کافتریاکانی نێرگەلەکێشان پڕ بوون لە منداڵ و هەرزەکار

هیچ یاسا و رێنماییەک نییە و حکوومەت لە گوێی گادا نووستووە!

كێشانی نێرگه‌له‌ له‌لایه‌ن گه‌نجانی خوار تەمەن 18 ساڵ و هەرزەکارانەوە له‌ كافتریاكانی کوردستاندا، له‌م دوو سێ ساڵەی رابردوودا ڕوو له‌ هه‌ڵكشانه‌ و بووەتە دیاردە، ئه‌مه‌ لە کاتێکدایە کە هیچ یاسا و رێنماییەک بۆ خاوەن ئەو کافتریایانە نەچووە تا رێگری لە فرۆشتنی نێرگەلە بە منداڵان بکات ز دەزگا پەیوەندارکان لەوپەڕی بێخەمیدان.

 

سه‌ركار كوڕێكی ته‌مه‌ن 16 ساڵەی، قوتابی له‌ قۆناغی ئاماده‌یی، دانیشتووی شاری هه‌ولێره‌، له‌میانه‌ی سه‌ردانمان بۆ یه‌كێك له‌ كافتریاكان، دانیشتبوو دووكه‌ڵی نێرگەلەی به‌با ده‌كرد ئەو بۆ (باس) گوتی: "من عاشقم، ئه‌گه‌ر هه‌فتانه‌ به‌ لایه‌نی كه‌م سێ جار نێرگه‌له‌ نه‌كێشم هه‌ست ده‌كه‌م ده‌روونم تێك ده‌چێت و ناتوانم كۆنتڕۆڵی خۆم بكه‌م، هه‌روه‌ها به‌ دزیی ماڵه‌وه‌ش نێرگه‌له‌ ده‌كێشم، له‌به‌ر بۆنی جگه‌ره‌ ناتوانم جگه‌ره‌ بكێشم، بۆیه‌ نێرگه‌له‌ تام و بۆنی له‌ جگه‌ره‌ خۆشتره‌“.
دلێر عومه‌ر، خاوه‌ن یه‌كێك له‌ كافتریاكان، ته‌مه‌نی 29 ساڵە و دانیشتووی شاری هه‌ولێره‌ و ده‌ڵێت: "زیاتر گەنجانی ته‌مه‌ن 15 تا 18 ساڵی سه‌ردانمان ده‌كه‌ن، نێرگه‌له‌كێشانیش له‌م دوو ساڵه‌دا له‌لایه‌ن گه‌نجان وه‌كو خووێكی لێ هاتووه‌ و لای ئێمه‌ش هیچ ڕێنماییه‌ك نییه‌ و بۆمان نه‌هاتووه‌ نێرگه‌له‌ نه‌ده‌ین به‌ گه‌نجانی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ، بۆیه‌ له‌ هه‌ر ته‌مه‌نێك بێت گرنگ نییه‌، گرنگ لای ئێمه‌ بازاڕ هه‌بێ و كار بكه‌ین“.


سه‌مانا، كچێكی ته‌مه‌ن 17 ساڵ، به ‌ده‌م نێرگه‌له‌كێشانه‌وه‌ گوتی: "ڕۆژانه‌ دانه‌یه‌ك تا دوو نێرگه‌له‌ ده‌كێشم، له‌ كاتی كێشاندا كوڕان به‌ جۆرێك سه‌یرمان ده‌كه‌ن كه‌ شتێكی نا‌وازه‌یه‌ كچ نێرگه‌له‌ بكێشێت،“.


گوتیشی: ”نێرگه‌له‌كێشان لای كچانی به‌غدایی و عه‌ره‌ب و تورك و فارس شتێكی ئاساییه‌، به‌ڵام نه‌مدیوه‌ كچانی كورد بەتایبه‌ت لە هه‌ولێر له‌ كافتریاكان نێرگه‌له‌ بكێشن. ئه‌و شوێنه‌ی به‌رده‌وام بۆی ده‌چم هه‌فتانه‌ ڕۆژێك بۆ ئافره‌تان فرییە“.


دکتۆر به‌كر رحمان لهیبانی، پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناو و گورچیله‌ ده‌ڵێت: "نێرگه‌له‌ كه‌ به‌ ناوه‌كانی (شیشه‌، گۆزه‌، هووكه‌، پایپ)یش ناو ده‌برێت، ئه‌و تووتنه‌ی تێدا به‌كار ده‌هێنرێت زیانی كه‌متر نییه‌ له‌و تووتنه‌ی له‌ جگه‌رەدا به‌كاری دێنن، ئه‌و ئاوه‌ی له‌ناو نێرگه‌له‌شدایه‌ ژه‌هری تووتنه‌كه‌ ناپاڵێوێت، به‌ڵكوو هه‌موو پێكهاته‌ نیكۆتینییه‌كه‌ له‌ناو تووتنی نێرگه‌له‌کەدا وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه‌“.


پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناو گورچیله‌ ده‌ڵێت: "ئه‌و كه‌سه‌ی نێرگه‌له‌ ده‌كێشێت، ڕێژه‌یه‌كی زیاتری تووتنه‌كه‌ هه‌ڵده‌مژێت، وه‌ك له‌ كه‌سێك كه‌ جگه‌ره‌ ده‌كێشێت، چونكه‌ له‌ هه‌ڵمژینی نێرگه‌له‌دا ڕێژه‌یه‌كی زیاتر له‌ دووكه‌ڵ هه‌ڵده‌مژرێت، هه‌ندێك جار زیاتر له‌ سەعاتێک نێرگه‌له‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ده‌میانه‌وه‌، قومی زیاتر لێ ده‌درێت“.


