌ ده‌كات.


ده‌زگا بۆ ده‌ستپێكی ئیش و كاره‌ خێرخوازییه‌كانی، مۆڵه‌تی كاركردنی له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان وه‌رگرتوه‌. به‌هۆی فراوانبونی كار و چالاكییه‌كان و به‌هاناوه‌چونی ئاواره ‌و په‌نابه‌ران له‌ سنووره‌كان و ناوخۆی هه‌رێمی كوردستاندا وای كردووە رێكخراوه‌ جیهانییه به‌ناوبانگه‌‌كان په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵدا ببه‌ستن و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی زیاتر له‌ نێوان هه‌ردوولادا دروست ببێت.



دروشمی دەزگا و فەلەسەفەی دامەزران:
دەزگای خێرخوازیی بارزانی له‌ بنه‌ڕه‌تدا کار بۆ گه‌یاندنی هاوكاری بۆ خه‌ڵكی لێقه‌وماو و كه‌مده‌رامه‌ت و ئاواره‌ و په‌نابه‌ر ده‌كات. گرنگی به‌ پەرەپێدانی بواری پەروەردە (بەتایبەتی پەروەردەی منداڵان) و باشتركردنی ره‌وشی ته‌ندروستی و دابینكردنی پێداویستیی خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان له‌ كوردستان ده‌دات.
هەروەک چۆن دەزگای خێرخوازی بارزانی بەناوی (بارزانیی نەمر)ەوە (١٩٠٣-١٩٧٩) ناو نراوە، وتەیەکی ئەو کەسایەتییە سیاسی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و مێژووییەیه‌ کە دەڵێ (شانازییه‌ بۆ مرۆڤ خزمه‌تكاری میلله‌تی خۆی بێت) فەلسەفەی کاری دەزگاکە پێکدێنێت، چونکە جەوهەر و هەوێنی پرۆژه‌ خێرخوازییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی (مرۆڤه‌).



بنەماکانی کاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی:

دەزگای خێرخوازی بارزانی وەکوو هەر دەزگایەکی مرۆیی پاپەندە بە بنەما سەرەکییەکانی کاری مرۆیی کە لە یاسای نێودەوڵەتی کاری مرۆییدا جێگیرکراون ئەوانیش بریتین لە:



مرۆڤایەتی
بناغەی کاری مرۆیی و خێرخوازی دەزگای خێرخوازیی بارزانی مرۆڤە. هەر مرۆڤێک پیویستی بە هاوکاری هەبێت و لە توانای ئێمەدا بێت کە هاوکاریی بکەین، هاوکاری پێشکەش دەکەین بەبێ لەبەرچاوگرتنی باکگراوندی نەتەوەیی و ئیتنی و ئاینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەسیی ئەو مرۆڤە.


بێلایەنی
دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەکوو دەزگایەکی مرۆیی بێلایەن مامەڵە لەگەڵ گرووپە جیاوازەکان دەکات و نابێتە بەشێک لە هیچ کێشەیەکی سیاسی و ئیتنی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی. دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە گوێرەی توانای خۆی بەشداری لە هاوکاریکردنی ئەو کەس و گرووپانە دەکات کە بە هۆکاری سروشتی، یان مرۆیی پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە بۆ بەردەوامیدان بە ژیانێکی شایستە بە مرۆڤ.


بابەتی بوون
دەزگای خێرخوازی بارزانی لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بابەتی سیاسەتی مرۆیی خۆی دادەڕێژێت و هەر لەسەر ئەو بنەمایەش کار و چالاکییە مرۆییەکانی خۆی جێبەجێ دەکات. بۆیە لە هەر شوێنێک پێویستی کاری مرۆیی و بەهاناوەچوون هەبێت بە لەبەرچاوگرتنی پێداویستییە لۆجیستی و مرۆییەکان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەوڵ دەدات لەو شوێنە کاری مرۆیی و خێرخوازی خۆی ئەنجام بدات.


