لەنێو گەنجانی خورماتوودا به‌كارهێنانی مادده‌ى هۆشبه‌ر زیادى كردووه‌

لە دوای هاتنی حەشدی شەعبییەوە

له‌ سنوری قه‌زاى خورماتوودا، به‌كارهێنانى مادده‌ى هۆگشبه‌ر، خەریکە له‌ حاڵه‌ته‌وه‌ دەبێته‌ دیارده‌، ئه‌مه‌ش له‌دواى هاتنی چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبی بۆ سنوورى خورماتوو دێت و هاووڵاتییانى خورماتووش داواكارن ڕێگه‌ له‌و دیارده‌یه‌ بگیرێت.


نه‌جم جه‌مال، كه‌سایه‌تییه‌كى دیاری قه‌زاى خورماتووه‌، سه‌باره‌ت به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى مادده‌ى هۆشبه‌ر بۆ (باس) گوتی: "ماوه‌یه‌كه‌ له‌ خورماتوو، به‌كارهێنانی مادده‌ى هۆشبه‌ر به‌تایبه‌ت له‌ناو تویژی گه‌نجاندا زیادى كردووه‌ و ئه‌مه‌ش دواى هاتنی چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبی دێ بۆ ناوچه‌كه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبی، به‌شێكیان ئالووده‌ى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان بوونه‌ و ئێستاش خۆیان حاكمن و له‌ ئێران و باشوورى عێراقه‌وه‌ ئه‌و ماددانه‌ ده‌هێنن و به‌كارى ده‌هێنن و خه‌ڵكى تریش له‌گه‌ڵ خۆیان فێری به‌كارهێنانى ئه‌و ماددانه‌ ده‌كه‌ن".


نەجم گوتیشی: "مادده‌ى هۆشبه‌ر پتر له‌ناو چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبی و هاووڵاتییانی توركمانى شیعه‌ بڵاو بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ندێك له‌ هاووڵاتییانی كورد و عه‌ره‌ب و ته‌نانه‌ت توركمانى سوننه‌ش تێوه‌ گلاون و فێری به‌كارهێنانى بوونه‌، ئێستا له‌ خورماتوو زۆر به‌ئاسانى ئه‌و ماددانه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت و خه‌ڵكانێك هه‌ن بازرگانیى پێوه‌ ده‌كه‌ن".


سه‌رچاوه‌یه‌كى ته‌ناهی له‌ خورماتوو بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبی، به‌ مه‌به‌ست هه‌وڵ ده‌ده‌ن گه‌نجانى خورماتوو فێری به‌كارهێنانى مادده‌ى هۆشبه‌ر بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى گه‌نجان له‌ ڕێگه‌ى ڕاست لاڕێ بكه‌ن و هاوشێوه‌ى خۆیان فێری به‌كارهێنانى ئه‌و ماددانه‌ بن. له‌ خورماتوودا چه‌ند شوێنێكى كه‌لاوه‌ئاسا هه‌ن به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ردوو گه‌ڕه‌كى عه‌سكه‌رى و تین، به‌ شه‌وان گه‌نجان لێی كۆ ده‌بنه‌وه‌ و مادده‌ى هۆشبه‌رى تێدا ده‌كێشن".


سه‌رچاوه‌كه‌ى (باس) ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، به‌كارهێنانى مادده‌ى هۆشبه‌ر له‌ خورماتوو به‌ شێوه‌یه‌كه‌ له‌ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ تیرۆریستانى داعش و حه‌شدى شه‌عبی مه‌ترسیدارتره‌ بۆ سه‌ر خه‌ڵكى خورماتوو، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر نه‌توانرێت له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مدا بازرگانان و به‌كارهێنه‌رانى مادده‌ى هۆشبه‌ر ده‌ستگیر بكرێن، ئه‌وا له‌ كۆنتڕۆڵ ده‌رده‌چێت.


