چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە قومارکردنی ئەلیکترۆنی بڵاو دەبێتەوە

پۆلیس: پێویستە خەڵکی ئاگاداری خۆیان بن

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، چەندین ئەکاونت و پێگەی تایبەت بە قومارکردنی ئەلیکترۆنی و کڕین و فرۆشتنی دراوی پەیوەندیدار بەو قومارکردنە کراوەتەوە و کۆمپانیاکانی گەیاندنی کوردستان و عێراقیش وەک ئامرازی گرەوکردن بەکار دەهێنن.

 

بەپێی بەدواداچوونێکی (باسنیوز)، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە تایبەتیش تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، بە زمانی کوردی، چەندان جۆر ئەکاونت و پێگەی تایبەت بە قومارکردنی ئەلیکترۆنی کراونەتەوە کە لە ڕێگەی سپۆنسەرکردنەوە، خراوەتە بەردەم دەیان هەزار کەس لە کوردستان.

 

ئەم جۆرە قومارکردنە، بە مەبەستی کۆکردنەوەی زۆرترین هەوادار بۆ خۆی، بە جۆرەها شێوە بانگەشەی بۆ دەکرێت و لە ڕێگەی دانانی وێنەی سەرنجڕاکێشی ئافرەتان و دەستنیشانکردنی باڵانسی کۆمپانیاکانی تەلەفۆن وەک یەکەی ئاڵوگۆڕکردن، هەوڵدەدەن بە هەموو شێوەیەک لەنێو خەڵکیدا بڵاو ببنەوە.

 

لەو جۆرە قومارکردنانەدا، باڵانسی کۆمپانیاکانی (کۆڕەک تیلیکۆم، ئاسیاسێڵ و زین) بەکار دەهێندرێت. لەمبارەیەوە سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای (کۆڕەک تیلیکۆم) بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئەو کەسانەی ئەم پەیجانەیان داناوە، خۆیان بۆ ئاسانکاریی نێو تۆڕەکانیان، باڵانسی کۆڕەک یان کۆمپانیاکانی دیکەیان وەک دراوی یاریکردن دیاری کردووە، ئەگینا کۆڕەک تیلیکۆم پەیوەندی بەو بابەتانەوە نییە و ئاگاداریشی نییە“.

 

لەلایەن خۆیەوە، نەقیب ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئێمە تێبینی بڵاو بوونەوەی ئەو جۆرە قومارانەمان کردووە. پێویستە خەڵکی ئاگاداری خۆیان بن، ئەو کێشەیە پەیوەندی بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنەوە ھەیە، دەبێت ڕێکار بگیرێتە بەر و نووسراوی یاساییان لەسەر بکەن، تاوەکوو ئێمە بیکەینە سکاڵا و کاری لەسەر بکەین“.

 

بەپێی یاسا و ڕێنماییەکانی هەرێمی کوردستان، قومارکردن قەدەغەیە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکان، ڕێوشوێن بەرامبەر ئەو شوێنانە دەگرێتە بەر کە یاریی قومارکردنیان تێدا دەکرێت. لە کاتێکدا بەشێکی بەرچاوی بەکارهێنەرانی تۆڕە ئەلیکترۆنییەکان لە کوردستان لە خوار تەمەنی 18 ساڵیدان، بۆیە مەترسیی ئەوە هەیە کە مێردمنداڵان بکەونە نێو تۆڕەکانی ئەم جۆرە قومارکردنە.

 

بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر، (باسنیوز) پەیوەندی بە گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنەوە کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە دەرەوەی وڵاتە، وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە. لە نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتەکەش بە (باسنیوز)یان ڕاگەیاند کە تەنیا گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتەکەیان دەتوانێت لەمبارەیەوە زانیاری بدات.

ئەلبوومی وێنەکان