سەربەخۆیی
دەزگای خێرخوازی بارزانی وەکوو دەزگایەکەی مرۆیی سەربەخۆ کار دەکات و هیچ وابەستەییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری نییە. دەزگا خاوەنی ستراتیژی کاری خۆیەتی و لەسەر ئەو بنەمایە کار و پڕۆژەکانی خۆی ئەنجام دەدات.



ئامانجەکان:
بەگشتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەوڵ دەدات بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە لە ئێستا و داهاتوودا:

 


1- پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزاریى خێرخوازى له‌ بواره‌کانى (کۆمه‌ڵایه‌تى، رۆشنبیرى و هاوکاریى مرۆیى) به‌مه‌به‌ستی باشترکردنى ئاستى ژیان و گوزه‌رانی توێژ و چینه‌ جیاجیاکانى هەرێمی کوردستان.

 


2- هاوکاریکردنى که‌سانى خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت ‌و دابینکردنی پێداویستییە تەندروستی و گرنگەکان بۆیان و ڕه‌خساندنى هه‌لى له‌بار بۆ سوود وه‌رگرتن له‌ تواناکانیان له‌ بواره‌ جیاجیاکانى کارکردندا.


-2هاوکاریکردنى به‌ساڵاچوان و یارمه‌تیدانى خێزانی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت و قوربانیانى کاره‌سات و جه‌نگ و برسیه‌تى، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تیمى تایبه‌تى هەڵسەنگاندنی باری ژیان و هاوکاریکردن و به‌هاناوەهاتنى بارى ناکاو پێكده‌هێنرێت.


3- هاوکاریکردنى پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان و بنەماڵە‌ى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان.


4- هاوکاریکردن و یارمه‌تيدانى قوتابیان و لاوانى هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت و دابینکردنى پێداویستییه‌کانیان بۆ ئه‌وه‌ى بە سەرکەوتوویی خوێندن تەواو بکەن و ببن به‌ ئه‌ندامى کارا له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا.


5- هاوکارى و هه‌ماهه‌نگیکردن له‌گه‌ڵ ده‌زگا و کۆمه‌ڵه‌ و رێكخراوە خێرخوازیی و مرۆییە بیانى و خۆماڵییەکان به‌مه‌به‌ستى کاراکردنى چالاکییه مرۆییەکان له‌و بوارانەی سەرەوە.


6- بایەخدان بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی کۆمەڵایەتی و تواناسازی به‌تایبه‌تى ئه‌و لایه‌نه‌ى بوارى کار و به‌رهه‌مهێنان بۆ هه‌ژاران دابین ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ی پشت به‌ خۆیان ببه‌ستن.


7- هەوڵدان بۆ دابینکردن و ئاسانکردنی چاودێری تەندروستی بۆ خەڵکی کەمدەرامەت و ئاوارە و پەنابەر و کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان. ئەم کارە دەکرێ راستەوخۆ ئەنجام بدرێت، یان لەڕێگەی هاوكاریكردنی دەزگا و ناوەندە تەندروستییە گشتییەکانه‌وه‌ بێت.

 

8 - زیندووڕاگرتنی کولتووری بارزانیی نەمر و رێزلێگرتنی لەڕێگەی دامەزراندنی ناوەندێکی نێودەوڵەتی سەر بە کوردستان بۆ ئەرشیفکردنی جێماوەکانی ئەو سەرکردە مەزنە و کۆکردنەوەی زانیاریی نوێ دەربارەی ژیان و خەباتی نەتەوەیی و دامەزراندنی مۆزەخانەیەکی هاوچەرخ تایبەت بەم کارە. هەروەها، هەوڵدان بۆ زیندووکردننەوەی ئەو جێگە مێژووییانەی کە بارزانیی نه‌مر تێیدا ژیاوە و بەکاری هێناوە. سەرەڕای ئەمە، تۆمارکردنی هەوڵەکانی بارزانیی نەمر لە بواری کاری مرۆیی و خێرخوازیی لە هەموو بوارەکاندا.


