چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

ئەوانەی دەچنە لوتکەی ھەڵگورد چی دەگێڕنەوە؟


رۆژی ھەینی رابردوو 17/3/2017، پەنجا شاخەوانی کورد بە سەرپەرشتیی فیدراسۆنی شاخەوانانی کوردستان و بە ھاوکاریی شاخەوانانی ھەڵگورد گەشتێکیان بۆ سەر لوتکەچیای ھەڵگورد ئەنجامدا، ئەوان کە لە ھەر چوارپارچەی کوردستان بۆ ئەم گەشتە کۆ بوونەتەوە، مەبەستیان ئەنجامدانی وەرزشی شاخەوانی و ھەڵگەڕانیانە بەسەر بەرزترین لوتکەچیای عێراق و ھەرێمی کوردستان کە سێ ھەزار و 607 مەتر لەسەر ئاستی رووی دەریاوە بەرزە.

سالار ئیسماعیل، بەرپرسی گروپی شاخەوانانی ھەڵگورد بۆ (باس) رایگەیاند: "ئێمە زیاتر لە پەنجا شاخەوان بزوین لە ھەردوو رەگەز، ئەمە یەکەمجارە شاخەوانەکان لە مانگی شوبات بتوانن خۆیان بگەیەننە ترۆپکی لوتکەی ھەڵگورد، دوای بڕینی ھەورازێکی سەخت و مەترسییە جۆراوجۆرەکان توانیمان ریکۆردەکە بشکێنین و سەرکێشییە سەختەکە ببڕین".

ئەو شاخەوانە ئاماژە بەوە دەکات، کە لە رۆژی یەکەمدا گەیشتوونەتە بناری ھەڵگورد و لەوێ کەمپیان دامەزراندووە و "لەسەر 15 مەتر بەفر کەمپمان دامەزراند و خێوەتەکانمان ھەڵدان، ئەو شەوە لەژێر 20 پلەی ژێر سفری سەدی رۆژمان کردەوە، دواتر کاتژمێر پێنجی بەیانی ھەستاین بۆ ئەوەی بەڕێبکەوین بۆ لوتکەکە، نیوکاتژمێرمان پێ چوو تا پێڵاوەکانمان نەرم کردنەوە بە غاز، چونکە بەھۆی ساردی و سەرما ھەموویان وەک بەرد لێھاتبوون".

تەماتەوڕۆن و چەند خواردنێکی شلەی گەرم لەگەڵ خواردنەوەی چایی، رەنگە ساردی ئەوشەوە لەبیر شاخەوانان بباتەوە، بەڵام زۆری بەفر و مەترسی گەلەگورگ و ساردوسڕی شەوانی ئەو ناوچەیە، بەرەو جیھانێکی دیکەت دەبات و وات لێدەکات لەژێر خێوەتە بچوکەکان و لەناو کیسەخەوە تایبەتەکان وەسیەتنامەی خۆت بنووسی.

کاتژمێر پێنجی بەیانییە شاخەوانان خۆیان کۆ دەکەنەوە بۆ ھەڵگەڕان بەسەر لوتکەکە، کارە دژوارەکە لێرە دەست پێ دەکات، ھەموویان تەواوی توانا و ھێزی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ ھەڵزنان بەسەر ھەورازە سەختەکان، رەنگە ھەڵەیەکی بچووک ببێتە ھۆکاری لەدەستدانی گیانی شاخەوانەکان، بۆیە ھەموویان  لێزانانە ھەنگاو ھەڵدێنن و بەشوێن پێی یەکتریدا سەردەکەون و ناوەناوەش یارمەتیی یەکتری دەدەن، دوای رۆیشتن بۆ ماوەیەک لەبن چەقەڵەشاخەکان پشوودەدەن و پاروەنانێکی سەرپێیی دەخۆن.

زۆزک حەمەد، یەکێکی دیکە لە شاخەوانەکان بۆ (باس) گووتی: "لەم گەشتانەدا دەبێت کەلوپەلی تایبەتمان پێ بێت، شاخەوانەکان ھەموویان کیسەخەوی -18 یان پێیە، واتا ئەگەر پلەی گەرمی بۆ 18 پەلی ژێر سفری سەدی دابەزێ کیسەخەوەکە دەمانپارێزێت و لەگەڵ خواردنی تایبەت، جگە لەوەش مەترسیی ئاژەڵە دڕندەکانیش لە ئارادایە".

ئەو شاخەوانە گلەیی لە لایەنی پەیوەندیدار دەکات کە بۆ ئەم گەشتانە ھاوکاری گرووپەکان ناکەن، تا لە رووداوە دڵتەزێنەکان و ھەرەسھێنانی بەفر بە ھەلی کۆپتەر بەھانایانەوە بچن.

دوای گەیشتنی شاخەوانەکان بۆ سەر لوتکەچیای ھەڵگورد، ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەرزدەکەنەوە، دواتر بە ئەسپایی بەرەو خوارەوە دەگەڕێنەوە، بەڵام ئەم قۆناغە دژوارترە لە قۆناغی پێشووتر، بۆیە ئەوان پەتی تایبەت بەکاردێنن بۆ بەیەکبەستنەوەی شاخەوانەکان تا لە مەترسی ھەڵدێران و ھەرەسھێنانی بەفر بەسەلامەتی  بگەڕێنەوە.

بایزی نیک بەخت یەکێ لەو شاخەوانە کوردانە بوو کە گەشتی بۆ زۆرێک لە وڵاتان کردووە و بەسەر لوتکەچیا بەرزەکانی وڵاتان لەگەڵ شاخەوانە نێودەوڵەتییەکاندا سەرکەوتووە، جگە لەو شاخەوانە، لەم گەشتەدا سێ کچە شاخەوانی کورد بەشدارییان کرد و توانیان ھاوشانی شاخەوانە کوڕەکان بگەنە سەر ترۆپکی لوتکەکە، وەک شاخەوانەکان دەڵێن: "وەرزشی شاخەوانی سوودێکی زۆری بۆ جەستە ھەیە، چونکە لەناو سروشتێکی دڵڕفێندا وەرزش دەکەی پڕ بە سینەت ھەوای پاک ھەڵدەمژی و ھەست بە ماندوو بوون ناکەیت، لەوچوارچێوەیەشدا کلۆرێکی زۆر لە جەستە دەردەکەیت".

لەمانگی ڕابردوودا گروپێکی دیکەی ئەوروپی گەشتیان بۆ ھەڵگورد کرد و شەوێک لەناو ساردی و سڕی ئەو چیایەدا رۆژیان کردەوە و وابڕیاریشە لە مانگی سێی ئەمساڵ گەشتی شاخەوانە ئەوروپییەکان بۆ ھەڵزنان بەسەر ھەڵگورد بەردەوامی ھەبێت.

ساڵانە جگە لە شاخەوانانی کوردستان، لە وڵاتانی (فەڕەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، چیک، ژاپۆن، ئەمریکا، ئوسترالیا، سوید و زۆرێک لە وڵاتان) شاخەوانی نێودەوڵەتی لەرێگای کۆمپانیاکانی گەشتیاری و بەتایبەتی کۆمپانیای سێکرێک کۆمپۆسی بەریتانی بە ھاوکاری کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد-بەریتانیا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن و بەسەر لوتکەچیای ھەڵگورد ھەڵدەگەڕێن، ئەمەش کەرتی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان بە گشتی و ناوچەی باڵەکایەتی بەتایبەتی دەبوژێنێتەوە.





وێنەکان: گروپی شاخەوانانی ھەڵگورد           


ئەلبوومی وێنەکان