لە دەفتەری یاداشتی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەدا سەرکردەکان چییان نووسیوە!

 

دوای ئەوەی لە 16/3/1988دا، لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ڕژێمی بەعسەوە، شاری هەڵەبجە بە چەكی كیمیایی بۆمباران كرا و بوو بەهۆی شەهیدبوونی 5 هەزار هاووڵاتیی سڤیلی شارەكە و برینداربوونی هەزارانی تر، لەو رۆژگارەدا جیهان لە ئاست ئەو کارەساتەی بەسەر هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکاندا هات. خۆی بێدەنگ کرد، بەڵام ئێستا کە سەردەمی ئازادییە و ئەو گوریسەی تاوانباری سەرەکیی کیمیابارانی هەڵەبجە (عەلی حەسەن مەجید - عەلی کیمیایی)ی پێ ئیعدام کرا، لەنێو مۆنۆمێنتی هەڵەبجەدا پارێزراوە، رەوشەکە گۆڕاوە، ئێستا زۆر کەسایەتی سەردانی مۆنۆمێتی شەهیدانی هەڵەبجە دەکەن و لە دەفتەری یاداشتەکاندا پەیڤێک دەنووسن، (باس) بە بۆنەی نزیکبوونەوەی یادی قوربانیانی ئەو کارەساتەوە، لێرەدا بەشێک لە نووسینەکانی ئەو کەسایەتییانە کە لەسەر تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە هەست و بۆچوونی خۆیان لەو دەفتەرەدا نووسیوە، بڵاو دەکاتەوە:

 

مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
خەڵكی قارەمانی هەڵەبجە، لە قوربانیدان و گیانفیداییدا بوونە نموونە
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، له‌باره‌ی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ده‌ڵێ: “هەڵەبجە بوو بە قوربانی، بەڵام گرێی بەختی كوردی كردەوە و هەموومان قەرزاری هەڵەبجەین، هەرچی بكەین ناتوانین لەژێر باری ئەو قوربانیدانە بێینە دەر، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی كوردستان دادەنەوێنین و سوپاسی خۆڕاگریی خەڵكی قارەمانی هەڵەبجە دەكەم، كە لە قوربانیدان و گیانفیداییدا بوونە نموونەیەك بۆ هەموو مرۆڤایەتی".

 

كۆڵن پاوڵ وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا:
هەمیشە یادی شەهیدانی هەڵەبجە دەكەمەوە
كۆڵن پاوڵ، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا: لە ساڵی 2003دا سەردانی هەڵەبجەی كرد و لەمیانەی وتارێكدا لەسەر مەزاری شەهیدانی شارەكەدا گوتی: "نازانم چی بڵێم؟! باسی ئەو دایكانە بكەم كە خنكاون و منداڵەكانیان ناوە بە سنگیانەوە، یان باسی سەدامی خوێنڕێژ، یان بڵێم پێویست بوو جیهان پێشتر هەڵوێستیان هەبوایە، پێویست ناكات باسی ئەوانەش بكەم كە لە ژیاندان و ژەهراوی بوون و دەناڵێنن، بەڵام دەتوانم بڵێم ڕووداوی 1988 هەرگیز دووبارە نابێتەوە و دروستكردنی مۆزەخانەی هەڵەبجەش جەختكردنەوەیە كە شەهیدەكان لە یاد ناكەن و دنیاش لە یادیان ناكات، منیش هەمیشە یادی شەهیدانی هەڵەبجە دەكەمەوە".

 

سایمن كۆلیس، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق:
كارەساتی هەڵەبجە شۆكێكی زۆر گەورەیە
سایمن كۆلیس، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق، لە ڕۆژی 2/2/2014 سەردانی هەڵەبجەی كرد و لە کۆنگرەیەكی ڕۆژانەمەوانیدا لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجەدا گوتی: "كارەساتی هەڵەبجە شۆكێكی زۆر گەورەیە بۆ هەموو خەڵك و هەموو ویژدانی مرۆڤایەتی، كە سەركردەیەك بیەوێ‌ هاووڵاتییانی خۆی بە گاز بكوژێت، شتێكی قێزەون و ناخۆشە بۆ بیرەوەری مرۆڤایەتی”.

 

سەلیم جبووری سەرۆکی ئیتای پەرلەمانی عێراق:
هەڵەبجەییەكان توانییان بەسەر تاوانباراندا سەربكەون
سەلیم جبووری، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە 19/3/2015 سەردانی هەڵەبجەی كرد و لە پەیڤێكدا لە دەفتەری یادگاریی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەدا نووسی: "ناڕەحەتییەكان تێكەڵ دەبن لەگەڵ ئازارەكان، بەڵام هەڵەبجەییەكان هیوایان هەیە و بەرەنگاریی ئەو ئازارانە دەبنەوە، ئەوانەی تووشی بەسەرهاتێكی ئەوتۆ بوون دەكرێت بە كارەساتی مێژوو ناو ببرێن، هەڵەبجەییەكان توانییان بەسەر تاوانباران ناڕەحەتییەكاندا سەربكەون و بە جیهان بڵێن ئێمە جیهان دروست دەكەین".

 

نیتار لاملی، كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە كوردستان:
وێنەكان دەریانخست ڕووداوی هەڵەبجە چەند دڕندانە بووە
نیتار لاملی، كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە كوردستان، لە 28/6/2015 سەردانی هەڵەبجەی كرد و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر مەزاری شەهیدان ئاماژەی بەوەدا: "ئەو وێنە و دیمەنانەی كە لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجەدا دیتم، دەریان خست كە ڕووداوەكە چەندە دڕندانە بووە و دەبێ‌ هەموو وڵاتان پێكەوە كار بكەین تا پێش لە دووبارە بوونەوەی شتێكی لەم جۆرەدا بگرین".

 

ئەلبوومی وێنەکان