کار و چالاکی:
لەم بارەوە بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی "بەداخەوە بەهۆی ئەو بارە ناسەقامگیرییە ئابوورییەی کە چەند ساڵێکە ڕووی ل هەرێمی کوردستان کردووە، نەمانتوانیوە، چوارچێوە و سنووری کاریمان فراوانتر بکەین و وەک پێویست بەشەکانی دیکەی کوردستانی بگرێتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین لە سەدا ٨٠ بۆ ٩٠ی کارەکانمان لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان و کوردستانی گەورەدا بووە، بەڵام ئامانجی سەرەکیی تەنیا خۆی لە کوردستان و ناوچەکەدا نابینێتەوە، بەڵکوو وا داڕێژراوە کە لە هەر شوێنێک مرۆڤی لێقەوماو و بێدەرەتان پیویستی بە هاوکاری هەبێت، ئەرکمانە ئەو هاوکارییەیان پێ بگەیەنین.

 

هاوکارییەکانیش تەنیا هاوکاریی مادی، یان خۆ پێداویستیی خواردن و ژیان نین، بەڵکوو لە بوارەکانی پەروەردەیی، توێژینەوە، پەردەپیدانی مرۆییدا بێت.

 
لە درێژەدا گوتیشی ئێمە لە چەندین سێکتەری جیاجیادا یارمەتی و هاوکاریی خەڵک دەکەین، یەکێک لە سێکتەرە سەرەکییەکانمان خۆراکە، بۆ ئێمە ئەمەمان هەڵبژاردووە، چونکە پێداویستیی کۆمەڵگە و بەتایبەتی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت خۆراکن و بەتایبەتی لە حاڵەتی شەڕ و لەناکاو و کارەساتدا.


سێکتەرێکی دیکەمان هەیە کە پێی دەوترێت سێکتەری ناخۆراکی کە پێکدێت لە پێداویستی و کەلوپەرکانی ناوماڵ، مەتبەخ و پێداویستییەکانی دیکەی ژیان. هەروەها لە سێکتەرەکانی، پەروەردە، تەندروستی و بینینەوەی هەلیکاردا کار دەکەین.



ڕەوشی ئاوارە و کەمپەکانی ژێر چاودێریی دەزگا:
ئیبراهیم سەمین لە درێژەی باسەکەدا ڕاشیگەیاند "هەرچەند دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەر لە سەرەتای دەسپێکی شەڕ و نائارامییەوە کاری ڕاپەراندن و چاودێریی کەمپی ئاوارە و پەنابەرانی گەتووەتە ئەستۆ، بەڵام ئێستا ژمارەی کەمپی ئاوارەکان زیادیان کردووە، چونکە بەهۆی هەبوونی شەڕی داعش و مەترسییەکانی و ئۆپراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ و دەوروبەری، خەڵکی سڤیل ئەو ناوچانە بەجێ دیڵن و ڕوو لە پەناگەیەکی ئارام دەکەن." پەناگە ئارامەکانیش ئەو ناوچانەن کە لەلایەن هێزی پیسمەرگەوە کۆنترۆڵ کراون و ئیدارە دەکرێن، بۆیە لەو شوێنانە کەمپ ساز کراون. ئێستا دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەرجەم ١٥ کەمپ و خێوەتگە ئیدارە دەکات، کە چوار لەو کەمپانە تایبەتن بە پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان کەلە سنووری پاریزگای هەولێرن و زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس دەبن. ڕێژەی ئاوارەکان ڕۆژە لە دوای ڕۆژ ڕوو لە زیادبوون، بەڵام بەگشتی دواتنن بڵێین زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لەناو کەمپەکاندا هەن کە هەندێکیان لەلایەن ئەم دەزگایەوە ئێدارە دەکرێن و پێیان ڕادەگەین و هەندێکیشیان دەزگا هاوکارییان دەکات.

 


بەهۆی نەبوونی مانگی سووری کوردستانی، هەروەها کەمی و نەبوونی ناوەند و ڕێکخراوی مرۆیی لە کوردستان، ئەرکی ئەم دەزگایە زۆر بووە و قورسایی کار و چالاکییەکانی سەرشانی زۆرترە.