قه‌زاى خورماتوو دانیشتووانه‌كه‌ى 200000 كه‌سه‌ و له‌ كورد و عه‌ره‌ب و توركمانی شیعه‌ و سوننه‌ پێكدێت، پێش هاتنی تیرۆریستانى داعش بۆ سنوورى خورماتوو، به‌ به‌رده‌وام له‌ لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ كوشتن و ته‌قینه‌وه‌ و ڕفاندنى تێیدا ئه‌نجام ده‌درا و له‌ كاتى هاتنی داعشیش سه‌دان هاووڵاتی بوونه‌ قوربانی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانى داعش و دوای هاتنی چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبی بۆ خورماتوو و دوو جار شه‌ڕكردنیان له‌گه‌ڵ كوردانى قه‌زاكه‌، كه‌ بووه‌ هۆی شه‌هیدبوونى ده‌یان كه‌س و برینداربوونى ده‌یانى تر و دواى ئارامبوونه‌وه‌ى دۆخى ته‌ناهیی خورماتوو بۆ ماوەیه‌ك، ئێستا بازرگانى و به‌كارهێنانی مادده‌ى هۆشبه‌ر به‌رۆكى خه‌ڵكه‌كه‌ى گرتووه‌.


له‌م باره‌یەوه‌ عه‌قید نیزام فازڵ، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی خورماتوو، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "له‌ خورماتوودا به‌كارهێنانى مادده‌ى هۆشبه‌ر له‌ لایه‌ن گه‌نجانه‌وه‌ زیادى كردووه‌ و هێزه‌كانى پۆلیس و ده‌زگا ته‌ناهییه‌كانى ترى خورماتوو، له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا توانییان 18 كه‌س به‌ تۆمه‌تى به‌كارهێنانى مادده‌ى هۆشبه‌ره‌وه‌ ده‌ستگیر بكه‌ن و لێكۆڵینه‌وه‌مان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر به‌كارهێنه‌ران و هاوكات بازرگانانى مادده‌ى هۆشبه‌ر".


به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی خورماتوو گوتیشی: "ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ر كه‌سێك مادده‌ى هۆشبه‌ر به‌كار بهێنێت، یاخود كڕین و فرۆشتنى پێوه‌ بكات، ده‌ستگیری ده‌كه‌ین و ڕاده‌ستى دادگاى ده‌كه‌ین".


ئاشكراشی كرد، له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، 3 كه‌س به‌هۆی به‌كارهێنانى مادده‌ى هۆشبه‌ره‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ى ده‌ستگیر كراون، له‌ لایه‌ن دادگاوه‌ هه‌ر یه‌كێكیان 10 ساڵ زیندانیى بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌.


به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، هه‌ندێك له‌ ده‌رمانخانه‌كان له‌ خورماتوو، به‌بێ بوونی هیچ به‌ڵگه‌یه‌كى پزیشكى جۆره‌ حه‌ب و شرووبێك به‌ گه‌نجان ده‌فرۆشن و ئه‌و گه‌نجانه‌ش به‌ مه‌به‌ستی له‌ هۆش بردنیان به‌كارى ده‌هێنن و تا ئێستاش لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان نه‌یانتوانیوه‌ ڕێگه‌ له‌و كرده‌وه‌یه‌ بگرن.


پێشتر، فاروق ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشی خورماتوو، بۆ (باس) ڕای گه‌یاندبوو "به‌پێی ئامارێك كه‌ له‌به‌ر ده‌ستماندایه‌ 500 كه‌سی ئالووده‌ به‌ مادده‌ى هۆشبه‌ر له‌ خورماتوودا هه‌نه‌ و به‌شێك له‌وان ده‌ستگیر كراون و به‌شی هه‌ره‌ زۆریشیان هێشتا ده‌ستگیر نه‌كراون".


به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشی خورماتوو ڕاشی گه‌یاندبوو: "به‌شى هه‌ره‌زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ مادده‌ى هۆشبه‌ر به‌كار ده‌هێنن له‌ چینی گه‌نجان و قوتابییانن و ناوى قوتابخانه‌كان و قوتابییه‌كانیشمان له‌به‌رده‌ستدایه‌ و ئه‌و مادده‌ هۆشبه‌رانه‌ى كه‌ بازرگانى و كڕین و فرۆشتن و به‌كار ده‌هێنرێن، بریتین له‌ تلیاك و حه‌شیشه‌ و كریستال و جۆره‌ حه‌ب و شرووبێك كه‌ مرۆڤ له‌ هۆش خۆی ده‌بات".