تراژیدیای شه‌هیدبوونی یه‌كه‌م شه‌هیدی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌

هاوسەرەکەی: نه‌مده‌توانی به‌جێی بهێڵم، تا ئه‌و كاته‌ی بە خاکم سپارد

بۆ یه‌كه‌مین جار، هه‌فته‌نامه‌ی (باس) تراژیدیای چیرۆكی شه‌هیدبوونی یه‌كه‌م شه‌هیدی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌. هاوژینه‌كەیشى ده‌ڵێ:"یه‌كێك بووه‌ له‌ ئافره‌ته‌ میهره‌بانه‌كان".


ڕووناك عه‌بدولكه‌ریم عه‌بدولڕه‌حیم، ناوی ته‌واوی یه‌كه‌م شه‌هیدی كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، كه‌ به‌ خاك سپێردراوه‌، له‌ ساڵی 1966 له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌دایك بووه و پیشه‌ی مامۆستا بووه‌.


ئیسماعیل ئه‌حمه‌د، هاوژینی ڕووناك ده‌گێڕیته‌وه‌: "له‌ ڕۆژی (28/8/1987)، له‌گه‌ڵ مامۆستا (ڕووناك) هاوسه‌رگیریمان كرد، دوای 11 مانگ خوای گه‌وره‌ كوڕێكی پێ به‌خشین و له‌سه‌ر داوای ئه‌و ناومان نا (ئه‌نه‌س)، كاتێكیش كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ ڕووی دا ئه‌نه‌س ته‌مه‌نی ته‌نیا چوار مانگ بوو".


وه‌ك ئیسماعیل ده‌گێڕێته‌وه‌، ماڵیان له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌رای شاری هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌، ڕۆژی (16/3/1988) سەعات (11:50) خولەك بۆمبی كیمیاویی بەر ماڵیان كەوتووه‌، له‌و كاته‌شدا میوانیان هه‌بووه‌ و به‌ هه‌موویانه‌وه‌ نزیكه‌ی 10 كه‌س بوون، لە خۆی و ئه‌نه‌س بترازێ، له‌و ڕووداوه‌دا هاوسه‌ر و میوانه‌كانی هه‌موویان شه‌هید بوون.


هه‌روه‌ها ده‌شڵێ: "ڕووداوه‌كه‌ تراژیدیایه‌كی زۆر ناخۆش و کارەسات بوو، دیوار و داروبه‌ردی خانووه‌كه‌مان هه‌موو ڕووخان به‌سه‌ر یه‌كدا، ته‌نیا توانیم ڕووناكی خێزانم له‌ژیر داروبه‌رده‌كان ده‌ربهێنم، به‌ڵام ئه‌ویش شه‌هید بووبوو".


دوای دوو سەعات له‌ سه‌ره‌تای كاره‌ساته‌كه‌ و شه‌هیدبوونی هاوسه‌ره‌كه‌ی، ئیسماعیل، ڕووناكی خێزانی له‌ناو قه‌برێكدا كه‌ پێشتر هه‌ڵكه‌نرابووه‌ له‌ ناو مزگه‌وتی حه‌مزه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی باش به خاك ده‌سپێرێت. به‌ گوته‌ی خۆیشی: "هاوسه‌ره‌كه‌ی یه‌كه‌مین شه‌هیدی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ كه‌ به‌ خاك سپێردراوه‌".


به‌ده‌م گریانه‌وه‌ قسه‌ی بۆ (باس) ده‌كرد و گوتی: "ئه‌و ڕۆژه‌ زۆر سه‌خت بوو، ڕه‌نگه‌ دایك كۆرپه‌ی خۆی جێ هێشتبێت، به‌ڵام له‌به‌ر خۆشه‌ویستی و وه‌فام بۆ خێزانم، هه‌رچه‌نده‌ شه‌هیدیش بووبوو نه‌مده‌توانی به‌جێی بهێڵم، تا ئه‌و كاته‌ی ته‌رمه‌كه‌یم ئه‌سپه‌رده‌ كرد، دواتر ئه‌نه‌سم برد و به‌رەوه ئێران ڕۆیشتین، له‌ ڕێگه‌شدا كه‌ ئافره‌تم ده‌بینی منداڵی ساوای پێ بوو داوام لێ ده‌كردن شیر بده‌ن به‌ ئه‌نه‌س".


گوتیشی: "كاتێك گه‌یشتمه‌ ئێران، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بریندار بووم له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ خه‌وێنرام و دواتر هه‌ر له‌وێ ماینه‌وه‌ تا ساڵی 1994، كه‌ هاتیشینه‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌، گڵكۆی هاوسه‌ره‌كه‌م هه‌ڵدایه‌وه‌ و به‌ ڕێوڕه‌سمێكی شایسته‌ دووباره‌ له‌ گۆڕستانی شه‌هیدان به‌ خاڵكمان سپارده‌وه‌".


ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: "مامۆستا ڕووناكی هاوسه‌رم له‌ ڕووی كه‌سایه‌تییه‌وه‌ كه‌سێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی نه‌رم و نیان، ساده‌، دیندار بو، هه‌میشه‌‌ ئاره‌زووی له‌به‌ركردنی قورئانی پیرۆزی هه‌بوو‌، بۆیه‌ ژیانێكی خۆشمان هه‌بوو و به‌ ئاوات بووین كۆرپه‌كه‌مان گه‌وره‌ بكه‌ین، به‌ڵام شه‌هیدبوونی هاوژینه‌كه‌م ئازارێكی زۆری داوم".

 

ئەلبوومی وێنەکان