خزمەتگوزاری و بڕی هاوکاییەکان بەپێی داتا و ئامار:
بەپێی ئاماری ساڵەنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕێژەی کار و چالاکی و کارە مرۆیی و هاوکاەرییەکانی لە سێکتەر و بوارە جیاجیاکاندا بەم شێوەیە بووە:
ئاوارە و پەنابەر:


بەپێی ئاماری ئەو دەزگایە بەهۆی نالەباریی ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عیراق و سووریا لە ساڵی 2016دا سەرجەم 1673118 هەزار ئاوارە و 241395 کەس وەک پەنابەر ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.


ڕێژەی چالاکی:
لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی زیاتر لە 400 چالاکیی جۆراوجۆری لە سێکتەرەکانی (پەروەردە و ڕۆشنبیری، خۆراک، ناخۆراک، پەناگە و پاککەرەوە و پرۆژەی جاودێریی ئازیزان و پرۆژەی وێلچیر و هەلیکار)ی بەڕێوە بردووە کە خەرجیی سەرجەم هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئاوارەکان زیاتر لە 24 ملیار دیناری دیناری عێراقی بووە.



سێکتەری پەروەردە:
لە سێکتەری پەروەردەدا 721 چالاکی بەڕیوە چووە کە کەلە پیداویستیی خوێندن، خولی ڕاهێنان، فێربوونی کۆمپیۆتەر، زمان و هونەر لەناو کەمپەکاندا بووە کە تێیدا سەرجەم 338 هەزار قوتابی و کەس لە پرۆژە جۆراوجۆری ئەم کەرتە سوودمەند بوون.



سێکتەری خۆراک:
لە سێکتەری خۆراکدا 988 چالاکی و هاوکاریی ئاوارە و پەنابەران کراوە کە تێیدا زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس لە هاوکارییەکان سوودمەند بوون.



ناخۆراک:
لە هەرکام لە سێکتەرەکانی ناخۆراکی و پاککەرەوەدا 1276 چالاکیی جۆراوجۆر بۆ ئاوارەکان بەڕێوە چووە کە ڕێژەی سوودمەندوان لەم سێکترەکەدا یەک ملیۆن و 696هەزار ئاوارە و پەنابەر بووە.



پرۆژەکانی وێلچێر، ئازیزان و هەلی‌کار:
- هەروەها لە پرۆژەکانی وێلچێر، چاودێریی ئازیزان و هەلیکار)دا بە گوتەی مووسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی "پرۆژەی چاودێریی ئازیزان بۆ هاوکاریکردنی منداڵانی بێباوکە کە تێیدا 10 هەزار و 700 منداڵ لێی سوودمەند بوون. هەروەها پرۆژەی وێلچێر کە تایبەتە بە خاوەن پیداویستییە تایبەتەکان لەناو کەمپ و دەرەوەری کەمپ وا ئاوارە و پەنابەران و لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کە تێیدا 701 خاوەن پیداویستیی تایبەت لێی سوودمەند بوون.

 


- لە پرۆژەی هەلی‌کاردا کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاریی GIZی ئەڵمانی ئەنجامیان داوە، تێیدا 27 قوتابخانەی بنەڕەتی لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک نۆژەن و ڕەنگڕێژ کرانەوە کە بەم هۆیەوە بۆ ماوەیەکە هەلی‌کار بۆ شەش هەزار کەس ڕەخسێنراوە.


دەزگای خێرخوازیی بارزانی جیا لەم سێکتەرانە ڕۆژانە، هەفتانە و مانگانە بەردەوام ژەمە خۆراک، خۆراکی وشک و لە قوتوونراو و پێداویستیی ناخۆراکی بۆ سەدان ئاوارە و پەنابەر و خەڵکی لێقەوماو و بێدەرەتان دابین دەکات.

 


دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەشەکانی دیکەی کوردستان:

بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەزای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی باسەکەدا ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئێمە بەپێی ئامانج و فەرلسەفەی دامەزران و کارکردنمان پەلمان بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستانیش هاویشتووە بۆ نموونە ساڵی 2011 لە کاتی ڕوودانی بوومەلەرزە لە شاری (وان)ی باکووری کوردستان، دەزگای بارزانی گەورەترین هاوکاریی مرۆیی لە ئاستی جیهاندا پێشکەشی ئەو خەڵکە کردووە کە لێینا قەوماوە.