د. به‌كر روونیشی کردەوە: "دووكه‌ڵی نێرگه‌له‌ زیاتر به‌ هۆكاری شێرپه‌نجه‌ی سی و كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ و نه‌خۆشییه‌كانی دڵ داده‌نرێت، هه‌روه‌ها پاكنه‌كردنه‌وه‌ی شووشه‌ی ئاوی نێرگه‌له‌كه‌ ده‌بێته‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ندین جۆری هه‌وكردن و نه‌خۆشیی مه‌ترسیدار، ئه‌و ژنانه‌ی له‌ كاتی دووگیانیدا نێرگه‌له‌ بكێشن، ئه‌گه‌ر كۆرپه‌كه‌ی له‌ سكیدا نه‌مرێت ئه‌وا به‌ كێشی كه‌م و لاواز و كه‌موكورتییه‌وه‌ له‌دایك ده‌بێت“.


گه‌شه‌ دارا حه‌فید، سه‌رۆكی لێژنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی منداڵ و خێزان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ڕوونی كرده‌وه‌، ته‌نگژه‌ی دارایی و خراپیی باری ئابووری ته‌نگی هه‌ڵچنیوه‌ له‌ به‌رده‌م حكوومه‌ت و دا‌موده‌زگاكان، بۆ جێبه‌جێ نه‌كردنی ئه‌ركه‌كانیان وه‌كو پێویست، بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر كارێك كاتێ په‌نا بۆ حكوومه‌ت ده‌برێت، ده‌ڵێن پاره‌ نییه‌، ئه‌مه‌یان كردووەته‌ بیانوو“.


گه‌شه‌ ده‌ڵێت: "ده‌رهاوێشته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ و كاریگه‌ریی نه‌رینی له‌سه‌ر ده‌روونی تاكه‌كان جێ هێشتووه‌، هه‌ر ته‌نیا به‌ نێرگه‌له‌ نه‌وستاوه‌، به‌ڵكوو نێرگه‌له‌كێشان بووەته‌ په‌رده‌پۆشكردن بۆ كاری تر و به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌لایه‌ن گه‌نجانەوە“.


پێوەند بەم پرسە د.خالس قادر، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌ڵێت: "له‌ چوارچێوه‌ی یاسایی قه‌ده‌غه‌كردنی جگه‌ره‌كێشان له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ هه‌ر شوێنێك كه‌ نێرگه‌له‌ی تێدا ده‌كێشێرێت نه‌نووسرابێت (كۆفی شۆپی نێرگه‌له)،‌ ئه‌وا ئه‌و شوێنه‌ بێ مۆڵه‌ته‌ و قاچاغه‌. له‌ خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵی ناكرێت له‌و شوێنانه‌ نێرگه‌له‌ بكێشێت و پێی بفرۆشرێت“.


ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، کە پۆلیس و وه‌زاره‌تی ناوخۆ وه‌كو پێویست له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هاوكار نه‌بوونه‌ له‌ سه‌ردانی كافتریاكان، تا له‌ كاتی سه‌رپێچیكردن له‌ ڕێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی سزا بدرێن.


ده‌شڵێت: ”ژماره‌یه‌ك له‌ تیمی دیاریكراومان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌رده‌وام له‌و شوێنانه‌ ئاماده‌ نین، له‌وانەیه‌ مانگی جارێك بچن و نه‌توانن بیكه‌نه‌ دیكومێنت، هه‌روه‌ها له‌كاتی سه‌ردانكردنیش ئه‌و گه‌نجانه ‌له‌ كافتریاكان نابن“.


ئه‌و ده‌ڵێت: "به‌پێی ئاماره‌كانی سه‌نته‌ره‌كانی نه‌خۆشخانه‌ی دڵ و فریاكه‌وتن و نه‌خۆشخانه‌كانی تر، تووشبووانی نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و گیرانی بۆڕییه‌كانی خوێن، جه‌ڵته‌ی دڵ و جه‌ڵته‌ی ده‌ماغ زیاتر گه‌نجن، ئه‌م حاڵاتانه‌ش ڕۆژانه‌ یاخود حه‌فتانه‌ ده‌بینرێت، هۆكاره‌كه‌شی كێشانی نێرگه‌له‌ و جگه‌ره‌یە کە لای گه‌نجان له‌ هه‌ڵكشاندایە“.


لای خۆیەوە نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامی هه‌ولێر بۆ (باس) ده‌ڵیت: ”ئێمه‌ لایه‌نی جێبه‌جێكارین، هه‌ر نووسراوێك بێت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌ پێوه‌ندیداره‌كانی وه‌ك ته‌ندروستی و ناو‌خۆ و گه‌شتوگوزار ئێمه‌ جێبه‌جێی ده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و بابه‌ته‌ لای ئێمه‌ شتێكی تازه‌یه‌ و هیج یاسا و ڕێنماییه‌ك بۆ شێوازی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا ده‌رنه‌كراوه‌“.