 

کە هەر ئەوکات خێوەتگەیەکمان لە وان بەناوی (بارزانی)ییەوە دروست کرد کە چوارسەد خێزان تییدا نیشتەجێ دەبوون. "


هاوکات لە کاتی تێکچوونی ڕەوشی سیاسی و ئابووری کە ڕۆژئاوای کوردستان و وڵاتی سووریا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕۆژی یەکەمەوە هاوکاری و پالپشتێکی باشی ئەو خەڵکە بووە و بەردەوام و راستەخۆ هاوکاریی گەیاندووەتە خەڵکی شاەرەکانی (قامیشلوو، دێرک، حەسەکە و کۆبانێ و پێش ئەوەی پێشمەرگە بگاتە کۆبانێ، دەزگای خێرخوازیی بارزانی گەیشتە کۆبانێ و یارمەتیی خەڵکی لێقەوماوی کرد.



دەزگای خێرخوازیی بارزانی و شنگال :
دەبێ باس لەوە بکەین کەلە مانگی ٨ی ساڵی 2014دا کە شنگال تووشی ئەو کارەساتە مرۆییە ناخۆشە بوو، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شانازییەوە یەکەم دەزگا و یەکەم ڕێکخراوی خێرخوازی بوو کە گەیشتە ناو ئەو خەڵکە و هاوکاریی مرۆیی پێسکەشی ئەو خەڵکە کرد، هەروەها لە کاتی ئازادکردنی چیای شنگال، هەروەها لە کاتی ئازادکردنی قەزای شنگالیشدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام ئامادەیی هەبووە و لەو کاتەی کە کوردی سڤیلی شنگال لەسەر چیای شنگال گەمارۆ درابوون، تەنیا دەزگایەک کە توانیبێتی هاوکاریی بگەیەنێتە سەر چیاکە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بووە.

 
بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق، پەرلەمانی کوردستان و ڕێکخراوە جیهانییەکان توانیومانە لەڕێگەی کۆپتەرەوە خۆراک بۆ ئاوارە و لێقەوماوانی شنگال فڕێ بدەینە خوارەوە بۆ ئەوەی بتوانن سوودی لێ وەربگرن و بتوانین لە مەترسیی مەرگی ڕزگاریان بکەین.


هاوکات لەکاتی کردنەوەی ڕێگای وشکانی بۆ سەر چیای شنگال، یەکەم کاروانی هاوکاریی خۆمان گەیاندە ئەوێ و جێگەی خۆیەتی سوپاسی زۆر بەڕێز (مەسروور بارزانی) بکەین کە وەک سرۆکی بۆردی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەموو کات پاڵپشتمان بووە و یارمەتیی داوین کە بەگشتی هاوکاریی خەڵک و بەتایبتی هاوکاریی خەڵکی شنگال بکەین.


ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئێمە ئێستا لەسەر چیای شنگال ئۆفیسمان هەیە کە هیچ دەزگایەکی دیکە و تەنانەت UNیش لەوێ بارەگایەکی هەبێت، ئێمە لەوێ ئامادەین. لە ناوەڕاستی ساڵی 2016 دەزگای خێرخوازیی بارزانی دوو قوتابخانەی لەگەڵ LDCی ئەمریکی بۆ خەڵک و قوتابیانی سەر چیای شنگال دروست کردووە، هەروەها لەگەڵ چەند ڕێکخراوی دیکەدا توانیومانە کارەبا بۆ خەڵکی نیشتەجێی ناو چیای شنگال دابین بکەین کە زیاتر لە دوو هەتا سێ هەزار خێزانی تێدایە."


دیسان لەگەڵ ڕێکخراوێکی دیکەی جهیانیدا بنکەیەکی تەندروستیمان بۆ ساز کردوون، بۆ چارەسەکردنی ئەو نەخۆشانەی کە لەوێن، هەروەها توانیومانە یاریگا بۆ منداڵەکان دروست بکەین، لەلایەکی دیکەشەوە سەنتەرێکی ڕۆشنبیری و کولتووریمان بنیات ناوە بۆ چالاکیی ڕۆشنبیری و هونەری.

 


بە هاوکاریی ڕێکخراوی WFBدا مانگانە خۆراک بەسەر خەڵکی نیشتەجیی سەر چیای شنگالدا دابەش دەکات، جێگەی شانازییە بتوانین خزمەتیان بکەین و بۆ ساڵی 2017ش بەرنامەی باشترمان هەیە کە زیاتر خزمەتی خەڵکی نیشتەجێی چیای شنگال و برایانی کوردی ئیزدی بکەین.


دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەڵەبجە:
هەرچەند ئێمە لە سلێمانی ئۆفیسێکی گەورەمان هەیە کە چاودێریی کار و چالاکییەکانی پاریزگایکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین دەکات، بەڵام بەهۆی بوون بە پارێزگای هەڵەبجەوە بەنیازین ئۆفیسێکی گەورە لە شاری هەلەبجە بکەینەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هەڵەبجەمان لەبیر نەکردووە و بەردەوام لەگەڵ خەڵکەکەی لە کۆنتاکدا بووین و لە بواری کاری پەروەردەییدا بۆ قوتابیانی قۆناغی بنەڕەتی هاوکاری و پێدایوتسمان دابەش کردووە، هاوکات وێلچیرمان بەسەر کەسانی خاوەن پیداویستیی تایبەتی هەڵەبجە دابەش کردووە. لە 16/ 3دا ئێمە هاوکاریمان بەسەر منداڵانی شەهیددا دابەش کردووە. هاوکات دوو هەزار پارسێلمان بەسەر خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتەدا دابەش کردووە وبێگومان لەم هاوکارییانە بەردەوامین و ئەمساڵیش پرۆژەی گەورەترمان بۆ هەڵەبجە دەبێت.

 

هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان:
لەم بارەوە ئیبراهیم سەمین بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەزگای خێرخوازیی بازرزانی لە درێژەی ئەم دیدارەیدا بۆ (باسنیوز) گوتی "کاری ڕێکخراوەیی و دامەزراوەکان لە هەموو دنیادا یاسا و پێوەری تایبەت بەخۆی هەیە، ئێمەش وەکوو دەزگای خێرخوازیی بارزانی ساڵی 2016 بووین بە ئەندامی ڕێکخراوی (ئیکۆسۆک) کە ئەنجومنەێکی کۆمەلایەتی و ئابووریی (UN)ە و لە ئاستی جیهاندا کار دەکات. ئەمدامبوون لەم ئەنجومەندا بەو مانایە دێت کە ئێمە مافی ئەوەمان هەیە بتوانین لە هەموو کۆڕ و میتینگەکانی UN کە لە هەر سێ بارەگا فەرمییەکانیدا بەشدار بین، هەروەها دەتوانین پرۆژەی تایبەت بدەین بە یووئێن، هەروەها دەتوانین نوێنەرایەتیی یووئێن بکەی، ئەگەر ئەم ڕێکخراوە لە هەر کوێیەکی جیهاندا داوامان لێ بکات و لە بوارێکی تایبەتدا کار بکەین، کەواتە ئێمە دەتوانین لەڕێگەی ئاژانسەکانی یووئێنەوە دەنگی میللەتێک بگەیەنین بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.


راشیگەیاند "کار و ئەرکی ئێمە ئەوەیە ببینە پردێکی پەیوندی لە نێوان کەسانی خێرخواز و ڕێکخراوە مرۆییەکان و وڵاتانی هاریکاربەخشدا، کە بەختەوەرانە بە شێوەیەکی باش توانیومانە ئەم ئەرکە جێبەجێ بکەین و بەردەوامین لەم ڕێگایەدا."


هاوکات لەگەڵ زۆرێک لە ڕێکخراوە نیودەوڵەتییەکان، هەروەها لەگەڵ وڵاتانی هارکاربەخش پەیوەندییەکی باش و چڕوپڕی هەیە کە دەکرێ ئاماژە بەمانە بکرێن:



ڕێکخراوی GIZی ئەڵمانی- و NRC و UNHCR - UNICEF GFM - - رێكخراوی Food for Hungry ی كه‌نه‌دی و رێكخراوی Greater Than Me Foundationی ئه‌مه‌ریكی، مانگی سووری ئیماراتی، وڵاتانی کوێت، سعوودیە، و وڵاتانی دیکەی کەنداو و کونسووڵ و نوێنەرایەتییەکانی دیکەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، زۆرێک لە کۆمپانیا و ناوەندە ئابووری و خێروزییەکان، هەروەها رێکخراو و کەسانی خێرخواز و دەوڵەمدنی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی باش و بەسوودی هەیە.


پرۆژەی ئازیزان بۆ چاودێری منداڵانی بێباوک:

ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە سەرەکی و سەرکەوتووەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە لە ساڵی ٢٠٠٩ دا دەمەزراوە و هەتا ئێستا بەردەوامە لە چالاکی و فراوانبوون. ئەم پرۆژەیە کە لە دوو بەش پێکهاتووە: پرۆژەی ئازیزان/ ئیمارات، کە بە هاوکاریی دەزگای مانگی سووری ئیماراتی بەڕێوە دەچێت و زیاتر لە ٦ هەزار منداڵی بێباوک لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵەوە لەخۆی دەگرێت. لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە هەر منداڵێک مانگانە ٣٥ دۆلاری ئەمریکی، یان زیاتر وەردەگرێت. پڕۆژەی ئازیزان/ کوردستان، ئەم پڕۆژە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاری خۆماڵی ناو هەرێمی کوردستان بەڕیوەی دەبات. کۆمپانیاکان و کەسانی چاکەکار و خاوەنکار و دەوڵەمەند بەشداری دەکەن لە دابینکردنی بوودجەی ئەم پڕۆەژەیە کە زیاتر لە ٤٥٠٠ منداڵی بێباوکی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ لەخۆی دەگرێت. لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە هەر منداڵێک مانگانە بڕی ٥٠ دۆلاری ئەمریکی وەردەگرێت. کە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان لە هەردوو بوارەکەدا ١٧ هەزار منداڵ لەم هاوکارییانە سوودمەند دەبن.


ئیبراهیم سەمین لە کۆتاییدا گوتی: سوپاس بۆ ئەم دەزگا و ڕێکخراو و لایەنانەی کە هاوکاریمان دەکەن.:


بۆ سەرجەم ئەو خەڵکە دەوڵەمەند و خێرخوازانەی کە لەڕێگەی ئێمەوە هاوکارییەکان دەگەیەنن بە خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت.


- ئەو ڕێکخراوە جیهانییانەی کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەم دەزگایە توانیویانە هاوکاریی خەڵکی هەژار و ئاوارە و پەنابەرەکانی نیشتەجیی هەرێمی کوردستان بکەن.


- بۆ دەوڵەتی کوێت کە هەماهەنگییەکی باشی لەگەڵ دەزگا هەیە.


- بۆ مانگی سووری ئیماراتی کە هەمانگییەکی باشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەیە و پرۆژەی بەردەوام و هاوبەشمان هەیە.


سوپاس بۆ ڕێکخراوی LDS کە ساڵانە پرۆژەی هاوبەشمان هەیە کە بە یەکەوە کە هاوکاریی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت و خاوەن پیداویستییە تایبەتەکان دەکەین.


- داواش دەکەین ئەو خەڵکە خێرخوازانەی کە دەیانەوێ یارمەتیی هەژار، و ئاواە و پەنابەران دەکەن با لەڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە پەیامی مرۆیی خۆیان بگەیەنن، چونکە ئەم دەزگایە بە شێوەیەکی سەردەمیانە و دیسیپلین و ئەکادیمی کار لەسەر کەیسی پەنابەر و ئاوارە و خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت دەکات و بەبێ جیاوازی هاوکارییەکان دەگەیەنێتە خەڵکێک کە پێوسیتی بە هاوکاری و یارمەتی هەیە.

 

ئەلبوومی وێنەکان